سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

پەرەسەندنی فشارەکانی تاران لەسەر هەرێمی كوردستان

ڕاپۆرتی ناوەندی ئیمارات بۆ سیاسات، یەکەی توێژینەوەی عێراقی، پێشبینی ناکرێت تاران پاشەکشە بکات لە ئامانجگرتنی شارەکانی هەرێم لە سایەی دۆخی ئێستادا.

بڵاوکراوەتەوە لە : 2 ئاب 2026

پەرەسەندنی فشارەکانی تاران لەسەر هەرێمی كوردستان

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

درەو:

🔻ڕاپۆرتی ناوەندی ئیمارات بۆ سیاسات، یەکەی توێژینەوەی عێراقی

🔹پێشبینی ناکرێت تاران پاشەکشە بکات لە ئامانجگرتنی شارەکانی هەرێم لە سایەی دۆخی ئێستادا.

🔹ئێران هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت وەک گۆڕەپانێکی فشار، بۆ پێکانی چەند ئامانجێک، لە ڕێگەی بۆردومانی حیزبە کوردییە ئێرانییە ئۆپۆزیسیۆنەکان، بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، ئەو شوێنانەی پەیوەندییان بە ئەمریکا یان وڵاتانی ڕۆژئاواوە هەیە، بە ئامانجی گەورەکردنی تێچووی پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ واشنتن و دامەزراندنی نفوزی زیاتری خۆی لە ناو عێراقدا.

🔹هێرشە ئێرانییەکان لاوازیی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان قووڵتر دەکەنەوە، چونکە سنووری توانای دوو حیزبە سەرەکییە کوردییەکە بۆ دروستکردنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو دەردەخەن، هاوکات فشار لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا، تاران و واشنتن زیاتر دەکەن، بەتایبەتی لە سایەی پەککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا.

🔹بەغدا و هەولێر لەنێوان داواکارییە قورسەکانی ئێران و فشارە ئەمریکی و سەروەری(سیادی)یەکاندا بێ دەسەڵات دیارن؛ ئێران داوای فراوانکردنکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی و دەرکردن یان هەڵوەشاندنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردیی ئێرانی دەکات، لە کاتێکدا بەغدا بێتوانایە لە کۆنتڕۆڵکردنی ملیشیاکان یان پاراستنی سەروەریی عێراق بە شێوەیەکی تەواو.

🔹پێشبینی دەکرێت توندبوونەوەی هەڵوێستی ئێران لە هەرێمی کوردستان و قووڵبوونەوەی قەیرانی سەروەریی عێراق بەردەوام بێت؛ چونکە تاران ئامادە نییە پاشەکشە بکات، لە کاتێکدا ئەگەری گەمارۆدان لەلایەن ئەمریکاوە یان فراوانبوونی ڕۆڵی ملیشیاکان هەر ماوە، ئەمەش هەڕەشەی ئەوە دەکات کە کوردستان بگۆڕێت بۆ گۆڕەپانێکی ڕۆیشتنی هێز و ماندووبوونی درێژخایەن.

سەرەتا

لەگەڵ سەرهەڵدانی گەڕێکی نوێی پەرەسەندنی گرژییەکان لەنێوان ئەمریکا و ئێران لە دەی تەممووزی 2026دا، لە دوای پەککەوتنی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی واژۆکراوی هەردوولا لە حوزەیرانی ڕابردوودا، هەرێمی كوردستانی عێراق دیسانەوە بووەوە بە گۆڕەپانێکی جەنگی فرەئامانجی ئێرانی؛ لە کاتێکدا ئەم جەنگە دەکەوێتە چوارچێوەی ستراتیژیی ئێران بۆ فراوانکردنکردنی مەودای ململانێکان و تێچووەکان لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر دراوسێکانی، لەگەڵ تایبەتمەندییەکی زیادکراودا کە پەیوەندیی بە هەوڵی ئێرانەوە هەیە بۆ قۆستنەوەی دۆخی ناسەقامگیریی ناوچەکە بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی هێزە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنەکان کە هەندێکیان بنکەیان لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە.

ئەم توێژینەوەیە باسی ئامانجەکانی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر شارەکانی هەرێمی كوردستانی عێراق دەکات، هەروەها کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی ناوخۆی هەرێم و گۆڕەپانی عێراقی بە گشتی خستووەتەڕوو.

هێرشی ئێرانی بە چەندین شێوازی جیاواز

لەگەڵ گەڕانەوەی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان لەنێوان ئێران و ئەمریکا لە مانگی تەممووزدا، ئێران هێرشی کردە سەر بنکەکانی حیزبە کوردییە ئێرانییە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە هەرێمی کوردستان، بە دیاریکراوی "حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران"، "کۆمەڵە"، و "حیزبی ئازادیی کوردستان"، ئەمەش بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو هێزانە، بە پێی راگەیەندراوێکی هاوبەشی هاوپەیمانیی هێزە کوردییە ئێرانییە ئۆپۆزیسیۆنەکان، کە شەش حیزب لەخۆ دەگرێت، و تێیدا هاتووە: "رژێمی ئێران گەیشتووەتە قۆناغی بێهیوایی لە ڕێگەی چڕکردنەوەی عەمەلیاتی تیرۆر و هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکان دژ بە حیزبە سیاسییە کوردییەکان، بە مەبەستی شاردنەوەی شکستە ناوخۆییە پاشەکشەپێکراوەکانی".

هەروەها بەرەبەیانی رۆژی 17ی تەممووزی 2026، یەکێک لە توندترین ئەو هێرشانە ڕووی دا، کاتێک مووشەکی بالیستی بنکەی حیزبی "کۆمەڵە"یان لە گوندی زەرگوێزەڵە لە نزیک شاری سلێمانی کردە ئامانج، و بەو هۆیەوە نۆ کەس لە کادرەکانی حیزبەکە کوژران، کە یەکێکیان فەرماندەیەکی مەیدانی بوو، سەرەڕای کاولبوونی بەشێکی فراوانی بنکەکە، ئەمەش کاردانەوەیەکی توندی تووڕەیی لەلایەن "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"ـەوە بە سەرکردایەتیی بافڵ تاڵەبانی لێکەوتەوە، کە کۆنتڕۆڵی شاری سلێمانی دەکات و لە ڕیزبەندی ئەو حیزبە کوردییانەیە کە لە ئێران نزیکن.

لە هەمان چوارچێوەدا، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند؛ ژمارەیەک درۆنیان خستووەتە خوارەوە، کە لەلایەن ملیشیاکانەوە لە ناو خاکی عێراقەوە ئاراستە کرابوون بۆ بە ئامانجگرتنی پێگەکان لە هەولێر، لە بەرامبەریشدا حکومەتی هەرێم داوای لە حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە سنوورێک بۆ ئەم هێرشە دوبارانە دابنێن.

هێرشەکانی ئێران دژ بە هەرێمی کوردستان دەکرێت دابەش بکرێن بەسەر سێ شێوازە سەرەکییەکاندا:

یەکەم، ئەو هێرشانەی کە کونسوڵخانە و ناوەندە ئەمریکی یان ڕۆژئاواییەکان دەکەنە ئامانج، یان کەسایەتییە ناوخۆییەکانی ناو هەرێم بەو تۆمەتەی گوایە بنکەی ئیسرائیلییان تێدایە، و لەوانەش ئامانجگرتنی ماڵی بازرگانێکی کورد بوو بە مووشەکێکی ئێرانی لە سەرەتای ساڵی 2024دا.

دووەم، هێرش دژ بە سامانە ئابوورییەکان، لەوانەش کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی دەیان هێرشی وێرانکەر بووەوە.

سێیەم، ئامانجگرتنی پێگە، سەربازگەکان، یان تیرۆرکردنی کەسایەتییە کوردییە ئێرانییە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە ناو شارەکانی هەرێمدا.

ئامرازەکانی تاران بۆ ئەم هێرشانە جۆراوجۆرن، لەوانە لێدانی مووشەکیی ڕاستەوخۆ، یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کە لەلایەن ملیشیا عێراقییەکانی نزیک لە ئێرانەوە لە ناو خاکی عێراقەوە هەڵدەدرێن، یان یەکە تایبەتە ئێرانییەکان کە ئۆپەراسیۆن لە ناو شارەکانی هەرێمدا ئەنجام دەدەن.

فراوانبوونی پانتایی هێرشە ڕاستەوخۆکانی ئێران، یان لە ڕێگەی ملیشیاکانەوە، بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەبەسترێتەوە بە کۆمەڵێک پێوەرو بنەماوە، لەوانە:

1.    کۆنتڕۆڵکردنی سنووری پەرەسەندنی گرژییە ئێرانییەکان لە چوارچێوەی ئامانجەکانی جەنگی فرەئاراستە کە لە ناوچەکەدا بەڕێوەی دەبات، و پەیڕەوکردنی هێرشی تێچوو-کەم لە ڕووی کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر داهاتووی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکادا، بەتایبەتی کە ئەو هێزانە دەکەنە ئامانج کە لە ڕووی جوگرافییەوە لەو سنوورانەدا جێگیرن کە ئێران بە بەشێک لە نفوزی جیۆپۆلەتیکی خۆی دەزانێت.

2.    تا ئێستاش هەڵسەنگاندنە ئەمنییە ئێرانییەکان پێیان وایە کە هێزە چەکدارە کوردییە ئێرانییە ئۆپۆزیسیۆنەکان کە سەربازگەیان لە نزیک سنوورەکانی هەیە، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر باری ئەمنیی ناوخۆیی ئێران، سەرەڕای ئەوەی کە ئەو هێزانە هیچ چالاکییەکی سەربازییان لە ناو ئێراندا لە کاتی جەنگەکەدا ڕەچاو نەکردبوو.

3.    سووربوونی ئێران لەسەر گەیاندنی پەیامی ڕوون سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی پلانەکانی حکومەتی عێراق بۆ چەککردنی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە گوێڕایەڵین بۆی، و هەتا ئێستاش هەڵوێستی ئەو ملیشیایانە یەکلایی نەکراوەتەوە و دەبنە ئاستەنگێکی قورس لەبەردەم حکومەتی نوێدا کە بەڵێنی هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکانی داوە، لە بەرامبەر تەواوکردنی کشاندنەوەی چاوەڕوانکراوی ئەمریکا لە بنکەی "هەریر" لە هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ئەیلولی داهاتوودا. راگەیاندنی شانشینی عەرەبستانی سعوودیە لە 27ی تەممووزدا سەبارەت بە پووچەڵکردنەوەی هێرشێکی نوێی درۆنی کە لە ناو خاکی عێراقەوە هەڵدرابوون و بنکە نەوتییەکانی سعوودیەیان کردبووە ئامانج، نیشانەیەک بوو بۆ هەڵوێستی ئێران بەرامبەر بە دۆسیەی هەڵوەشاندنەوەی ملیشیاکان.

4.    پاراستنی توانای هەڕەشەکردنی ئێرانی بۆ سەر هەردوو حیزبە سەرەکییە کوردییەکە: "پارتی دیموکراتی کوردستان" و "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"، و ڕێکخستنی ئاڕاستەی جووڵەکانیان، چ لە ڕووی مەودای پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی کە ئێران بە نەیاری خۆی دەناسێنێت، یان ئەوەی پەیوەندیی بە رێکخستنی هاوپەیمانییە سیاسییەکانی عێراق و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئێرانەوە لە ناو عێراقدا هەیە.

5.    هێرشەکانی ئەم دوایییە هاوکات بوون لەگەڵ چالاکییەکی ڕاگەیاندنی ئێرانی کە دەکەوێتە چوارچێوەی جەنگی دەروونییەوە، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی درزپێکردن و ڕاپۆرت، کە باسیان لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینیی ئێرانی دەکرد لە ناو شارەکانی هەرێمی کوردستاندا بە مەبەستی ڕاودوونانی هێزە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنەکان، و ئەم بابەتە ئاڕاستەی ناوخۆی کوردی لە هەردوولا سنوورەکە کراوە، لەوانەش کەمینە نەتەوەییەکانی ناو ئێران.

6.    تێبینی کرا کە لایەنی ئێرانی خۆی لە ئامانجگرتنی پێگەکانی "حیزبی ژیانی ئازادی کوردستان" (پژاک) بەدوور گرتووە، کە بە باڵی ئێرانی "پەکەکە"ی تورکی دادەنرێت، سەرەڕای بڵاووبوونەوەی کۆتاکان لە ناوچە چیا سەختەکانی سەر سنوور لەگەڵ ئێراندا، و ئەنجامدانی پێکدادانی چەکداری کە دواینیان بووە هۆی کوژرانی چوار کەس بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حیزبەکە. چەندین گریمانە هەن سەبارەت بەمە، دیارترینیان ئەگەری بوونی لێکتێگەیشتنی نافەرمی یان بنەمای پێکدادانی ناڕاستەوخۆیە لەنێوان تاران و سەرکردایەتیی پەکەکەدا کە ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ ئەوەی بە "جەنگی ئەمریکی دژ بە ئێران" ناوی برد، راگەیاند. هەروەها گریمانەیەکی تریش ئەوەیە کە حیزبەکە، لە سایەی لێکتێگەیشتنەکانی لەگەڵ حکومەتی تورکیا لە قۆناغی ئێستادا، خۆی لە تێوەگلانی دەرئەنجامەکانی پێکدادانی ئەمریکی-ئێرانی بەدوور دەگرێت، و ئەمەش هۆکار بوو بۆ کەمکردنەوەی پاڵنەرەکانی ئامانجگرتنی لەلایەن ئێرانەوە.

کاریگەرییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان

هێرشە ئێرانییەکان هاوکات بوون لەگەڵ نیشانەکانی پاشەکشەکردنی ئاستی هەماهەنگیی تەقلیدی لەنێوان تاران و "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" بە سەرکردایەتیی بافڵ تاڵەبانی، کە لە لای خۆیەوە لە ڕووی ئایدۆلۆژیا و رێکخستنەوە نزیکترینە لە حیزبی "کۆمەڵە"ی ئێرانیی ئۆپۆزیسیۆنەوە، ئەمەش لە ئامانجگرتنی پێگەکانی پەیوەندیدار بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی ڕەنگدانەوەی هەبوو، و وای لە تاڵەبانی کرد کە هێرشەکان بە پێشێلکاریی سەروەریی عێراق دابنێت و جەخت بکاتەوە کە "خۆگرتن نابێت بە مانای لاوازی یان بێتوانایی وەربگێڕرێت".

دیارە کە پێکهاتەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دوای ساڵی 2022، لەسەر بنەمای قووڵکردنەوەی دابەشبوونی سیاسی لەنێوان هەردوو حیزبە کوردییەکەدا دامەزرا، نەک تەنها لە ئاستی هاوپەیمانییەکان لە بەغدا، بەڵکو لە ئاستی هاوپەیمانییە دەرەکییەکانیشیانەوە.

"پارتی دیموکراتی کوردستان" بە سەرکردایەتیی مەسعود بارزانی کۆنتڕۆڵی دەزگا حوکومییەکانی ناو هەرێم دەکات لە چوارچێوەی حکومەتێکی کاربەڕێکەردا کە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوامە، و پەیوەندییەکی پتەوتر لەگەڵ هێزە سونییەکان و ڕەوتی سەدر و ژمارەیەک هێزی مەدەنی لە بەغدا دروست دەکات، هەروەها پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، تورکیا و ئەمریکادا هەیە، لە کاتێکدا "یەکێتی" کورسیی رکابەری بۆ بەدەستهێنانی حکومەت لە ناو هەرێمدا هەڵبژارد، بە پشتبەستن بە هاوپەیمانی لەگەڵ نوێنەرانی هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان و هێزە شیعەکانی نزیک لە ئێران، و پشت بە تاران بەستن بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگی لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانیدا لەگەڵ تورکیادا، لە بەرامبەر پاراستنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا کە ڕێگەی پێدا پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ "پەکەکە" لە تورکیا، و حیزبەکانی "ژیانی ئازاد" و "کۆمەڵە" لە ئێران بپارێزێت.

وا گریمانە دەکرێت کە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران دژ بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی "یەکێتی" بە بەردەوامی لە هاوپەیمانیی ئێرانی دوور دەخەنەوە، لە بەرامبەر نزیکبوونەوە لە حیزبەکەی بارزانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان، بەڵام حیزبەکە تا ئێستاش هەوڵ دەدات ئەو هاوسەنگییەی پێشوو هەیبوو بیپارێزێت و خۆی لە پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نفوزی تاران لە گۆڕەپانی کوردیدا بەدوور بگرێت.

ئەم پەرەسەندنانە حکومەت و هەردوو حیزبە سەرەکییەکە لە هەرێم دەخەنە بەردەم چەند ئاستەنگێک، کە دەکرێت لە سێ تەوەری سەرەکیدا کۆبکرێنەوە:

یەکەم، ڕێککەوتنی ئەمنی لەنێوان بەغدا و تاران

حکومەتی محەممەد شیاع سودانی ڕێککەوتنێکی ئەمنیی لەگەڵ تاران لە ساڵی 2023دا واژۆ کردبوو، کە دڵنیایی دەدات -بەپێی ئەوەی لە لایەنی عێراقییەوە راگەیەندرا- لە چەککردنی هێزە کوردییە ئێرانییە ئۆپۆزیسیۆنەکان و چۆڵکردنی سەربازگەکانیان لە سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا، بە مەبەستی سنووردارکردنی هەر ئەگەر یان بوونێکی داهاتوو بۆ چالاکیی سەربازییان لە ناو خاکی ئێراندا. بەڵام تاران -بەپێی درزەکردنی گفتوگۆ ئەمنییەکان کە بەرپرسە عێراقییەکان، لەوانەش بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنی ئێرانی ئەنجامیان داون- پێی وایە کە رێوشوێنەکانی هەولێر و سلێمانی سەبارەت بە دابڕانی چەکی هێزە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنەکان و گواستنەوەیان بۆ بنکە مەدەنییەکانی دوور لە سنوور، بەس نین، و داوای دەرکردنیان لە عێراق دەکات، وەک چۆن حکومەتی عێراق ڕێکخراوی "مجاهدین خلق"ی ئێرانی ئۆپۆزیسیۆنی لە سەربازگەکانیان لە عێراقەوە بۆ پۆڵەندا لە ساڵی 2016دا دەرکرد.

بژاردەی "دەرکردن" لەوانەیە لە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی ئێرانی و عێراقیدا باس کرابێت، بەڵام جێبەجێکردنی لە هەرێمی کوردستاندا لەوانەیە زۆر قورس بێت، بەهۆی پەیوەندییە قووڵە نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی نێوان دانیشتووانی هەرێم و ئاوارە کوردییە ئێرانییەکان، کە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنیشیان تێدایە. دەکرێت بگوترێت کە هیچ کام لە هەردوو حیزبە کوردییەکە هەنگاوێکی لەم شێوەیە نانێن، ئەمەش مانای کردنەوەی دۆسیەی "ڕێککەوتنی ئەمنی"یە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، و داواکردنی دانانی سنوورێکی ڕوون بۆی.

دووەم، پەیوەندییە ئەمنییەکانی داهاتوو لەنێوان هەرێم و ئەمریکادا

ئەم بابەتە پرسیارانێک دەوروژێنێت کە تا ئێستاش، پێش نزیکەی مانگێک لەو کاتە چاوەڕوانکراوەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی "هەریر" لە هەولێر لە هەرێمی کوردستان، بێ وەڵامن: ئایا ئەو هێزانە هەموویان لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا دەکشێنەوە، یان هێزی بەرگری و داپۆشینی ئاسمانی بۆ پشتیوانیی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییە کوردییەکان دەبن کە بەرگری لە هێرشە بەردەوامەکانی ئێران دەکەن؟ ئایا ئەمە لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی دووقۆڵی لەنێوان هەرێم و لایەنی ئەمریکییەوە دەبێت یان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئەمنیی فراوانتردا لەنێوان بەغدا و واشنتندا؟

دیارە کە حکومەتی عێراق سروشتی ڕێککەوتنی دووقۆڵیی کە دەبێت لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا واژۆ بکرێت دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دیاری نەکردوە. ئەمەش دۆسیەیەکە کە دەردەکەوێت شیاوی دواخستنە، و خستوویەتییە ژێر تاقیکردنەوەی متمانە لەنێوان هەردوو لایەن لە ڕووی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق لە هەڵوەشاندنەوەی ملیشیاکان و لەناوبردنیان. لە هەمان کاتدا، تا ئێستاش سروشتی ژێرخانی ئەمنیی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستاندا ڕوون نییە، کە سیستمەکانی بەرگری لەخۆ دەگرێت کە یارمەتیی هەرێمیان دا لە بەرەنگاربوونەوەی زۆرینەی هێرشە ئێرانییەکان.

سێیەم، قەیرانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە تشرینی یەکەمی 2024دا بەڕێوەچوو، بەڵام لایەنەکان سەرکەوتوو نەبوون لە کۆتاییهاتن بە دۆخی ململانێی سیاسی لەنێوان هەردوو حیزبە سەرەکییەکەدا، ئەمەش بووە هۆی پەککەوتنی بەردەوام لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا، هەتا دوای پێکهێنانی حکومەتی عێراقیش لە بەغدا دوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی 2025. بەڵکو بە پێچەوانەوە، کاتێک "یەکێتی" بە سەرکردایەتیی بافڵ تاڵەبانی (کە 23 کورسی لە کۆی 100 کورسی پەرلەمانی هەرێمی هەیە) هەوڵی دا هاوپەیمانی لەگەڵ "نەوەی نوێ" بە سەرکردایەتیی شاسوار عەبدولواحید (خاوەنی 15 کورسی) بكات بۆ پێکهێنانی حکومەت بەدەر لە پارتەکەی  بارزانی (کە 39 کورسی هەیە).

دیارە کە هەردوو حیزبە کوردییەکە هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەرەو لێکتێگەیشتن بەدەست نەهێناوە، تەنانەت دوای گۆڕانی شارەکانی هەرێم بۆ گۆڕەپانی هێرشە ئێرانییەکان لە ژێر پەردەی جەنگدا، ئەمەش وای کردووە کە سەخت بێت بۆ هەرێمی کوردستان، لە سایەی ئەم واقیعەدا، هەڵوێستی یەکگرتوو دروست بکات بەرامبەر بە ئاستەنگەکانی تر، وەک پەیوەندیی سیاسی، کارگێڕی و یاسایی لەگەڵ بەغدا، و بەڕێوەبردنی دەرئەنجامەکانی قەیرانی ئابووری کە وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت.

ڕێڕەوە ئەگەرییەکانی توندبوونەوەی هەڵوێستی ئێران لە هەرێمی کوردستان

بە پێی ئەوەی باسكرا، دەکرێت سێ ڕێڕەوی تێکەڵاو بخرێنە ڕوو سەبارەت بە توندبوونەوەی دۆخی ئەمنیی ئێرانی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان:

ڕێڕەوی یەکەم، بەردەوامبوونی توندبوونەوەی هەڵوێستی ئێران و سەپاندنی مەودای هەژموونێکی پەرەسەندوو بەسەر هەرێمی کوردستاندا، تاران هەوڵ دەدات نموونەی هێرشە هەنوکەییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان جیا بکاتەوە لە پەرەسەندنی جەنگە بەردەوامەکەی لەگەڵ ئەمریکادا، لە ڕێگەی خستنەڕووی هێرشەکان وەک ڕاودوونانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کە مەترسین بۆ سەر باری ئەمنیی ناوخۆیی خۆی. و بەم هەوڵانە وادەكات بگاتە ئامانجی ماندووکردنی تواناكانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە ناو ئێران و دەرەوەیدا، و هەڕەشەکردن لە هەرێمی كوردستانی عێراق و کاریگەری دانان لەسەر پەیوەندییەکان. و پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێڕەوە بەغدا و هەولێر ناچار بکات بۆ هەوڵدانی فراوانکردنی مەودای ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێراندا، لە ڕێگەی چڕکردنەوەی ڕێوشوێنەکانی چەککردنی حیزبە ئێرانییە ئۆپۆزیسیۆنەکان و چۆڵکردنی بنکەکانیان و دەرکردنی ئەندامەکانیان، بۆ خۆپاراستن لە تێوەگلان لە پێکدادانێکی فراوانتر لە ناو خاکی عێراقدا.

ڕێڕەوی دووەم، گەمارۆدانی ئەمریکی بۆ دابینکردنی پاراستن و پشتگیری بۆ هێزە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنەکان و بەستنەوەیان بە ڕێڕەوی دانوستاندنەکانەوە، جەختکردنەوەی لایەنی ئەمریکی لەسەر ئەوەی کە هەوڵ نادات بۆ بەشدارپێکردنی هێزە کوردییە ئێرانییە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە جەنگدا، بە مانای نەبوونی هەماهەنگی و پەیوەندیی لەنێوان هەردوو لایەنەکەدا نایەت، چ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی هێزە کوردییە عێراقییەکانەوە، هەروەها وازهێنان لەوەی ئێران ئەو هێزانە لەناو ببات لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی بۆردومان یان تەنانەت گەمارۆدانی زەمینیی ئەگەرییەوە، دیارە ئەمەش لەو شتانە نییە کە واشنتن چاویی لێ بپۆشێت. و ئەم ڕێڕەوە پێشبینی دەکات چڕکردنەوەی هەوڵە ئەمریکییەکان بۆ مسۆگەرکردنی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە ڕێگەی پاراستنیان لە فراوانبوونی ڕێککەوتنی ئەمنی عێراقی-ئێرانی لە ڕێگەی گەمارۆوە بۆ فشارخستنە سەر لایەنی عێراقی، و پێشکەشکردنی پشتگیریی ڕاستەوخۆی سەربازی و چەکداری، و هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا بۆ دۆزینەوەی پانتاییەکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان ئەو حیزبانەی کە لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج و حیزبی "ژیانی ئازاد"ی پەیوەندیدار بە "پەکەکە"وە. لەم بابەتەدا دەکرێت پشتڕاست بکرێتەوە کە حیزبە کوردییە ئێرانییەکان بنکەیەکی رێکخراوەیی و تۆڕی کۆمەڵایەتییان لە ناوچە کوردییەکانی ئێراندا هەیە، سەرەڕای سنوورداریی چەک و بڵاوبوونەوەی ئێستایان، و لایەنی ئێرانی ئەگەری وروژاندنی شەقام لە شارە کوردییە ئێرانییەکاندا لە بەرچاو دەگرێت ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکانی دژیان فراوانتر بکات.

ڕێڕەوی سێیەم، قووڵبوونەوەی قەیرانی سەروەریی عێراق، بەردەوامبوونی لێدانە ئێرانییەکان دژ بە شارەکانی هەرێم دەبێتە هۆی زیاتربوونی فشارەکان لەسەر بەغدا و هەولێر پێکەوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی پێشێلکردنی سەروەریی عێراق بەرامبەر بە هێرشە ئێرانییەکان، سەرەڕای ئەگەری کراوە بۆ فراوانبوونی هێرشی ملیشیا عێراقییە هاوپەیمانەکانی ئێران. قەیرانەکە قووڵتر دەبێتەوە بەهۆی بێتوانایی هەردوو لایەنەکە بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی ئەو فشارانە؛ لە لایەکەوە بەغدا خۆی دەبینێتەوە کە بێتوانایی ڕاگرتنی ملیشیاکان کە لەوانەیە دووبارە دەست بکەنەوە بە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، و لە لایەکی ترەوە ناتوانێت داواکاریی ئێرانییەکان جێبەجێ بکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە ئێرانییە ئۆپۆزیسیۆنەکان کە لەوانەیە بچنە ناوچە قورسە جوگرافییەکانەوە بۆ پاراستنی خۆیان. لە لایەکی ترەوە، حکومەتی هەرێم ناتوانێت بەرگەی بارگرانییە زیادبووەکان بگرێت کە دەگەڕێنەوە بۆ لەخۆگرتنی هێزە کوردییە ئێرانییە ئۆپۆزیسیۆنەکان، بەڵام لە بەرامبەریشدا ناتوانێت دەستبەرداریان بێت لە ژێر فشاری شەقامی کوردی یان فشاری ئەمریکیدا.

ئەنجامگیرییەکان

ئێران قەیرانەکانی عێراق قووڵتر دەکاتەوە بە ئامانجگرتنی سیستماتیکی شارەکانی هەرێمی کوردستان، چ لە ژێر پەردەی بوونی حیزبی ئۆپۆزیسیۆن، یان بۆ بۆردومانی پێگە ئەمریکییەکان، یان لە ژێر هەر پاساوێکی تریشدا؛ چونکە بەمە هەوڵ دەدات فشار بخاتە سەر هەردوو حکومەتەکە بۆ مسۆگەرکردنی هەژموونی جیۆپۆلەتیکی خۆی لە عێراقدا، لە سایەی جەنگی ئێستای لەگەڵ ئەمریکادا. پانتایی مانۆڕی بەردەست بۆ هەردوو حکومەت لە عێراقدا، و حیزب و هێزە پەیوەندیدارەکان پێیەوە، دەردەکەوێت کە سنووردارە، بەهۆی بەرزیی ئاستی ئاستەنگە دەوروبەرییەکان، و دەرکەوتنی عێراق بەرامبەر بە فشارە تێکەڵاوەکان کە ڕێگەی پێ نادەن شوێنێکی هاوسەنگ لە دژیان بگرێت. پێشبینی ناکرێت تاران پاشەکشە بکات لە ئامانجگرتنی شارەکانی هەرێم لە سایەی دۆخی ئێستادا، بەڵکو هێرشی ملیشیا عێراقییەکان، کە تا ئێستاش ڕەت دەکەنەوە چەک دابنێن، بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی عێراق، و دوایینیان ئامانجگرتنی بنکە نەوتییەکانی سعوودیە بە درۆن، مەترسییە بەردەوامەکان ئاشکرا دەکەن کە عێراق لە چوارچێوەی سیاسەتە ئێرانییە سیستماتیکییەکاندا دەبێتەوە بۆ لاوازکردنی سەروەرییەکەی و ڕێگریکردن لە بەهێزبوونی دەوڵەتی عێراقی.

 

سەرچاوە

مركز الإمارات للسياسات، التصعيد الإيراني في إقليم كردستان العراق: أنماطه، وانعكاساته، ومساراته المحتملة، وحدة الدراسات العراقية|30 يوليو 2026؛

https://epc.ae/ar/details/scenario/iran-s-escalation-in-iraqi-kurdistan-patterns-impact-and-scenarios

 

 

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
١ ئاب ٢٠٢٦

گفتوگۆی درەو تایبەت بە پرسی حوكمڕانی

null
١ ئاب ٢٠٢٦

باڵیۆزخانەو كونسوڵخانە هۆشداری دەدەنە هاوڵاتیانی ئەمریكی

null
١ ئاب ٢٠٢٦

خاک وەک بنەمای ژیان