Draw Media

كارەساتی هەڵەبجە

كارەساتی هەڵەبجە

2022-03-15 17:30:16


درەو:

نەوشیروان مستەفا لە كتێبی خولانەوە لەناو بازنەدا, دیوی ناوەوەی روداوەكانی كوردستانی عێراق لە 1984 تا 1988 دا دەڵێت: 
لەگەڵ زۆربونی گوشاری دوژمن بۆسەر ناوچەكەی ئێمە، مەترسی ئەوە زیادیكرد، كە جەیشی عێراق ناوچەكەمان لێداگیربكات، گیرانی بارەگاكانی سەركردایەتی یەكێتیش لە دۆڵی جافایەتی ئەبو بەهۆی هەرەسهێنانی بەرگری لەناوچەكانی كەداو لە ئەنجامدا هەرەسهێنانی بزوتنەوەی چەكداری لە كوردستانی عێراقدا، ئەبو بەهەرجۆرێك بێ كارێك بكەین جوڵانەوەكەمان لەروخان رزگار بكەین، نەخشەی ئازادكردنی هەڵەبجە لەمێژبوو ئامادەكرابوو فەرەیدون عەبدولقادرو د. فوئاد مەعسوم، لەوكاتەدا لە ئێران بوون، داوامان لێكردن پەلە لە جێبەجێكردنی بكەن، بۆ ئەوەی ئەگەر عێراق بارەگاكانی سەركردایەتی داگیركرد، شوێنێكی تری هەبێ بۆی بچێ و بارەگای لێدابنێ، شەوكەتی حاجی موشیر كە خۆی لە ئێران بوو زۆر لە مێژبوو بیری لە ئازادكردنی هەڵەبجە ئەكردەوە، فەرەیدون و د. فوئادیش بەلایانەوە باش بوو شەوكەت ببێتە سەركردەی ئەم كارە، بۆ ئەم مەبەستە  حامیدی حاجی غالی و قادر كۆكۆی و قادر خەبات و هەندێ هێزو كادیری تریان تەرخانكرد، لەگەڵ لایەنەكانی تریش قسەیان كردبوو، ناوچەكەیان بەم جۆرە دابەشكردبوو:
•    هێزەكانی یەكێتی بەرپرسی گرتنی تۆپخانەكانی دۆڵەمەڕ و ناوشاری هەڵەبجەبێ.
•    هێزەكانی فەیلەقی بەدر بەرپرسی گرتنی شاخی شنروێ و باڵانبۆ بێ.
•    هێزەكانی حیسك بەرپرسی گرتنی پردی زەڵم بێ، 
•    هێزەكانی پارتی بەرپرسی ئازادكردنی خورماڵ بێ
•    هێزەكانی بزوتنەوەی ئیسلامی بەرپرسی كاروباری لۆجستی بن.
ئێوارەی رۆژی 14ی مارت هەموو هێزەكان ئامادەكرابوون، بۆ رزگاركردنی هەڵەبجە دەستیان كرد بە جوڵان، هەمان شەو هەڵەبجە گیرا، هەموو هێزەكانی عێراق خۆیان بەدەستەوەدا یان هەڵاتن، راستیەكەی ئێمە چاوەڕێ نەبووین وا بە ئاسانی هێزەكانی عێراق هەرەس بهێنێ و هەڵەبجە بگیرێ، بەڵكو بەتەمابووین ناوچەكە ببێتە شەڕگایەكی فراوان و گەورەی نێوان هێزەكانی كورد و عێراق، نێوان هێزەكانی ئێران و عێراق، بەویش عێراق ناچار ئەبێت هێزەكانی هێرشی ئەنفالی (1 ) سوك بكات، بەڵام سەركردایەتی عێراق بە فەرمانی سەدام  هەڵەبجەیان فەرامۆشكردو هیچ هێزێكیان بۆ گرتنەوەی نەنارد، لە باتی ناردنی هێز وەكو لیوا روكن وەفیق سامەڕائی لە كتێبەكەیدا ( حیتام البوابە شەرقیە) نوسیویەتی: رۆژی 16ی مارت 50 فڕۆكەی هێرشی زەمینی كە هەریەكەیان 4 بۆمبای 500 كیلۆگرامی كیمیاییان هەڵگرتبوو هەڵەبجەیان بۆمبارانكرد، بەو پێیە 200 تۆن گازی ژەهراویان بەسەر هەڵەبجەدا باراند.
ئازادكردنی هەڵەبجە بە بۆمبارانی كیمیایی و كوژرانی پێنج هەزار كەس و برینداربوونی پێنج هەزار كەس و چۆڵكردنی ناوچەكەو داگیركردنی لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە تەواو بوو 
بەشداری ئێرانیەكان لەسەرەتای گرتنی هەڵەبجەدا شتێكی رەمزیو مەعنەوی بوو تا دوای كیمیابارانی هەڵەبجە، ئەگەر ئێران بە زووی فریای دانیشتوانی هەڵەبجە نەكەوتایە دانیشتوانی ناوچەكە هەمووشیان نەمردنایە لەوانەبوو ژمارەی كوژراوو بریندار چەند قات لەوە زیاتر بوایە
 ئەگەر ئێران پەیامنێری دەزگاكانی راگەیاندنی جیهانی بانگ نەكردایە بۆ بینی كارەساتی هەڵەبجە، ئەم كارەساتەش وەكو كارەساتی ئەنفال كە زۆر گەورەتر بوو لە كارەساتی هەڵەبجە بە بێ دەنگی تێ ئەپەڕی و لە دنیادا كەس پێی نەئەزانی و باس نەئەكرا.
دوای ئەوەی هێزی ئێران رژایە ناوچەكەوە كە بەتەواوی چۆڵ بوبو دەستی بەسەر هەموو كەل و پەلی ناو ماڵ و دائیرە و كارگەكانی هەڵەبجەدا گرت و گوێزایەوە تەنانەت دانەوێڵەی ناوچەكەشی دووریەوە بەمەیش هەموو ئەو پارەیەی لە زەمانی شاوە تا ئەو كاتە لە یارمەتیدانی كوردی عێراقدا خەرجی كردبوو دەرهێنایەوە.

-    كتێبی خولانەوە لەناوبازنەدا, نوسینی نەوشیراون مستەفا ئەمین،لاپەڕە   144.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand