مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) دەینوسێت
لە دۆخی ئێستاکەی هەرێمدا کۆمەڵێک گوتار هەن و کاردەکەن، لە هەموویان درۆزنتر و خڵەتێنەتر و ساختەتر، ئەو گوتارەیە کە باس لە پاراستنی یەکبوونی هەرێم و رێگرتن لە لەتبوون و پاراستنی هەرێم لە دابەشبوون، دەکات. گوتارێک باس لە پاراستنی «یەکپارچەی قەوارەی هەرێم» و «رێگرتن لە دابەشکردنی کوردستان» دەکات. ساختەیی و درۆزنی ئەم گوتارە لەبەر ئەو ناوەرۆکە نییە کە هەڵیگرتوە و بەرگری لێدەکات، واتە لەبەر ئەوە نییە کە بەرگریی لە مانەوەی هەرێم دەکات و پێیوایە نابێت دابەشببێت، نا، ساختەبوونی ئەم گوتارە لەبەر ئەوەیە کە تەواو ناکۆکە بەسەرجەمی هەلسکەوت و سیاسەت و بڕیاری ئەو بکەرە سیاسییە دەسەڵاتدارانەی لە سێ دەیەی رابردوودا خاوەنی دەسەڵات و بڕیاردەری سەرەکیی هەرێمەکە بوون.
هەر کەسێک بۆ گەشت و گوزار، یان بە رێبواریش رێی کەوتبێتە هەرێمەکەوە، بە ئاسانی بۆی دەرکەوتوە، کە هەرێمێکی دابەش و پارچەپارچە و دابەشکراوە. لە دوای راپەرینەوە تا ئەمرۆ هیچ کاتێک، هەرێمێکی یەکگرتو و دابەشنەبوو، لە ئارادانەبووە. ئەم دابەشبوونەبەره ەمی ئەو لەتلەتبوونە سیاسییە شاقوڵییەیە کە سیاسەتی کوردیی دەیەها ساڵە بەدەستییەوە دەناڵێت. راستە میلەتی ئێمە لە ئاستی کولتورییدا میلەتێکی هاوبەشە، نەتەوەیەکی هاوکولتورە: ئەحمەدی خانیی و مەلای جەزیریی و مەولەوی و نالیی و حاجی قادری کۆیی و جگەر خوێن و هێمن و پیرەمێرد و قانع و گۆران و ئەوانیتر برای ئەدەبیی و فەرهەنگیی یەکترن. بەڵام هێزە سیاسییەکانی کوردستان، هەرگیز هاوزمان و هاوفەرهەنگ و هاوخەمی یەکتر، نەبوون. هەرگیز چوارچێوەیەکی سیاسیی هاوبەشیان نەبووە و نەشیانهێشتوە دروستببێت. شەڕی ئەم هێزانە لەگەل یەکتردا، زمان و سیاسەت و عەقڵەیتی بەخائین و ناپاککردنیان بۆ یەکتری، پیلانی بەردەوامیان بەرامبەر بەیەک، زۆر زۆر گەورەتر و رێکخراوتربووە لەو ساتە کەمانەی ناچاربوون، یان ناچارکراون، لانی کەمی کاری پێکەوەییان لەگەڵیەکدا، هەبێت.
لە دوای راپەرینەوە هەرێم لە هەموو ئاستەکاندا تا سەر ئێسقان دابەش و پارچەپارچەیە، لانی هەرەکەمی کۆگیرییەکی سیاسیی خاوەن متمانە و بەدەزگایی و بە یاساییکراو بوونی نەبووە و بوونی نییە. هەموو دانیشتوانی هەرێمەکە ئەو راستییە دەزانن کە سەرجەمی شتەکان دابەشن: دوو هێزی پێشمەرگە، دوو ئاسایش، دوو سیستمی داوەریی، دوو گومرک، دوو پەیوەندیی ئیقلیمی جیاواز، دوو ماشێنی بیرۆکراسیی کۆنترۆڵکراو، دوو تەماحی ناعەقلانیی، کە دوو خێزانی سوڵتانیی بەپێی ویست و قازانج و تەماحی دەسەڵاتدارێتی خۆیان، بەڕێوەیدەبەن. لەم دابەشکاریەشدا بەشی شێر بەر پارتیی و خێزانە سوڵتانییە حوکمڕانەکەی ناو پارتی دەکەوێت، چونکە لە چەند دەیەی رابردوودا ئەوان حاکمی ژمارە یەکی هەرێمەکە بوون و پێگە سەرەکییەکانی دەسەڵات لەژێر دەستی ئەواندا بووە.
لە راستیدا ئەم هەرێمە تەنها دابەش و پارچەپارچە نییە، بەڵکو هەرێمێکی تەواو ناسەقامگیریشە
ئەم دۆخەی ئەمرۆ دروستبووە لەدایکبوونی ئەمرۆ نییە. هەر من، بێگومان لەگەڵ منیشدا چەندان نووسەری تر، ساڵانێکی درێژ لەمەوپێش چەندان جار، لەم کابوسە گەورەیەی دابەشبوون و هەلارهەلاربوونی سیاسیی نابەرپرسیار و نائەخلاقیی دواوین. بۆ نموونە، لە وتارێکدا کە ١٢ ساڵ لەمەوبەر بەناوی «ئایا شتێک ماوە ناوی ”مەسەلەی کورد“ بێت؟» بڵاومکردەوە، نەک تەنها باس لە نایەکگرتوویی و پارچەپاڕجەبوونی هەمەلایەنە و دوژمنکارانەی هەرێمەکە دەکەم، بەڵکو جەغت لەو راستییەش دەکەمەوە کە لای حوکمڕاننی هەرێمەکە، شتێک بەناوی «مەسەلەی کورد» خۆیشییەوە، نەماوەتەوە. لەو نووسینەدا هەرێم وەک «مەقەبایەکی پارچەپارچە و دڕاو» ناسێنراوە، کە «پارچە و سوچ و بەشە جیاوازەکانی بە زەمقێکی سیاسیی زۆر لاواز بەیەکترییەوە گرێدراون» و هەر یەکێکیشیان لە باوەشی یەکێک لە هێزە ئیقلیمییە ناکۆکەکاندان بەیەکتری. هاوکات لەوە ئەدوێم کە «ھەرێم بە کردەوە کۆمەڵێک دورگەی تایبەتی خێزانیی و بنەماڵەیی ژێر دەسەڵاتی کۆمەڵێک فیوداڵی سیاسییە» کە بیرکردنەوە لە پێگە و توانا و قازانجی خۆیان و نەوەکانیان، شوێنێکی بۆ شتێک بەناوی «مەسەلەی کورد»ەوە نەهێشتۆتەوە. ھەلارھەلاربوونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی هەرێمەکە، کە لە ئێستادا دوژمنایەتی شارەکانیشیان وەک شار خستۆتەسەر، شوناسی هەرێمەکە و شوناسی بنەماڵە سوڵتانییە حوکمڕانەکانی ناویان دەستنیشان دەکات.
هەم من و هەم دەیان نووسەری تر چەندەهاجار ئەو راستییەمان بەو بنەماڵە حوکمڕانانە نیشانداوە، کە لەم سەری هەرێمەکەوە بۆ ئەوسەریی و لە باکورییەوە بۆ باشوریی تاقە یەک دەزگایەکیان نەگێشتۆتەوە سنووری تەماح و ویست و زەوق و تێگیشتنی تایبەتی ئەم یان ئەو حیزب و ئەم یان کەسایەتی ناو بنەماڵە حوکمڕانە سوڵتانییەکەی، تێپەڕاندبێت. لەبێنرخ و پوچکردنی پەرلەمان و داخستن و بێئیشکردنییەوە بیگرە، بۆ ئیفلیجکردنی سەرجەمی ئەو دەزگایانەی تر کە ناهێڵن حوکمڕانیی ببێتە گەمەی ناو سایکۆلۆژیا و عەقڵیەتی چەند کەس و دەسەڵاتدارێکی کەم.
عەقڵیەتی دابەشکردنی کایە سیاسییەکەی ناو هەرێم خۆیشی بەسەر «مەرجەع» و کەسی”سیاسی یەکەم" و کەسی ”سیاسی دووھەم" و کەسی ”سیاسی دەهەم» و «بیستەمدا»دا خودی کایە سیاسییەکەی لەناوەوە وێرانکردوە. کۆنترۆڵکردنی خێڵەکیی و بنەماڵەییانەی تەواوی پەیوەندییەکانی هەرێمەکەش بە دونیای دەرەوەوە، سەرجەمی ئەو دابەشبوونە ترسناکەی بۆ ناو دەرەوەی کوردستان خۆیشی گواستۆتەوە. ئەم دۆخە بە ئاستێک گەیشتوە تەنانەت بازرگانێکی وەک تۆم باراک ئەم خێلەکیی و بنەماڵەیبوونە، وەک ئاکاری سەرەکیی سیستمە سیاسییەکە ببینێت و بە ئاشکراش باسیبکات.
لە راستیدا ئەم هەرێمە تەنها دابەش و پارچەپارچە نییە، بەڵکو هەرێمێکی تەواو ناسەقامگیریشە. ئەوەی لەم هەرێمەدا ناوی «سەقامگیریی» لێنراوە، هەرچییەک بێت سەقامگیریی نییە. ئەوەی لە هەرێمدا هەیە هاوکێشەیەکی سیاسیی دەسەڵاتە، کە تیایدا بنەماڵەی بارزانی هێزی ژمارە یەکی کوردستان و ئەوانیتر، هەر هەموویان، هێزی دوای ئەوانن و پێویستە بۆ هەتاهەتاشە لە لەدوای ئەوانەوە بمێننەوە. هەر تێکچون و گۆڕانکارییەک لەم هاوکێشەیەدا، یان هەر ئەگەرێکی گۆڕانی ئەم هاوکێشەیە، دەرگا لەسەر هەموو ئەگەرە خراپەکان دەکاتەوە، بە ئەگەری شەڕ و پەلاماردانی ناوخۆوە. گرێدانی سەقامگیریی هەرێم و میلەتێک بە پێگەی دەسەڵاتی چەند کەسێکی ناو بنەماڵەیەکەوە، هەر ناوێکی لێبنرێت، ناکرێت ناوی «سەقامگیریی» لێبنرێت.
کێشەکە لەوەدایە ئێمە لە ئێستادا بە دۆخێک گەیشتووین، زۆنی زەرد، تەماحی ئەوەی بۆدروستبووە زۆنەکەی تریش قۆرخ بکات
ئەوەیش کە لە ئاستی ئابوریی وگوزەرانی خەڵک لەهەرێمەکەدا روودەدات، بە هیچ مانایەک ناچێتە چوارچێوەی «گەشەسەندنی ئابووریی»ەوە. گەشەسەندنی ئابووریی، لە ئاستی یەکەمیدا، مانای «گەشەی سەروەت و سامەن و سەرمایەی نیشتیمانیی»ە لە هەرێمدا، لە ئاستی دووهەمیشیدا مانای «دابەشکردنی ئەو سەروەت و سامان و سەرمایە نیشتیمانییە، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە» بەسەر دانیشتوانی هەرێمەکەدا. ئەوەی لە هەرێمدا هەیە و سەروەرکراوە ڕێک پێچەوانەی ئەم راستییە سادەیە. ئەوەی هەیە ئابورییەکی قۆرخکراوی پڕ لە گەندەڵییە، کە ئەندامان و کەسە نزیکەکانی بنەماڵە حوکمڕانەکان بە ملیۆنێر و بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکەش بە بێکار و بێدەرامەت و بێئایندە، دەکات. ئەوەی لەم ئاستەدا روودەدات گرێدانی ئابوریی هەرێمەکەیە بەم یان بەو کۆمپانیای ئەمریکیی یان ئەوروپیی یان خەلیجییەوە، لەکاتێکدا کاری راستەقینە بریتییە لە گرێدانی ئەم ئابورییە بە پێداویستییە زۆرەکانی دانیشتوانی هەرێمەکە و بە گەشەدان بە سەروەت و سامانی نیشتیمانییەوە، نەک بە ئاوسانی سەروەت و سامانی خێزانیی و بنەماڵەیی و حیزبییەوە.
هەمووان دەزانین ئەوەی لە هەرێمدا بە درێژایی ساڵانێکە بەهێز و بەهێزتر کراوە و دەکرێت، دامەزراوەکان و دەزگاکانی حوکمرانیی و میکانیزمەکانی چاودێریکردنی دەسەڵات نییە، بەهیچ جۆرێک بەهێزکردنی تواناکانی دەستگۆڕکێی دەسەلات نییە، بەڵکو گەورەکردنی نایاسایی کاریگەرییەکانی خواست و ویست و زەوق و تێگەیشتنی تاکەکەسییانەی ئەم یان ئەو ئەندامی سەر بە بنەماڵە سیاسییە حوکمڕانەکانە.
هەرێم دوو زۆنی سیاسییە، هەریەکێکیان بە لۆژیکی قۆرخکردنی دەسەڵات، هەموو دەسەڵاتەکان، کاردەکات. کێشەکە لەوەدایە ئێمە لە ئێستادا بە دۆخێک گەیشتووین زۆنێکیان، مەبەستم زۆنی زەردە، تەماحی ئەوەی بۆدروستبووە زۆنەکەی تریش قۆرخ بکات و هەموو هێزە سیاسییەکانی ناو ئەو زۆنە، وەک هێزەکانی ناو زۆنە زەردەکە، بکاتە هێزی پلە دوو و پلە سێ و پلەچوار و پەراوێزیی. ئەمەش یەکسانە بە خواستی «بەپارتیکردنی» هەموو هەرێمەکە و بە «بارزانیکردنی» تەواوی جومگەکانی دەسەڵات لەناویدا. ئەو گوتارەی باس لە پاراستنی یەکبوونی هەرێم و رێگرتن لە لەتبوونی، دەکات. یان باس لە «رێگرتن لە دابەشکردنی کوردستان» دەکات، ئەم تەماحە بنەماڵەییە ژێرخانە سیاسیی و سایکۆلۆژییەکەیەتی. ئەم گوتارە هیچ پەیوەندییەکی بە کۆتاییهێنان بە چەند زۆنیی و بەو دابەشبوونانەوە نییە کە لە دوای ڕاپەرینەوە بەشێوەیەکی رۆژانە بەسەر هەرێمەکەدا سەپێنراوە.
ئەم پرۆژەی بەپارتیکردنەی هەرێم، لە هەمانکاتدا بەخشینی چارەنووسی سەرجەمی دانشتوانی هەرێمەکەیە، بەچەند کەسێکی کەم، کە هیچ یاسا و دەزگا و میکانیزمێک بۆ چاودێریکردن و بەرپرسیارکردن و کۆنترۆڵکردنی دەسەلاتەکانیان، لە ئارادا نییە. ئەگەر شتێک هەبێت چارەنووسی هەرێمەکە وەک هەرێم بخاتە ژێر مەترسییەوە ئەم سیاسەتەیە.