Draw Media

(درەو میدیا) دەقی بڕیارەكەی پەرلەمان لەبارەی هەڵبژاردنەوە بڵاودەكاتەوە

(درەو میدیا) دەقی بڕیارەكەی پەرلەمان لەبارەی هەڵبژاردنەوە بڵاودەكاتەوە

2018-05-29 13:49:22


(درەو میدیا) وەكو یەكەمین میدیای عێراقی دەقی بڕیارەكەی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی بڵاودەكاتەوە:
دەقی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنەوە:
ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنی نائاسایی خۆی لە وەرزی دووەمی یاسادانان/ ساڵی چوارەم/ خولی سێیەم كە 28ی ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، بەپشتبەستن بە ماددەی (59/دووەم)ی دەستور، دەقی ئەم بڕیارەی دەركرد.
(بەپشتبەستن بە مادەكانی (25) و (102) و (38)ی یەكەمی دەستور، هەروەها مادەی (2) یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ژمارە (11)ی هەمواركراوی ساڵی 2017و پشتبەستن بەوەی بۆ دادگای باڵای فیدراڵی رۆشتووە، بەجۆرێك بگونجێت لەگەڵ ئازادی دەنگدەر لە هەڵبژاردنی نوێنەری خۆی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەوپێیەی لە مافە دەستورییەكانی تاكی عێراقییە، هەروەها لەسەر بنەمای ئەو دیكۆمێنت و بەڵگانەی كە لەلایەن قەوارە سیاسییەكان و پەرلەمانتاران و دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییەوە خراوەنەتەڕوو، هەروەها ئەوەی لە راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە و ئەو راپۆرتە هونەرییانەی دراون بە دەزگا تایبەتمەندەكانی وەكو دەزگای چاودێری دارایی و دەزگای هەواڵگری و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی، پێویست دەكات رێوشوێنی نوێ بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی پرۆسەی دیموكراتی لە عێراق، بۆ ئەوەی متمانە بە خاوێنی و دادپەروەی پرۆسەی هەڵبژاردن بپارێزرێت، بڕیاریدا لایەنە پەیوەندیدارەكان هەریەكەیان بەگوێرەی تایبەتمەندی خۆی، ئەو ئامرازانە بگرێتەبەر كە گەرەنتی گێڕانەوەی متمانە دەكەن بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوازێكی دادپەروەرانە و خاوێن، لەناویاندا:


یەكەم: هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی دەرەوە و هەڵبژاردنی دەنگدانی مەرجدار لە كەمپی ئاوارەكانی پارێزگای ئەنبار، سەلاحەدین، نەینەوا، دیالە، بەڵگەیان لەسەر هەیە كە ئیرادەی دەنگدەران ساختەكراوە و پێشێلكاری گەورە رویداوە لە رەوتی رێوشوێنەكانی هەڵبژاردن تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی 2018، جگە لە دەنگی كەمینەكان كە سیستمی كۆتا دەیانگرێتەوە.


دووەم: جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان بۆ لانی كەمی (10%)ی سندوقەكانی دەنگدان لە بنكەكانی دەنگدان، ئەگەر سەلمێندرا رێژەی (25%)ی ئەو دەنگانەی ئەژماردەكرێنەوە بەشێوەی دەستی ناكۆكن لەگەڵ ئەنجامی ئامێری خێراكردنی ئەنجامەكان، ئەو ئەنجامانە هەڵدەوەشێندرێنەوە كە لەسەر بنەمای ئامێرەكە دانراون و بۆ هەموو سندوقەكانی دەنگدان پشت بە ژماردنی دەستی دەبەسترێت.


سێیەم: وێنەی ئەلیكترۆنی و وێنەی رووناكی كارتەكانی دەنگدان و ئەنجامە نێردراوەكان لەرێگەی مانگی دەستكردەوە بۆ سێرڤەری سەرۆكی كۆمسیۆن و ئەو ئەنجامانەی كە لە تالی سەنتەر هەن بۆ ئاستی كاندید لە هەر وێستگەیەك، بەشێوەیەكی خێرا دەدرێن بە قەوارە سیاسییەكان.


چوارەم: دووبارەكردنەوەی ئەژماركردنی دەنگەكان بەشێوەی دەستی لەو وێستگانەی پارێزگای كەركوك كە تێیاندا (ئێس دی ڕام) گۆڕدراوە هەروەها لەو وێستگانەی كە ئەنجامەكان تێیاندا هەڵوەشێندراوەتەوە.


پێنجەم: دڵنیابوونەوەی لە پرۆسەی هاوتابوونی ئەو تۆمارانەی كە بەشێوەی ئەلیكترۆنی نێردراون، ئەوەش لەڕێگەی ئەژماركردنەوەی چەند سندوقێكەوە (فلاش) و (ئێس دی كارد) لەبەردەم بریكاری قەوارە سیاسییەكان بەشێوەیەكی شەفاف.


شەشەم: ئەوەی لەسەری سەلمێندرا تێوەگلاوە لە زیانگەیاندن بە دادپەروەری و خاوێنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان، رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بكرێت لەنێویاندا دادگا، بەمەبەستی لێپرسینەوە و سزادانیان.


حەوتەم: هەموو ئەو بەراییانەی كە لەبەردەستدان رەوانەی داواكاری گشتی و دەستەی نەزاهە بكرێن، پێویستە لەسەر ئەو لایەنانە بەو ئەركانە هەستن كە یاسا بەركارەكان پێویستیان كردووە لەسەریان، بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی.


هەشتەم: لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان بەردەوام دەبێت لەسەر كارەكانی و پەلەدەكات لە پێشكەشكردنی ئەو ئەنجام و پێشنیازانە بە ئەنجومەنی نوێنەران، كە پێیدەگات.


نۆیەم: پاڵپشتیكردنی كارەكانی لیژنەی باڵای پێكهێنراو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە تایبەت بە وردبینیكردن لە بەڵگە و دیكۆمێنتەكان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەمدواییەوە.


دەیەم: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان لە پارێزگاكانی كەركوك و هەرێم كە بەڵگەی ساختەكردنی ئیرادەی دەنگدەران و رودانی پێشێلكاری گەورەیان لەسەرە لە رەوتی رێوشوێنەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن.


یانزەهەم: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی دەرەوە كە پرۆسەی ساختەكارییان تێدا سەلمێندراوە هەروەها دەنگدانی مەرجداری لە هەموو پارێزگاكان جگە لە نەینەوا و جوڵانی دانیشتوان لە سەلاحەدین و ئەنبار و لەناونەبردنی هەر بەراییەك كە پەیوەندیدار بێت بە هەڵبژاردنەكانی ناوخۆ و دەرەوە.

دكتۆر سەلیم جبوری
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
رەجەب/1439 كۆچی
ئایاری/ 2018ی زاینی  

 

 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand