Draw Media

بكوژانی نەقیب محەمەد 90 رۆژە ئازادن

بكوژانی نەقیب محەمەد 90 رۆژە ئازادن

2022-03-02 10:21:54


 
درەو:
 
یاموور كچی دووەمی نەقیب محەمەد لەتیف لە دایكبوو، لەكاتێكدا 90 رۆژە بكوژانی باوكی ئازادن و دەستگیرنەكراون، سەرەڕای بەڵێنی بەردەوامی حكومەت و لێپرسراوانی ئەمنی، لە نێویاندا بەڵێنی خودی جێگری سەرۆكی حكومەت (قوباد تاڵەبانی) كە وتی "بەڵێنتان پێدەدەم".
نەقیب محەمەد لەتیف و سێ پۆلیسی تری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، لە شەوی 4ی كانونی یەكەمی 2021دا لەكاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارێك بە توندوتیژی دژی خێزانەكەی، لە ناوچەی تانجەڕۆ لە سلێمانی تەقەیان لێكراو بەهۆیەوە نەقیب محەمەد گیانیلەدەستدا و سێ هاوەڵەكەشی بە سەختی برینداربون.
رۆژێك دوای روداوەكە و لە 5ی كانونی یەكەم، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت، سەردانی بریندارەكانی كرد و لە لێدوانێكیدا جەختیكردەوە "بە‌ڵێنم پێدان؛ ئە‌و تۆمە‌تبارە‌ كە‌ بە‌داخە‌وە‌ ئە‌فسە‌رێكی شە‌ھید كرد و سێ كارمە‌ندی بریندار كرد، دە‌ستگیر بكرێت".

كورتەیەك لە روداوەكە
ئێوارەی 4ی كانونی یەكەمی رابردوو، نەقیب محەمەد لەتیف، هەڵدەستێت بە جێبەجێكردنی بڕیارێكی دەستگیركردن بۆ كەسێك بەناوی یوسف پشتیوان عەلی، بەپێی بڕیاری دادوەر.
یوسف چەندینجار لەلایەن ژنەكەیەوە لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان سكاڵای لە دژ تۆماركرابوو، بەهۆی توندوتیژیی و ئەشكەنجەدانی بەردەوام، كەیسەكە بە جۆرێك بووە، دادوەر چەندجارێك نوسراوی كردووە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكە و لە هۆكاری دەستگیرنەكردنی یوسف و جێبەجێنەكردنی بڕیارەكەی دادوەری پرسیوە.
كاتژمێر 8ی ئێوارەی رۆژی شەممە 4ی كانونی یەكەم، نەقیب محەمەد كە ئەو رۆژە ئێشكگر بووە، بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە بە مەفرەزەیەكەوە دەچێتە چیای گۆیژە – شوێنی كاركردنی یوسف و باوكی-، بەڵام لەو رۆژەدا لەوێ نەبون.
دوای گەڕانەوەیان لە گۆیژە و بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستیان بووە، مەفرەزەكە بەرەو ناوچەی تانجەڕۆ، كە ماڵی یوسفی لێ بووە، بەڕێدەكەون، ئەوەش بە ئۆتۆمبێلێكی بەڕێوەبەرایەتییەكە.
بەپێی گێڕانەوەی بریندارەكان، سەرەتا بە كۆڵانی ماڵی یوسف-دا تێپەڕیون لە تانجەڕۆ، بەڵام كەس لە ماڵ نەبووە، بۆیە تا كۆتایی كۆڵانەكە رۆیشتون و بە هەمان كۆڵاندا گەڕاونەتەوە، چونكە هەڵكەوتەی كۆڵانەكە وابووە، كە ئەوسەری رێگە نەبووە پێیدا بڕۆن.
لەگەڵ گەڕانەوەیان و گەیشتنیان بۆ بەردەم ماڵی یوسف، ئۆتۆمبێلێكی جۆری ئۆپڵ لەسەر رێگاكە وەستاوە، بەرلەوەی مەفرەزەكە داوای لێبكەن رێگاكە بكاتەوە، كەسێك لە لای سەكنی ئۆپڵەكەوە دادەبەزێت، میلی چەك دەهێنێتەوە و دەستدەكات بە جوێندان و تەقەكردنی راستەوخۆ لە ئۆتۆمبێلی مەفرەزەكە.
"دابەزین و جوێن و چەكڕاكێشان و تەقاندنەكەی یەك چركە بوو"، یەكێك لە بریندارەكان وتی "جگە لەوە، لە شوێنی تریشەوە تەقەمان لێكرا، بەرلەوەی ئێمە داببەزین، یان هیچ شتێك بكەین".
بەپێی وتەی بریندارەكان، ئەو كەسەی لە سەكنی ئۆپڵەكەوە دابەزیوە پشتیوان عەلی، باوكی یوسف بووە.
"هەر ئەوەندەمانزانی فیشەكیان دەكردە ناو ئۆتۆمبێلەكەوە و هەمومان بەركەوتین و ئۆتۆمبێلەكە گڕی گرت، هەر كەسێكی تر لە شوێنی ئێمە بوایە هیچی پێنەدەكرا، چونكە كەسمان لەو باوەڕدا نەبوین بەو شێوە رێكخراوە بمانكەنە ئامانج".
هەر لەوێ نەقیب محەمەد لەتیف گیانلەدەستدەدات و شۆفێر و دوو هاوەڵەكەی تریش بەسەختی برینداردەبن و دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش.
ئەوە چوارەم جار بووە كە مەفرەزەكانی پۆلیسی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەوڵی دەستگیركردنی یوسف بدەن. بەپێی زانیارییەكان باوكی یوسف (پشتیوان عەلی)یش پێشتر پێشینەی هەبووە لە پرسی توندوتیژی بەرامبەر بە خێزانەكەی.

