سكاڵایەكی نوێ دژی هەرێم لە دادگای فیدراڵی
2022-03-19 10:54:20
(درەو):
پەرلەمانتارێكی شیعە لە سكاڵایەكدا كە لە دادگای فیدراڵی تۆماریكردووە دەڵێ" بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان دەستوری نییە، دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردنو یاسادانانی هەرێم نادەستورین" داوا دەكات مامەڵەی دەسەڵاتەكانی عێراق لەگەڵ هەرێم رابگیرێت، دەڵێ ناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێم نادەستورییە.
عودەی عەواد پەرلەمانتاری لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی سكاڵایەكی نوێی لەدژی هەرێمی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تۆماركردووە.
لە سكاڵاكەیدا ئەم پەرلەمانتارە داوا دەكات، دەسەڵاتە فیدراڵییەكانی عێراق (جێبەجێكردنو یاسادانان) مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان (جێبەجێكردنو یاسادانان) نەكەن، بەوپێیەی دەسەڵاتەكانی هەرێم (حكومەتو پەرلەمان) هیچ بنەمایەكی دەستوریو یاساییان نییە.
ئەم پەرلەمانتارە، بۆ تۆماركردنی سكاڵاكەی لەسەر هەرێم پەنای بۆ ئەوە بردووە هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا دەستوری نییە، ئەمە لەكاتێكدایە وەكو ئەو لە سكاڵاكەیدا باسیكردووە، ماددەی (120)ی دەستوری عێراق كە 2005 خەڵكی هەرێمی كوردستان دەنگیان پێداوە، داوا دەكات هەرێمی كوردستان دەستورێك بۆخۆی دابنێتو لەسەر بنەمای ئەو دەستورە پەیكەری دەسەڵاتەكانی هەرێمو دەسەڵاتو میكانیزمەكانی پەیڕەوكردنی ئەو دەسەڵاتانە دیاری بكات، بەجۆرێك دەستورەكەی هەرێم پێچەوانەی حوكمەكانی دەستوری ساڵی 2005ی عێراق نەبێت.
لەسەر بنەمای ئەم سكاڵایە، پەرلەمانتارەكە دەڵێ" هەموو ئەو سولفە داراییانەی كە سەرۆك وەزیرانی عێراق داویەتی بە حكومەتی هەرێم، كارێكی نادەستوریو بەهەدەردانی سامانی گشتییە، چونكە حكومەتی هەرێم نادەستورییە".
باسلەوەشدەكات، كورتكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار تەنیا بۆ كاندیدی پارتیو یەكێتی بەهەمان شێوە نادەستورییە، بەوپێیەی سەرۆك كۆمارەكانی عێراق هەمویان بەشدارییان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستاندا كردووەو دادگای باڵای فیدراڵیش دەرەنجامەكانی ریفراندۆمی هەڵوەشاندوەتەوە.
عودەی عەواد داوا لە دادگای باڵای فیدراڵی دەكات، حوكمێك بۆ نادەستوریبوونی مامەڵەی دەسەڵاتە فیدراڵییەكان لەگەڵ سەرجەم دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان رابگرێت.