Draw Media

زبڵ دەسەڵاتدارێتییەكەی یەكێتی‌و گۆڕان دادەپۆشێت

زبڵ دەسەڵاتدارێتییەكەی یەكێتی‌و گۆڕان دادەپۆشێت

2022-03-05 10:16:19


 
راپۆرت: درەو
بافڵ تاڵەبانی بەڵێنیداوە بڕی (ملیارێك) دینار بۆ كۆمپانیاكانی پاككەرەوەی ناو شاری سلێمانی تەرخان بكات بۆ ئەوەی مانگرتن بشكێنن، ئەم پارەیە وەكو قەرزێكە كە یەكێتی بە حكومەتی دەدات، زبڵ ناوچەی دەسەڵاتدارێتی یەكێتی‌و گۆڕانی داپۆشیوە، بەرپرسانی حكومی بێدەنگن‌و حزب دەیەوێت چارەسەری كێشەكە بكات.. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

ماوەی پێنج رۆژە كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی نیشتمانی (سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەكانی راپەڕین‌و گەرمیان‌و سەرجەم قەزاو ناحییەكانی ئەم سنورە) مانگرتنیان راگەیاندووە‌و بەوهۆیەوە بڕێكی زۆر زبڵ‌و خاشاك لەسەر شەقامەكان كۆبوەتەوە. 
ئەو كۆمپانیایانەی كە لە سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتیدا كاری پاككردنەوەیان پێسپێدراوە بریتین لە: 
•    كۆمپانیای (خالید حەمەڕەوف شینكی)
•    كۆمپانیای (هەرێم)
•    كۆمپانیای (گەردین)
•    كۆمپانیای (ئۆرانۆس)
•    كۆمپانیای (بیڤان)
•    كۆمپانیای (شكار)
ئەم كۆمپانیایانە كە كاری (كۆكردنەوە)‌و (داپۆشین) خۆڵ‌و خاشاك دەكەن، مانگرتنیان راگەیاندووە‌و دەڵێن حكومەت پێشینەی بۆ خەرج نەكردوون، وەزارەتی دارایی نوسراوی بۆ بانكی ناوەندی هەرێم كردووە‌و فەرمانی كردووە هیچ بڕە پارەیەك بۆ كۆمپانیاكانی پاككردنەوە خەرج نەكرێت تا ئەو كاتەی موچەی فەرمانبەران دابەش دەكرێت. 
مانگرتنی كۆمپانیاكانی پاككەرەوە هاوكاتە لەگەڵ نەمانی پارەی داهاتی ناوخۆ لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی، وەزارەتی داراییش خەرجی پرۆژەكانی سنوری سلێمانی خستوەتەسەر داهاتەكانی سلێمانی خۆی. 
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت سەربە یەكێتییە، وەزیری دارایی‌و پارێزگاری سلێمانی سەربە بزوتنەوەی گۆڕانن، بەڵام ئەمانە دوای پێنج رۆژ لە قەیرانی زبڵ هێشتا بێدەنگن‌و هیچ قسەیەكیان لەبارەی ئاسۆی چارەسەری ئەم قەیرانە نەكردووە.
مانگرتنی كۆمپانیاكانی پاككەرەوە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی نوێ نییە‌و لەمساڵدا ئەمە جاری دووەمە، كۆمپانیاكان دەڵێن نزیكەی (10 ملیار) دیناریان لای حكومەتەوە‌و تا ئەو پارەیان بۆ نەگەڕێتەوە ناتوانن دەست بە كاركردن بكەنەوە.
تاكە چارەسەری ئیدارەی دەسەڵاتی یەكێتی بۆ قەیرانی مانگرتنی كۆمپانیاكان‌و كۆبونەوەی زبڵ، بەكارهێنانی كرێكارەكانی شارەوانی سلێمانی بوو بۆ پاككردنەوەی هەندێك لە شەقامە سەرەكییەكان كە زبڵ تێیاندا كۆبووەوە.  

بافڵ تاڵەبانی قەرز بە حكومەت دەدات
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو)، خالید شینكی خاوەنی كۆمپانیای (شینكی) كە چەندین ساڵە گرێبەستی خاوێنكردنەوەی شاری سلێمانی‌و دەوروبەری گرتوەتە ئەستۆ، رایگەیاند، ماوەی چوار مانگە شایستە داراییەكانمان وەرنەگرتووە.
بەپێی قسەی شینكی، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بەڵێنی پێداون بڕی (ملیارێك) دینار بۆ سێ كۆمپانیای ناو شاری سلێمانی بۆ خەرج بكات، بەمەرجێك ئەم كۆمپانیایانە كاری پاككردنەوەی بازیانیش لەئەستۆ بگرن، لەبەرامبەردا ئەم سێ كۆمپانیا داوایانكردووە ئەو یەك ملیار دینارەیان پێبدرێت بۆ پاككردنەوەی پێنج زۆنی ناو شار، واتە هەر زۆنێك بڕی (200 ملیۆن) دیناری بۆ هەرخان بكرێت.
كۆمپانیاكانی پاككەرەوەی دەڵێن ئەگەر بافڵ تاڵەبانی بڕە پارەكەیان لە (ملیارێك) دینارەوە بۆ (2 ملیار) دینار زیاد بكات، ئەوا كاری پاككردنەوەی سنوری (بازیان) تاوەكو (شەقلاوە)ش جێبەجێ دەكەن.
ئەم ملیارە دینارەی كە بافڵ تاڵەبانی بۆ كۆمپانیاكانی پاككردنەوە تەرخانی كردووە، وەكو قەرزێك وایە كە بە حكومەتی هەرێمی داوە، چونكە دواتر یەكێتی ئەم بڕە پارەیە لە سولفەی كۆمپانیاكان دەبڕێت. 
مانگانە دەبێت حكومەت بڕی (ملیارێك‌و 250 ملیۆن) دینار شایستەی دارایی بە كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی لە سنوری یەكێتی تەرخان بكات، بەپێی قسەی خۆیان ئێستا ئەم كۆمپانیایانە بەتێكڕا نزیكەی (10 ملیار) دینار قەرزیان كەوتوەتە لای حكومەت، ئەو كۆمپانیایەی كە لە سنوری راپەڕین لەگەڵ ئیدارەی سنورەكە رێككەوتنی كردووە‌و بڕێك پارەی بۆ تەرخان كراوە، بۆیە ئێستا مانگرتنی شكاندووە‌و دەستی بە كارەكانی كردوەتەوە. 
لەم كێشانەدا، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی كە سەربە بزوتنەوە گۆڕانە، بێدەنگی هەڵبژاردووە، خالید شینكی بە (درەو)ی وت:" پارێزگار پێی وتوین هیچ پارەیەك لەبەردەستماندا نییە". 
ئێستا كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی ناو شار چاوەڕێی ئەوەن بافڵ تاڵەبانی ملیار دینارەكەیان بۆ خەرج بكات‌و كۆتایی بە مانگرتن بهێنن‌و دەست بە پاككردنەوەی شەقام‌و كۆڵانەكان بكەنەوە. 
جگە لەوەی كێشەی خەرج نەكردنی شایستەكانیان هەیە، كۆمپانیاكانی پاككردنەوە گرفتیان لەسەر ئەو سزا داراییانە هەیە كە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی‌و سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییەوە بەسەریاندا سەپێندراوە، داوا دەكەن ئەم سزایانەیان لەسەر بسڕێتەوە. 

زبڵ لە هەرێمی كوردستان
بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كە دامەزراوەیەكی سەر بە وەزارەتی پلاندانانە، رۆژانە لە شارەكانی هەرێم بڕی (7 هەزارو 200) تەن خۆڵ‌و خاشاك كۆدەكرێتەوە‌و فڕێ دەدرێت.
تێكڕای قەبارەی خۆڵ‌و خاشاك لە ساڵێكدا دەگاتە (2 ملیۆن‌و 628 هەزار) تەن، كە لە نزیك شارەكان فڕێدەدرێت‌و دەكرێت بەژێر خۆڵەوە یان دەسوتێنرێت، ئەمەش زیان بە ژینگە‌و تەندروستی گشتی دەگەیەنێت. 
(31) كۆمپانیا كە كاری پاككردنەوەی شارو شارۆچكەكان دەكەن، گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی هەرێمدا هەیە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (10 ملیۆن) دۆلار تەنیا لە كۆكردنەوەی خۆڵ‌و خاشاكدا خەرج دەكات، سەرباری ئەمەش چەندینجارە كۆمپانیاكانی پاككردنەوە بەهۆی ئەوەی پارەكانیان لەلایەن حكومەتەوە بۆ خەرجناكرێت، مانگرتن رادەگەیەنن‌و شارەكان دەخەنە بەردەم هەڕەشەی زبڵ‌و كارەساتی ژینگەییەوە.

زبڵ لەناوچەی دەسەڵاتی یەكێتیدا 
 قەبارەی رۆژانەی خۆڵ‌و خاشاك لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا بەمشێوەیە: 
•    سلێمانی: رۆژانە (هەزارو 850) تەن زبڵ كۆدەكرێتەوە  
•    ئیدارەی گەرمیان: رۆژانە (470) تەن
•    ئیدارەی راپەڕین: رۆژانە (400) تەن
واتە بەگشتی رۆژانە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا كۆمپانیاكانی پاككەرەوە كە شەش كۆمپانیان، بڕی (2 هەزارو 720) تەن خۆڵ‌و خاشاك كۆدەكرێتەوە، زبڵی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی رێژەی 38%ی كۆی گشتی زبڵ لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت. 

زبڵ لەناوەچەی دەسەڵاتی پارتیدا
قەبارەی رۆژانەی زبڵ‌و خاشاك لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بەمشێوەیە: 
•    هەولێر: رۆژانە (2 هەزارو 600) تەن خۆڵ‌و خاشاك كۆدەكرێتەوە
•    دهۆك: رۆژانە (هەزارو 620) تەن
واتە بەگشتی رۆژانە لە سنوری دەسەڵاتی پارتیدا كۆمپانیاكانی پاككەرەوە بڕی (4 هەزارو 220) تەن زبڵ‌و خاشاك كۆدەكەنەوە، زبڵی سنوری دەسەڵاتی پارتی رێژەی 62%ی كۆی گشتی زبڵ‌و خاشاكی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand