Draw Media

هاوسەری پێشووی كازم ساهر لە سلێمانی بەخاكدەسپێردرێت

هاوسەری پێشووی كازم ساهر لە سلێمانی بەخاكدەسپێردرێت

2022-03-19 08:32:11


 
(درەو): 
(عروبە ساهر) هاوسەری پێشووی هونەرمەند كازم ساهرو دایكی دوو كوڕەكەی، لە نەخۆشخانەی (فاروق) لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، هاوسەری پێشووی كازم ساهر كە لەگەڵ منداڵەكانیدا لە شاری (دوبەی)ی ئیمارات ژیاوە، بەمدواییە بەسەردانێك گەڕاوەتەوە بۆ بەغداد، لەوێ باری تەندروستی تێكچووە، بەر لە سێ رۆژ رەوانەی نەخۆشخانەی (فاروق) كراوە لە سلێمانی. 
(عروبە ساهر) توشی جەڵتە بووە، بڕیار بووە نەشتەرگەریی بۆ بكرێت، بەڵام بەهۆی ناجێگیری دۆخی تەندروستییەوە نەشتەرگەرییەكەی بۆ نەكراوە‌و بەوهۆیەوە كۆچی دوایی كردووە. 
(عروبە) كچە مامی كازم ساهرە، لە تەمەنی 19 ساڵیدا‌و لە كۆتایی هەفتاكانی سەدەی رابردوودا لەگەڵ كازم ساهیر هاوسەرگیری كردووە‌و دوو كوڕی هەیە بەناوەكانی (وسام، عومەر)، ساڵی 1996 لەكازم ساهر جیابوەتەوە، سەرباری جیابونەوەیان، بەپێی قسەی كازم، پەیوەندی نێوانیان بەردەوام بووە‌و پەیوەندییان دانەبڕیوە‌و بەرێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ یەكتر كردووە. 
كازم ساهر كە دوای جیابونەوەی لە عروبە تائێستا هاوسەرگیری دووەمی نەكردووە، لە یەكێك لە چاوپێكەوتنەكانیدا باس لەوە دەكات، هەرجارێك بیری لەوە كردبێتەوە هاوسەرگیری بكاتەوە، هەستی هاوسەری پێشووی لەبەرچاو گرتووە‌و نەیتوانیوە هاوسەرگیری بكاتەوە. 
كاتێك دوێنێ هەواڵی مردنی هاوسەری پێشووی راگەیاند، كازم ساهر لە ئەمریكا بوو، لەوێ سەرقاڵی سازدانی زنجیرە كۆنسێرتێكە، لەم گەشتەدا (وسام)ی كوڕە گەورەشی هاوڕێیەتی دەكات، دوای مردنی دایكی منداڵەكانی، كازم ساهر لە فەیسبوكی خۆیەوە ئاگادارییەكی بڵاوكردەوە‌و رایگەیاند، بەهۆی بارێكی نائاساییەوە هەموو كۆنسێرتەكانی لە ئەمریكا‌و كەنەدا هەڵدەوەشێنێتەوە‌و ئەوانەی بلیتیان كڕیوە دەتوانن پارێزگاری لە بلیتەكانیان بكەن، تاوەكو لە دەرفەتێكی تردا دەگەڕێتەوە‌و كۆنسێرتەكانی تەواو دەكات. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بڕیاری هاوسەری پێشووی كازم ساهر لە گۆڕستانی (بەكرەجۆ) بەخاكبسپێردرێت، كەسوكارەكەی چاوەڕوانی گەڕانەوەی (وسام) كوڕە گەورەی كازم دەكەن لە ئەمریكا، بڕیاری خێزانەكەی كازم بۆ بەخاكسپاردنی (عروبە) لە سلێمانی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كوڕەكانی بتوانن بەشێوەیەكی بەردەوام سەردانی گۆڕی دایكیان بكەن، بەتایبەتیش كە سلێمانی‌و هەرێمی كوردستان بەبەراورد بە ناوچەكانی تری عێراق، لەڕووی ئەمنییەوە سەقامگیرترە. 
پێناچێت كازم ساهر خۆی بۆ بەشداری لەم مەراسیمە سەردانی سلێمانی بكات، كازم بەهۆی ئەو جەماوەرە بەرفراوانەی كە هەیەتی، خۆی دەپارێزێت لە سەردانكردنی شارێكی عێراق‌و پشتگوێخستنی شارێكی تر، ئەو جارێك لە چاوپێكەوتنێكدا وتی، هۆكاری لە هەولێر كۆنسرێت ساز ناكات بۆ ئەوەیە، بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە ناتوانێت لە شارەكانی تریش كۆنسێرت بكات‌و ئەمەش جەماوەرەكەی نیگەران دەكات. 
كازم نازناوی (باڵیۆزی گۆڕانی عێراقی)‌و هەندێك لەمەش زیاتر پێی دەڵێن (باڵیۆزی گۆرانی عەرەبی)، گۆرانیبێژو مۆسیقارو ئاوازدانەرو هاوكات شاعیریشە، زۆرینەی گۆرانییەكانی لە ئاوازی خۆیەتی، دابەشكردنی مۆسیقاشی بۆ هەندێك لە گۆرانییەكانی كردووە، یەكەمین ئاواز لە تەمەنی 12 ساڵیدا دایناوە. 
دوای تەواوكردنی خوێندن لە (پەیمانگای مامۆستایانی بەغداد)، لە خوێندنگەی یەكێك لە گوندەكانی قەزای (ئاكرێ)ی كوردستان وەكو مامۆستا دامەزراوە. 
كازم ساهر لە كۆتایی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، لە سلێمانی كۆنسێرتێكی هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەند (كامەران عومەر) كردووە، لە هەرێمی كوردستان پێگەیەكی جەماوەریی گەورەی هەیە‌و لەگەڵ كۆمپانیای (ئاسیاسێل) ریكلامی هەیە‌و پۆستەرەكانی لە سلێمانی هەڵواسراون. 
كازم گۆرانییەكی كوردی وتوەتەوە كە گۆڕانی (مینا عەمرم مینا)یە‌و دەڵێ باوكی زۆر حەزی لەو گۆرانییە كردووە، بەمدواییەش باسی لەوەكرد، حەز دەكات گۆرانی كورد بڵێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand