ئەگەری گەڕانەوەی لێبڕینی موچە هەیە
2022-03-04 08:09:01
درەو:
بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی ئابوری هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی داهاتەكان كۆببێتەوە، ئەگەری گەڕانەوەی لێبڕینی موچەی موچەخۆران هەیە.
نۆ رۆژ بەسەر وادەی دابەشكردنی موچە تێپەڕیوە كە مانگانە لە (25) مانگ دەستیپێدەكرد، بەڵام تا ئێستا حكومەت بڕیاری دابەشكردنی موچەی نەداوە.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی دوێنێیدا رایگەیاند: بۆیە بڕیاری دابەشكردنی موچەمان نەداوە لەبەر ئەوەی بڕە پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی موچە لەبەردەست نیە، عێراق 200 ملیارەكە نانێرێت، بەشێك لە داهاتە ناوخۆییەكان ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، بەشە داهاتی نەوتیش بەشی هەموو ئەو ئیلتیزاماتانە ناكات.
بە پێی زانیارییەكانی (درەو) بڕیارە سبەینێ شەممە ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێم بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرانی دارایی، ناوخۆ، كشتوكاڵ، شارەوانی، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وەبەرهێنان، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان كۆببێتەوە.
كۆبونەوەكە تایبەت دەبێت بە هۆكاری كۆنەكردنەوەی داهات و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ نەناردنی 200 ملیار دینارەكەی بەغداو شێوازی دابەشكردنی موچە.
بە پێی زانیارییەكان یەكێك لە ئۆپشنەكان گەڕانەوەی لێبڕینی موچەی موچەخۆرانە، كابینەی نۆیەم كابینەی سێقۆڵی (پارتی، یەكێتی، گۆڕان) لە حوزەیرانی ساڵی 2020 بڕیاری لێبڕینی موچەیداو دوای نزیكەی ساڵێك لە تەمووزی 2021 دا دوای ناردنی (200) ملیار دینارەكەی بەغداد لێبڕینی موچە هەڵوەشایەوە.
مانگی شوباتی رابردوو هەرێمی كوردستان (12 ملیۆن ) بەرمیل نەوتی فرۆشتووەو و رۆژانە (444) هەزار بەرمیل دەكات
مانگی رابردوو تێكڕا بەرمیلینەوت بە زیاتر لە (87) دۆلار فرۆشراوە
12000000*87 = ملیارێك و 44 دۆلار واتا ( ترلیۆنێك و 530 ملیار) دینار.
بە پێی وتەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت (41%)ی داهاتی نەوت بۆ موچەیە
كۆی داهاتی نەوت: ترلیۆنێك و 530 ملیار لە (41% )ی دەكاتە(627 ملیار) دینار.
بەپێی راگەیەندراوی پێشتری وەزارەتی دارایی لەبەر نەناردنی (200) ملیاردینارەكەی بەغداد، (200) ملیار دیناری مانگی دوویان بۆ موچەی مانگی یەك خەرجكردووە واتا.
(627 ملیار دینار – 200 ملیار دیناری بەغداد) = 427 ملیار دینار.
لەگەڵ داهاتی ناوخۆ: 350 ملیار دینار
پارەی هاوپەیمانان : 31 ملیار دینار
كۆی گشتی: 808 ملیار دینار