Draw Media

محەمەد جەعفەر سەدر كێیە ؟

محەمەد جەعفەر سەدر كێیە ؟

2022-03-23 21:31:57


راپۆرت: درەو
ریفۆرمخوازێكی ئاینییە، كوڕی یەكێك لە كاریگەرترین خێزانە شیعەكانە لەسەر ئاستی عێراق‌و ئێران‌و لوبنان‌و سوریا، ئامۆزای موقتەدایە‌و لەلایەن مالیكی‌و عامری‌و شیعەكانی ترەوە قبوڵكراوە، پشتیوانی خۆپیشاندەران بووە‌و بەمەش سۆزی پەرلەمانتارانی سەربەخۆی بەدەستهێناوە، ئەو جەعفەر سەدر كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراقە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە !
رۆژی 10 ئەم مانگە، بەشێوەیەكی پێشبینی نەكراو، موقتەدا سەدر بەتەلەفۆن پەیوەندی بە نوری مالیكی نەیارە سەرسەختەكەیەوە كرد. 
سەرەتا وا پێشبینی كرا، سەدر "ڤیتۆ"ی لەسەر مالیكی هەڵگرتووە‌و لەرێگەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەوە بانگهێشتی كردووە بۆ ناو كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام دواتر دەركەوت، سەدر لەو زنجیرە پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ناوی (محەمەد جەعفەر سەدر)ی وەكو كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق خستوەتە بەردەم سەركردەكانی شیعە تاوەكو بۆچونیان لەوبارەیەوە وەرگرێت، سەرباری ناكۆكییەكانیان لەگەڵ سەدر، ماڵی شیعە قایل بوون لە كاندیدكردنی (محەمەد جەعفەر سەدر). 
ئەم ئێوارەیە، هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) بە فەرمی (محەمەد جەعفەر سەدر)ی وەكو كاندیدی هاوپەیمانێتییەكە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیاند.

محەمەد جەعفەر سەدر كێیە ؟ 
جەعفەر سەدر كوڕی (محەمەد باقر سەدر) دامەزرێنەری حزبی (دەعوەی ئیسلامی)‌و مەرجەع‌و بیرمەندی دیاری شیعەكانی عێراقە، كە بەهاری ساڵی 1980 لەگەڵ خوشكەكەیدا (نور الهدی) لەلایەن رژێمی سەددامەوە لەسێدارە دران. 
جەعفەر سەدر ساڵی 1970 لە نەجەف لەدایكبووە، هاوسەرگیری كردووە‌و (4) كچ‌و (2) كوڕی هەیە، دوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2003دا، چەندین پۆستی وەرگرتووە، 2009 بووە بە راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق، ساڵی 2010 وەكو ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردراوە، بەڵام دواتر وەكو ناڕەزایەتی دژی خراپی دۆخی خزمەتگوزارییەكان لە عێراق، دەستی لە ئەندامێتی پەرلەمان كێشاوەتەوە، لە نیسانی 2019وە بۆ ئۆكتۆبەری هەمان ساڵ بووە بە سەرۆكی فەرمانگەی رێكخراو و كۆنگرە نێودەوڵەتییەكان لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە ئۆكتۆبەری 2019وە بووە بە باڵیۆزی عێراق لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا‌و تائێستا لەم پۆستەدا بەردەوامە، لە پاڵ ئەمەدا لە شوباتی 2020وە بووە بە نوێنەری هەمیشەیی لە رێكخراوی نێودەوڵەتی دەریایی (IMO).
جەعفەر سەدر بڕوانامەی زانكۆیی لە زانستی كۆمەڵناسی بەدەستهێناوە‌و ساڵی 2011 زانستی كۆمەڵناسی گشتی لە زانكۆی لوبنان خوێندووە‌و ساڵی 2018 هەر لەم زانكۆیە بڕوانامەی ماستەری لە زانستی كۆمەڵناسیدا بەدەستهیێناوە، لەپاڵ ئەمەدا ساڵانی 1995 بۆ 2007 لە هەردوو شاری نەجەف‌و شاری (قوم)ی ئێران زانستی ئاینیی خوێندووە. 
لەدوای لەسێدارەدانی باوكییەوە، لە ناوچەی (كازمیە)ی بەغداد ماڵبەند بووە، ساڵی 1998 لەژێر چاودێری رژێمی سەددام خۆی رزگاركردووە‌و چوەتە ئێران بۆ خوێندن، هەندێك سەرچاوە باسلەوە دەكەن، لەئێرانیش كەوتوەتە ژێر فشاری دەسەڵاتدارانەوە‌و خەریك بووە دەستگیر بكرێت، بەوپێیەی نزیك بووە لە ئایەتوڵلا محەمەد سەدری باوكی موقتەدا سەدر‌و نەیاری "ویلایەتی فەقیه"‌و نەهجی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بووە.  
باسلەوە دەكرێت، ئەو ساڵانەی لە ئێران ژیاوە، دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی خۆشحاڵ نەبوون بە بوونی جەعفەر سەدر لە وڵاتەكەیان، بەوپێیەی لەلایەك لە سەری دایكییەوە سەربە خێزانی (موسا سەدر) بووە كە خێزانێكی خاوەن هەژمونن لە ئێران‌و لوبنان‌و پشتیوانی جوڵانەوە ریفرۆمخوازەكانی شیعە دەكەن، لەلایەكی ترەوە جەعفەر سەدر خۆی كەسێكی كراوەیە بەڕووی ریفۆرمی ئاینیدا، خوێنەرانی بیرمەندی ئێرانی (عەبدولكەریم سروش)‌و بیرمەندانی  عەرەبە، ئەوانەیان كە دژ بە توندڕەوی ئاینین لە نمونەی (عەلی وەردی)‌و (محەمەد ئەركۆن)‌و (نەسر حامید ئەبوزەید).. 
جەعفەر سەدر پێشتر هەندێك هەڵوێستی دژ بە توندڕەوی ئاینی نیشانداوە، ساڵی 2010 داوای ئازادكردنی تاریق عەزیز وەزیری دەرەوەی رژێمی پێشووی عێراقی كردووە لە زیندان بەهۆی ئەوەی بەدەست نەخۆشییەو ناڵاندویەتی. 
جەعفەر سەدر لەلایەن نێودەوڵەتی‌و هەرێمایەتییەكانەوە وا تەماشا دەكرێت نوێنەرایەتی خانەوادەیەكی كاریگەر دەكات لەسەر ئاستی عێراق‌و ئێران‌و لوبنان‌و سوریا‌و كاریگەریشی لەسەر موقتەدا سەدری ئامۆزای دەبێت كە ئێستا براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە لە عێراقدا. 
سەرباری ئەوەی لە بەریتانیا كاری دیپلۆماسی كردووە، بەڵام بەرەی ئێرانی واتە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كاندیدكردنی جەعفەر سەدریان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران قبوڵ كردووە، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، سەرباری ناكۆكییەكانیان لەگەڵیدا، بەڵام ئەو دواجار هەر وەكو كوڕی ئایەتوڵڵا محەمەد باقر سەدری دامەزرێنەری حزبی دەعوە دەمێنێتەوە.
كاندیدكردنی محەمەد جەعفەر سەدر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بە هەنگاوێكی ژیرانەی موقتەدا سەدر لێكدەدرێتەوە، بەوپێیەی خانەوادەی جەعفەر سەدر لەناو شیعەكاندا پێگەیەكی بەهێز‌و رێزلێگیراویان هەیە‌و هیچ یەكێك لە لایەنە شیعەكان كاندیدبوونی رەتناكەنەوە، سەرباری ئەمە جەعفەر سەدر لەوانە بووە كە پشتیوانی خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری 2019ی عێراقی كردووە‌و لەلایەن پەرلەمانتارانی سەربەخۆو ئەوانەی نوێنەرایەتی خۆپیشاندەران دەكەن، قبوڵكراوە.  
سەرەتا كە ناوی (جەعفەر سەدر) وەكو كاندیدی سەرۆك وەزیران دزەی كردە ناو میدیاكانەوە، وا بڵاوكرایەوە رەتیكردوەتەوە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ دوای ئەوەی ناوەكەی بەفەرمی راگەیەندرا، لە تویتەرەكەی خۆی نوسی" شەرەفمەندم كاندیدی هاوپەیمانێتییەك بم كە نوێنەرایەتی وڵات دەكات بە هەموو پێكهاتەكانییەوە".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand