دوای ساختەكاری قەیرانی كارەبا هەڕەشە لە عێراق دەكات
2018-05-29 14:16:15
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
هێشتا قەیرانی ئەنجامی هەڵبژاردن و گومانەكانی ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن تەواو نەبووە، قەیرانێكی نوێ بەرۆكی عێراقی گرت.
لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە دۆخی كارەبای نیشتیمانی لە شارەكانی باشور و ناوەڕاستی عێراق زۆر خراپ بووە، بەجۆرێك رۆژانە (15) كاتژمێر كارەبا نادرێت بە هاوڵاتیان، ئەمە نیگەرانییەكی مەترسیداری لە شەقامی عێراقیدا دروستكردووە.
هەندێك دەڵێن كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا سزای دەسەڵاتدارانە بۆ هاوڵاتیانی عێراقی كە لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایاردا بەبەراورد بە هەڵبژاردنەكانی رابردوو كەمترین ئاستی بەشداریكردنیان هەبوو لە پرۆسەكەدا.
ئەوەی نیگەرانییەكانی زیاتر كردووە ئەوەیە وەزارەتی كارەبا لە هەموو وەزارەتەكانی تر زیاتر بودجەی بۆ دابینكراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەدوای 2003 وە نەیتوانیوە كێشەی كارەبا چارەسەر بكات.
پچڕانی تەزوی كارەبا لە شارەكانی بەغدادی پایتەخت و دیالە و نەجەف و بابل و بەسرەو كەربەلا لەكاتێكدایە شەپۆلێكی گەرما ناوچەكەی گرتوەتەوە و هاوكات مانگی رەمەزانە و خەڵك بەرۆژوو دەبن.
بەغدادی پایتەخت كە ئێستا بێ كارەبایە، بەر لە 100 ساڵ لەمەوپێش و بەدیاریكراوی لە ساڵی 1917دا لەلایەن ئەندازیارێكی ئینگلیزەوە روناككراوەتەوە و بۆیەكەمجار بە وزەی كارەبا ئاشنا بووە.
قەیرانی كارەبا لە عێراقی دوای سەدامدا بووتە قەیرانێكی هەمیشەیی، داڕمانی ئەم كەرتە لە جەنگی ساڵی 2013دا زیانێكی زۆری بە ژێرخانی كارەبا گەیاند.
دەسەڵاتی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق هەوڵی زۆریدا كەرتی كارەبا هەڵسێنێتەوە، بەڵام هەوڵەكانی بێئەنجام بوون.
بەپێی راپۆرتە فەرمییەكان لە دوای روخانی رژێمی سەدامەوە لە 14 ساڵی رابردودا نزیكەی (41 ملیار) دۆلار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەرتی كارەبا خەرجكراوە، بەڵام هێشتا خەڵك بێ كارەبان.
كەرتی كارەبا لە عێراق كە وەزارەتی كارەبا بەڕێوەی دەبات یەكێك لەو كەرتانەی كە زۆرترین قسەوباسی گەندەڵی لەسەرە.
بەرپرسانی وەزارەتی كارەبای عێراق هۆكاری سەرهەڵدانەوەی قەیرانی كارەبا بۆ بوونی كێشەیەك لەو هێڵەدا دەگێڕنەوە كە كارەبا لە ئێرانەوە بۆ عێراق دەگوازێتەوە، ئێستا ئەو كێشەیە چارەسەركراوە، بەڵام هێشتا كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بە هاوڵاتیان وەكو پێشتری لێنەهاتوەتەوە.
هەندێك سەرچاوە باسلەوەدەكەن، بەهۆی قەرزەوە ئێران هەناردەی كارەبای بۆ عێراق راگرتووە.
بەپێی قسەی ماجدە تەمیمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق" كۆی گشتی ئاستی وەبەرهێنانی كارەبا لە عێراق دەگاتە 10 هەزار و 900 میگاوات، ئەمە لەكاتێكدایە عێراق دەبێت 10 هەزار میگاواتی تر بەرهەم بهێنێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی كارەبا".
كێشەی سەرەكی كەرتی كارەبا لە عێراق خۆی دەبینێتەوە لە خراپی بەڕێوەبردن و گەندەڵی لە گرێبەستەكان و بەهەدەردانی وزە و نەبوونی هەماهەنگی تەواو لەنێوان هەردوو وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی نەوتدا.
نیگەرانییەكان لە خراپی دۆخی كارەبا لە چەند رۆژی رابردودا سەریانكێشا بۆ خۆپیشاندانی شەوانە لە چەند شارێكی عێراق.
لەدواین كاردانەوەكانی خراپی دۆخی كارەبادا، عەلی داینی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە هۆشداریدا لە "تەقینەوەیەكی جەماوەری گەورە" لە پارێزگاكەیان بەهۆی خراپتربوونی دۆخی كارەبا لەماوەی 48 كاتژمێری رابردوودا.
لەنوێترین لێدوانیدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، چەند یەكەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا دەكەونە كارو دۆخی كارەبا باشتر دەبێت.