نەوت و غازی ھەرێم دەدرێت بە کۆمپانیای (KROC)
2022-03-30 07:23:21
(درەو):
وەزارەتی نەوتی عێراق لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای فیدڕالیدا، نوسراوێکی دەرکردووەو داوای دروستکردنی کۆمپانیایەک دەکات بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکە سەربە حکومەتی ناوەند دەبێت و ناوی لێنراوە (KROC)و بارەگا سەرەکییەکەی لە ھەولێر دەبێت.
بەپێی نوسراوێک کە رۆژی ٢٤ی ئەم مانگە، وەزارەتی نەوتی عێراق ئاڕاستەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە، داوا کراوە حکومەتی ھەرێم:
🔹 لەماوەی (١٥) رۆژدا کۆپییەک لە ھەموو ئەو گرێبەستانە رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات کە لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە لە بواری نەوت و غازدا لەگەڵ کۆمپانیاکانی بواری (دۆزینەوە، بەرھەمھێنان، گواستنەوە، فرۆشتن، ھەناردە)ی نەوتدا کردویەتی، لەگەڵ تۆماری داھاتی فرۆش و ھەناردەی نەوتی خاو و غاز، ئەمە بەمەبەستی:
🔸 تەماشاکردنیان لەلایەن تیمێکی پسپۆڕو راوێژکارانی وەزارەی نەوتی عێراقەوە بە ئامادەبوونی نوێنەری رێگەپێدراوی حکومەتی ھەرێم.
🔸 گونجاندنی گرێبەستەکانی ھەرێمی کوردستان و ھەموارکردنیان بەپێی یاسای بەرکاری عێراق و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق.
🔹 پێشکەشکردنی داواکارییەک بە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دروستکردنی کۆمپانیایەکی نەوتی ، دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سەرجەم چالاکییە نەوتی و غازییەکانی لەو کێڵگانەدا پێبدرێت کە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە گرێبەستیان بۆ کراوە، ئەرک و ئامانج و سیاسەتی ئەم کۆمپانیایە ئەمانە دەبن:
🔸 سەرجەم ماف و پابەندییەکانی ئەو رێککەوتن و گرێبەستانەی پێشتر حکومەتی ھەرێم کردویەتی، دەگوازێتەوە بۆسەر ناوی خۆی.
🔸 بەدیھێنانی سەرمایەگوزاری زیاتر لە سامانی نەوتدا لەڕێگەی: کەمکردنەوەی خەرجی وەبەرھێنان، بەڕێوەبردنی باشتری کێڵگەکانی نەوت و غازو زیادکردنی داھاتی ھەناردەکردن.
🔹 وەزارەتی نەوتی عێراق پێشنیاز دەکات ئەو کۆمپانیایەی کە دۆسیەی نەوت و غازی ھەرێم بەڕێوە دەبات ناوت لێبنرێت (KROC)و بکەوێتە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی عێراق و کۆمپانیاکە لەلایەن حکومەتی فیدڕالییەوە خاوەندارێتی بکرێت و بارەگا سەرەکییەکەی لە ھەولێر بێت.
🔹 فەرمانبەرێکی پسپۆڕ کە پلەکەی لە بەڕێوەبەری گشتی کەمتر نەبێت دابنرێت بۆ، ھەماھەنگیی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی عێراق بەمەبەستی کردنەوەی حسابێک لە یەکێک لە بانکە نێودەوڵەتییە متمانەپێکراوەکان، ھەموو داھاتی ھەناردەو فرۆشی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان بخرێتە ئەم حساب بانکییە.. لەسەر بنەمای پشکی ھەرێم لە بودجەی گشتی عێراق پارەی لێبدرێت، ھەروەھا بەگوێرەی رێکخستنێک لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بەمەرجێک ئەمە لەماوەی (٤٥) رۆژدا لە رێکەوتی دەرچوونی ئەم نوسراوەوە بکرێت ( بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران).
🔹 ھەموو ئەم رێوشوێنانەی لەم نوسراوەدا ھاتووە وەکو سیاسەتێکی نوێیە بۆ ئایندەو ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان پەبەندبونیان دەکەوێتە ئەستۆ.