Draw Media

خامنیەیی لە ھەڵەبجە بوو

خامنیەیی لە ھەڵەبجە بوو

2022-03-17 14:23:05


(درەو):
ئازاری 1988 کە ھەڵەبجە لەلایەن سوپای عێراقەوە کیمیاباران کرا، عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاخی (شنروێ)ی هەڵەبجە بووەو دیمەنەکانی ھەڵەبجەی بەچاوی خۆی بینیوە.
لەدوای كیمیابارانی هەڵەبجە، ئێران بڕیاریداوە بارەگایەكی لەسەر شاخی (شنروێ) دابنێت بەناوی " قەرارگای نەجەف"، خامنەیی سەردانی ناوچەکی کرد بۆ ئەوەی کارەکانی دروستکردنی بنکەکە ببینێت.
كوروش ئاسیبانی یەکێک لەو کەسانەی کە لە وێنەکەدا لەگەڵ خامنەیی لە شاخی شنروێ دەرکەوتووە، لەبارەی ئەم وێنەیەوە دەڵێ" ئەمە دواین رۆژەكانی مانگی ئازاری 1988 بوو، سەركەوتینە سەر بەرزاییەکانی شاخی شنروێ بۆ ئەوەی لەوێ بنكەیەك دروست بكەین بۆ پاراستنی ناوچەكە، من لەو سەردەمەدا بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی لەشکری 11ی ئەمیری موئمینین بووم".
ئاسیبانی باسلەوەدەکات" لەو سەردەمەدا ھێزەکانی عێراق کۆنترۆڵی خاکی ناوچەکەیان لەدەستداوە، بەڵام ئاسمان ھێشتا لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا بووە، فڕۆکەکانی عێراق بەردەوام بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوەو  بۆردومانیان کردووە، تۆپخانەکانیشیان بێ کار نەبوون و ئاگربارانیان کردووە".
"كە چوینە سەر بەرزاییەكانی شنروێی پشتی هەڵەبجە، کاتێک لە ئۆتۆمبێلەكەمان دابەزین، بینیمان هێلیكۆپتەرێك دەسوڕێتەوەو دەیەوێت بنیشێتەوە، لە خۆمان پرسی لەم دۆخە ناھەموارەی ئاسماندا کێیە بە ھێلیکۆپتەر ھاتووە بۆ ئێرە، كاتێك سەرنشینەكان دابەزین، بینیمان ئایەتوڵا عەلی خامنەیی بوو كە لەو كاتەدا سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای بەرگری ئێران بوو".
ئاسیبانی دەڵێ" کە خامنەیی لە ھێلیکۆپتەرەکە دابەزیوە، ھەمومان بە خێرایی سواری ئۆتۆمبیل بوین و بەرەو شوێنی دروستکردنی قەرارگای نەجەف رۆیشتین.. کە گەیشتین ھێشتا چەند خێوەتێک دانرابوو.. حەزرەتی ئاغا لە ئۆتۆمبیلەکە دابەزی، ھێزەکانی سوپا سەرقاڵی لێدانی سەنگەر بوون.. حەزرەت لەژێر یەکێک لە چادرەکان دانیشت، لەوکاتەدا فڕۆکەکانی عێراق بەبەردەوامی بۆمبارانیان دەکرد، دەترساین بۆمبێک لەم ناوچەیە بکەوێتە خوارەوە".
"ھەموو ناوچەکانی ھەڵەبجە بۆردومن دەکرا، تەنانەت زانرابوو کە بە چەکی کیمیاوی لە ھەڵەبجە دەدرێت، حەزرەتی ئایەتوڵڵا زۆر نیگەران بوو، چونکە جگە لە ھێزەکانی ئێمە، خەڵکی بێ بێتاوانی ھەڵەبجە دەبونە قوربانیی، بۆیە ئایەتوڵڵا بڕیاریدا سوپا بەزوترین کات خەڵکی ھەڵەبجە رزگار بکەن و بیانگوازنەوە بۆ ئۆردوگاکان و نەخۆشخانەکانی پشتی بەرەکانی شەڕ.. ".
بەپێی قسەی ئاسیبانی،ئەم وێنەیە ئەوكاتە گیراوە كە خامنەیی لە ئۆتۆمبێل دابەزیوە بەرەو  شوێنی دروستکردنی قەرارگای نەجەف رۆیشتووە، خامنەیی نزیكەی (8-9) کاتژمێر لە بەرزاییەكانی شنروێ ماوەتەوەو دواتر بە ھێلیکۆپتەرەکەی گەڕاوەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand