Draw Media

ئەبو كاروان: ئێمە گەورەترین قوربانی ساختەكاری بوین

ئەبو كاروان: ئێمە گەورەترین قوربانی ساختەكاری بوین

2018-05-28 19:03:22


گفتوگۆی: درەو میدیا 

“ ئێمە گەورەترین قوربانی ساختەكاری بووین، لە هەڵبژاردنەكاندا تەنانەت  لەو سندوقەی من دەنگم تێدا داوە، هیچ دەنگێكی حزبی شیوعی كوردستانی تێدا نییە، ئەمە ئەگەر گەورەترین فەزاحەت نەبێ، چییە؟" ئەمە وتەی ئەبو كاروان ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستانە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ( درەو میدیا) ئاماژەی پێكردووە.
ئەبو كاروان دەشڵێت " ئێمە نەك هەر نیگەران و ناڕازین لەهەڵبژاردنی ١٢ی ئایار، بەڵكو سەرلەبەری پرۆسەكە ڕەتدەكەینەوە، درەو میدیا چەندین پرسیاری روبەرووی ئەبوكاروانكردۆتەوە بەتایبەتیش بوونی كاندیدی لەچك لەسەر لە لیستەكەیاندا ئەو دەڵێت" لەڕێڕەوی تێكۆشانی ئێمەدا لەچك شتێك نییە ببێتە لەمپەر پێش مرۆڤبوونی- مێینە، بوونی یا نەبوونی پەیوەستە بەخودی هاوڕێیانی ئافرەتمانەوە، ئێمە تەداخول لە چییەتی و چۆنێتی پۆشیندا ناكەین، ئەوە ئازادییە، ویستی تاكەكەسیەو مافی هیچ كەسێك نییە شێوازی پۆشین  بەسەر ئەویتردا بسەپێنێت"
سەبارەت بە هاوپەیمانی حزبی شیوعی عێراقی لەگەل موقتەدا سەدردا كەر زۆر گفتوگۆی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەبو كاروان دەڵێت" هەڵبەت شوناسی فیكری هەر هێزێكی سیاسی نابێتە رێگر لە كاری سیاسی هاوبەشدا، بەلاكەی تریا كاری هاوبەش بەمانای سازشكردن نایەت لەسەر فیكر،لەنێو بەرنامەی ئەو كارە هاوبەشەدا زۆرینەی دروشم و ئەو مەبدەئانەی حزبی شیوعی عێراق تێكۆشانی لەپێناو دەكات چەسپێنرابێ، ئەگەر سەرنجتان دابێ بەرنامەی هاوپەیمانی سائیرونی ( موقتەدا سەدر) بەدیدێكی شیوعیانە داڕێژراوە"
دەقی چاوپێكەوتنەكە 


درەو میدیا: با سەرەتا لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە دەستپێبكەین، حزبی شیوعی لەگەڵ پێنج لایەنی تر لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ١٢ی ئایار نیگەرانن، بەدیاریكراوی ئێوە لە چی نیگەرانن ؟
ئەبوكاروان: بەڵێ ئێمە نیگەرانی و ناڕازین لەبارەی هەڵبژاردنی ١٢ی ئایار، بەڵكو سەرلەبەری پرۆسەكە ڕەتدەكەینەوە، چونكە ئەگەر هەڵبژاردن یەكێك بێت لەئامرازە هەرە گرنگەكانی دیموكراسیەت و گەڕانەوە بێت بۆ دید و ئیرادەی خەڵك ئەوا ئەم هەڵبژاردنە هەموو ئەومانایەی لە ناوەڕۆكی خۆی بەتاڵكردەوە، نێگەرانی وناڕەزایی ئێمە لەبارەی ساختەكاری و تەزویرە، ساختەكاری سیستەماتیك و هەمەلایەنە بووە، بەجۆرێك چەندین ئەندامی سەركردایەتی ئێمە لە وێستگەو سندوقێكی دەنگدان، بەخۆیان و خێزانەكانیانەوە دەنگیانداوە كەچی تاكە یەك دەنگی ئێمەی تێدا نەبووە، هەر بۆیە ئێمە وەكو حزبی شیوعی كوردستان وێڕای ڕەتكردنەوە وتوماركردنی چەندین پێشلكاری و تانە لێدان لەهەڵبژاردن و لە دادگاش داوای یاساییمان لەسەر كۆمسیۆن تۆماركردووە. ئەمە جگە لەوەی هەر بۆ هەمان مەبەست و ڕەتكردنەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ١٢ی ئایار لەگەڵ پێنج لایەنی تری كوردستانی هەوڵەكانمان خستە گڕ بەمەبەستی فشاری هەمەلایەن و هەژماری دەستی دەنگەكان، ئێستا ئێمە ئامادە و كراوەین بۆ هەموو كارێكی هاوبەشی بەمەبەستی ڕێزگرتن لەئیرادە و دەنگی خەڵك.  
 
درەو میدیا: ئەوە راستە دەڵێن تەنانەت دەنگەكەی ئەبو كاروانیش دیارنییە ؟
ئەبو كاروان: بەڵێ لەو سندوقەی من دەنگم تێدا داوە، هیچ دەنگێكی حزبی شیوعی كوردستانی تێدا نییە، ئەمە ئەگەر گەورەترین فەزاحەت نەبێ، چییە؟ 
 

  ئێمە نەك هەر نیگەران و ناڕازین لەهەڵبژاردنی ١٢ی ئایار، بەڵكو سەرلەبەری پرۆسەكە ڕەتدەكەینەوە


درەو میدیا: ئێوە كێ بە بەرپرس دەزانن لە پرۆسەی ساختەكاری ؟
ئەبو كاروان: كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەردوو لایەنی دەسەڵاتدار. 
 
درەو میدیا: جیاوازی دەنگەكانی حزبی شیوعی لەگەڵ هەڵبژاردنی رابردوو چۆنە ؟
ئەبو كاروان: هیچ پێوەرێك نەماوە بۆ بەراورد كردن، من ئەڵێم دەنگی خۆم لەو وێستگەیەی دەنگم تێدا داوە بوونی نییە، ئیدی چۆن بەوراوری نێوان دەنگی ئێستا وداهاتوومان بكەین، هەڵسەنگاندن و بەراورد كاتێك دروستە، كەدەنگی ڕاستەقینە ی خەڵك هەژمار بكرێت، ئەمە جگە لەوەی هەڵبژاردنی ڕابردووش بێبەش نەبوو لەساختەكاری و یاریكردن بەئاكامەكانی دەنگدانەوە.
 
درەو میدیا: حزبی شیوعی عێراق لەم هەڵبژاردنەدا لەگەڵ موقتەدا سەدر هاوپەیمانێتی كرد، ئێوە وەكو حزبی شیوعی كوردستان بۆچونتان لەسەر ئەو هاوپەیمانێتییە چییە، كە لەڕوی فیكرییەوە جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان پێكهێنەرەكانیدا ؟
ئەبو كاروان: پێكەوە دابەزینی حزبی شیوعی عێراق و ڕەوتی سەدر كارێكی ئیرتیجالی نەبوو، بەڵكو بەماوەی زور پێش هەڵبژاردنەكان هەردوولا لەگۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان لەبەغدا و باشووری عێراق كاریان پێكەوە دەكرد و فشاری گەورەیان خستە سەر حكومەت ودام ودەزگاكانی دەوڵەت دژ بەگەندەڵی و گەندەكاران و بەهەدەردانی سامانی گشتی ودابین كردنی خزمەتگوزاری و چاكسازی هەمەلایەن و تێپەڕاندنی موحاسەسەی تایفی، ئەوان نزیكەی لە سێ ساڵە پێكەوە كاریگەورەیان هەبووەو ڕۆڵی گەورەیان بووە لە هێنانە ژێرباری حكومەت بۆ چەندین چاكسازی وەكو لابردنی ژماریەك وەزیری گەندەڵ  و كەمكردنەوەی وەزارەتەكان و دانانی ژماریەكی بەرچاو لە وەزیری تەكنۆكرات و لێهاتوو، لەجێگای ئەو وەزیرانەی كە بەفشاری خۆپیشاندانەكانی ئەو دوو لایەنە دەستیان لەكاردەكێشایەوە، بۆیە كاركردنی لایەنگرانی هەردوولا لە بزاوتی خۆپیشاندانەكان زەمینەی هاوپەیمانی "سائیرون"ی خۆش كرد، یانی ئەو پرۆسەیە شتێك نەبووە لە پڕدا بڕیاری لێوەبدرێت، بەڵكو پرۆسەیەك بووە زەمینەكەی لەنێو جەماوەری هەردوولا ساز بوو، نەوەك لەسەرە بۆ خوارەوە. 
بەڵێ چ لەلای ئێمە وەكو حزبی شیوعی كوردستان و چ لەنێو حزبی شیوعی عێراقیدا تێبینی وتەنانەت ناڕەزایی دروست بوو لەبارەی ئەوهاوپەیمانێتیە و ئەوەش لە ژیانی سیاسی حزبێكی چەپی زیندوو و خاوەن كەلەپورێكی دێرین و گەورە لەتێكۆشان شتێكی ئاساییە.
بۆ وەڵامی بەشێكی تری پرسیارەكەتان، هەڵبەت شوناسی فیكری هەر هێزێكی سیاسی نابێتە رێگر لە كاری سیاسی هاوبەشدا، بەلاكەی تریا كاری هاوبەش بەمانای سازشكردن نایەت لەسەر فیكر، ئەمە چجای ئەوەی كەلەنێو بەرنامەی ئەو كارە هاوبەشەدا زۆرینەی دروشم و ئەو مەبدەئانەی حزبی شیوعی عێراق تێكۆشانی لەپێناو دەكات چەسپێنرابێ.
ئەگەر سەرنجتان دابێ بەرنامەی هاوپەیمانی "سائیرون" لەسەر پێنج تەوەور داڕێژراوە كە هەر پێنجیان حزبی شیوعی عێراق پێش دروستبوونی ئەوهاوپەیمانێتیە خەباتی لەپێناودا كردووە، یەكەمیان جەخت لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتێكی مەدەنی لەسەر بنەمای دادی كۆمەڵایەتی و هاووڵاتیی بوون دەكاتەوە و دوومین جەخت لەسەر باشتركردنی گوزەرانی خەڵك وكەمكردنەوە موچەی پلەباڵاكان و كەمكردنەوەی پاسەوانەكانیان دەكا، سێیەمیان: جەخت لەسەر دژایەتیكردنی گەندەلی و دانانی چەندان ڕێوشوێن دەكات لەو پێناوەدا، چوارمیان: جەخت لەسەر دابینكردنی خزمەتگوزارییە گشتیەكان دەكات، پێنجەمیان: جەخت لەسەر گەشەپێدان دەكات، گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و ئابووری. 
ئەم بەرنامەیە ئەگەر سەرنجی بدەیت بەدیدێكی شیوعیانە داڕێژراوە.

 

لەڕێڕەوی تێكۆشانی ئێمەدا لەچك شتێك نییە ببێتە لەمپەر 


درەو میدیا: ئێوە لە كوردستان بۆچی هاوپەیمانێتیتان لەگەڵ هیچ لایەنێك نەكرد بۆ هەڵبژاردن ؟
ئەبو كاروان: ئێمە لە ٢٨ی دیسمبەری 2017، وەكو یەكەمین هێزی سیاسی كوردستانیی دوای یەك هاوپەیمانی لایەنە كوردستانییەكانمان كرد، حیزب و لایەنە كوردستانییەكان بەیەك لیستی بەشداری هەڵبژاردنی عێراق بكەن، ئەوەمان ڕاگەیاند، هەر بەڕاگەیاندن نەوەستاین، بەڵكو زنجیرەیەك كۆبوونەوەمان لەگەڵ حیزبەكانی كوردستان ئەنجامدا، لەو كۆبوونەوانەدا بەڕوونی پێمانوتن: "بەڕێزان هەلومەرجی وڵاتەكەمان، مەترسیەكانی سەر میللەتەكەمان دەرهاویشتەكانی پاش ١٦ی ئوكتۆبەر وادەخوازێت ناكۆكییەكانمان بەلاوە بنێین و یەك لیستی كوردستانی پێكبهێنین كە بێگومانین بەوشێوەیە بەهێزتر دەبین، یا خود ئەوەش نا، بالە ناوچە دابڕاوەكان یەك لیستی كوردستانیمان هەبێ" بەداخەوە ئەوە بوو وەڵامێكی ئەرێنیمان وەرنەگرت.
هەر بۆیە بینتان ئەو پارچە پارچە بوونە نەبووایە، ئێستا سەنگی كورد لەبەغدا چەند هێندەی ئێستا قورستر دەبوو، ئەمە جگە لەوەی هەزاران دەنگ و چەند كورسیمان لەدەست چوو.
هەر بۆیە بەهاوپەیمانیمان لەگەڵ هیچ لایەنێكی سیاسی نەبەست و بەلیستێكی سەربەخۆ چووینە كێبڕكێی هەڵبژاردنەوە. 
 
درەو میدیا: لە لیستی ئێوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوو ژن هەبوون كە لەچك بەسەر بوون، ئەمە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆر قسەوباسی لەسەر كرا، بۆچونی ئێوە لەوبارەیەوە چۆنە ؟ بۆچی هەموو كاندیدەكانتان لە پارێزگای سلێمانی ژن بوون ؟
ئەبو كاروان: لەڕێڕەوی تێكۆشانی ئێمەدا لەچك شتێك نییە ببێتە لەمپەر پێش مرۆڤبوونی- مێینە، بوونی یا نەبوونی پەیوەستە بەخودی هاوڕێیانی ئافرەتمانەوە، ئێمە تەداخول لە چییەتی و چۆنێتی پۆشیندا ناكەین، ئەوە ئازادییە، ویستی تاكەكەسیەو مافی هیچ كەسێك نییە شێوازی پۆشین بەسەر بەسەر ئەویتردا بسەپێنێت، دواتر ئێمە حزبی سیاسین، ئێمە ئایین نیین، لەڕێڕەو بەرنامەی تێكۆشانماندا ڕێز لە هەموو باوەڕێك دەگرین جا موسڵمان بێت یا كریستیان، ئومێد دەكەم هیچ كەسێكیش كاتی بەنرخی خۆی بۆ ئەو شتە لاوەكیانە تەرخان نەكات.
سەبارەت بەبەشی دووەمی پرسیارەكەتان، ئەم هەنگاوەی حزبمان، حزبی شیوعی كوردستان لەبازنەی سلێمانی مانۆڕێكی تەكتیكی و كاتی نەبوو، تاوەكو لەڕێگەیەوە سەرنجی دەنگدەران بەلایخۆیدا ڕابكێشت بەمەبەستی بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەران، نا، بەڵكو ئەوە ڕەگێكی ستراتیژی قوڵی هەیە لەدونیابینیی ئێمەدا، ڕەگێك كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی سەدەی بیستەم و بەدیاریكراوی ساڵانی سەرەتای دروستبوونی حزبی شیوعی عێراق.
كەباسی مێژوو دەكەم مەبەستمە ئەوە ڕوونبكەمەوە حزبی شیوعی، حزبێكی نەبووە خەبات بكات بە جیاوازی ڕەگەزییەوە، بەلای ئێمەوە تەنانەت خەبات بۆ پرسی ئافرەتان و بەدیهێنانی مافە ڕەواكانیان و نەهێشتنی جیاكاری ڕەگەزی و ڕووبەڕبوونەوەی توندوتیژی دژیان و نەهێشتنی دیاردە ناشیرینەكانی وەك خەتەنەكردنی مێینە و زوو بەشوودان و بەزۆر بەشوودان و ژن بەژن و بەكارهێنانی ئافرەتان لەبری خوێن لە سوڵحی عەشایەریدا و فرەژەنی و رێگەگرتن لێیان لەكاركردن و دوورخستنەوەی كچان لەخوێندن، بەتەنها بەكاری ئافرەتان نییە، بەڵكو ئەو دیارانە و خەباتی ئافرەتان بەهاوكاری و هەرەوەزی پیاوانی پێشكەتووخواز بەڕێگایەكی دروست دەزانین، كێشەی ئافرەتان بەلای ئێمەوە كێشەی مرۆڤە و هەر دەبێ مرۆڤیش بەهەردوو ڕەگەزەوە خەبات بۆ چاككردنی بكەن.
بۆیە هەر لەو ڕوئیاو و دیدە ئینسانییەوە كۆمەڵێك ئافرەتی سەنگین و تێكۆشەر و لێهاتوو كاندیدمان بوون لە بازنەی سلێمانی.  

 

بەرنامەی هاوپەیمانی سائیرون بەدیدێكی شیوعیانە داڕێژراوە


درەو میدیا: چ ئامادەكارییەكتان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردووە ؟ پێتانوایە جارێكی تر پرۆسەی ساختەكاری دووبارە ببێتەوە ؟
ئەبو كاروان: بەڵێ حزبمان خەریكی خۆسازدانە بۆ هەڵبژاردنی ئایندەو لەوبارەیەوە بیرۆكەو بووچونی جیا هەیە، بۆ شێوازیكاری داهاتوومان، چەند كۆبوونەوەیەكمان كردووە، بەردەوامیش دەبین. سەبارەت بەساختەكاری، ئێمە نامەنەوێت بڕیاری پێشوەختە بدەین، دەنگدەران سارد بكەینەوە، ویستی خەڵكی بۆ چاكسازی هەمە لایەنەوە و گۆڕانكاری لە ژیان و گوزەرانی پڕ لە میحنەتیان، بەڵام ناشیشارینەوە ترسی جدیمان هەیە بەرامبەر ساختەكاری، بەنیستەبەت حیزبەكانی دەسەڵات ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا هەمیشە ئەگەرێكی كراوەیە، لەیەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992 تاكو ئەم هەڵبژاردنەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، هیچیان بەبێ ساختەكاری تێپەڕنەبوون، ئەگەر كۆمەڵێك حیزب لەم ساڵانەی دوایدا دروست بوون و بەجۆرێك لەجۆرەكان زەرەرمەندبوون لەهەڵبژاردن،ئەوا ئێمە گەورەترین قوربانی ساختەكاری بووین.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەڵوێستی ئێمە لەبارەی كۆمسیۆنی باڵای بەناو سەربەخۆی پێنج حیزبەكە  ئاشكرایە، ناڕەزایمان لەبارەی پێكهاتە حیزبیەكەی كۆمسیۆن بۆ رای گشتی ڕوونە.
درەو میدیا: حزبی شیوعی حزبێكی دێرینە، بەڵام بەردەوام لەڕووی جەماوەرییەوە لە پاشەكشێدایە، ئێوە رەخنە لە نەیارەكانتان دەگرن، ئەی پێتانوا نییە ئەو پاشەكشێیە هەندێك لە هۆكارەكانیشی بۆ سیاسەتەكانی خۆتان دەگەڕێتەوە ؟
ئەبو كاروان: بەڕێزتان لەبەشێكی زۆری پرسیارەكانتاندا باسی ساختەكاری دەكەن، هیچ هەڵبژاردنێك تێپەڕ نەبێ بەبێ ساختەكاری و تەزویر ئیدی بەچ پێوەرێك جەماوەریبوونی حیزبەكان دەستنیشان دەكرێ، چ مەنتقێكی تێدایە كۆمسیۆنێك دروست بكەی بۆ هەڵبژاردن كە پێویستە بێلایەن بێت و ناوی بێنێیت "سەربەخۆ" كەچی دواتر پێكهاتەكەی بریتیبێت لەكادری پێنج حیزبەكە!! ئەمە واتای چ دەگەیەنێت؟ هەڵبەت ساختەكاری بەلای ئێمەوە تەنها تەزویری ڕۆژی هەڵبژاردن نییە، بەڵكو هەموو ئەو هەنگاوانەی كە برتیین: لەبەكارهێنانی تواناكانی حكومەت بۆ بەرژەوەندی حیزب و تەسكیەی حزبی و چاوسوركردنەوە و فشار خستنە سەر هێزە ئەمنیەكان و پێشمەرگە و فەرمانبەران بەمەبەستی دەنگدان بەلایەنێكی تایبەت و دەنگكڕین و دامەزراندن بۆ دەنگ و زەوی دابەشكردن و گۆڕینی ئاكامەكانی دەنگدان لەپاش هەڵبژاردن، هەمووی ساختەكارین، ئایا لە ژینگەو هەلومەرجێكی لەمشێوەیەدا دەنگی ڕاستەقینە بەدەردەكەوێت؟ 
هەڵبەتە ئێمە ئیدیعای بێكەموكوڕێتی ناكەین، حیزبی ئێمە لەپێداچوونەوەیەكی بەردەوامی خۆیدایە، بەڵێ دەبێ بەجورئەتەوە كەلینەكانی خۆمان دەستنیشان بكەین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، هەرواش دەكەین، بەڵام پێمبڵێ لەم واقیعەی ئێستای كوردستاندا حزبی شیوعی كوردستان بەرپرسیارێتی كاملەو نەهامەتیانەی بەردەكەوێ كەبەسەر گەلەكەماندا هاتووە؟ ئێمە بووین لەسەر دەسەڵات وسامان و داهاتی گومرگ شەڕی ناخۆمان كرد؟ ئێمە بووین كوردستانمان پارچە پارچەكرد؟ ئێمە دوو ئیداریمان داهێنا؟ یەك سەرۆك جاش و موستەشارمان گرتە خۆمان؟ رێگربووینە لەدادگاییكردنیان؟ بۆیەك چركەش بیستووتە حزبی شیوعی سەر بەوڵاتێكی ئیقلمی بێت و ئەجنداكانی ئەو وڵاتانە جێبەجێ بكات؟ ئێمەین دەستمان سوورە بە خوێنی پێشمەرگەو گەریلای پارچەكانی تر كوردستان؟ ئێمە بەرپرسیاری ١٦ی ئوكتۆبەرین؟ قەت بیستووتە حزبی شیوعی كۆمپانیای دەرمانی هەبووبێ؟ یاخود پشكمان هەبووە لە نەوت؟ یا شیرینی نەوت؟ یا كارگەی چیمەنتۆ و ئاسن؟ كام حزب یەكەمین حیزب بوو داوای موحارەبەكردنی گەندەڵی كرد بەیاسا ودامەزراوە؟ ئێمە بەرپرسیارین لەپاشەكەوتكردنی موچەی فەرمانبەران؟ یەك ناڕەزاییم پێبڵی لەبادینانەوە تاوەكو گەرمیان هاوڕێیانی ئێمە ڕۆڵكی كارایان تێدا نەبووبێ؟ كام حیزب یەكەمین حیزب بوو لەهەولێر خۆپیشاندانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچە كرد؟ كام حیزب بوو لەپەرلەمانی كوردستان وتی: كابینەی هەشتەم كابینەی پشكپشكێنەیە، دەرئەنجامەكەی فەشەلە؟ كام حیزب بوو لە ساڵی ٢٠١٥ داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد؟ پێم بڵی ئەم سیاسەتانە چ نەگیەكیان تێدایە، هەمووی هەنگاوی مێژوویی و شەرەفمەندانە نین؟  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand