شارەوانی سلێمانی:"مەسڵەحەی كۆن" شوێنی باخچەیە، نەك نیشتەجێبوون
2022-03-27 10:46:33
(درەو):
بەپێی نوسراوێك سەرۆكی شارەوانی سلێمانی كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، شارەوانی بڕیاری راگرتنی دروستكردنی پرۆژەیەكی نیشتەجێبوونی لەشوێنی (گەراجی مەسڵەحەی كۆن) راگرتووە.
هەواڵی دروستكردنی ئەم پرۆژە نیشتەجێبوونە بۆ یەكەمجار رۆژی 9ی شوباتی رابردوو لە (درەو) بڵاوبووەوە، كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناو داواكاری گشتی سكاڵای تۆماركرد، بەتایبەتیش كە شوێنی دروستكردنی پرۆژەكە دەكەوێتە ناو جەرگەی سلێمانیو بەشێكە لە یادەوەری خەڵكو لە كۆندا بە "گەراجی مەسڵەحە" ناسراوە.
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی لە نوسراوەكەیدا دەڵێ" رازی نین بە دیاریكردنی ئەو دوو پارچە زەوییە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی نیشتەجێبوونی ئاسودە، چونكە ئەو دوو پارچە زەوییە رەگەزیان باخچەیە".
ئەم پرۆژە نیشتەجێبونە كە ئێستا ئیتر دروستكردنی بە بڕیاری شارەوانی راگیراوە، بڕیاربوو لەلایەن (كۆمپانیای بەڕێز)ەوە جێبەجێ بكرێتو تەنانەت دیواری پرۆژەكەش سیاج كرابوو، پرۆژەكە ناوی لێنرابوو "پرۆژەی نیشتەجێبوونی ئاسودە".
روبەری ئەو دوو پارچە زەوییەی كە بڕیاربوو پرۆژەی نیشتەجێبوونی لەسەر دروست بكرێت نزیكەی (10) دۆنمە، بەپێی بەدواداچوونی (درەو)، لەم شوێنەدا هەر مەترێكی زەوی بەهاكەی زیاتر (2500) دۆلارەو تەنیا رووەكەی بەهاكەی دەگاتە (25 ملیۆن) دۆلار.
خاوەنی پرۆژەكە بەنیاز بوو لەم شوێنەدا (4) شوقەی (28) نهۆمی دروست بكات و بەشی پێشەوەی زەوییەكەش بكات بە دوكان و بازاڕ.
شوێنی ئەم پرۆژەیە بە دیاریكراوی دەكەوێتە گەڕەكی (رزگاری) لە باشوری شاری سلێمانی و بە (دڵی سلێمانی) دادەنرێت و بەشی پێشەوەی پرۆژەكە دەكەوێتە سەر شەقامی (سالم)و بەرامبەر سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییە.
گەراجی مەسڵەحەی كۆن ساڵی 1988 دراوە بە چەند كەسێكو بڕیاردراوە (72) پاسی هەبێت، بەڵام لەدوای راپەڕینەوە تەنیا (12) پاس كاریان تێدا كردووە.
ئەوانەی ئاگاداری چیرۆكی ئەم پارچە زەوییەن دەڵێن: لە چەندین قۆناغدا هەوڵدراوە بەكاربهێنرێت، ئیدارەی گشتی یەكێتی پارەی بەو كەسانە داوەو لە ساڵی 2005 دا داویەتی بە كۆمپانیای (بەڕێز) بۆ پرۆژەو دواتر لێی وەرگیراوەتەوەو قەرەبوو كراوەتەوە.
لە قۆناغی دواتردا چەند هەوڵێك هەبووە بۆ ئەوەی ئەم زەوییە بكرێت بە پرۆژەی نیشتەجێبوون، بەڵام لەلایەن (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)و (حاكم قادر حەمەجان) ئەندامانی پێشووی مەكتەبی سیاسی ئەوكاتی یەكێتییەوە رێگریان لێكراوە.
شوێنەكە سەربە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنەو لەلایەن ماستەرپلانی سلێمانییەوە پەسەندكراوە، خەڵكی ناوچەكە چەندینجار داویانكردووە بكرێتە پاركێكی سەوزایی لەبەرئەوەی لەوناوچەیە سەوزایی كەمە.
هەواڵی پەیوەندیدار
"مەسڵەحەی كۆن"ی سلێمانی دەكرێت بە شوقەو شوێنی بازرگانی