درەو:
شیكاری: د. ئاریان محەمەد عەلی، دکتۆرا لە یاسای دەستوری
پێشەکی
فیدڕاڵیزم میکانیزمێکی یاساییە، لە چوارچێوەی ئەندازەی دامودەزگایی-دەستوریی دا، بە مەبەستی دابەشکردن و بەشداریکردنی دەسەڵاتی سەروەری دەوڵەت لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵی-هاوبەش و یەکە پێکهێنەرەکاندا (ویلایەت، هەرێم، یان کانتۆنەکان) داڕێژراوە. پەپێی دەستوری فیدڕاڵ، هەردوو ئاستی حکومەت (فیدڕاڵ وهەرێمەکان) دەسەڵاتی خۆیان ڕاستەوخۆ لە یاسای باڵای وڵاتەکەوە وەردەگرن، نەک لە یەکترییەوە. ئەم ئەندازە دەستورییە دابەشکردنێکی یاسایی دەسەڵاتەکان بەرجەستە دەکات؛ پرسە نیشتمانییەکانی وەک بەرگری، سیاسەتی دەرەوە، سیستەمی دارایی، و بازرگانی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەکی گشتی بۆ دەسەڵاتی فیدڕاڵ دەگەڕێنەوە. لە کاتێکدا بابەتە ناوخۆییە-هەرێمییەکانی وەک پەروەردە، پۆلیس، بەڕێوەبردنی شارەوانی، و تەندروستی گشتیی دەکەونە ژێر دەسەڵاتی هەرێمەوە. نە حکومەتی فیدڕاڵ و نە یەکە پێکهێنەرەکان ناتوانن بە تەنها ئەم هاوسەنگییە دەستورییە بگۆڕن، تەنها مەگەر لە ڕێی پرۆسەی هەموارکردنی دەستوریی هاوبەشەوە نەبێت.
پەیوەندی نێوان فیدڕاڵیزم و دیموکراسی لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە چۆن میکانیزمە فیدڕاڵییەکان پارێزگاری لە سەروەریی گەل و ڕێگری لە چڕبونەوەی دەسەڵات دەکەن. لە سیستەمی حکومڕانی دیموکراسیدا لەپاڵ بەدامەزراوەیکردنی دابەشکردنی ستوونی دەسەڵاتەکان، فیدڕاڵیزم تەواوکاری دابەشکردنی ئاسۆیی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێ کردن، و دادوەرییە لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمەکاندا . هەربۆیە فیدڕاڵیزم هاوکارە بۆ نزیککردنەوەی بڕیاردان لە هاووڵاتیانەوە لە ڕێی چەسپاندن و پتەوکردنی دەستگای خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی و پرسی بەرپرسیاریی سیاسییەوە. سەرەڕای ئەمەش، لە کۆمەڵگە فرەنەتەوە، فرەزمان، یان جوگرافیا فراوانەکاندا، فیدڕاڵیزم وەک سازشێکی دیموکراسیی پێویست خزمەت دەکات؛ فیدڕاڵیزمی شوناس کە ڕێگە بە پێکهاتە جیاوازەکان دەدات شوناسی ناوخۆیی خۆیان بپارێزن و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی پەیڕەو بکەن بەبێ هەڵبژاردەی جیابوونەوە، و دڵنیایی دەداتە کەمینەکان کە لەلایەن زۆرینەی نیشتمانییەوە پەراوێز ناخرێن.
دووسیمایی دەوڵەتی فیدڕاڵ؛ کە لە لایەکەوە وەک وڵاتێکی یەکگرتوو دەردەکەوێت و لە لایەکی ترەوە وەک چەند یەکەیەکی سەربەخۆی لێکهەڵوەشاوە دەردەکەوێت، لە پرەنسیپی سەرەکیی دەسەڵاتی هاوبەش و خۆبەڕێوەبەریـیەوە سەرچاوە دەگرێت. لەسەر ئاستی دەرەوە و نێودەوڵەتی، دەوڵەتی فیدڕاڵ وەک یەک وڵاتی یەکگرتوو ڕەفتار دەکات؛ خاوەنی کەسایەتی یاسایی نێودەوڵەتیی تایبەت بە خۆیەتی، فەرماندەیی یەک سوپا دەکات، یەک پاسپۆرتی نیشتمانی دەردەکات، و کۆنتڕۆڵی دراوی نیشتمانی و سنوورەکان دەکات. بەڵام لە ناوخۆدا، یەکە فیدڕاڵییەکان بە سەربەخۆییەکی ڕاستەقینەوە کار دەکەن؛ دەستور یان یاسای تایبەت بە خۆیان هەیە کە حکومەت و پەرلەمانی هەرێم، سیستەمی دادگای ناوخۆیی، و هێزی پۆلیسی خۆیان دەپارێزن.
ئەم سەربەخۆییە ناوخۆییە دەکرێت وا لە یەکە پێکهێنەرەکان بکات بە گشتی وەک یەکەی سەربەخۆ دەربکەون، چونکە دەسەڵاتەکانیان لە حکومەتی ناوەندەوە پێ نەبەخشراوە، بەڵکو بە دەستور دیاریکراون و پارێزراون. بەڵام، یەکە پیکهێنەرەکان لە دەوڵەتی فیدڕاڵدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی جیاوازن لە نەتەوە سەربەخۆکان، چونکە هیچ یەکەیەکی فیدڕاڵی خاوەنی سەروەری دەوڵەتی نییە، و لە ژێر ڕۆشنایی یاسای دەستوری پەسەندکراودا مافی یەکلایەنەی جیابوونەوەی لە دەوڵەتەکە نییە. بوونی ئەم دووسیماییە دەستگاییە لەنێوان یەکگرتوویی ناوەندی و سەربەخۆیی هەرێمیدا بە کەموکوڕییەکی دەستوریی دانانرێت؛ بەڵکو ئەندازەیەکی ئاگادارانەی فیدڕاڵیزمە، و بە مەبەست وا داڕێژراوە بۆ هاوسەنگکردنی یەکێتی نیشتمانی لەگەڵ فرەیی ناوخۆییدا.
شێوازی پێکهێنانی هەرێمەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵدا لەڕێی دەستوری فیدڕاڵ یان یاسایەکی تایبەتەوە سەرچاوە دەگرێت. بەشێوەیەکی گشتی، وەک لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێ دا، لەبەرئەوەی فیدڕالیزم بریتیە لە چارەسەرێکی دامودەزگایی-دەستوریی بۆ دوو پرسی سەرەکی؛ ١- چارەسەری بونی کۆمەڵی کلتوریی جیاواز (زمان، ئایین، ئایینزا و نەتەوەی جیاواز)، کە بە فیدڕالیزمی شوناس ناسراوە، ٢- جوگرافیای فراوان لەڕووی پانتایی و ڕووبەری زەوی و ژمارەی دانیشتوانەوە، کە بە فیدڕالیزمی کارا-کارگێڕیی ناسراوە. هەربۆیە، لەڕووی مێژووییەوە، هەرێمەکان لە دەوڵەتە فیدڕاڵیەکاندا لەسەر دوو بنەما، بە جیا یاخود پێکەوە، پێکدەهێنرێن؛ بنەمای شوناس یاخود کۆمەڵی کلتوریی، بنەمای ناوچە یاخود سنووری کارگێڕیی.
چەندین نموونەی بەرچاو لە جیهاندا هەن کە تێیاندا یەکەیەکی پێکهێنەر (ویلایەت، کانتۆن یان هەرێم) لە دەوڵەتێکی فیدڕاڵدا دابەش بووە بۆ دوو یان چەند هەرێمی فیدڕاڵی جیاواز. بەشێکی بەرچاو لە هەرێمە فیدڕاڵییەکان لە مێژووی دەوڵەتانی فیدڕاڵدا، کۆن ونوێ، لە ئەنجامی دابەشبوون یان چەندبەشبوونی یەکەیەکی پێکهێنەری فیدڕاڵییەوە هاتونەتە ئاراوە. لە زانستی سیاسی و یاسای دەستوریدا، ئەم پرۆسەیە بە (ڕێکخستنەوەی ناوخۆیی خاک) یان (دابەشبوونی هەرێمی) دەناسرێت. ڕوانگەی یاسای دەستوری بۆ ئەم بابەتە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە؛ هەندێک دەستور بە ڕەهایی دەسەڵات دەدەنە پەرلەمانی فیدڕاڵ بۆ دەستکاری سنوورەکان و پێکهێنانی هەرێمەکان لە هەناوی هەرێمی هەبوو؛ وەک دەستوری هیندستان. لە کاتێکدا هەندێکی تر پێویستیان بە ڕەزامەندی پەرلەمانی دایک هەیە؛ پەرلەمانی ئەو هەرێمەی کە کاریگەری لەسەر دروست دەبێت؛ وەک دەستوری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە لەهەمان کاتدا پێویستی بە ڕەزامەندی کۆنگرێس و پاشان سەرۆکیش هەیە. هاوکات بە پێی هەندێ دەستوری تر، جوڵێنەری سەرەکی ئەم پرسە پەیوەستە بە ویست و ئارەزووی ئازادانەی دەنگدەرانی ئەو ناوچانەی، یاخود ئەو یەکە کارگێڕییانەی بە پێویستی دەزانن، لەبەر هەر هەلومەرجێکی تایبەت، جارێکی دی بە پەیوەندییە سیاسی و یاساییەکانیاندا، چ بە حکومەتی فیدڕاڵەوە یاخود هەرێمەوە، بچنەوە و خۆیان لە ڕێی ئەنجامدانی ڕاپرسی (ڕیفراندۆم) لە چوارچێوەی هەرێمێکی فیدڕاڵدا ڕێکبخەن؛ وەک دەستوری فیدڕاڵی عێڕاق.
لە دەستوری فیدڕاڵی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥دا، زاراوەی (پارێزگا) لە سێ واتای جیاوازی یاساییدا بەکاردێت. لێرەدا سەرەتا بەپوختی هەرسێ زاراوە دەستورییەکە ڕوون دەکەینەوە و پاشان بە دیاریکراوی دێینە سەر باسکردنی چۆنیتی پێکهێنانی هەرێمە فیدڕاڵییەکان لە ڕوانگەی دەستورییەوە بە پشتبەست بە دەستور و یاسا کارپێکراوەکان لە عێراق دا. لەم بەستێنەدا سەرەتا پێویست دەکات تەنها چەمکەکان ڕوون بکەینەوە و پاشان باس لە چۆنێتی پێکهێنانی هەرێم بکەین کە بە تەواویی پەیوەستە بە خواستی دیموکراسیانەی پارێزگایەک یان زیاترەوە. لەبەرئەوە سەرەتا بە ڕوونکردنەوەی زاراوەکانی (پارێزگای ڕێکنەخراو لە هەرێم) دا و (پارێزگای بەرهەمهێن) دەست پێ دەکەین، پاشان دێینە سەر شیکردنەوەی زاراوەی ئەبستراکتی (پارێزگا) وەک یەکەی سەرەکی بۆ پێکهێنانی هەرێمەکان لە دەوڵەتی فیدڕاڵی عێڕاق دا کە لە گوتاری ڕاگەیاندن و سیاسی باو دا زیاتر بە فیدڕاڵیزمی پارێزگاکان ناسراوە.
یەکەم: پارێزگای ڕێکنەخراو لە هەرێمدا: دەستور یەکە کارگێڕییەکانی عێراقی بەسەر دوو پۆلی یاسایی جیاوازدا دابەش کردووە، ئەمەش جیاوازییەکی ڕوونی دروست کردووە لە نێوان ئەو پارێزگایانەی لە دەرەوەی هەرێمێکی فیدراڵین و ئەو پارێزگایانەی لە ناو هەرێمێکی فیدراڵیدان (لە ئێستادا هەرێمی کوردستان). ئەو پارێزگایانەی لە چوارچێوەی هەرێمێکدا ڕێکنەخراون (المُحافظات غير المنتظمة في إقليم)؛ ئەو ١٥ پارێزگایەی کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، پۆلێنێکی دەستوریی تایبەتن کە خاوەنی دەسەڵاتی فراوانی کارگێڕی و دارایی نا-ناوەندیین. هەموو ئەو ماددە و بڕگانەی کە بە ئاشکرا باس یان ئاماژە بۆ پارێزگای ڕێکنەخراو لە هەرێمدا دەکەن لە ماددەکانی (٦٥، ٩٣، ١٠٥، ١١٤، ١١٥، ١٢١، ١٢٢، ١٢٣) ی دەستوردا هاتووە.
بە گشتی جوگرافیای کارگێڕیی پارێزگاکان لە ژمارەیەک قەزا و ناحیە و گوند پێکدێن. ئەو پارێزگایانەی کە لە هەرێمێکدا ڕێکنەخراون، دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی بەرفراوانیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی بتوانن کاروبارەکانیان بەپێی بنەمای نا-ناوەندی کارگێڕی بەڕێوەببەن، و ئەمەش بە یاسا ڕێکدەخرێت. بە پێچەوانەی هەرێمە فیدراڵییەکانەوە کە خاوەنی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، ڕاپەڕاندن و دادوەرین بە پێی دەستوری هەرێم (لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان تەنها یاسای دەستوریمان هەن نەک دەستور)، پارێزگا ڕێکنەخراوەکان لە هەرێمدا لە چوارچێوەی نا-ناوەندی کارگێڕی فراواندا کاردەکەن نەک فیدراڵیەتی سیاسی. ئەوان وەک بەشێک لە پێکهاتەی کارگێڕیی ناوەندی دەمێننەوە، بەڵام دەسەڵاتی کارگێڕیی و دارایی بەرفراوانیان بۆ زامنکراوە.
پارێزگار، کە بەرزترین بەرپرسی ڕاپەڕاندنە لە پارێزگاکەدا، و جێبەجێکاری ئەو دەسەڵاتانەیە کە لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە پێی دراوە، لەلایەن سەرەکوەزیرانی فیدراڵەوە دانانرێت؛ بەڵکو لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای هەڵبژێردراوەوە دیاری دەکرێت. هاوکات ئەنجومەنی پارێزگا ملکەچی چاودێری یان سەرپەرشتیی هیچ وەزارەتێک یان دامەزراوەیەکی نەبەستراو بە وەزارەتەوە نابێت. ئەنجومەنی پارێزگا بودجەیەکی سەربەخۆیان دەبێت تا ڕێگری لەوە بکات وەزارەتە فیدڕاڵییەکانی بەغدا کۆنترۆڵی کارگێڕی یان دارایی بۆ بازدان بەسەر بەڕێوەبەریی خۆسەر دا بەکاربهێنن.
لە دەستوری فیدڕاڵی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ دا، دەوڵەت لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدراڵیی ناهاوسەنگ داڕێژراوە. ماددەی (١١٦) پێناسی سیستەمی فیدڕاڵی عێراق دەکات، کە لە پایتەخت و هەرێمەکان و پارێزگا نا-ناوەندیی و ئیدارە سەربەخۆکان پێکدێت. پارێزگا ڕێکنەخراوەکان لە چوارچێوەی هەرێمدا ئەو یەکە کارگێڕییانەن کە هێشتا مافی دەستوریی خۆیان بەپێی ماددەی (١١٩) بەکارنەهێناوە بۆ بوون، بە تەنها یان بە یەکگرتن لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە، بە هەرێمێکی فیدراڵ. فیدراڵیزم لە عێراق دا بە شێوەیەک داڕێژراوە کە ڕێگە بە هەرێمەکان دەدات قۆناغ بە قۆناغ و بەرمەبنای ڕێبازی دیموکراسیانەی لە (خوارەوە بۆ سەرەوە) پشتبەست بە ویستی هاووڵاتیان دروست ببن. پێچەوانەی ئەوەی دەستبەجێ و هەر لەگەڵ کارابوونی دەستوردا پێگەی هەرێم لەسەرەوە بۆ خوارەوە و بێ لەبەرچاوگرتنی ویستی ئازادانەی هاووڵاتیان بەسەر تەواوی وڵاتدا بسەپێنرێت. لەم بەستێنەدا داڕێژەرانی دەستور پێویستیان بە پۆلێنێکی یاسایی جیاواز بوو بۆ ئەو پارێزگایانەی کە ڕاستەوخۆ بە حکومەتی ناوەندیی-فیدڕاڵییەوە بەسترابوونەوە. بەپێی ماددەی (١٢٢)، ئەم پارێزگایانە تەنها باڵی کارگێڕیی ناکارای وەزارەتە فیدڕاڵییەکان نین، وەک ئەوەی لە سەردەمی حوکمڕانیی ناوەندیی بەعس پێش ساڵی ٢٠٠٣ دا هەبوون؛ بەڵکو دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی بەرفراوانیان پێدراوە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆیی خۆیان.
سەرەڕای ئەوەش، ماددەی (١١٥) پێگەی دەستوریی تایبەت بە پارێزگا ڕێکنەخراوەکان لە چوارچێوەی هەرێمدا دەبەخشێت لە ڕێی پێدانی دەسەڵاتە پاشماوەکان؛ ئەو دەسەڵاتانەی لە دەستوردا بە ڕاشکاوی وەک دەسەڵاتی تایبەتی فیدراڵی لە ماددەی (١١٠) دا دیاری نەکراون، کە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێم و پارێزگا ڕێکنەخراوەکان لە هەرێمدا. هەروەها، وەک مافێکی دەستوریی بێ وێنە لە دەستورە فیدڕاڵییەکانی دنیادا، لە کاتی سەرهەڵدانی ناکۆکی لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەکان؛ ئەو دەسەڵاتانەی کە لە ماددەی (١١٤) دا هاتوون و هاوبەشن لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵ، هەرێم و پارێزگا ڕێکنەخراوەکان لە هەرێمدا ، پێشینە بۆ یاسای هەرێم و پارێزگا ڕێکنەخراوەکان دەبێت. لە ڕێگەی بەخشینی ئەم پێگە دەستورییەوە بە پارێزگا ڕێکنەخراوەکان وەک قەوارەی نا-ناوەندی خاوەن سەربەخۆیی کارگێڕیی بەرفراوان و پێشینە لە دەسەڵاتە هاوبەشەکاندا، دەستوری ٢٠٠٥ هەوڵی داوە ڕێگری لە گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەندگەرای دیکتاتۆری لە عێڕاق بکات، تەنانەت لەو ناوچانەشدا کە بژاردەی پێکهێنانی هەرێمی فیدڕاڵییان هەڵنەبژاردووە. پێبەخشینی ئەو دەسەڵاتانە بەو پارێزگایانە بەمانای ڕێخۆشکردن و ڕاهێنانیانە بۆ قۆناغی دواتر، تاوەکو برەو بە توانای خۆبەڕێوەبەرییان بدەن، و ئامادە بن کاتێک لە داهاتودا بڕیار دەدەن کە بە تەنها یاخود لەگەڵ پارێزگای تردا لە چوارچێوەی هەرێمی فیدڕاڵدا خۆیان ڕێک دەخەن. هەرچەندە دەقی ماددەی (١١٥) خاوەنداریی دەسەڵاتە پاشماوەکان بۆ هەردوو هەرێم و پارێزگا ڕێکنەخراوەکان درێژ دەکاتەوە، بەڵام لە ڕووی کرداریی و لە ڕێی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٨ (یاسای پارێزگا ڕێکنەخراوەکان لە چوارچێوەی هەرێمدا)، دەسەڵاتەکانیان لە چوارچێوەی نا-ناوەندی کارگێڕیی فراواندا دیاریکراوە.
دووەم: پارێزگای بەرهەمهێن؛ چەمکی پارێزگا بەرهەمهێنەکان (المحافظات المنتجة) لە دەستوردا بە تایبەت لە ماددەی (١١٢) دا لە چوارچێوەی سامانی نەوت و غازی عێراق دا ئاماژەی پێکراوە. لە کاتێکدا ماددەی (١١١) بنەما گشتییەکە دەچەسپێنێت کە نەوت و غاز سامانێکی هاوبەشە و موڵکی هەموو گەلی عێراقە لە گشت هەرێم و پارێزگاکاندا. ئەم ماددە دەستورییە بە شێوەیەکی بنەڕەتی خاوەندارێتیی سەروەریی سامانی نەوت و غاز بە گشت گەلی عێراق دەبەخشێت، نەک تەنها بە حکومەتی فیدراڵ وەک دەزگایەک یان تەنها بە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی کە سامانەکەیان تێدایە. بە ئاماژەکردنی ڕوون بە هەموو هەرێم و پارێزگاکان، دەستور گەرەنتیی ئەوە دەکات کە پارێزگا نابەرهەمهێنەکان هاوشان لەگەڵ پارێزگا بەرهەمهێنەکان پشکی خاوەندارێتیی یەکسانیان لە سامانی سروشتی نیشتمانیدا هەبێت.
ماددەی (١١٢) جیاوازی لە نێوان خاوەندارێتی سامانە سروشتییەکان و بەڕێوەبردنیدا دەکات، و حکومەتەکانی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکان وەک هاوبەشی ڕاستەقینە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ناودەبات. بە دیاریکراوی، پارێزگای بەرهەمهێن؛ هەر پارێزگایەکە وەک (بەسرە، میسان، کەرکوک، یان سلێمانی) کە لە ناو سنوورە جوگرافییەکانیدا نەوت و غاز بە شێوەیەکی چالاک بەرهەم دەهێنرێت. بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی (١١٢)، حکومەتی فیدراڵی دەسەڵاتی تاکلایەنەی نییە بۆ بەڕێوەبردنی نەوت و غازی دەرهێنراو لەو کێڵگانەی لە کاتی بەرکاربوونی دەستوردا لە قۆناغی بەرهەمهێناندا بوون. بەڵکو دەبێت حکومەتی فیدڕاڵ کێڵگەی غاز و بیرە نەوتەکان بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتەکانی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکان بەڕێوەبەرێت. بە شێوەیەک کە داهاتەکان دادپەروەرانە بەسەر سەرتاسەری وڵاتدا دابەش بکرێن بە گوێرەی ڕێژەی دانیشتووان، لەگەڵ تەرخانکردنی پشکی دیاریکراو بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بۆ ئەو ناوچە زیانلێکەوتوانەی کە لەلایەن ڕژێمی بەعسی پێشووە و ئەو ناوچانەی دواتریش زیانیان پێگەیشتووە و ستەمیان لێکراوە و بێبەش کراون، بە جۆرێک کە پەرەپێدانی هاوسەنگ لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتدا مسۆگەر بکات، و ئەمەش بە یاسا ڕێکدەخرێت. جگە لەوەش، بڕگەی دووەمی ماددەی (١١٢) حکومەتی فیدراڵ پابەند دەکات کە لەگەڵ حکومەتەکانی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکان پێکەوە سیاسەتی ستراتیژیی هاوبەش وەک (پلانی درێژخایەن؛ خولی مۆڵەتدان، چوارچێوەی وەبەرهێنان، و ستراتیژییەکانی پێشکەوتن) دابڕێژن بۆ پەرەپێدانی سامانی نەوت و غازی عێراق بە بە جۆرێک کە بەرزترین سوود بۆ گەلی عێراق بێنێتە دی بە بەکارهێنانی بنەما پێشکەوتووەکانی بازاڕ و هاندانی وەبەرهێنان.
کەواتە کاتێک پارێزگایەکی دەوڵەمەند بە نەوت و غاز ویستی ئەوەی هەبێت کە ببێت بە پارێزگای بەرهەمهێن، دەستور دانی بەوەدا ناوە کە ئەو کۆمەڵگا ناوخۆییانەی بارگرانیی ژینگەیی و کۆمەڵایەتیی دەرهێنانی سامانە سروشتییەکانیان دەکەوێتە سەرشان، دەبێت دەنگێکی دەستوریی ڕاستەوخۆیان هەبێت لە بەڕێوەبردنی ئەو کێڵگانە و داڕشتنی ستراتیژیی وزەی نیشتمانیدا، نەک تەنها بە وەرگرتنی بڕە پارەیەک لە گەنجینەی حکومەتی فیدڕاڵەوە بەسەربکرێنەوە. بەڵام تا ئێستا لە عێڕاق دا لە ڕووی کردارییەوە، پراکتیزەکردنی ئەم دەسەڵاتانە، بە تایبەتی لە حاڵەتی گرژیی نێوان دەسەڵاتی وەزارەتە فیدراڵییەکان، یاسای پارێزگاکان، و بەرئەنجامی نەبوونی یاسای فیدراڵی نەوت و غاز، بە بەردەوامی وەک بابەتی لێکدانەوەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و دانوستانی سیاسیی نێوان بەغدا و پارێزگاکان ماونەتەوە.
سێیەم: پارێزگا بە تەنها و بەگشتی (ڕەهایی): یەکە کارگێڕییە سەرەکییەکانی سەرانسەری وڵات دەگرێتەوە، بە پێی ماددەی (١٢٢) بڕگەی یەکەم پارێزگاکان پێکهاتوون لە ژمارەیەک قەزا و ناحیە و گوند. هەموو ئەو ماددە و بڕگانەی کە بە ئاشکرا باس یان ئاماژە بۆ( پارێزگا بە ڕەهایی؛ بە بێ هیچ پاشگر و پێشگرێک) دەکەن وەک لە ماددەکانی (٤، ٢٤، ٩٣، ١٠٦، ١١٠، ١١١، ١١٣، ١١٦، ١١٩، ١٢١، ١٢٢، ١٢٣، ١٤٢) ی دەستوردا هاتووە. لێرەدا دەستور پارێزگا وەک پۆلێنێکی یاسایی گشتگیر دیاری دەکات. ئەم پێگە گشتگیرە گەرەنتی ئەوە دەکات کە مافە بنەڕەتییەکان، بژاردە دەستورییەکان، بنەماکانی دابەشکردنی سامان، و پابەندییەکان بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر تەواوی عێراق دا جێبەجێ ببن. ئەمەش ڕێگری دەکات لەوەی هیچ پارێزگایەک لە ڕووی یاساییەوە بێبەش بکرێت لە دەرفەت، مامەڵەکردنی یەکسان، بژاردە و مافە دارایی و کارگێڕییەکان تەنها بەهۆی بژاردەی پێکهاتەییە دەستورییەکەیەوە (کە ئایا بەشێکە لە هەرێمی فیدڕاڵ یان نا). لە هەمان کاتدا، بۆ نموونە، دەستور جەخت دەکاتەوە کە هەموو پارێزگاکان مافی پێبەخشینی دادپەروەرانە و یەکسانی داهاتە نیشتمانییەکان، ئازادیی جووڵەی سەرمایە و دەستی کار و پاراستنیان هەیە لە ژێر سایەی یاسای فیدراڵدا. هەربۆیە کاتێک دەقە دەستورییەکە لەو ماددانەی دەستوردا کە پارێزگا بە ڕووت و ڕەهایی هاتووە، و ئاوەڵناوەکانی وەک (ڕێکنەخراو لە چوارچێوەی هەرێمدا) یان (بەرهەمهێن) لا دەبات، لەوێدا پرسەکە نە لەبیرچوونە، نە بێ ئاگایی و نە بە ڕێکەوتە. بەڵکو ئاماژەیەکی ئاگایانەی دەستورە کە هەڵقوڵاوی بیروبۆچوونی یاسادانەری دەستورییە کە پارێزگا بە یەکەی بنەڕەتیی جوگرافی و کارگێڕیی دەوڵەتی عێراق وێنا دەکات، و وەبیری هاووڵاتیان و فەرمانڕەوایان دەهێنێتەوە کە مەبەستی سەرەکی لە بژاردە و مافە دەستوریی و دابەشکردنە ئابوورییەکان، دانیشتووانە ناوخۆییەکانن کە لە ناو سنووری پارێزگاکاندا دەژین.
لەسەرانسەری دەستوردا، لەو ماددانەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێ دا، زاراوەی پارێزگا بە ڕەهایی هاتووە، بێ ئاوارتە و بێ ڕەچاوکردنی ئەوەی کە ئایا بەشێکن لە هەرێمێکی فیدڕاڵ یان نا. پێگەی یاسایی چەمکی ئەبستراکتی (پارێزگا) بەبێ هیچ ئاوەڵناوێکی دیاریکراو لە دەستوری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥دا، وەک چوارچێوەیەکی پێکهاتەیی گشتگیر کاردەکات، کە هەموو پارێزگایەک لە عێراق دا دەگرێتەوە، جا ئەو پارێزگایە بژاردەی چوونە ناو هەرێمێکی فیدراڵی هەڵبژاردبێت یان لە دەرەوەی هەرێم وەک پارێزگایەکی ڕێکنەخراو مابێتەوە.
کاتێک دەقی دەستوری زاراوەی پارێزگا بە بێ هیچ ئاوەڵناوێک و بە ڕەهایی و گشتگیری بەرفراوان بەکاردەهێنێت وەک لە ماددەی (١١٩) ی تایبەت بە پێکهێنانی هەرێمە فیدڕاڵییەکاندا هاتووە، هەروەک لە چەند ماددەیەکی دەستوریی تریشدا ئاماژەی پێکراوە، واتە هەموو پارێزگاکانی عێراق، بەوانەی هەرێمی کوردستانیشەوە، دەگرێتەوە. هەر پارێزگایەک بە تەنها یاخود چەند پارێزگایەک پێکەوە، جا چ ڕێکخرا بن لە هەرێمی فیدڕاڵدا (چووبنە یان کەوتبنە ناو هەرێمی فیدڕاڵەوە)؛ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا، یاخود ڕێکنەخرابن لە هەرێمی فیدڕاڵدا (هەموو پارێزگاکانی تری عێڕاق لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان)، دەتوانن مافی دەستوریی خۆیان لە پێکهێنانی هەرێمدا لە واقیعدا بەرجەستە بکەن هەرکاتێک جوڵە دەستورییەکە لە ڕێی ئەنجومەنی پارێزگا یاخود هاووڵاتیانی دەنگدەری پارێزگاوە دەستی پێ کرد.
پێکهاتەی فیدڕاڵی و پێکهێنانی هەرێمەکان
چۆنێتی پێکهێنان و دیاریکردنی سنووری هەرێمەکان لە دەوڵەتە فیدڕالیەکاندا خاڵی یەکلاکەرەوەیە لە هێنانە ئارای سەقامگیریی سیاسی، پوژانەوەی ئابووریی، دیاریکردنی سروشتی حوکمڕانی و پاراستنی مافی کەمینەکان لە وڵاتدا. لەم بەستێنەدا ناشێت تاقه هۆکار، پێوەر یاخود نمونەیەک بدۆزینەوە و بەسەر دەوڵەتە فیدڕاڵیەکاندا گشتگیر بکرێت. بەڵکو هەر دەوڵەتێکی فیدڕاڵ، وەک وەڵامدەرەوەی ئەو هەلومەرج و ژینگەیەی تیای پێکهاتوە و گەشە دەکات، لەڕێی بەهەندوەرگرتنی هۆکارێک یان چەند هۆکارێک پێکەوە لە ئاست - هەلومەرجی مێژوویی لە پێشینە (بونی حاڵەتی دیفاکتۆ، دابەشبوونی کۆلۆنی بە هۆی داگیرکارییەوە)، سروشتی یەکە پێکهێنەرەکە (هەرێمەکە)، توانای ئابوریی و دابەشبونی سەرچاوەکان، هەلومەرجی جوگرافی و دابەشبونی کلتوریی و کارگێڕیی – وەک پێوەر دیاریدەکات بۆ پێکهێنانی هەرێمەکان لە دەوڵەتدا.
سەبارەت بە چۆنێتی پێکهێنانی هەرێمەکان لە عێراق دا، دەستوری فیدڕاڵی ساڵی ٢٠٠٥، بە لەبەرچاوگرتنی هەردوو بنەمای کلتوریی و کارگێڕیی پێکەوە، ڕێوشوێنی پێکهێنانی هەرێمەکان بەم شێوەیەی لای خوارەوە دیاری دەکات؛
١- ناساندنی هەلومەرجی مێژوویی لە پێشینە؛ هەندێک جار، سنوورەکان تەنها لەبەرئەوە دەهێڵرێنەوە کە لەمێژەوە یاخود پێش پێکهێنانی سیستمە فیدڕاڵییەکە لەوێدا بوون. گۆڕینی ئەو سنوورانەی کە مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە، یاخود دەکرێت بڵێین بە خوێن نوسراونەتەوە، دەبێتە هۆی دروستبوون یان سەرهەڵدانەوەی پێکدادانی سەربازی، ململانێی سیاسی توند، قەیرانی شوناس یان کێشەی زەوی وزار. بە تایبەت کاتێک کە ڕێبازی دیاریکردنی سنوری هەرێمەکان یاخود پێکهێنانی هەرێمی فیدڕاڵ لە هەناوی هەرێمێکی ترەوە لەسەرەوە بۆ خوارەوە پسەپێنرێت، یاخود بە تەواوی پەیوەست نەبێت بە ویستی ئازاد و خواستی دیموکراسی هاووڵاتیانی ئەو ناوچە یان یەکە کارگێڕییانەی دەیانەوێت لە چوارچێوەی هەرێمی فیدڕاڵدا خۆیان ڕێکبخەن. حکومەتەکان زۆرجار ڕێز لە هێڵە کارگێڕییەکانی سەردەمی کۆلۆنیالی یان پاشایەتییە نەریتییەکان دەگرن بۆ پاراستنی سەقامگیریی لە کاتی گواستنەوەدا بۆ فیدڕاڵیزم. لەهەمان کاتدا بۆ چەسپاندی فیدڕاڵیزم، دەستورە فیدڕاڵییەکان ڕێکاری جیاواز بۆ پێکهێنانی هەرێم لە هەناوی هەرێمێکی ترەوە دەگرنەبەر.
ناساندنی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕاڵی لە ماددەی (١١٧) بڕگەی یەکەمدا، دەکرێت بە ڕێژەیی بچێتە چوارچێوەی ناساندی هەلومەرجی مێژوویی لە پێشینە، چونکە لەساڵی ١٩٩١ وە تاوەکو ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ وەک دەوڵەتی دیفاکتۆ هەرێمی کوردستان خاوەنی دامودەزگای خۆبەڕێوەبەریی سەربەخۆی پەرلەمانیی و ڕاپەڕاندن و دادوەریی بووە. دەستوری ٢٠٠٥ی فیدڕاڵی عێراق بۆ ناساندنی هەرێمی کوردستان هەردوو بنەمای شوناس و بەردەوامیی مێژوویی بەهەند وەرگرتوە بۆ پێکهێنانی لە چوارچێوەی گرتنەبەری چارەسەری دامودەزگایی بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی کورد لە عێراقی فیدڕاڵدا. هەروەها ڕێکارە دەستورییەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی ناوچەکانی تری دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم (ناوچە جێناکۆکەکان) دیاریکراوە. هەرچەندە پرسی ناوچە جێناکۆکەکان لە ماوەی دەستوریدا یەکلانەکرانەوە، بەڵام بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی باڵا ماددە دەستورییەکانی پەیوەست بەم پرسەوە خاوەنی هەمان سەنگی یاسایین.
لە هەمانکاتدا، لە بڕگەی دووەمی ماددەی (١١٧) دا دەستور دان بە هەر هەرێمێکی تری فیدڕاڵیدا دەنێت کە لە داهاتوودا بەپێی ڕێکارە دەستورییەکان دادەمەزرێن. مەبەستی سەرەکی ئەم بڕگەیە ئەوەیە کە هەر کاتێک هەرێمێکی نوێ بە پێی ڕێکارە دەستورییە دیاریکراوەکان پێکهات، چ لەو پارێزگایانەی دەکەونە ناو هەرێمی کوردستانەوە یاخود لە پارێزگاکانی تری ڕێکنەخراو لە هەرێمدا لە عێڕاق، ئەوا پێویست بە هەموارکردنەوەی دەستور ناکات. واتە ئەم ماددەیە لەبنەڕەتدا بۆ ئەوە نوسراوە کە ڕێ خۆش بکات بۆ پێکهێنانی هەرێمی نوێ بێ ئەوەی پێویست بکات دەستور هەموار بکرێتەوە، بەتایبەت لەکاتی نوسینەوەی دەستورەوە و ئێستاشی لەگەڵ بێت تەنها یەک هەرێمی فیدڕاڵی لە عێڕاقدا هەیە کە ئەویش هەرێمی کوردستانە بە دامودەزگا فەرمییەکانیەوە. هاوکات کاتێک هاووڵاتیانی پارێزگایەک چ لە ڕێی ئەنجومەنی پارێزگاوە یاخود لە ڕێی ڕاپرسیەوە، کە هەردووک ڕێگاکە تەواو دیموکراسییانەیە و هەڵقوڵاوی ویستی دانیشتوانە و بە تەواوی لەگەڵ ماددەکانی دەستوردا دەگونجێت (بە ماددەی ١ و ٢ شەوە)، دەیانەوێت لە چوارچێوەی هەرێمێکدا خۆیان ڕێکبخەن، هیچ مەنتیقێکی دەستوریی و بنەمایەکی دیموکراسی ئەوە قبوڵ ناکات کە چارەنوسیان بەسترابێتەوە بە دەنگدەرانی پارێزگاکانی ترەوە، هەروەک ڕێکارەکانی هەمواری دەستوری عێڕاق داوای دەکات. لە هەر کاتێکدا مەرجی یەکەی کارگێڕی (پارێزگا بە ڕەهایی) لەگەڵ جوڵە دەستورییەکەدا، کە لە ئیرادەی هاووڵاتیانی پارێزگادا خۆی دەبینێتەوە، بەرجەستەبوو، ئەوا هیچ ڕێکار، یاسا و دامەزراوەیەک ناتوانێ ڕێگری بکات و بەربەست دروست بکات. چونکە ئەو کۆتوبەند و بەربەستانە پێچەوانەی نەک تەنها ماددەی (١١٨) و (١١٩) ی دەستورە، بگرە بەتەواوی پێچەوانەی ماددەی (١) و (٢) ی بنەما سەرەکییە دیموکراسییەکانی دەستوری دەوڵەتە. کەواتە مەبەستی سەرەکی لە بڕگەی دووەمی ماددەی (١١٧) بریتییە لە چەسپاندنی ڕێوشوێنی دەستوریی بۆ پێکهێنانی هەرێمەکان لەداهاتودا بێ ئەوەی پێویست بە هەمواری دەستور بکات.
٢- بەهەندوەرگرتنی بنەمای کارگێڕیی؛ ئەو ماددانەی لە دەستوری عێراق دا جێگیرکراوان و تایبەتن بە پرسی هەرێمەکان لە ماددەی (١١٦) وە دەست پێ دەکات تا ماددەی (١٢١). گۆڕانی چەسپاندنی ماف لە هێزی یاسا وە بۆ ئەرزی واقیع ئەوکاتە ڕوو دەدات کە جوڵە دەستورییەکە لە خواست و ئیرادەی دیموکراسیانەی ئەنجومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگاوە یاخود لەلایەن هاووڵاتیانی دەنگدەری پارێزگاکانەوە بەرجەستە دەبێت. کاتێک پارێزگایەک بە تەنها، دوو یان چەند پارێزگایەک پێکەوە، کە خواستی پێکهێنانی هەرێمیان هەیە، لەڕێی ڕێژەی (سێیەکی) ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە یاخود (دەیەکی) دەنگدەرانی پارێزگاکانەوە داوایەک پێشکەش بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن و کۆمسیۆنیش ڕێوشوێن و ئامادەکارییەکان سەرڕێ دەخات بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لەو پارێزگایە یاخود ئەو پارێزگایانەی دەخوازن خۆیان لە چوارچێوەی هەرێمێکی فیدڕاڵدا ڕێک بخەن، ئیتر جوڵە دەستورییەکە دەستی پێ کردووە.
هەروەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێ داوە، لە سەرانسەری دەستوری فیدڕاڵی عێڕاق دا، زاراوەی پارێزگا یان بە تەنها و بە ڕەهایی و بێ هیچ پاشگر و پێشگرێک هاتووە، یاخود هاوڕێ لەگەڵ ئاوەڵناوەکانی؛ پارێزگای ناڕێکخراو لە هەرێمی فیدڕاڵ، و پارێزگای بەرهەمهێن دا، هاتووە. لە ماددەی (١١٩) دەستوری فیدڕاڵی عێراق دا، هەروەک لە چەند ماددەیەکی دەستوریی تریشدا، وشەی پارێزگا بە بێ هیچ ئاوەڵناوێک و بە ڕەهایی هاتوە، واتە هەموو پارێزگاکانی عێراق، بەوانەی هەرێمی کوردستانیشەوە، دەگرێتەوە کە دەتوانن ئەو مافە لە واقیعدا بەرجەستە بکەن- هەردوو پارێزگای ناڕێکخراو و ڕێکخراو لە هەرێمی فیدڕاڵدا لەسەر ئاستی دەوڵەتی عێراق دەگرێتەوە. لەم ماددەیەدا هیچ ئاوارتنێک نەکراوە و بەڕەهایی ئاماژەی بە پارێزگا داوە. هەربۆیە دەبێت هەر بە ڕەهایش، بێ مەرج و بێ ئاوارتن، مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. هەموو پاریزگایەکی عێراق مافی داواکردنی بوون بە هەرێمی هەیە، چونکە لە دەستوردا ئەم مافە بە هەموو پارێزگاکانی عێراق دراوە و هیچ پارێزگایەکی لێ بێ بەش نەکراوە. لە هیچ بڕگە و ماددەیەکی تری دەستوریشدا بە دەقی ڕاشکاو نەهاتووە کە ئەو پارێزگایانەی دەچنە یان چونەتە ناو هەرێمێکەوە ئیدی مافی داوای بوون بە هەرێمیان نامێنێت. بگرە بە ئاگایی و وەک بەشێک لە ئەندازەی دەستوریی نوێ بۆ پێکهێنانی هەرێمەکان و بەستنەوەی تەنها بە ویستی ئازادانەی دانیشتووانی پارێزگاکانەوە، کە یان لە ئەنجومەنی پارێزگادا یاخود دەنگدەرانی پارێزگادا بەرجەستە دەبێت، ئەو کۆتوبەندە دەستورییەی کە لە ماددەی (٥٣) بڕگەی (ج) ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێڕاق بۆ کاتی گواستنەوە دا هاتبوو بە ماددەی (١٤٣) دەستوری فیدڕاڵی ٢٠٠٥ هەڵوەشاوەتەوە. شایانی باسە ماددەی (٥٣) بڕگەی (ج)ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێڕاق بۆ کاتی گواستنەوە مافی پێکهێنانی هەرێمی تەنها بەو پارێزگایانەی عێڕاق دەبەخشی کە دەکەونە دەرەوەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە و نابێت لە سێ پارێزگا زیاتر بن و ناشبێت پارێزگاکانی (کەرکوک؛ لەبەرئەوەی ناوچەی جێناکۆکە و چارەنوسی بە پێی ماددەی (٥٨) یاساکە دەبێت یەکلایی بکرێتەوە و پاشان لە دەستوری ٢٠٠٥ یشدا بە ماددەی ١٤٠ یەکلادەبێتەوە) و (بەغداد؛ کە پایتەختە و دەبێت بێلایەن بێت بە پێی یاساکە، و هاوشێوەی پایتەختی دەوڵەتە فیدڕاڵییەکانی دی و تاقە پارێزگایە بە پێی دەستوری فیدڕاڵی ٢٠٠٥ یش؛ تەنها بە سنوورە شارەوانییەکەیەوە نەوەکو بە سنوورە کارگێڕییە-پارێزگاکەیەوە، وەک پایتەختی دەوڵەتی فیدڕاڵ دەمێنێتەوە). تەنها بەغداد وەک پایتەختی فیدڕاڵیزم لە دەستوردا وەک تاقە کۆتوبەندێکی دەستوری بە ئاشکرا ئاماژەی پێکراوە کە خراوەتە سەر پێکهێنانی هەرێمەکان و ناتوانێت لە هەرێمدا خۆی ڕێکبخات.
لە زۆر لایەنەوە و بەتایبەت لە هەمبەر پێکهێنانی هەرێمی فیدڕاڵی نوێ دا، دەستور مامەڵە لەگەڵ سەرجەم پارێزگاکاندا دەکات وەک یەکەی کارگێڕیی یەکسان، و هیچ پارێزگایەک بە شێوەیەکی هەمیشەیی بەبێ مافی بڕیاردان لە دۆخێکی دیاریکراودا قفڵ نەکراوە. چونکە بە ڕوونی لە دەستوری عێراق دا و بێ هیچ ئاوارتنێک ئەم مافە بە هەموو پارێزگاکانی عێراق دراوە و هیچ مەرج و ئاوارتنێکیش بۆ بە هەرێمبوونی هیچ پارێزگایەکی عێراقی نیە، جگە لەو ڕێوشوێنانەی لەم دەستورەدا خراوەتە ڕوو.
کەواتە دەقی ماددەی (١١٩) ی دەستوری عێڕاق کە تایبەتە بە پێکهێنانی هەرێمی فیدڕاڵی هیچ زمانێکی بەستەرەوەی تێدا نییە بۆ بەدەرکردنی پارێزگاکان. ئەگەر یاسادانەرانی دەستور مەبەستیان بوایە کە پارێزگا ڕێکخراوەکان لە هەرێمی فیدڕاڵدا ( لە ئێستادا تەنها پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە) بێ بەش بکەن لەم مافە ئەوا بە ئاشکرا، هەروەک لەماددەکانی تری دەستوردا ئاماژەیان پێداوە، لەم ماددەیەشدا کە تایبەتە بە پێکهێنانی هەرێمەکان تەنها ئاماژەیان بە پارێزگاکانی ڕێکنەخراو لە هەرێم دا دەکرد و تەنها ئەو مافەیان بەو پارێزگایانە دەبەخشی. لەبەر ئەوە، بە دەقی ڕوون و ڕەها هەر پارێزگایەک لە عێراق دا—لەوانەش پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، و هەڵەبجە—مەرجەکانی پێناسە و بوونی "پارێزگا" یان تێدایە و دەتوانن بە هێزی یاسا داوای ڕاپرسی بکەن بۆ پێکهێنانی هەرێمێکی سەربەخۆ یان چوونە ناو هەرێمێکی نوێوە و لە واقیعدا بەرجەستەی بکەن.
لە ئێستادا ئەنجومەنی پارێزگاکان لەکارکەوتوون بەهۆی بەسەرچوونی ماوەی یاساییان، ئەوا وەک ئەلتەرناتیڤ و ڕێگای دووەمی یاسایی ڕێپێدراو لە دەستوری فیدڕاڵی ٢٠٠٥ ی عێڕاق و یاسای ڕێکارە جێبەجێ کارەکان بۆ پێکهێنانی هەرێمەکان لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٨دا، دەشێت داواکاری لە لایەن هاووڵاتیانی دەنگدەرەوە، لەسەر ئاستی پارێزگا یاخود ئەو پارێزگایانەی دەخوازن ببنە هەرێمێک، پێشکەش بکرێت. سەرەتا (لەسەدادوو)ی دەنگدەرانی پارێزگا داوایەک پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن. لە داواکارییەکەدا دەبێت هاووڵاتیان شێوە و پێکهاتی ئەو هەرێمەی دەیانەوێت پێکیبهێنن دیاری بکەن. پاشان کۆمسیۆن لەماوەی (سێ ڕۆژ) دا کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئاگادار دەکاتەوە تاوەکو هاووڵاتیان لەماوەی مانگێکدا بتوانن ڕەزامەندی لەسەر داواکارییەکە بدەن و ناوی خۆیان لەو تۆمارە تایبەتەدا بنوسن کە کۆمسیۆن بۆ بەدەستهێنانی ڕێژەی یاسایی (دەلەسەد) ی دەنگدەران ئامادەی کردوە. پاش پێشکەشکردنی داواکارییەکە و بەدەستهێنانی ڕێژەی یاسایی (دەلەسەد) ی دەنگدەران بۆ داواکارییەکە، ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ لەماوەی (پانزە ڕۆژ) دا کۆمسیۆن ڕادەسپێرێت کە ئامادەکاریی بکات بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ماوەی (سێ مانگ) دا.
بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی پێکهێنانی هەرێم پێویستە نیوە زیاتری دەنگدەرانی پارێزگا بەشداری دەنگدانەکە بکەن و پێکهێنانی هەرێم پێویستی بە دەنگی بەڵێی زۆرینەی دەنگدەرانە. پاشان کۆمسیۆن لە ماوەی (پانزە ڕۆژ) دا ئەنجامەکان ڕادەگەیەنێت و سەرەکوەزیرانی فیدڕاڵ لە ماوەی دووهەفتەدا بڕیاری پێکهێنانی هەرێمەکە دەردەکات و بڕیارەکە لەڕۆژنامەی فەرمی وڵاتدا بڵاودەکرێتەوە. پاش ئەوەی پرۆسەی پێکهێنانی هەرێم شێوەی یاسایی وەرگرت، ئەوکات کۆمسیۆن هەڵدەستێت بە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی یاسادانانی ڕاگوزەر لەسەر ئاستی هەرێمە فیدڕاڵیەکە و دەستورێک بۆ هەرێم پەسەند دەکرێت کە نابێت پێچەوانەی دەستوری فیدڕاڵی عێراق بێت. دوبارە کۆمسیۆن هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی یاسادانانی نوێی هەرێمە فیدڕاڵیەکە لە چوارچێوەی ئەو دەستورە هەرێمیەی کە پێکهات و دەسەڵاتەکانی دامەزراوە دەستورییەکانی هەرێم دیاری دەکات.
هەرچەندە زۆرینەی پرسەکان لە عێڕاق دا، بە پرسە یاساییەکانیشەوە، ڕەهەندی سیاسییان هەیە یاخود پێ دەدرێت. پرسی دەستوریی پێکهێنانی هەرێمی فیدڕاڵی لە عێراق دا، زۆر زیاتر لەوەی مەزەندە دەکرێت، سیما وخەسڵەتی سیاسیی وەردەگرێت و پێدەبەخشرێت. لەڕووی سیاسیەوە گرنگە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە لە عێراق دا پێشتر هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی هەرێمەکان، چ لە پاریزگای بەسرە (لە ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠٠٩ و لە ساڵی ٢٠١٥)دا، و چ لە پارێزگای ئەنبار (یاخود بە شێوەیەکی بەرفراوانتر "هەرێمی سوننە" کە ئەنبار، سەڵاحەددین و نەینەوا بگرێتەوە) لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٣ بێ ئەنجام بوون و بەهۆکاری جیاوازی سیاسی، ئاسایشی و ئابووری لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە ڕەتکرانەوە. بەڵام زۆر گرنگە ئەوەشمان لە بەرچاو بێت کە پێکهێنانی هەرێم لە عێڕاق دا بەتەواوی مافێکی دەستوریی بنەڕەتی و ڕەهایە و بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە خواست و ئیرادەی هاووڵاتیانەوە و بژاردە و مافێکی دەستوریی بنەڕەتییە. جوڵە سەرەکییە دەستورییەکە بە داواکاری هاووڵاتیان دەست پێ دەکات، کە دەستوری فیدڕاڵی عێراق بەخشیویەتی بە هاووڵاتیانی دانیشتوی ئەو پاڕێزگا، یاخود پاڕیزگایانەی کە دەخوازن هەرێمێکی فیدڕال بە مەرج و ڕێوشوێنە دەستوری و یاساییەکان پێکبهێنن. هەربۆیە هەر بڕیار یان کارێکی پێچەوانەی بەرجەستەکردنی ئەم مافە دەستورییە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە پێچەوانەی بنەما و ڕۆحی دەستوری فیدڕاڵی عێڕاقە و شایەنی تانە لێدانە لەبەردەم دادگای دەستوریی باڵا و ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی بەهێزە. چونکە تەنانەت ئەو یاسایەشی کە پەیوەستە بە چۆنێتی سەرڕێ خستنی پێکهێنانی هەرێمە فیدڕاڵییەکان لە عێڕاق تەنها، وەک لە ناوەکەشیەوە دیارە، یاسای ڕێکاری جێبەجێ کارییە (تەنانەت بە پێی ماددەی ١٣٨، پێنجەم، بڕگەی (ئەلیف) لە دەسەڵاتە تەشریعییەکانی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی ئاوارتە کراوە (ئەنجومەنێک بوو لە بری سەرۆککۆمار تەنها بۆ یەکەم خولی دوای بەرکاربوونی دەستورەکە بەشداری بەهێزی لە دەسەڵاتی یاساداناندا، لە ڕێی دەسەڵاتی ڤیتۆ وە، دەکرد) و هیچ دەسەڵاتێک بە سەرەکوەزیرانی فیدڕاڵ نابەخشێت بۆ ڕەتکردنەوەی داواکارییە دەستورییەکە، لەبەرئەوەی داواکارییەکە لە بنەڕەتدا خواستێکی دیموکراسییە و بە دەستور زامنکراوە.
سەرچاوە:
دەستوری عێراق