Draw Media

تۆڕی شەمس: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم نەژمارەی دیارە و نەتۆمار 

تۆڕی شەمس: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم نەژمارەی دیارە و نەتۆمار 

2018-05-29 07:50:34


راپۆرتی: نیاز عه‌بدوڵڵا  
رێكخەری گشتی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان رەخنەی‌ لە ئاشكرانەكردنی ژمارە و تۆماری دەنگدەران لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم گرت و وتی "هەوڵی ساختەكاری هەیە بەڵام دەبێت پێش بەو ساختەكارییە بگیرێت و، هێزە ئەمنییەكان تائیستا داتا و ژمارەی پێویستیان نەداوەتە كۆمسیۆن".
هۆگر چەتۆ رێكخەری گشتی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان، لە لێدوانێكیدا سەبارەت بە خاوێنكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ناوی دووبارە و مردوو و ساختە بە (درەو میدیا)ی وت "تۆماری دەنگدەران لە هەرێم و عێراق لەسەر بناغەی پسولەی خۆراك تۆماركراوە و كێشەی زۆری تێدایه، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمیش لە ئێستادا دەڵێن‌ كۆمەڵێك هەوڵیانداوە بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران بەڵام كۆمسیۆنی هەرێم نه هە‌نگاو و نە‌ژمارەی دیارە و نەتۆماری دەنگدەران".
هۆگر چەتۆ دەستخۆشی لە هەوڵەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی كرد بۆ خاوێنكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بەڵام بە پێویستی زانی شەفافییەت و روونكردنەوەی زیاتر هەبێت بۆ رای گشتی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و وتی "پێویستە پێمان بڵێن چەند ناو پاككراوەتەوه و لەو ناوانە چەندی دووبارە و چەندی ناوی مردوو بوون، چەند لەوانە ناوی خەڵكی دەرەوەی عێراق بوون وەك پەنابەرانی ئێرانی و توركی و سووری، چەند لەوانە ناوی ئەوانەن كە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە".
لەبارەی پێشكەشكردنی ئاماری دەنگدەرانی تایبەت لە هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان رێكخەری تۆڕی شەمس وتی "ئەوەی من زانیاریم هەبێت یەكێك لە كێشەكان ئەوەیە تائیستا لایەنی پەیوەندیدار لە هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش تائیستا هیچ داتا و ژمارەیەكی پێویستیان نەداوەتە كۆمسیۆن، ئەمەش كێشەی دەنگدانی تایبەت درێژە پێدەدات كە ناوی دووبارەی زۆری تێدایە".
ئەو رێكخەرە پێشنیاری بۆ بوونی تۆمارێكی دەنگدەرانی خاوێن كرد لە ماوەیەكی دیاریكراودا، كە تیایدا بەبێ پشتبەستن بە تۆماری دەنگدەرانی رابردوو ماوەیەك دیاریبكرێت‌ بۆ سەرلەنوێ تۆماركردنەوەی ناوەكان و وتی "پابەندبوون بە ‌چوارچێوەیەكی یاسایی و ئەوەی هەموو هاوڵاتییەكی هەرێمی كوردستان ‌دەنگدەرە بە مەرجێك لە ماوەی هەمواری تۆماری دەنگدەرانی تازە لە كوردستان ناوی تۆماركرابێت، هەر كەسێك ناوی لەو تۆمارە نەبێت ناتوانێت بەشداری بكات لە هەڵبژاردن، بەمەش تۆمارێكی دەنگدەرانی پاك و بێگەردمان دەبێت وه لەسەر ئەو بنەمایە دێین داتاكان وەردەگرین، بەڵام مەرجە ئەو تۆماركردنە پشتبەستوو بێت بە بەڵگەنامەی عێراقی".
لە كاردانەوەی ناڕەزایی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری عێراق و تۆمەتەكانی ساختەكاری، بە رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان رۆژی 24ی ئایار كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا سیستەمی ئەلیكترۆنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی ئەم ساڵ پەیڕەو نەكرێت. بەڵام رای رێكخەری تۆڕی شەمس وابوو كە "گرفتەكە لە سیستەمی ئەلیكترۆنی یان پێشوو نییە، بەڵكو لەوەدایە كە كۆمسیۆن چەندە سەربەخۆیه و‌ ئیرادەی هەیە و دەتوانێت رووبەڕووی هەر هەوڵێكی ساختەكاری ببێتەوه، لەم پرۆسەیەدا كۆمسیۆن چەندە بێ لایەنن و بە یەك چاو سەیری هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكەن و رێگری لە هەوڵەكانی ساختەكاری دەكەن". 
بۆیە ئەو پیێ وابوو "هەوڵی ساختەكاری هەیە بەڵام دەبێت پێش بەو ساختەكارییە بگیرێت، پێویستە بیر لە رێگریكردن لەو ساختەكاریانە بكرێتەوه،‌ لەبەرئەوە  گرنگە كەسە پیشەییەكان بۆ پێشگرتن لە ساختەكاری ئەو هەوڵەبدەن، چونكە كەسە حیزبییەكان ئەوەندەی دڵسۆزییان بۆ حیزبەكەیان هەیە بۆ دەوڵەت و یاسا نییە".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand