ئایا شوێنی موشەکە ئێرانیەکە لە هەولێر بارەگاى مۆساد بووە؟
2022-03-17 18:18:57
عەبدوڵا حەوێز
- هێرشە موشەکیە بالستیەکەى ئێران ترسناکترین هێرشی راستەوخۆى ئێرانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و یەکەمجاریشە ئامانجەکە کۆنسڵخانەى ئەمریکا یاخود بنکەى سەربازی ئەمریکی نەبووە.
- ئێران دەڵێت بارەگایەکی مۆساد بە ئامانج گیراوە و حکومەتى هەرێمی و سێ بارزانیەکە بە ئاشکرا رەتی دەکەنەوە کە ئەم شوێنە هیچ پەیوەندیەکى بە ئیسرائیل هەبوبێت و دەڵێن تەنها ماڵی شێخ بازە بووەو بەس.
- ئەوەى جێی سەرنجە کە زیاتر لە بەرپرسێکی ئەمریکی کە ئاگاداری زانیاری ئیستخباراتی ئەم وڵاتەن بە نیۆیۆرک تایمزو واشنتن پۆستیان وتووە ئەم شوێنەى بۆردومان کراوە سەنتەری راهێنان و جوڵەى مۆسادی ئیسرائیلی بووە (١)(٢)
- ئەوەى ترسناتریشە ئەوەیە کە دوو بەرپرسی ئەمریکی ئاگادار دەڵێن مۆساد لە هەولێرەوە لەرێی درۆنەوە هێرشی کردۆتە سەر سەنتەرێکی بەرهەمهێنانی فڕۆکەى بێ فرۆکەوانى ئێران مانگی رابردوو لە نزیک کرماشان (١)
- زۆربەى ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ئەم شوێنەى بۆردومان کراوە وەک سەنتەرێکی مۆساد بەکارهێنراوەو راپۆرتەکان لە رۆژنامە ئیسرائیلیەکان و چەند تێبینی تریش لەسەر ئەرزی واقیع بەم ئاڕاستەیەن (٣).
- ئەوەى زیاتریش جێی سەرنجە ئیلحاحی ئەمریکیەکانە کە ئێران بەرژەوەندیەکانى ئەمریکای نەکردۆتە ئامانج (٤) کە مانای وایە ئەمریکا وەڵامی نابێت و سەیرتریش ئەوەیە بەرپرسانی ئەمریکی زانیاری ئەوەیان دزەپێکردووە کە ئەم شوێنەی بۆردومان کراوە لەلایەن مۆسادەوە بەکارهێنراوە (بەرپرسانی ئەمریکا تەنها ئەو کاتەى خۆیان دەیانەوێ و بە مەبەست زانیاری بە رۆژنامەنوسان دەدهن.)
- پەیوەندیەکانى پارتی بەتایبەت بنەماڵەى بارزانی لەگەڵ ئیسرائیل تازە نین (٥) و بەشێکی زۆرى نەوتی کوردستان بە نرخی ١٠-١٢ دۆلار هەرزانتر لە بازار بە ئیسرائیل دەفرۆشرێت (٦).
- گرنگە ئاماژە بەوە بدەم کە وەک بەشێک لە رێککەوتنی ناوەکی ئێران کە ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدایە، ئەگەری زۆرە پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەمریکی دەربهێنرێت کە ئەمەش لە رووی ئابوریەوە دەستی پاسداران کراوەتر دەکات (٧).
- بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، لەکاتێکدا نەوتی کوردستان زۆر بە هەرزانی بە ئیسرائیل دەفرۆشرێت و رێگە دەدرێت مۆساد کوردستان بەکاربهێنێت بەرامبەر بە وڵاتێکی دراوسێ و گرنگی وەک ئێران، بەرامبەر ئەوە پارتی چی دەسدەکەوێت، ئەدی رای لایەنەکانى تر چیە؟
- ئەم موناقەشەیە گرنگە بکرێت چونکە ئەگەری زۆریش هەیە ئەم شەرە ناراستەوخۆیەى ئێران و ئیسرائیل زیاتر ببێت بەتایبەت کە نفوزی ئەمریکا رۆژ دواى رۆژ لە پاشەکشەیە و کوردستان یەکێک بێت لە گۆرەپانە سەرەکیەکانى شەری نێوان ئێران- تورکیا- ئیسرائیل و زەرەرمەندی گەورە هاوڵاتی ئاسایی دەبێت.
-
١- https://www.nytimes.com/.../iran-israel-attack-drone-site...
٢- https://www.washingtonpost.com/.../03/12/irbil-attack-iraq/
٣- https://www.haaretz.com/.../covert-drone-war-between...
4- https://twitter.com/LucasFoxNews/status/1503006822621491211
5- https://www.nytimes.com/.../kurds-independence-israel.html
6- https://www.middleeasteye.net/.../majority-israeli-oil...