كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەڵگەیەكی لەسەر پارێزگاری كەركوك ئاشكراكرد
2018-05-28 20:43:01
(درەو میدیا):
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەبەڵگەیەكی لەسەر راكان سەعید جبوری پارێزگاری كەركوك بڵاوكردەوە، راكان جبوریش وەڵامی كۆمسیۆنی دایەوە.
سەفا جەباری بەڕێوەبەری كارەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە كە پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت ئاڕاستەی كۆمسیۆنی دەكات و دەڵێت" یاری بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە كراوە".
كۆمسیۆن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانە، بەڵگەنامەیەكی بڵاوكردەوە لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە لە كەركوك كە راكان سەعید جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت ئیمزای لەسەر كردووە و دانی بەوەداناوە ئەنجامەكان هاوشێوە و راست و دروستن.
لەبەرامبەردا راكان جبوری بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رەتیكردەوە ئەو ئیمزای لەسەر كۆی گشتی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كردبێت.
جبوری ئاماژە بەوەدەكات، ئەوە ئیمزایەی كە كۆمسیۆن بڵاویكردوەتەوە تایبەتە بە جیاكردنەوەی و ژماردنی دەنگەكان لە وێستگەی (5)ی ناوەندی دەنگدانی خوێندنگەی حەویجەی ناوەندی بۆ دەنگدانی تایبەت، كە تێیدا پسوڵەی ئەنجامەكان (175) دەنگی بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نوسیوە، لەكاتێكدا دەنگدەران هەمویان ئەفسەرو كارمەندی پۆلیسی فیدراڵی بوون و خەڵكی باشوری عێراق بوون.
هەر لەبارەی ئیمزاكەوە جبوری باسلەوە دەكات، ئەوكاتە ئەو لە بەغداد بووە و لەبارەگای ناوەندی نیشتیمانی سندوقەكە كراوەتەوە و هیچ دەنگێكی یەكێتی نیشتیمانی تێدا نەبوو، پێشنیاز كراوە پشت بە سندوق و میمۆرییەكی (ئێس دی رام)ی نوێ ببەسرێت، لە میمۆرییە نوێیەكەشدا كە میمۆرییەكەی كەركوك نەبووە و تێیدا یاری بە دەنگەكانەوە نەكراوە، خوێندنەوەی ئامێرەكە بە هەمان شێوە هاوتای كارتەكان بووە و هیچ دەنگێكی یەكێتی نیشتیمانی تێدا نەبووە، ئەوكات ئەو ئیمزای كردووە.
راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت ئەمڕۆ رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی كەركوكدا یاری بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە كراوەو دوای بڕیاردانیش لە پشكنینەوەی سندوقەكانی دەنگدان لە بەغداد دەریخست قسەی خۆپیشاندەرانی كەركوك راست بوو.
وێنەی ئیمزاكەی راكان جبوری: