درەو:
راپۆرتی: دكتۆر بێستون محەمەد، دكتۆرا لە بەڕێوەبردنی نەوت و گازی سروشتی
ئیدارەدانی ستراتیژیی وزە بۆ کۆتاییهێنان بە سووتاندنی گازی هاوەڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان
پوختە
ئەم توێژینەوە تیشک دەخاتە سەر کێشەیەکی بنەڕەتی لە کەرتی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە ئەویش بەردەوامی سووتاندنی گازی هاوەڵە (Gas Flaring) لە کێڵگە نەوتییەکاندا. سەرەڕای ئەوەی عێراق یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوتی خاو و یەدەگەکەی 145 billion بەرمیلە (U.S. Energy Information Administration, 2025)، ساڵانە بڕێکی زۆر لە گازی هاوەڵ دەسووتێنێت. ئەم دیاردەیە بەشێکە لە هەڵکشانی سووتاندنی گاز لە جیهاندا کە لە ساڵی 2024دا گەیشتە نزیكەی 151 ملیار مەتر سێجا (bcm) و بڕی 389 ملیۆن تەن گازی زیانبەخشی دوانەئۆكسیدی كاربۆن (CO2)ی خستوەتە بەرگە هەواوە (World Bank, 2024). لە سەر ئاستی ناوخۆ، بەفیڕۆدانی ئەم سەرچاوەیە زیانێکی ئابووری گەورە بە بودجە دەگەیەنێت (Razzak et al., 2021; PwC, 2021)، ئەمە لەکاتێکدایە كە 58.2%ی کارەبای بەرهەمهێنراوی عێراق پشت بە گازی سروشتی دەبەستێت (EIA,2025) و ئەم وڵات ساڵانە ملیاران دۆلار لە هاوردەکردنی گازی دەرەکی خەرج دەکات (Rudaw, 2023; Rudaw, 2026).
دەرئەنجامەکانی شیکاری تێچوون و قازانج لەم توێژینەوەیەدا دەریانخستووە کە ڕاگرتنی هاوردەکردنی گازی دەرەکی و بەکارهێنانی گازی هاوەڵی ناوخۆیی، دەتوانێت تێچووی وەبەرهێنان لە ژێرخانی کۆکردنەوەی گاز لە ماوەیەکی کورتدا بگەڕێنێتەوە (PwC, 2021). جگە لەوەش، جێبەجێکردنی پرۆژەکانی کۆکردنەوەی گاز تێچووی بەرهەمهێنانی یەکەی کارەبا بە ڕێژەی 40% بۆ 50% کەم دەکاتەوە و سەربەخۆیی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستان لەژێر فشارە جیۆپۆلیتیکییەکان تاڕادەیەكی زۆر مسۆگەر دەکات.
بۆ بەدیهێنانی ئامانجی کۆتاییهێنان بە سووتاندنی گاز تا ساڵی 2030، توێژینەوەکە ئەم ڕاسپاردە سەرەکییانە پێشکەش دەکات:
1. هەموارکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکان: گۆڕینی چوارچێوەی گرێبەستەکانی خزمهتگوزاری (DPC/EDPC) لە عێراق و بەشداریکردن لە بەرهەم (PSC) لە هەرێمی کوردستان، بە شێوازێک کە گازی هاوەڵ وەک سەرچاوەیەکی ئابووری سەربەخۆ هەژمار بکرێت.
2. سەپاندنی سزای دارایی: دانانی ڕێژەیەک لە سزای دارایی لەسەر ئەو کۆمپانیایانەی بەردەوامن لە سووتاندنی گاز.
3. مۆدێلی وەبەرهێنانی سەربەخۆی هاوبەشی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت (PPP): ڕەخساندنی ژینگەی وەبەرهێنان بۆ کەرتی تایبەت و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ بونیادنانی وێستگەکانی کۆکردنەوە و پاڵاوتنی گاز بە مۆدێلی (BOO/BOOT).
تێبینی:(BOO) واتا: دروستکردن ◄ خاوەندارێتیکردن ◄ بەڕێوەبردن
(BOOT) واتا: دروستکردن ◄ خاوەندارێتیکردن ◄ بەڕێوەبردن ◄ گواستنەوەی خاوەندارێتی
1. پێشەکی
1.1. واقعییەتی کەرتی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان
کەرتی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم هاوکێشەیەکی ئاڵۆزی بەڕێوەبردن، ئابووری و پێکهاتەییدایە، لە لایەکەوە توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە بەرزبوونەوەدایە، و لە لایەکی ترەوە بڕێکی زۆر لە گازی هاوەڵ بە فێرۆ دەچێت و دەسووتێنرێت. بەپێی ئامارە شیکارییەکانی دامەزراوەی (Iraq Oil Report, 2026)، تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی فیدراڵی لە ساڵی 2025 گەیشتووەتە 4.50 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا (bpd) کە بەراورد بە ساڵی 2024 بەرهەمهێنان 4.36 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بووە، كەواتە بەرهەمهێنان ڕووی لە زیادبوون کردووە بەهۆی ئاسانکاری و نەرمیی نواندنی ڕێکخراوی ئۆپێک پڵەس (OPEC+). لە بەرامبەردا، بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە 308,000 بەرمیلی ڕۆژانەوە لە ساڵی 2024 دابەزیوە بۆ 285,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی 2025دا، بەردەوامیش هەڵبەز و دابەز دەكات (Iraq Oil Report, 2026).
لەگەڵ ئەم ڕەوتەی بەرهەمهێناندا، بەڵام سووتاندنی گازی هاوەڵ وەک ئاستەنگێکی سەرەکی هەر بەردەوامی هەیە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی بانکی جیهانی (World Bank, 2026)، بڕی گازی سووتێنراو لەسەر ئاستی جیهان لە ساڵی 2025 گەیشتووەتە 167 ملیار مەتر سێجا (bcm) کە بەهای داراییەکەی بە 54 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. ڕاپۆرتەکە دەریخستووە کە وڵاتی عێراق لەگەڵ ڕووسیا و ئێرانە لە ڕیزی پێشەوەی ئهو وڵاتانەی جیهاندایە کە زۆرترین گازی هاوەڵ دەسووتێنن، بە شێوەیەک ئەم سێ وڵاتە پێکەوە نزیکەی 84 ملیار مەتر سێجا گاز دەسووتێنن کە دەکاتە نزیکەی نیوەی تەواوی گازی سووتێنراوی جیهان (Shafaq News, 2026; World Bank, 2026). ئەگەرچی بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕێژەی وەبەرهێنانی گازی هاوەڵ لە 53% ەوە بەرزبووەتەوە بۆ 74% لە ڕێگەی پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک کۆمپانیای گازی بەسرە و دەستپێکردنی پڕۆژەکانی Basra NGL 1 و NGL 2 بە توانای چارەسەرکردنی 400 ملیۆن پێی سێجای ڕۆژانە (mmcf/d) بۆ هەر یەکێکیان ، بەڵام هێشتا ڕێژەیەکی بەرفراوانی گاز لە هەوادا بە فێرۆ دەچێت (Egypt Oil & Gas, 2025).
ئەم بەفێرۆدانەی گاز لە کاتێکدایە کە تۆڕی نیشتمانیی کارەبای عێراق و هەرێمی کوردستان بەدەست کورتهێنانی بەردەوامەوە دەناڵێنن. لە عێراقدا، پێداویستیی کارەبا لە وەرزی هاویندا دەگاتە 55,000 تا 62,000 مێگاوات، لە کاتێکدا ئاستی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە لە دەوروبەری 21,000 تا 30,000 مێگاواتدایە، هەروەها لە نێوان 55% تا 59%ی کارەبای بەرهەمهێنراو لە تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردندا بە هەدەر دەچێت بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی 33% تا 40% پشتیان بەستبوو بە گازی هاوردەکراوی کۆماری ئیسلامی ئێران (964media, 2026). ئەم پشتبەستنە هەمیشەییە وڵاتەکەی تووشی بەرکەوتەی شۆکی جیۆپۆلەتیکی و گرژییە ناوچەیییەکان کردووە، بۆ نموونە بڕینی تەواوەتیی گازی هاوردەکراوی ئێران لە هێڵەکاندا بووەتە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە 3,100 مێگاوات ڕاستەوخۆ لە تۆڕی نیشتمانی (The New Region, 2026)، کە ئەمەش زیانی کوشندەی بە سێکتەری ئابووری و سەقامگیری کۆمەڵایەتی گەیاندووە (Rawabet Center, 2026).
2.1. ئامانجی توێژینەوەکە
کەلێنی سەرەکی ئەم توێژینەوەیە لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی ئەم گۆڕاوە دژبەیەکانەدا کۆدەبێتەوە. ئامانجە بنەڕەتییەکانی بریتیین لە:
دیاریکردنی زیانە ئابووری و ژینگەیییەکان: خەمڵاندنی بڕی زیانە داراییە ڕاستەوخۆکان کە لە ئەنجامی سووتاندنی گازی هاوەڵ بەر خەزێنەی گشتی دەکەوێت، بەراورد بە تێچووی هاوردەکردنی سووتەمەنی و کارەبا، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی کەڵەکەبوونی زیانە ژینگەیییەکان و دەردانی گازی میسان و دوانەئۆكسیدی كاربۆن (Methane و CO2).
داڕشتنی چوارچێوەیەک بۆ بڕیاردەران: ئامادەکردنی نەخشەڕێگەیەکی کەمکردنەوە و ڕاگرتنی تەواوەتیی سووتاندنی گاز ، کە پشت بە چاکسازیی پێکهاتەیی لە گرێبەستەکان، ڕێکخستنی یاسایی، و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت ببەستێت تاوەکو گاز لە سەرچاوەی بەفێرۆچوونەوە بگواێزرێتەوە بۆ سەرچاوەی بەرژەوەندیی ئابووری و ئاسایشی وزە.
3.1. پرسیارەکانی توێژینەوەکە
بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی توێژینەوەکە، ئەم پرسیارانەی خوارەوە بە شێوەیەكی زانستی وەڵام دەدرێنەوە:
پرسیاری یەکەم: ئایا تێچووی دارایی کۆکردنەوە و دەرهێنانی گازی هاوەڵ بە بەراورد لەگەڵ تێچووی بەردەوامی هاوردەکردنی گازی دەرەکی و سووتەمەنی شل بۆ وێستگەکانی کارەبا چۆن هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت؟
پرسیاری دووەم: چ جۆرە هەموارکردنێک لە گرێبەستە نەوتییەکان (وەک گرێبەستەکانی خزمەتگوزاری یان گرێبەستەکانی بەشداریکردنی بەرهەمهێنان) و ئامرازەکانی سیاسەتی گشتیدا پێویستە بۆ دروستکردنی هاندەری ئابووری تا کۆمپانیا جیهانی و ناوخۆیییەکان پابەندی کۆکردنەوەی گاز ببن؟
2. شیکاری تێچوو و قازانج
1.2. تێچووی وەبەرهێنان لە ژێرخانی کۆکردنەوەی گاز
دروستکردنی ژێرخانی گشتگیری کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی گازی هاوەڵ پێویستی بە وەبەرهێنانی سەرمایەیی هەنگاو بە هەنگاو هەیە، بەڵام پێوەرە ئابوورییەکان دەریدەخەن کە دەكرێت ئەم تێچووە لە ماوەیەکی کورتدا بگەڕێتەوە. لەسەر ئاستی پڕۆژە ستراتیژییەکانی عێراق، پڕۆژەی وەبەرهێنانی گازی بەسرە (GGIP) کە لە لایەن کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیز (Total Energy) بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی نەوت جێبەجێ دەکرێت، پێویستی بە سەرمایەگوزارییەک لە دەوروبەری 10 ملیار دۆلار هەبووە تەنها بۆ گەشەپێدانی سێکتەری گاز و کۆکردنەوەی گازی سووتێنراو لە کێڵگەکانی باشوور (TotalEnergies, 2023). لە هەمان کاتدا، کۆمپانیای گازی بەسرە (Basrah Gas Company - BGC) بۆ دروستکردنی وێستگەکانی پاڵاوتن و ئاسانکارییەکانی وەک Basra NGL لەرێگەی ڕێککەوتنی دارایی لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک (IFC) گوژمەی سێ سەد تا پێنج سەد ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە بۆ کەمکردنەوەی فێرۆچوونی گاز (Arab News, 2021) .
2.2. لە ڕووی تێچووی وردی ئەندازیارییەوە:
وێستگەکانی پەستان: تێچووی دامەزراندنی وێستگەیەکی پەستانی گاز بە توانای 15-25MW بەپێی ئامارە پیشەسازییە نێودەوڵەتییەکان پێویستی بە 40 ملیۆن تا 70 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ هەر وێستگەیەک .(Industrial Monitor Direct, 2024; OGJ, 2025).
هێڵەکانی گواستنەوە: تێچووی ڕاگەیەندراوی دروستکردنی هێڵەکانی گواستنەوەی گاز لەسەر ئاستی جیهانی گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی، کە تێکڕا نێوان 8.7 ملیۆن تا 10.7 ملیۆن دۆلار بۆ هەر مایڵێک دەخەمڵێنرێت (OGJ, 2023).
ماوەی گەڕانەوەی سەرمایە: سەرەڕای ئەم تێچووە سەرەتاییانە، پڕۆژەکانی کۆکردنەوەی گازی هاوەڵ لە عێراق ماوەی گەڕانەوەی سەرمایەی زۆر کورتیان هەیە کە تەنها 3 تا 5 ساڵ دەخایەنێت. ئەمەش بەهۆی جیاوازیی گەورەی تێچووی دیاریکراوەوە ڕوودەدات، تێچووی کۆکردنەوە و بەرهەمهێنانی گازی ناوخۆیی نزیکەی 2.00 دۆلارە بۆ هەر ملیۆنێک یەکەی گەرمیی بەریتانی (MMBtu) پێویستە، لە کاتێکدا تێچووی هاوردەکردنی گازی دەرەکی گەیشتووەتە نزیکەی $8.00 بۆ هەر MMBtu ئەم جیاوازییە 6.00 دۆلار بۆ هەر MMBtu وەک قازانجی پاک و گەڕانەوەی دارایی ڕاستەوخۆ دەگەرێنێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
3.2. تێچووی هاوردەکردنی گازی دەرەکی (کڕین و گواستنەوە)
پشتبەستنی بەردەوامی عێراق بە هاوردەکردنی گازی دەرەکی لۆدێکی دارایی و مەترسییەکی جیۆپۆلیتیکی بەرچاو دروست دەکات:
خەرجی ساڵانەی حکومەت: عێراق ساڵانە نێوان 3 ملیار تا 5 ملیار دۆلاری بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەرخان كردبوو تەنها بۆ کڕینی گازی سروشتی لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە مەبەستی بەردەوامیدان بە وێستگەکانی کارەبا. کاتێک ئەم خەرجییە لەگەڵ خەرجییەكانی تری وزەی ناوچەیی کۆدەکرێتەوە، کۆی بەرکەوتەی دارایی هاوردەکردنی وزە دەگاتە 7 ملیار تا $8 ملیار دۆلار ساڵانە. هەروەها بەهۆی ڕێکارە داراییەکان و سزاکانی ئەمریکا لەسەر گواستنەوەی پارە بۆ تاران، عێراق بەردەوام کەڵەکەبوونی قەرزی وزەی لەسەرە کە نێوان 2 مایار تا 11 ملیار دۆلار بووە بە بەردەوامی.
مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان و وەرزییەکان: سپاردنی سێکتەری وزە بە یەک دابینکەری دەرەکی، تۆڕی نیشتمانی خستووەتە ژێر مەترسی مانۆڕی جیۆپۆلیتیکی. لە وەرزی هاویندا کاتێک پلەکانی گەرما لە عێراق و ئێران دەگەنە 50°C، داواکاری ناوخۆیی لە وڵاتی هەناردەکار بەرز دەبێتەوە، لە ئەنجامدا بڕی گازی هەناردەکراو بۆ عێراق بە ڕێژەی 50% کەم دەکرێتەوە یان بە تەواوەتی دەپچڕێت. ئەم ناڕێکخراوییە دەبێتە هۆی کوژانەوەی گشتیی کارەبا، دروستبوونی کورتهێنانی زۆر لە کاتی لوتکەی بەکارهێناندا.
4.2. دەستکەوتە لاوەکییەکان
پرۆسەی گواستنەوە بەرەو کۆکردنەوەی گازی هاوەڵ سوودی فراوانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەیی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت:
بەهای ژینگەیی و پابەندبوونی نێودەوڵەتی: عێراق بە سوتاندنی ساڵانەی 17 تا 18 ملیار مەتر سێجا گازی سروشتی، لە ڕیزی دووەمی وڵاتانی جیهاندایە بۆ فێرۆدانی گاز. ڕاگرتنی ئەم پرۆسەیە ڕێگری لە دەردانی ملیۆنان تۆن لە گازی دوانە ئۆکسیدی كاربۆن (CO2)، کاربۆنی ڕەش، و گازی مێسان (CH4) دەکات. ئەم هەنگاوە ڕاستەوخۆ عێراق پابەند دەکات بە بەڵێننامەکانی کەشوهەوا لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی پاریس (Paris Agreement) و دەستپێشخەریی بانکی جیهانی بۆ سفرکردنی سووتاندنی ئاسایی گازتا ساڵی 2030، سەرەڕای ئەمەش، بەکارھێنانی ڕێکارەکانی کاربۆن فۆرمات ڕێگە بە عێراق دەدات لەرێگەی بازاڕەکانی ڕەهەندی کاربۆنەوە داهاتی دارایی زیادە بەدەستبهێنێت.
ڕەخساندنی دەرفەتی کار و گەشەپێدانی پیشەسازی ناوخۆیی: دروستکردن و کارپێکردنی وێستگەکانی چارەسەرکردنی گاز و هێڵەکانی گواستنەوە دەبێتە بزوێنەرێکی گەورەی ئابووری، کە دەرفەتی کاری جێگیر لە سێکتەری ئەندازیاری و تەکنیکیدا دروست دەکات. لە ڕووی پیشەسازییەوە، دابینکردنی گازی ووشكی ناوخۆیی دەبێتە کەەرەستەی خاو بۆ بوژاندنەوەی وێستگەکانی کارەبا بە خولی تێکەڵاو، گەشەپێدانی پیشەسازی پترۆکیمیایی، بەرهەمهێنانی پەینی کیمیایی، و کارگەکانی ئاسن و چیمەنتۆ.
3. هەڵسەنگاندنی ئاسایشی وزە و خەرجی تولیدی کارەبا
1.3. دابەزاندنی تێچووی یەکەی کارەبا
تێچووی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەرزبووەتەوە بەهۆی نادیاری لە دابینکردنی سووتەمەنی گونجاو و پشتبەستن بە سووتەمەنی جێگرەوەی گرانبەها. بەپێی شیکارییەکانی سندوقی نێودەوڵەتی دراو (IMF, 2023) و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی نوێبووەوە (IRENA, 2025)، جیاوازییەکی بەرچاو لە تێچووی بەرهەمهێنانی هەر مێگاوات- ژمێرێک (MWh) کارەبادا هەیە بەپێی جۆری سووتەمەنی بەکارهاتوو:
تێچووی تولید بە گازی هاوەڵی ناوخۆیی: بەکارهێنانی گازی هاوەڵی ناوخۆیی چارەسەرکراو، تێچووی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگە غازییەکاندا دادەبەزێنێت بۆ دەوروبەری 30 تا 45 دۆلار بۆ هەر MWhێک. ئەم تێچوە نزمە وا دەکات کارەبای بەرهەمهێنراو لە سەرچاوەی گازەوە بەرزترین توانای کێبڕکێی ئابووری هەبێت.
تێچووی تولید بە گازی هاوردەکراو و سووتەمەنی قورس: لە کاتی وەستانی گازی هاوردەکراو یان کەمیی گازی ناوخۆیی، وەزارەتی کارەبا ناچار دەبێت وێستگەکانی بەرهەمهێنان بە گازۆیل یان نەوتی ڕەش/سووتەمەنی قورس کارپێبکات. تێچووی بەرهەمهێنانی هەر MWhێک کارەبا بە گازۆیل لە عێراق دەگاتە 130 تا 180 (IMF, 2023)، لە کاتێکدا تێچووی بەرهەمهێنان بە گازی هاوردەکراو لە دەوروبەری 80 تا 105 بۆ هەر MWhێک دەخولێتەوە بێگومان ئەمە لە کاتێکدایە كە تێچووی کڕین و گواستنەوە کۆدەکرێتەوە (Baker Institute, 2025; IMF, 2023).
ئەم بەرزبوونەوەی تێچووە کاریگەرییەکی کوشندەی لەسەر بودجەی گشتی عێراق دروست کردووە. دەوڵەت ساڵانە بڕێکی زۆر لە بودجەی بەکاربردن تەرخان دەکات بۆ پاڵپشتی نیشتمانیی سووتەمەنی و کارەبا، بەپێی ڕاپۆرتەکانی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP, 2025)، تێکڕای پاڵپشتی نەختینەیی و ناڕاستەوخۆی کارەبا و سووتەمەنی سەرجەم وێستگەکان دەگاتە زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری ساڵانە. کاتێک بەکارھێنانی گازی هاوەڵی ناوخۆیی جێگەی سووتەمەنی شل و گازی هاوردەکراو دەگرێتەوە، تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی 50% تا 60% دادەبەزێت، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ فشاری دارایی لەسەر پاڵپشتی دەوڵەت کەمدەکاتەوە و بودجەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان زیاتر دەكات (AUIS Energy Initiative, 2026; UNDP, 2025) .
2.3. جێگیری تۆڕی کارەبا و سەربەخۆیی وزە
پچڕانی بەردەوامی دابینکردنی گاز و سووتەمەنی، تۆڕی نیشتمانیی کارەبای عێراق و هەرێمی کوردستانی دووچاری شۆک و پەککەوتنی بەردەوام کردووە. جێبەجێکردنی ستراتیژیی کۆکردنەوەی گازی هاوەڵ بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری پڕۆسەی بەرهەمهێنان:
زیادکردنی کاتژمێرەکانی دابینکردنی کارەبا: وێستگەکانی تورباینی غازی لە عێراق بە توانای زیاتر لە 15,000 مێگاوات کار دەکەن، بەڵام بەشێکی زۆریان بەهۆی کەمیی پەستانی گاز یان نەبوونی سووتەمەنی بە نیوەی توانای خۆیان کار دەکەن یان بە تەواوەتی کوژێنراونەتەوە (Rudaw Research Center, 2020) . دابینکردنی بەردەوام و جێگیری گازی ناوخۆیی ڕێگە دەدات بە بەرزکردنەوەی توانای کارکردنی ئەم وێستگانە وگۆڕینیان بۆ خولی تێکەڵاو، بەبێ ئەوەی پێویست بە دروستکردنی وێستگەی نوێ بکات. ئەمەش توانای زیادکردنی 4,000 تا 6,000 مێگاوات کارەبای نوێ بۆ تۆڕی نیشتمانی دەڕەخسێنێت و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای هاووڵاتییان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات (Arab Reform Initiative, 2024).
کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دابینکەرە دەرەکییەکان و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی: پشتبەستنی سێکتەری کارەبای عێراق بە ڕێژەی زیاتر لە 35% بە سەرچاوەی دەرەکی بۆ دابینکردنی گاز، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وزە (IMF, 2023) بەهۆی بڕیارە سیاسییەکان، ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکان، یان کێشەی تەکنیکی لە هێڵەکانی گواستنەوەدا، دابینکردنی گاز چەندین جار لە ساڵدا بە یەکجاری دەپچڕێت. خودبژێوی لە گازی هاوەڵدا عێراق لە بەرکەوتەی شۆکی ناوچەیی دەپارێزێت و بنەمای ئاسایشی وزە بەهێز دەکات، بە شێوەیەک کە بەرهەمهێنانی کارەبا پارێزراو دەبێت لە هەر گوشارێکی دەرەکی و وڵات بەرەو سەربەخۆیی تەواوەتی لە بواری وزەدا ئاڕاستە دەکات (Arab Reform Initiative, 2024) .
4. شیکاری ڕێگرییە یاسایی و گرێبەستییەکان (PSC vs. DPC/EDPC)
1.4. ئاستەنگ لە گرێبەستەکانی خزمەتگوزاری (DPC/EDPC) لە عێراق
1. چوارچێوەی گرێبەستەكانی نەوت: سەرتا پێویستە جۆری گرێبەستە نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق ئاماژەیان پێبكرێت، كە بریتین لە: (PSC) واتا گرێببەستی هاوبەشی بەرهەمهێنان،ئەم گرێبەستە لە هەرێمی كوردستان زۆر باوە، لە عێراق كار بە (DPC)گرێبەستی گەشەپێدانی بەرهەمهێنان، و (EDPC)گرێبەستی گەڕان، گەشەپێدان، بەرهەمهێنان دەكرێت. چوارچێوەی گرێبەستی کەرتی وزەی عێراق یەکێکە لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی خاوبوونەوەی پرۆسەی کۆکردنەوەی گازی هاوەڵ. لە خولەکانی یەکەم تا چوارەمی ڕاهێنان، وەزارەتی نەوتی عێراق پشتی بە گرێبەستەکانی خزمەتگوزاری پەرەپێدان دەبەست. ئەم مۆدێلە گرێبەستییە بە شێوەیەک داڕێژرابوو کە تەنها سەرنجی لەسەر بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بوو، بەبێ ئەوەی هەمان گرنگی یان هاندەری ئابووری بۆ کۆکردنەوە و وەبەرهێنانی گازی هاوەڵ هەبێت (Rudaw Research Center, 2023) .
2. نەبوونی هاندەری دارایی ڕوون: لە گرێبەستەکانی DPC و EDPC، کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان (IOCs) بڕێكی حەقدەستی جێگیر بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی بەرهەمهێنراو وەردەگرن. لەبەر ئەوەی گازی هاوەڵ لە مێژەوە وەک بەرهەمێکی لاوەکی یان پاشەڕۆ سەیر کراوە، پێکهاتەی دارایی ئەم گرێبەستانە میکانیزمێکی ڕوونی نەبووە بۆ قەرەبووکردنەوەی تێچووی وەبەرهێنانی سەرمایەیی کە کۆمپانیاکان بۆ کۆکردنەوەی گاز خەرجی دەکەن (Rudaw Research Center, 2023) . لەبەر ئەوەی قازانجی کۆمپانیاکان بەرهەمهێنانی نەوت بوو، سووتاندنی گاز ڕێگەیەکی هەرزانتر و ئاسانتر بوو بۆ بەردەوامبوونی بەرهەمهێنانی نەوت بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی سزای دارایی یان یاسایی ببنەوە (Middle East Institute, 2020) .
3. دەستپێشخەرییەکانی خولی پێنجەم و شەشەم: بۆ چاکسازیکردن لەم بۆشاییە، وەزارەتی نەوت لە خولی پێنجەم و شەشەمی گرێبەستەکاندا مۆدێلی گرێبەستەکانی بەرەو بەشداریکردنی قازانج گۆڕی، کە تێیدا بڕی قازانجی دیاریکراو بۆ کۆمپانیا بەشداربووەکان گەیشتە زیاتر لە 30% بە مەبەستی ڕاکێشانی وەبەرهێنان بۆ کێڵگە غازییەکان و گازی هاوەڵ (Rudaw Research Center, 2024b) . بەڵام جێبەجێکردنی ئەم مۆدێلە نوێیە لە کێڵگە کۆنەکاندا، کە هێشتا گرێبەستە کاتییەکانی DPC بەسەردا زاڵە، وەكو ئاستەنگێکی یاسایی هەر ماوەتەوە (Lexology, 2023) .
2.4. کێشەی خاوەندارێتی گاز و کڕیاری گاز
جگە لە لایەنی دارایی گرێبەستەکان، ئاستەنگی یاسایی و پێکهاتەیی سەبارەت بە خاوەندارێتی و بازاڕکردنی گاز ئاڵۆزییەکی زۆری لە پرۆسەی کۆکردنەوەی گازدا دروست کردووە:
مۆنۆپۆلی دەوڵەت و خاوەندارێتی گاز: بەپێی یاساکانی نەوت و گازی فیدراڵی و پێکهاتەی گرێبەستەکانی عێراق، تەواوی خاوەندارێتی گازی بەرهەمهێنراو (چی گازی هاوەڵ یان گازی سەربەخۆ) بۆ دەوڵەت و کۆمپانیا نیشتمانییەکان (وەک کۆمپانیای نەوتی باشوور یان کۆمپانیای گازی باشوور) دەگەڕێتەوە (Al-Nesoor Law Firm, 2023; RGU Repository, 2020) . ئەم خاوەندارێتییە ڕەهایەی دەوڵەت وای کردووە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان مافی ئەوەیان نەبێت گازی کۆکراوە ڕاستەوخۆ بە کڕیاری سێیەم یان بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بفرۆشن، بەڵکو ناچارکراون تەواوی گازەکە ڕادەستی وەزارەتی نەوت بکەنەوە بە نرخێک کە لەلایەن حکومەتەوە دیاری دەکرێت (Lexology, 2023; Middle East Institute, 2020) .
کێشەی کڕیاری کۆتایی و دواکەوتنی پارەدان: لەبەر ئەوەی وەزارەتی کارەبا یان وەزارەتی نەوت تەنها کڕیاری کۆتایی گازەکەن، کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان ڕووبەڕووی مەترسیی دواکەوتنی پارەدان یان نەبوونی نقدینەیی دارایی دەبنەوە. ئەزموونی ئاڵۆزی ڕێککەوتنەکان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان (KRG) و کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی وەک دانا گاز و کریستێنت پێترۆلیۆم دەریخستووە کە ڕێککەوتنی فرۆشتنی گاز بە حکومەت و دیاریکردنی شایستە داراییەکان پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی زۆر جێگیر هەیە (Crescent Petroleum, 2021; Dana Gas, 2025). کەمیی ژێرخانی تۆڕەکانی گواستنەوە و ناڕوونی لە کۆنتڕۆڵکردنی هێڵەکان، وایکردووە کۆمپانیاکان دوودڵ بن لە خەرجکردنی سەرمایەی گەورە، کاتێک گرەنتییەکی یاسایی ڕوون نەبێت بۆ کڕینەوەی بەردەوامی گازەکە لەلایەن دەوڵەتەوە (Belfer Center, 2022; Newlines Institute, 2022).
3.4. ئاستەنگ لە گرێبەستەکانی بەشداریکردن لە بەرهەم (PSC) لە هەرێمی کوردستان
پێکهاتەی گرێبەستەکانی بەشداریکردن لە بەرهەمهێنان (Production Sharing Contracts - PSC) کە لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە (MNR) لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا واژۆ کراون، تا حدێک نەرمیی زۆرتری تێدایە بە بەراورد لەگەڵ گرێبەستەکانی خزمەتگوزاریی فیدراڵی، بەڵام هێشتا ئاستەنگی گەورە لە جێبەجێکردنیدا هەیە (KRG Ministry of Natural Resources, 2008; Rudaw Research Center, 2024a)
ناڕوونیی چوارچێوەی فرۆشتن و گواستنەوە: لە زۆربەی گرێبەستە نموونەیییەکانی هەرێمی کوردستاندا، تەرکیزی سەرەکی لەسەر بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی خاو بووە. ڕاستە لە مۆدێلی گرێبەستەکەدا ئاماژە بە گازی هاوەڵ کراوە، بەڵام چوارچێوەیەکی یاسایی و کارگێڕیی ڕوون بۆ ڕێکخستنی فرۆشتن، گواستنەوە، و پێدانی شایستە داراییەکانی گازی هاوەڵ بۆ وێستگەکانی کارەبای ناوخۆ دا نەنراوە (Arab Reform Initiative, 2024; KRG Ministry of Natural Resources, 2008) .
کێشەی نرخاندن و ژێرخانی گواستنەوە: بەهۆی نەبوونی تۆڕێکی نیشتمانیی یەکگرتووی هێڵەکانی گواستنەوەی گاز و ناڕوونی لە پێوەرەکانی نرخاندنی گازی هاوەڵ بە بەراورد بە گازی سەربەخۆ، کۆمپانیا کارکەرەکان لە کێڵگە نەوتییەکان تووشی دوودڵی دەبن لە خەرجکردنی سەرمایەی زیادە بۆ دامەزراندنی وێستگەکانی پاڵاوتن (Emirates Policy Center, 2025; Rudaw Research Center, 2025). جگە لەوەش، کێشەی نەقدینەیی و دواکەوتنی پارەدانی شایستەی کۆمپانیاکان لەلایەن حکومەتەوە وایکردووە تەرکیزی کۆمپانیاکان تەنها لەسەر دەرهێنانی نەوت بێت و گازی هاوەڵ بەفێرۆ بڕوات (Kurdpress, 2026; Rudaw Research Center, 2024a).
4.4. میکانیزمی سزادان و هاندان
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە پێکهاتەییە و هاندانی کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ پابەندبوون بە ڕاگرتنی سووتاندنی گاز، پێویستە چوارچێوەیەک هەبێت پشت بە میکانیزمی هاوسەنگی سزادان و هاندان ببەستێت (EPIC, 2024; The New Region, 2025) :
دارشتنی سزای دارایی:
سەپاندنی باجی دەردانی کاربۆن و میسان: پێویستە دەسەڵاتدارانی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان سزای دارایی ڕاستەوخۆ بۆ هەر مەتر سێجایەک گازی سووتێنراو لە سەرووی ئاستی ڕێگەپێدراوەوە دابنێن. بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، لە ئەگەری دانانی سزای دارایی (وەک 2:00 تا 3:00 دۆلار بۆ هەر MMBtu گازی سووتێنراو) وادەكات کە سووتاندنی گاز لە ڕووی ئابوورییەوە خەرجدارتر بێت لە کۆکردنەوە و وەبەرهێنان تێیدا (EPIC, 2024; The New Region, 2025) .
توندکردنەوەی یاساکانی پاراستنی ژینگە: تێكهەڵکێشکردنی سزای کارگێڕی، وەک ڕاگرتنی کاتیی مۆڵەتی بەرهەمهێنانی نەوت کاتێک کۆمپانیاکان پابەندی نەخشەڕێگەی ڕاگرتنی سووتاندنی گاز نابن (The New Region, 2025) .
دابینکردنی هاندەر و بەخشش:
داشکاندنی باج و لێخۆشبوونی گومرگی: بەخشینی لێخۆشبوونی باجی دەستکەوت یان کەمکردنەوەی باجی کۆمپانیاکا بۆ ئهو کۆمپانیایانەی وەبەرهێنان لە ژێرخانی کۆکردنەوەی گازدا دەکەن، بەرامبەر دابەزاندنی تێچووی هاوردەکردنی ئامێرەکانی پاڵاوتنی گاز (EPIC, 2024) .
بازاڕکردن و بەکارھێنانی ڕەهەندی کاربۆن: پێدانی ڕێگەپێدانی یاسایی بۆ کۆمپانیاکان تاوەکو بتوانن بڕی گازە دەردراوە ڕاگرتراوەکان لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی کرێدیتی کاربۆن تۆمار بکەن و داهاتەکەی وەک هاندەری دارایی ڕاستەوخۆ دابەش بکەن (EPIC, 2024; Rudaw Research Center, 2025).
هەموارکردنی گرێبەستەکان: ڕێگەپێدان بە کۆمپانیاکان بۆ هەژمارکردنی سەرمایەی خەرجکراو بۆ ژێرخانی گاز (CAPEX) لە چوارچێوەی نەوتی تێچوو (Cost Oil)، بە شێوەیەک کە خەرجییەکانیان لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بە شێوەیەکی خێرا و پێشینەیی بگەرێتەوە (Rudaw Research Center, 2024a)
5. بژاردەکان و ڕاسپاردەکان
1.5. ڕاسپاردە یاسایی و ڕێکخستنەکان
هەموارکردنەوەی مۆدێلی گرێبەستەکان: پێویستە حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان مۆدێلەکانی گرێبەستی نەوتی DPC/EDPC و PSC هەموار بکەنەوە بە شێوەیەک کە گازی هاوەڵ وەک سەرچاوەیەکی ئابووری سەربەخۆ هەژمار بکرێت، نەک وەک پاشەڕۆیەکی لاوەکی. پێویستە تێچووی وەبەرهێنان لە ژێرخانی گاز (CAPEX) بخەرێتە چوارچێوەی بەشە-نەوتی تێچوو (Cost Recovery Mechanisms) تاوەکو کۆمپانیاکان هان بدرێن پارە لەم سێکتەرەدا خەرج بکەن.
دیاریکردنی وادەی نەگۆڕ و سەپاندنی سزای هەڵکشان: داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی یاسایی ڕوون و نەگۆڕ بۆ کۆتاییهێنان بە سووتاندنی گاز تا ساڵی 2030. لەگەڵ ئەمەشدا سەپاندنی سزای دارایی بۆ هەر MMBtu یەک گازی سووتێنراو، بە شێوەیەک کە ڕێژەی سزاکە ساڵانە بەرز بێتەوە بۆ ئەوەی سووتاندنی گاز لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر خەرجدارتر بێت لە کۆکردنەوەی.
2.5. ڕاسپاردە ئابووری و سەرمایەگوذارییەکان
بەکارهێنانی مۆدێلی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت (PPP): هاندانی کەرتی تایبەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ بەشداریکردن لە دروستکردنی ژێرخانی کۆکردنەوە، پەستاندن و گواستنەوەی گاز. ئەم مۆدێلە (Public-Private Partnerships) باری دارایی لەسەر بودجەی گشتی کەمدەکاتەوە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان خێراتر دەکات.
دروستکردنی سندوقی تایبەت بە وەبەرهێنانی گازی هاوەڵ: دامەزراندنی سندوقێکی سیادیی تایبەت کە داهاتی بەدەستهاتوو لە سزای کۆمپانیاکان بۆ سووتاندنی گاز تێیدا کۆبکرێتەوە، و بەکارهێنانی تەواوی ئەم سندوقە تەنها بۆ دارایی کردنی پڕۆژەکانی ژێرخانی وزە و پاککردنەوەی ژینگە.
3.5. ڕاسپاردەی خێرا بۆ جێبەجێکردن
1. بەستنەوەی کێڵگە بچووکەکان بە تەکنەلۆژیای (CNG/LNG Mini-Grids): بۆ ئەوەی کێڵگە نەوتییە بچووکەکان و دوورەدەستەکان کە نەبەستراونەتەوە بە هێڵە سەرەکییەکان گازەكەیان كۆبكرێتەوە، پێویستە هەنگاوی خێرا بنرێت بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای گازی پەستێنراو (Compressed Natural Gas - CNG) یان گازی شلکراو (Small-scale LNG). بەم شێوەیە دەکرێت گازەکە بە شێوەیەکی گوازراوە (Virtual Pipeline) بگوازرێتەوە بۆ وێستگەکانی کارەبای ناوچەیی و کارگە نێوخۆییەکان بەبێ ئەوەی پێویست بە دروستکردنی هێڵی بۆڕی گەورە و گرانبەها بکات.
6. ئەنجامگیری
ڕاگرتن و کۆتاییهێنان بە سووتاندنی گازی هاوەڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تەنها پڕۆژەیەکی ژینگەیی یان پابەندبوونێکی ڕەمزی نێودەوڵەتی نییە. بەڵکو ئەم پرۆسەیە نوێنەرایەتی وەبەرهێنانێکی ژێرخانی حەتمی و ستراتیژیی ئابووری دەکات کە دەتوانێت بڕی 3 تا 5 ملیار دۆلار ساڵانە بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، لە ڕێگەی بڕینی تێچووی هاوردەکردنی گازی دەرەکی.
چارەسەرکردنی ئەم گۆڕاوە پێویستی بە گۆڕانکاریی پێکهاتەیی لە گرێبەستەکان، بەکارهێنانی میکانیزمی هاوسەنگی سزادان و هاندان، و جێبەجێکردنی شێوازی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت هەیە. کۆکردنەوەی ئەم گازە بەفیڕۆچووە هەنگاوێکی ناوەندی و بنەڕەتییە بەرەو سەربەخۆیی وزە، دابینکردنی کارەبای جێگیر بۆ هاووڵاتییان، و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکە.
لیستی سەرچاوەکان
· 964media. (2026, July 25). Iraq electricity minister cites regional crises for delayed power grid links. https://en.964media.com/50250/
Al-Nesoor Law Firm. (2023). Iraq oil & gas legal framework. https://alnesoor.com/en/blog/iraq-oil-gas-legal-framework-en
· Arab News. (2021, June 29). Basrah Gas signs loan agreement with IFC for project to limit gas flaring. https://www.arabnews.com/node/1885416/business-economy
· Arab Reform Initiative. (2024, May 15). Energy transition challenges in Iraq and the Kurdistan Region. https://www.arab-reform.net/publication/energy-transition-challenges-in-iraq-and-the-kurdistan-region/
· AUIS Energy Initiative. (2026). Iraq's electricity sector caught in a perfect storm. Energy Center, American University of Iraq, Sulaimani. https://energy.auis.edu.krd/articles/iraqs-electricity-sector-caught-in-a-perfect-storm
· Baker Institute for Public Policy. (2025, Jun 17). Iraq’s electricity shortage and the paradox of gas flaring. Rice University. https://www.bakerinstitute.org/research/iraqs-electricity-shortage-and-paradox-gas-flaring
Belfer Center for Science and International Affairs. (2022). Natural gas development in Kurdistan: Financial and legal assessment. Harvard Kennedy School. https://www.belfercenter.org/publication/natural-gas-development-kurdistan-financial-assessment
Crescent Petroleum. (2021). LEADING WITH PURPOSE: Socio-economic benefits of gas production in the Kurdistan Region of Iraq. Crescent Petroleum Report. https://www.crescentpetroleum.com/wp-content/uploads/2025/08/cp-sustainability-report-2025.pdf
Dana Gas. (2025, November). Corporate presentation November 2025. Dana Gas PJSC. https://www.danagas.com/storage/2025/11/20251111-Dana-Gas_Corporate-Presentation_November-2025.pdf
· Education for Peace in Iraq Center (EPIC). (2024). NEW: EPIC BRIEF ON GAS FLARING IN IRAQ. EPIC Briefs. https://enablingpeace.org/new-epic-brief-on-gas-flaring-in-iraq/
· Egypt Oil & Gas. (2025, October 12). Iraq makes progress in oil production, associated gas investments. https://egyptoil-gas.com/news/iraq-makes-progress-in-oil-production-associated-gas-investments/
· Emirates Policy Center (EPC). (2025). How Will the Crisis over the Kurdistan Region’s Gas Contracts with US Firms Reshape Baghdad-Erbil Relations? https://www.epc.ae/details/scenario/how-will-the-crisis-over-the-kurdistan-region-s-gas-contracts-with-us-firms-reshape-baghdad-erbil-relations-
· Industrial Monitor Direct. (2024). Gas compressor station CAPEX estimation: 15-25MW GT-driven systems. Knowledgebase Engineering Report.
· International Monetary Fund (IMF). (2023). Iraq: Selected issues paper - Energy sector subsidies and electricity reforms (IMF Country Report No. 23/076). DOI: https://doi.org/10.5089/9798400231759.002.A002
· International Renewable Energy Agency (IRENA). (2025). Energy transition assessment: Iraq. https://www.irena.org/-/media/Files/IRENA/Agency/Publication/2025/Jul/IRENA_COU_Energy_transition_assessment_Iraq_2025.pdf
· Iraq Oil Report. (2026, January 25). Iraqi production rises in 2025 as OPEC-plus eases quotas. https://www.iraqoilreport.com/news/iraqi-production-rises-in-2025-as-opec-plus-eases-quotas-47478/
· KRG Ministry of Natural Resources. (2008). Model Production Sharing Contract (PSC). Kurdistan Regional Government. https://gov.krd/mnr-en/publications/contracts/
· Kurdpress. (2026). The impact of regional conflict on the Kurdistan Region's oil industry. https://www.kurdpress.com/en/news/2799281/The-impact-of-regional-conflict-on-the-Kurdistan-Regions-oil-industry-
Lexology. (2023). Oil and gas law in Iraq: Legal analysis and contractual frameworks. https://www.lexology.com/indepth/oil-and-gas-law/iraqi
Middle East Institute (MEI). (2020). Fixing Iraq’s power sector. https://mei.edu/publication/fixing-iraqs-power-sector/
Newlines Institute for Strategy and Policy. (2022). The Kurdish gas gambit: Realities and legal hurdles. https://newlinesinstitute.org/middle-east-center/the-kurdish-gas-gambit/
· Oil & Gas Journal (OGJ). (2023, October 2). Land pipeline construction costs hit record $10.7 million/mile. https://www.ogj.com/pipelines-transportation/pipelines/article/14299952/land-pipeline-construction-costs-hit-record-107-million-mile
· Oil & Gas Journal (OGJ). (2025, October 6). Pipeline construction costs reach record $12.1 million/mile. https://www.ogj.com/pipelines-transportation/pipelines/article/55322093/pipeline-construction-costs-reach-record-121-million-mile
PwC. (2021). Summary: Flare gas monetization projects. Scribd. https://www.scribd.com/document/536852162/Summary-Flare-Gas-Monetization-Projects
· Rawabet Center for Research and Strategic Studies. (2026, July 31). Iraq's electricity sector: Why has massive spending failed to deliver sustainable economic value? https://rawabetcenter.com/en/?p=11739
Razzak, A. A., et al. (2021). Assessment and economic evaluation of gas flaring in Iraq. Missouri S&T Scholar's Mine. https://scholarsmine.mst.edu/che_bioeng_facwork/2158/
Robert Gordon University (RGU) Repository. (2020). An investigation into the oil and gas contractual and legal relationship between the Kurdistan Regional Government (KRG) and the Iraq Federal Government. https://rgu-repository.worktribe.com/output/950954/
· Rudaw Research Center. (2020). Iraq’s electricity crisis: Power waster and structural failures. https://www.rudawrc.net/en/pdf/article/iraqs%20electricity%20crisis%20power%20waster
· Rudaw Research Center. (2023, December 15). One content and two interpretations: New oil and gas contracts in Iraq and the fate of the contracts in the Kurdistan Region. https://rudawrc.net/en/article/one-content-and-two-interpretations-new-oil-and-gas-contracts-in-iraq-and-the-fate-of-the-contracts-in-the-kurdistan-region-2023-12-15
· Rudaw Research Center. (2024a, July 9). Oil contracts and production costs in the Kurdistan Region. https://rudawrc.net/en/article/oil-contracts-and-production-costs-in-the-kurdistan-region-2024-07-09
· Rudaw Research Center. (2024b, May 15). Iraq finalizes fifth and sixth rounds of oil and gas contracts yielding over 30% profit for participating companies. https://rudawrc.net/en/article/iraq-finalizes-fifth-and-sixth-rounds-of-oil-and-gas-contracts-yielding-over-30-profit-for-participating-companies-2024-05-15
· Rudaw Research Center. (2025, April 9). Gas flaring: A field-by-field and province-by-province assessment in Iraq and the Kurdistan Region. https://rudawrc.net/en/article/gas-flaring-a-field-by-field-and-province-by-province-in-iraq-and-the-kurdistan-region-2025-04-09
Rudaw. (2023). Iraq, Kurdistan Region’s diverse approaches to electricity supply. Rudaw Media Network. https://www.rudaw.net/english/categories/opinion/871801
Rudaw. (2026). Iraq owes $2 billion in previous gas imports amid continued reliance on Iranian energy despite sanctions. Rudaw Media Network. https://rudaw.net/english/categories/iraq/1078347
· Shafaq News. (2026, June 23). World Bank ranks Iraq among top gas-flaring countries. https://shafaq.com/en/Economy/World-Bank-ranks-Iraq-among-top-gas-flaring-countries
· The New Region. (2025). KRG strictly targets environmental pollution from energy sector. https://thenewregion.com/posts/1415/krg-strictly-targets-environmental-pollution
· The New Region. (2026, March 18). Iranian gas supplies to Iraq completely halted: Electricity ministry. https://thenewregion.com/posts/4883
· TotalEnergies. (2023, April 5). Agreement between Iraq and TotalEnergies for the development of natural resources. TotalEnergies Press Release. https://totalenergies.com/iraq
U.S. Energy Information Administration. (2025). Country analysis brief: Iraq. U.S. Department of Energy. https://www.eia.gov/international/content/analysis/countries_long/Iraq/Iraq_2025.pdf
· United Nations Development Programme (UNDP). (2025). Energy transition assessment and status of power needs in Iraq. https://www.undp.org/sites/g/files/zskgke326/files/2025-09/energy_transition_in_iraq_english_version_250914.pdf
World Bank. (2024). Global gas flaring tracker report. Global Flaring and Methane Reduction Partnership (GFMR). https://www.worldbank.org/en/programs/gasflaringreduction
· World Bank. (2026, June 23). Global gas flaring rises three years in a row, undermining energy security. Press release. https://www.worldbank.org/en/news/press-release/2026/06/23/global-gas-flaring-rises-energy-security