دوای لابردنیشی سەرۆكی پێشوی شارەوانی سلێمانی بڕیار دەردەكات
2022-03-22 12:03:54
درەو:
سەرۆكی پێشوی شارەوانی سلێمانی دوای چەند رۆژێك لە بڕیاری لابردنی ناونیشانی دەیان دۆنم زەوی سلێمانی گۆڕیوە بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون، كە لە ماستەرپلانی سلێمانیدا شوێنی تەرخانكرواوە بۆ كۆمەڵگەی وەرزشی.
توانا كەمال سەرۆكی پێشوی شارەوانی سلێمانی لە نوسراوێكدا كە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی پارێزگای سلێمانی كردووە داوای گۆڕینی نەخشەی ژمارەیەك پارچە زەوی دەكات كە لە ماستەرپلانی سلێمانیدا شوێنی وەرزش و یاریگای نێودەوڵەتیە بۆ شوێنی نیشتەجێبوون.
نوسراوەكەی توانا كەمال سێ رۆژ دوای لابردنیەتی لە پۆستی سەرۆكی شارەوانی سلێمانی، چونكە بڕیارەكەی توانا كەمال لە 9/2/2022 داوای گۆڕینی ناونیشانی ئەو پارچە زەویانە دەكات، بەڵام بڕیارەكەی وەزارەتی شارەوانی لە رۆژی 6/2/2022 دەرچووە بۆ لابردنی توانا كەمال لە پۆستەكەی و لە خاڵی سێیەمیدا هاتووە كە ئەم بڕیارە لە رێكەوتی دەرچوونیەوە جێبەجێدەكرێت .
ئەو بڕیارەی سەرۆكی پێشوی شارەوانی سلێمانی كە بۆ پارچە زەویەكانی ژمارە (40,31) كەرتی 3/ی بۆگەنەو زەوی ژمارە (50) كەرتی 4/ی وڵوبەو زەویەكانی ژمارە (1,2,3,4,5,6,27 )كەرتی 7/ی ئاوبارە كە بە دەیان دۆنم زەوی دەبێت، لە نوسراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە چالاكیەكەی بەپێی نەخشەی ماستەرپلانی شاری سلێمانی، بۆ چالاكی وەرزشیەو لەبەر ئەوەی بەپێی واقع حاڵ بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون گونجاوە و لە ماستەرپلاندا شوێنی تر تەرخانكراوە بۆ یاریگای نێودەوڵەتی.
ئەم داواكارییەی سەرۆكی پێشوی شارەوانی سلێمانی هەوڵێكە بۆ گۆڕینی ماستەرپلانی سلێمانی
ماستەرپلانەكەی سلێمانی كە لە ساڵی 2003 لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەڵمانیەوە دانراوە، ڕووبەرەكەی 472 كیلۆمەتر چوار گۆشەیەو لەبازگەی كەڵەوانان لەباكوری ڕۆژئاوای سلێمانییەوە درێژدەبێتەوە كە(24كم باكوری ڕۆژئاوای سلێمانی 25 كیلۆمەتریش ڕۆژئاوای سلێمانی كە بازگەی ئەڵاییە دەكات و 12كم باكوری سلێمانی كە بازگەی دۆڵەروِت دەگرێتەوەو لەگەڵ 17 كم باشوری ڕۆژهەڵاتی سلێمانی كە بازگەی نێوان عەربەت و سلێمانی دەكات).