درەو:
سەرچاوە ئاگادارەكان ئاشكرایان كردووە، ئیدارەی ئەمریکا لە ماوەی رابردوودا پەیامێکی روونی ئاڕاستەی حکومەتی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، کە ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە، بەردەوامبوونی بەدەستهێنانی داهاتی نەوتی بەغداد بە دۆلارو پاراستنی کەرتی بانکییەکەی لە سزاکان، پەیوەستن بە گرتنەبەری رێوشوێنی یەکلاکەرەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان و توندوتۆڵکردنی کۆنترۆڵی دەروازە سنورییەکان.
ماڵپەری "إرم نیوز" ئیماراتی لە زاری ئەو سەرچاوانەوە بڵاویكردووەتەوە، واشنتۆن هاوکێشەیەکی بە ناوی "جورف سەخر لە بەرامبەر پاراستنی داراییدا" خستووەتە بەردەم بەغداد؛ بە شێوەیەک بەردەوامی گواستنەوەی داهاتە نەوتییەکانی عێراق لە بانکی یەدەگی فیدراڵی لە نیویۆرکەوە بۆ بانکی ناوەندی، بەستووەتەوە بە وشککردنی سەرچاوە داراییە نافەرمییەكان و رێگریکردن لە سەرپێچییەکان لە سیستەمی دارایی.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشكردووە، ئیدارەی ئەمریکا حکومەتی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی، بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا رەنگە دەرگا بکاتەوە بۆ چەردەیەكی نوێی سزاکانی وەزارەتی گەنجینە کە دامەزراوە داراییەکان و دەروازە ئابورییەکان دەکەنە ئامانج، بۆ ئەمەش کۆنترۆڵکردنی جوڵەی پارەو سنورەکان دەکاتە تاقیکردنەوەیەکی بنەڕەتی بۆ رادەی وەڵامدانەوەی حکومەتی زەیدی بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا.
لەم چوارچێوەیەدا، واشنتۆن کۆنترۆڵكردنەوەی ناحیەی جورف سەخری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە بە هەنگاوێکی یەکەم داناوە بۆ سەلماندنی جدییەتی حکومەت لە جێبەجێکردنی بەرنامەی كۆكردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، دوای زیاتر لە دەیەیەک لە كۆنتڕڵكردنی ناوچەکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە.
سەرچاوەکان روونیان کردووەتەوە، پێش ئەم هەنگاوە پەیوەندیی باڵا لە نێوان تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە لەگەڵ کەسایەتییە نزیکەکانی سەرۆکایەتی حکومەتی عێراق ئەنجامدراوە، لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە ئەمنی و داراییەکاندا کە ئامانجیان رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدادو واشنتۆن بووە.
جەختیشانكردووە ، ئەو ستایشەی زەیدی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە بە پیاوێکی بەهێز وەسفی کرد، وەک چەترێکی سیاسی بوو لەلایەن واشنتۆنەوە بۆ جوڵەکانی حکومەت، ئاماژە بوو بۆ رێزگرتنی واشنتۆن لەو هەنگاوانەی بەغدا ناویەتی.