Draw Media

تا ئێستا هیچ قه‌واره‌یه‌ك ناوی بۆ هەڵبژاردن تۆمارنه‌كردووە

تا ئێستا هیچ قه‌واره‌یه‌ك ناوی بۆ هەڵبژاردن تۆمارنه‌كردووە

2018-05-29 12:25:52


راپۆرتی: نیاز عه‌بدوڵڵا  
كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاسانكاری تۆماری قه‌واره‌ سیاسییه‌كان و وه‌رگرتنی بارمته‌ی دارایی ده‌سه‌ڵات به‌ ئۆفیسی پارێزگاكان ده‌به‌خشێت و، به‌ڕێوبه‌ری گشتی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمیش وتی تائیستا "هیچ قه‌واره‌یه‌كی سیاسی بۆ هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلول تۆمار نه‌كراوه‌".
بڕیاره‌ 30ی ئه‌یلولی ئه‌م ساڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌ بچێت، بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ 27ی ئایار تا 7ی حوزه‌یران بۆ تۆماركردنی لیست و قه‌واره‌ سیاسییه‌كان دیاریكراوه‌. به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كانی شۆرش حه‌سه‌ن به‌ڕێوبه‌ری گشتی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم بۆ (دره‌و میدیا) تائیستا "هیچ قه‌واره‌یه‌كی سیاسی بۆ هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلول تۆمار نه‌كراوه و،‌ ته‌نیا بۆ پرسیار و راوێژكردن و چۆنییه‌تی تۆماركردن و وه‌رگرتنی ئه‌و فۆڕمانه‌ی كه‌ پێویسته‌ سه‌ردانی كۆمسیۆن كراوه‌". سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری تۆمارنه‌كردنی قه‌واره‌ سیاسییه‌كانیش وتی "وه‌كو جۆرێك له‌ نه‌ریتی لێهاتووه‌ زۆر جار قه‌واره‌ سیاسییه‌كان له‌ رۆژانی كۆتایی ده‌كه‌ونه‌ ئه‌وه‌ی كه مامه‌ڵه‌كانیان بهێنن بۆ خۆتۆماركردن".
كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له‌ رێگای ماڵپه‌ڕی فه‌رمی خۆیه‌وه‌ ئه‌و پێنج فۆڕمه‌ی بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت قه‌واره‌ سیاسییه‌كان بۆ خۆ تۆماركردن زانیارییه‌كانی پڕ بكه‌نه‌وه‌.
 شۆڕش حه‌سه‌ن باسی له‌و ئاسانكاریانه‌ كرد كه‌ كۆمسیۆن خستوویه‌تییه‌ خزمه‌ت قه‌واره‌ سیاسییه‌كان و وتی "بۆ جیبه‌جێ كردنی رێكاره‌ یاساییه‌كان ئاسانكاری ته‌واومان كردووه‌، جاری پێشوو بۆ پرۆسه‌ی ریفراندۆم ته‌نیا پشت به‌ ئۆفیسی نیشتیمانی ده‌به‌سترا بۆ خۆ تۆماركردن به‌ڵام ئێستا قه‌واره‌كان ده‌توانن له‌ ئۆفیسی پارێزگاكان له‌ سلێمانی و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ خۆیان تۆمار بكه‌ن". 
به‌پێی په‌یڕه‌وی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیاران ده‌بێت هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی سیاسی بڕێك بارمته‌ی دارایی بداته‌ كۆمسیۆن تا له‌ كاتی ئه‌گه‌ری سه‌رپێچیكردن و ده‌رچوونێك له‌ رێنماییه‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، كۆمسیۆن بتوانێت وه‌ك پێبژاردنی سزای دارایی له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ وه‌ربگرێت. له‌ باره‌ی دیاریكردنی بڕی بارمته‌ی دارایی دیاریكراو له‌ هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوبه‌ری گشتی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمسیۆن وتی "بڕه‌كه‌ له‌ 10 ده‌ست پێده‌كات، بۆ قه‌واره‌ی كه‌مینه‌كانی وه‌ك توركمان و كلد و ئاشوور 25 ملیۆن دیناره‌ به‌ڵام‌ بۆ قه‌واره‌ سیاسییه‌كانی تر 50 ملیۆن دیناره، ئه‌و بارمته‌یه‌ش وه‌كو ئه‌مانه‌تێكه‌ له‌لای كۆمسیۆن ده‌مێنێته‌وه‌ تا دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، ئه‌گه‌ر ئه‌و حیزبه‌ سیاسیانه‌ له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن هیچ سه‌رپێچییه‌كیان نه‌كردبوو و پێبژاردنێكیان نه‌بوو پاره‌كه‌یان بۆ ده‌گه‌ڕێنینه‌وه" بۆ پێدانی بارمته‌كه‌ش به‌ كۆمسیۆن قه‌واره‌ سیاسییه‌كان جگه‌ له‌ ئۆفیسی نیشتیمانی ده‌توانن له‌ رێگای ئۆفیسی پارێزگاكانه‌وه‌ بڕی بارمته‌كه‌ بگه‌یه‌نن. 
كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان له‌ دوای قۆناغی یه‌كه‌می تۆماری قه‌واره‌ سیاسییه‌كان، ماوه‌ی سێ رۆژی له‌ 18 بۆ 20ی حوزه‌یران دیاریكردووه‌ بۆ تۆماری هاوپه‌یمانییه‌ سیاسیه‌كان. ماوه‌ی 23 رۆژی ته‌رخانكردووه له‌ 3 تا 25 ته‌مموز بۆ تۆماركردنی ناوی پاڵێوراوان رێكاره‌ یاسیاییه‌كانیان. ‌به‌ڵام بۆ نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران 1تا 30 ته‌مموزی دیاریكردووه‌، ئه‌و به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌ی كۆمسیۆن وتی "له‌و ماوه‌یه‌دا هاووڵاتییان ده‌توانن سه‌ردانی بنكه‌ لاوه‌كییه‌كان بكه‌ن بۆ گواستنه‌ی ناوه‌كانیان و خۆ تۆماركردن و، ماوه‌ی شه‌ش مانگه‌ كار بۆ تۆمارێكی تایبه‌ت‌ به‌ كۆمسیۆنی هه‌رێم ده‌كه‌ین، ته‌‌نیا ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیاران په‌سندی بكه‌ن كه‌ پشتبه‌ستووه‌ به‌ پسوله‌ی خۆراك و داتاكانی وه‌زاره‌تی بازرگانی چونكه‌ به‌پێی یاسا ده‌بێ ئه‌و تۆماره‌ پشتبه‌ستووبێت به‌ پسوله‌ی خۆراك، به‌ڵام وردبینی تیاداده‌كرێت و ته‌واو جیاوازه‌ له‌ تۆماری ده‌نگده‌رانی عێراق".
بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌نجامدانی قۆناغه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و پێداویستییه‌ ماددییه‌كان، ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆمسیۆن به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "تائیستا 10 ملیار دینارمان له‌ حكومه‌ت وه‌رگرتووه‌ و خراوه‌ته‌ سه‌ر حیسابی كۆمسیۆن، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین بڕه‌كانی تریشمان له‌ ماوه‌كانی داهاتوو بۆ بخرێته‌ سه‌ر حیسابی كۆمسیۆن، ئێمه‌ دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌ری سه‌ر سندووق و فه‌رمانگه‌ لاوه‌كییكانیشمان هه‌یه‌، كۆمه‌ڵێك رێكار و قۆناغی تر ماون پێویسته‌ جێبه‌جێی بكه‌ین".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand