Draw Media

پرۆژەیەك بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن

پرۆژەیەك بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن

2022-03-28 11:00:26


(درەو): 
پرۆژەیەك بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادە كراوە، فراكسیۆنەكانی یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵی دادگەریی‌و جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و دوو پەرلەمانتاری گۆڕان ئیمزایان لەسەر پرۆژەكە كردووە.
ئەمە هەمواری (هەشتەم)ی یاسای ژمارەی (1)ی ساڵی 1992ی پەرلەمانی كوردستانە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) بڕیارە ئەمڕۆ ئەم پرۆژە هەموارە پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەماتی كوردستان بكرێت. 
خستنەڕووی ئەم پرۆژەیە لەلایەن یەكێتی‌و یەكگرتوو‌و كۆمەڵی دادگەرییەوە لەكاتێكدایە، پارتی‌و یەكێتی لەبارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەدیاریكراویش لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌و چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستان ناكۆكن.

چارەنوسی كۆمسیۆن
لەبارەی چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە، پرۆژەی چوار لایەنەكە داوا دەكات كۆمسیۆنەكەی كوردستان وەكو خۆی بمێنێتەوە، واتە بیرۆكەی دانانی دادوەرانیان لەشوێنی كۆمسیاران یاخود رادەستكردنی هەڵبژاردن بە كۆمسیۆنەكەی عێراق رەتدەكەنەوە.  
بەڵام مانەوەی كۆمسیۆنەكەی هەرێم وەكو خۆی، هێشتا بێ كێشە نییە، نەوەی نوێ داوا دەكات لەم كۆمسیۆنەدا پشكی بۆ دیاری بكرێت، كۆمەڵ‌و یەكگرتووش دژی ئەوەن دەستكاری پشكەكانیان بكرێت لەناو كۆمسیۆنەكەدا. 
كۆمسیۆننی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان بەر لە دروستبوونی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دروستكراوە، ئەم كۆمسیۆنە تائێستا تەنیا یەك ئەركی ئەنجامداوە كە بەڕێوەبردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بوو لە ساڵی 2017دا، ئێستا كۆمسیۆنەكە وادەی یاسایی بەسەر چووە، بەهۆی ناكۆكی لایەنەكانەوە پەرلەمان نەیتوانیوە چارەسەری شەرعیەتی كۆمسیۆنەكە بكات. 

فرە بازنەیی
یەكێك لەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردن، كە ئەم سێ لایەنە لە پرۆژەكەیاندا دەستیان بۆ بردووە، ماددەی (نۆیەم)ی یاساكەیە، لە هەموارەكەدا داوا دەكەن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم، هەرێمی كوردستان بكرێت بە (4) بازنەی هەڵبژاردن، واتە هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە)، ئەمە ئەو خاڵە سەرەكیەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان دژیەتی‌و داوا دەكات هاوشێوەی پێشتر هەرێمی كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، ئەمە كێشەی جەوهەری نێوان پارتی‌و یەكێتییە. یەكێتی‌و لایەنەكانی تر پێیانوایە، ئەگەر هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە هەرێمی كوردستانیش شێوازی فرە بازنەیی پەیڕەو بكرێت، پارتی جارێكی تر ناتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی كوردستان كۆنترۆڵ بكات. 

سەربەخۆكانیش خۆیان كاندید بكەن 
هەموارەكەی یەكێتی‌و یەكگرتوو و كۆمەڵی دادگەریی داوا دەكات هاوشێوەی بەغداد لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا، دەرفەت بە كەسانی دەرەوەی حزبە سیاسییەكان بدرێت، وەكو (سەربەخۆ) خۆیان كاندید بكەن، بۆ ئەمەش داوا دەكات هەر كەسێك دەیەوێت بەشێوەی سەربەخۆ بەشدار ببێت، لیستێك بە ئیمزای (1000 دەنگدەر)ەوە پێشكەشی كۆمسیۆن بكات وەكو پاڵپشتی بۆ كاندیدبوونی. 

چارەنوسی كۆتاكان
یەكێك لە خاڵە ناكۆكەكان لەنێوان پارتی‌و یەكێتی (بە لایەنەكانی تریشەوە)، پرسی كورسی كۆتاكان "پێكهاتەكان"ە، پێكهاتەكانی لە پەرلەمانی كوردستان (11) كورسییان بۆ تەرخانكراوە، ئەمانە لە زۆرینەی پرسە سیاسییەكاندا لەناو پەرلەمان پاڵپشتی لە سیاسەتەكانی پارتی دەكەن، ئەمە وایكردووە یەكێتی‌و لایەنەكانی تر داوای دەستكاریكردنی شێوازی هەڵبژاردنی كورسی كۆتاكان بكەن. 
لەو پرۆژەیەدا كە یەكێتی‌و یەكگرتوو و كۆمەڵ ‌و نەوەی نوێ ئیمزایان لەسەركردووە، داوا كراوە (11) كورسییەكە دابەش بكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، بەمشێوەیە: 
•    پێكهاتەی توركمان: 5 كورسی (3 كورسی بۆ بازنەی هەولێر، 2 كورسی بازنەی سلێمانی)
•    پێكهاتەی مەسیحی: 5 كورسی (1 كورسی بۆ هەولێر، 2 كورسی بۆ دهۆك، 2 كورسی بۆ سلێمانی) 
•    پێكهاتەی ئەرمەن: 1 كورسی بۆ دهۆك
ئەم پێشنیازە لەلایەن پارتییەوە رەتدەكرێتەوە. 

هەڵبژاردن دەكرێت ؟
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 1ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵی وەكو وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكردووە، بەڵام كات تێدەپەڕێت‌و هێشتا لایەنەكان لەسەر هەڵبژاردنەكە نەگەیشتونەتە رێككەوتن، ئەمە لەكاتێكدایە كۆمسیۆن ماوەی (6) مانگ كاتی پێویستە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بەڕێوەببات. 
لە هەموو حاڵەتەكاندا پێشبینی ناكرێت هەڵبژاردنەكە لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت، پارتی دەیەوێت بەرپرسیارێتی دواكەوتنی هەڵبژاردن بخاتە ئەستۆی یەكێتی‌و لایەنەكانی تر، ئەمانیش لەرێگەی پێشكەشكردنی ئەم پرۆژەیەوە دەیانەوێت بەرپرسیارێتییەكە بخەنە ئەستۆی پارتی. 
پارتی‌و یەكێتی سەرباری ئەوەی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە 1ی ئۆكتۆبەردا رێكنەكەوتوون، هاوكات لەسەر وادەیەكی تریش رێككەوتنیان نەكردووە ئەگەر هاتوو هەڵبژاردنەكە لە وادەی دیاریكراو دواخرا. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand