درەو:
راپۆرتی رۆژنامەی "العربي الجدید"
سەرچاوە دیپلۆماسییە عێراقییە ئاگادارەکان، وردەکاریی ئەو کۆبوونەوانەیان ئاشکرا کردووە کە ستێفن فاگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری نوێی ئەمریکا لە بەغداد، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی عێراق ئەنجامی داون.
جەختیان لەوەش کردووەتەوە، جوڵەکانی لە یەکەم رۆژەکانی دەستبەکاربونی گەیاندنی چەندین پەیامی سیاسی و ئەمنی و ئابوری بوون، کە ئەمانەن:
•پشتیوانیکردنی حکومەتی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران.
•یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە.
•تەواوکردنی رێکخستنەکانی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.
•سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران.
•بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
•تەواوکردنی پێکهێنانی کابینەی وەزاری.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان رایانگەیاندووە، هەڵبژاردنی جوڵەی خێرای فاگن بەرەو سەرۆکایەتییەکان و سەرکردە عێراقییەکان، رەنگدانەوەی بایەخی ئەمریکایە بە قۆناغی دوای 30ی ئەیلول، نەک تەنها رێکارێکی پرۆتۆکۆلی پەیوەندیدار بە دەستپێکردنی ئەرکە نوێیەکەی.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، واشنتۆن دەیەوێت بزانێت تا چەند حکومەتی عێراق توانای جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی هەیە کە داوێتی سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوەو کۆتاییهێنان بە هەر چالاکییەکی چەکداری لە دەرەوەی دامەزراوەکانیدا.
بەپێی سەرچاوەکان، یەکەم کۆبوونەوەی فاگن لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە بە پلەی یەکەم تەرخانکرا بوو بۆ سروشتی قۆناغی داهاتووی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا، لەگەڵ دۆسیەی سزاکانی ئەمریکا کە بەسەر ئێراندا سەپێنراون و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق.
روونیشیان کردووەتەوە، لایەنی ئەمریکی لە کۆبونەوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە، واشنتۆن بە وردی چاودێری سروشتی مامەڵە دارایی و ئابورییەکانی عێراق لەگەڵ تاران دەکات، نایەوێت خاک یان دامەزراوەکانی عێراق ببنە رێگەیەک بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا کە بەسەر ئێراندا سەپێنراون.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، پەیامی ئەمریکا لەم بوارەدا ڕوونە، ئەویش ئەوەیە کە عێراق دەتوانێت پارێزگاری لە پەیوەندییەکانی بكات لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، بەڵام ناتوانێت بچێتە ناو رێکخستنە دارایی یان ئابورییەكان، کە لەلایەن ئەمریکاوە وەکو پشتیوانی بۆ تاران یان دەربازبوون لە سزاکان لێکبدرێتەوە، ئەم دۆسیەیە یەکێک دەبێت لە دۆسیە هەمیشییەكان لە کارنامەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدادو واشنتن لە قۆناغی داهاتوودا.
لەبارەی کۆبوونەوەی فاگن لەگەڵ عەلی زەیدی، بەپێی سەرچاوەکان، رەهەندێکی سیاسی و ئەمنی فراوانتری هەبووە؛ چونکە واشنتن هێشتا بە ئەرێنییەوە دەڕوانێتە حکومەتەکەی زەیدی و پشتیوانی لە سەقامگیریی دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا خوازیاری هەنگاوی کردارییە لە چەند دۆسیەیەکدا کە بە بنەڕەتییان دەزانێت بۆ بەردەوامبوونی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات.
سەرچاوەکان جەختیان کردەوە، دۆسیەی چەک بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە گفتوگۆکاندا ئامادەیی هەبوو، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دیاریکراو بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، واشنتۆن دەیەوێت هاوکات لەگەڵ ئەوەدا، پێشکەوتنی بەرچاو لە بەرنامەی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە ببێنێت.
هەمان دۆسیە بە بەهێزییەوە لە کۆبوونەوەی فاگن لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئامادەیی هەبووەو روونیان کردووەتەوە، واشنتۆن دەیەوێت بابەتی کۆنترۆڵکردنی چەک لە ڕێگەی رێڕەوێکی دامەزراوەیی و یاساییەوە بێت، نەک تەنها تێگەیشتنێکی سیاسی لەگەڵ هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان.
بەپێی سەرچاوەکان، گرنگی کۆبوونەوەکە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری پەیوەستە بە خواستی ئیدارەی ئەمریکا بۆ ئاگاداربوون لەو میکانیزمە یاساییانەی کە دەوڵەت دەتوانێت بەکاریان بهێنێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر چەکێک یان چالاکییەکی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا.
ئەم پەیامانە ئاماژە بەوە دەکەن، بایەخدانی ئەمریکا تەنها لە راگەیاندنی هەندێک گرووپ کورت نابێتەوە بۆ ئامادەییان لەبارەی رادەستکردنی چەک، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ سروشتی ئەو چوارچێوە یاسایی و دامەزراوەییەی کە دەوڵەت پەسەندی دەکات بۆ گەرەنتی قۆرخکردنی بڕیاری ئاشتی و جەنگ لەلایەن خۆیەوە.
بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییە عێراقییەکان، کۆبوونەوەکانی فاگن لە بەغداد، تاوتوێی دۆسیەی تەواوکردنی کشانەوەی چاوەڕوانکراوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییان لە عێراق کردووە، لەگەڵ پێویستی پابەندبوون بەو خشتە کاتیانەی بەغدادو واشنتۆن رێککەوتنیان لەسەر كردووە.
هەروەها دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەنێو ئەو بابەتانەدا بوو کە ئەمریکا بایەخی پێدەدات، بەپێی ئەو سەرچاوانە ، واشنتۆن دەیەوێت رێکاری فراوانتر و جددیتر لە بەدواداچوونی گەندەڵی دارایی و کارگێڕیدا ببێنێت.
ئەمریکا داوادەكات پرۆسەكە تەنها لە فەرمانبەران و پلە وەزیفییە نزمەکان کورت نەبێتەوە، بەڵکو دەبێت درێژبێتەوە بۆ تۆڕەکانی گەندەڵی و تێوەگلاوان لە دۆسیە گەورەکاندا، بە کەسایەتییە خاوەن هەژموونە سیاسی و داراییەکانیشەوە.
ئەو پەیامەی فاگن لەم بارەیەوە گەیاندوویەتی بریتییە لە، پێویستیی بوونی بەرەنگاربوونەوەیەکی راستەقینە بۆ گەندەڵی، نەک رێکاری هەڵبژێردراو یان سنوردار، لەسەر ئەو بنەمایەی کە گەندەڵی راستەوخۆ پەیوەستە بە بێهێزیی دامەزراوەکانی دەوڵەت و هەڕەشەکردن لە ئابوری و وەبەرهێنان و سەقامگیری سیاسی.
سەبارەت بە تەواوکردنی کابینەی وەزاری، سەرچاوەکان رایانگەیاندووە، دۆسیەکە لەناو گفتوگۆکانی پەیوەندیدار بە قۆناغی حکومەتی داهاتوودا ئامادەیی هەبووە، واشنتۆن دەیەوێت دامەزراوەکانی دەوڵەت دوور بن لە هەژموونی گرووپە چەکدارەکان.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، هەر بەشدارییەکی سیاسی نابێت چەترێكی سیاسی بێت بۆ چالاکی چەکداری لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، هەڵوێستی ئەمریکا تەنها پەیوەندی بەوەوە نییە کێ رادەستكردنی چەک رادەگەیەنێت، بەڵکو بە سروشتی پەیوەندیی نێوان کاری سیاسی و کاری چەکدارییەوە هەیە، ئایا جیاکردنەوەیەکی راستەقینە لەنێوان هەردوو لایەندا هەیە یان نا.
سەرچاوەکان جەختیان کردەوە، واشنتۆن دەیەوێت پۆستە سەرەکییە حکومی و ئەمنییەکان لە ژێر دەسەڵاتی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بڕیارەکانی بن، نەک لە ژێر دەسەڵاتی هەر لایەنێکی چەکدار یان لایەنێكی سیاسی کە خاوەنی هێزی سەربازی سەربەخۆ بێت.