99%ی كارەكانی شەقامی 100 مەتری سلێمانی راوەستاوە
2022-03-27 12:41:45
(درەو):
رێژەی 99%ی كارەكانی پرۆژەی شەقامی (100 مەتریی) سلێمانی راوەستاوە، كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكە ئەمڕۆ دیزاینەری پرۆژەكەی ناردە ماڵەوە.
ئەمڕۆ كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دیزاینەری سەرەكی پرۆژەكەی ناردە ماڵەوە، لەئێستاشدا كاركردن لە 99%ی پرۆژەكە وەستاوە.
ئەمڕۆ كۆمپانیای قەیوانی جێبەجێكاری پرۆژەی (100) مەتری سلێمانی، دیزاینەری پرۆژەی (100) مەتریەكەی بەناوی (قادر سەعید) ناردە ماڵەوە، ئەمە بە واتای راوەستانی پرۆژەكە دێت.
لە رۆژی 12ی ئەم مانگەوە، كۆمپانیای قەیوان كاركردنی لە پرۆژەی شەقامی (100 مەتریی) سلێمانی راگرتووە، دەڵێ حكومەت شایستە داراییەكانی بۆ خەرج ناكات.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ئێستادا تەنیا لە سێ مەوقیعی بچوكی پرۆژەی شەقامی (100 مەتریی)دا كاردەكرێت، ئەویش بەڵێندەرە سانەوییەكاننو دەیانەوێت كارەكانی پێشوویان تەواو بكەن بۆ ئەوە قاڵبەكانیان خراپ نەبێت، ئەگەرنا كاركردن لە رێژەی 99%ی پرۆژەكەدا راوەستاوە.
ئەو سێ ناوچەیەی شەقامی (100 مەتریی) كاری تێدا دەكرێت بریتین لە (پردی 24، ئینتەچەینجی 16، ئینتەرچەینجی 17).
ئەمە لەكاتێكدایە چەند رۆژێك دوای بڕیاری كۆمپانیای قەیوان بۆ راگرتنی كارەكانی شەقامی (100 مەتریی)، لەیلا عەلی سەرۆكی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، كاركردن لە پرۆژەكە دەستی پێكردوەتەوە.