بە بێ رێككەوتن كۆبونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ناكرێت
2022-03-19 13:50:38
درەو:
رۆژی شەممەی داهاتوو وادەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقە، بە بێ رێككەوتن هیچ لایەنێكیان ناتوانێت نیسابی یاسایی تەواو بكات كە (220) ئەندامە، پسپۆڕێكی ياسايى عێراق دەڵێت ئەگەر تا 6ی نیسان سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرێت دەبێت پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوەو هەڵبژاردن بكرێتەوە
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی شەممەی داهاتوو 26/3/2022 كۆببێتەوەو سەرۆك كۆمار هەڵببژێرێتو دەنگیش بدات لەسەر سەرۆكی لیژنە هەمیشەییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران.
بەگوێرەی دەستوری هەمیشەیی عێراقو بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دوولەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی بەشدار بن كە دەكاتە (220 ) پەرلەمانتار, بەڵام بەهۆی رێككنەكەوتنی لایەنە شیعەكان لەسەر دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران و رێكنەكەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو دابەشبوونی هەردوو حزب بەسەر دووبەرەی جیاوازدا پێناچێت ئەنجومەنی نوێنەران لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار سەركەوتوو بێت.
یەكێتی لە بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگیە كە بەهەموویان نزیكەی ( 130 ) پەرلەمانتاریان هەیەو پارتیش لەگەڵ رەوتی سەدر و هاوپەیمانی سیادە، هاوپەیمانی سێقۆڵییان پێكهێناوەو ژمارەی كورسییەكانیان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا دەگاتە نزیكەی ( 170) كورسی، هیچكام لەو دووبەرەیە بەتەنیا ناتوانن نیسابی یاسای كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواو بكەن.
تا ئێستا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە نە لە نێوان لایەنە شیعەكان بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران و نە لە نێوان پارتی و یەكێتی بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار، بۆیە ئەگەر تا رۆژی شەممە رێككەوتن نەكرێت، نیسابی یاسایی كۆبونەوەكە تەواو نابێت.
عەلی تەمیمی شارەزای یاسایی عێراقی دەڵێت ئەگەر هەتا 6ی نیسان سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێدرێت ئەوا وڵات بەرەو هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانو هەڵبژاردنی پێشوەخت هەنگاو دەنێت.
تەمیمی لە لێدوانێكیدا بۆ میدیا عێراقییەكان دەڵێت: بەبڕیاری ژمارە 24ی ساڵی 2022ی دادگای فیدراڵی بۆ كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكەجا و بە گوێرەی مادەی 27ی دەستوری هەمیشەیی عێراق سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران 30 رۆژی بەردەستدایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار, واتە دەبێت لە 6ی ئازارەوە بۆ 6ی نیسان سەرۆك كۆمار هەڵببژێردرێت.
تەمیمی ئاشكرایكرد 26ی ئازار بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاریكراوە ئەگەر لەو دانیشتنەدا سەركەوتوو نەبوو, ئەوا سەرۆكایەتی پەرلەمان دەتوانێت تەنها تا 6ی نیسان دوایبخاتو ئەگەر لەو ماوەیە تێپەڕیكرد ئەوا پێشیلێكردنی تەواوەتی بڕیاری دادگای فیدراڵییە كە رێگەی داوە تەنها یەكجار دەرگای خۆپاڵاوتن بكرێتەوە.
تەمیمی راشیگەیاندووە كە ئەگەری ئەوە هەیە بە داواكاری یەك لەسەر سێی پەرلەمانو رەزامەندی زۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بە گوێرەی مادەی 64ی دەستور یان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوەو لەو حاڵەتەشدا حكومەتی ئێستا وەك حكومەتی كاربەڕێكەر بەردەوام دەبێت و هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام دەدرێت.