🔻 پاڵپشت بە داتاکانی فەرمانگەی میدیاو زانیاری
🔹زیاتر لە 1 ملیۆن مووچەخۆر کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە و پرۆسەی "هەژماری من" ڕێژەی %94ـی تێپەڕاند.
🔹کۆی گشتیی پارەی دابەشراو لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە گەیشتە سەروو 11 ترلیۆن دینار.
🔹پارێزگای هەولێر بە سەروو %41ـی مووچەخۆران لە پێشەنگی وەرگرتنی مووچەی دیجیتالیدایە، سلێمانیش نزیکەی %37 پێک دەهێنێت.
🔹بۆ گەیشتن بە ئامانجی هەزار ئامێر؛ تاوەکو ئێستا نزیکەی 800 ئامێری ATM لە 200 شوێنی جیاواز دابینکراون.
🔹فەرمانبەرانی مەدەنی و خانەنشینان پێکەوە زیاتر لە %70ـی کۆی گشتیی سوودمەندانی پرۆژەکە پێک دەهێنن.
لە کاتێکدا کێشەی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە بۆ ساڵانێکی زۆرە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە کە لە ژێر ناونیشانی "هەژماری من"، بووەتە چەقی باس و خواسە دارایی و کارگێڕییەکانی هەرێم. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت ئامانج لەم پرۆژەیە گەیشتنە بە گشتگیریی دارایی، بەڵام هاوکات پرۆژەکە لەلایەن بەشێک لە چاودێران و مووچەخۆرانەوە ڕووبەڕووی تێبینی و نیگەرانی بووەتەوە سەبارەت بە ناچارکردنی بەشداریکردن و مەرج و خزمەتگوزاریی بانکە بەشداربووەکان.
ئەم ڕاپۆرتە بە پشتبەستن بە دواین داتا فەرمییەکان، وردەکاریی چۆنیەتیی دابەشکردنی کارتی بانکی، دابەشبوونی مووچەخۆران بەسەر پارێزگاکاندا و ئاماری ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) دەخاتە ڕوو، بۆ ئەوەی خوێنەر وێنەیەکی روون و ژمارەیی لەسەر دۆخی ئێستای پرۆژەکە هەبێت.
دەقی ڕاپۆرتەکەی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەکی
وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ کوردستانییان، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی "هەژماری من" ـەوە دەستی کردووە بە پرۆسەی بەبانکیکردن بۆ بەدیهێنانی گشتگیریی دارایی بۆ هاووڵاتییان.
پڕۆژەی "هەژماری من" بە هەماهەنگی و لەژێر چاودێریی بانکی ناوەندیی عێراق جێبەجێ دەکرێت و ئەم پڕۆژەیە دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەردەمییەکانی بانک دەگات و دەبنە خاوەن ئازادیی زیاتری تاکەکەسی.
سوودەکانی پڕۆژەی "هەژماری من"
1. ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لە کاتی دابەشکردنی مووچە.
2. دەتوانیت پارەی کاش لە هەموو ئامێریکی ATM ڕابکێشیت.
3. سوودمەندبوون لە خزمەتگوزارییە داراییەکان.
4. لە سەرانسەری جیهان کاری پێ دەکرێت.
5. ئاسایشێکی زیاتری داراییت بۆ دابین دەکات.
بانکە تۆمارکراوکانی نێو پڕۆژەی "هەژماری من" و ژمارەی ATMـەکانیان
· ئاڕتی بانک: (205) ATM
· بانکی جیهان: (177) ATM
· بانکی نیشتیمانی عێراق: (158) ATM
· بانکی ئیسلامی عێراقی: (121) ATM
· بانکی بەغداد: (30) ATM
· بانکی بازرگانیی عێراقی: (21) ATM
· بانکی BBAC: (6) ATM
یەکێک لە ئامانجەکانی پرۆژەی هەژماری من زیادکردنی ژمارەی ئامێرەکانی راکێشانی پارەیە (ATM) بۆ هەزار ئامێر، کە ئەمەش هاوتایە لەگەڵ رێساکانی بانکی ناوەندی عێراق.
تاوەکوو ئێستا مووچەخۆران زیاتر لە (11 ترلیۆن) دیناریان لە ڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە وەرگرتووە و (62 ملیار) دیناریش لە هەژمارە بانکییەکانی نێو پڕۆژەی "هەژماری من" (تەنیا شەش بانک) هەڵگیراوە.
خشتەکان