سكاڵاكە چی بوو؟
(س)، خێزانی یوسف، لە ماوەی دوو ساڵی رابردودا چەیندنجار سكاڵای لە دژی هاوژینەكەی تۆماركردووە، بەگشتی سكاڵاكان بریتی بوون لە ئەشكەنجەدان و توندوتیژی كە بەرامبەری كراوە.
هاوسەرگیری نێوان (س) و یوسف، دوای ئەوە هاتووە كە یوسف پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ (س) هەبووە، دواتر لەڕێی یاسا و دواتر سوڵحەوە هاوسەرگیرییان پێكراوە. ئەم چارەسەر بۆ ئەو پەیوەندییە سۆزدارییەكە دەگەڕیتەوە بۆ ساڵی 2019.
لە دوای هاوسەرگیرییەكەوە بەردەوام ناكۆكی لەنێوان یوسف و هاوسەرەكەیدا هەبووە. بەهۆی بەردەوامی سكاڵا و ناڕەزاییەكانی (س) لە یوسف، دادگا چەندجارێك بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی ئاگاداركردۆتەوە لە هۆكاری دەستگیرنەكردنی یوسف.
بەر لە روداوەكە، دواینجار كە هەوڵی دەستگیركردنی یوسف و باوكی درابێت، سێ رۆژ بەر لە روداوەكە بووە لە شوێنی كاركردنیان لە گۆیژە، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی مەفرەزەكانی پۆلیس، یوسف و باوكی رایانكردووە. بەڵام لەو هەوڵەیاندا نەقیب محەمەد بەشدار نەبووە.
لەو هەوڵەدا شاگردێكی ئەو كوڕ و باوكە، بۆ رۆژێك دەستگیركراوە بە بڕیاری دادوەر، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو دوو تۆمەتبارەی ئاگاداركردۆتەوە لە هاتنی مەفرەزەكەی پۆلیس.
بكوژەكان چییان بەسەرهات؟
لە رۆژی روداوەكە تا ئەمڕۆ، كە 90 رۆژ دەكات، بكوژان دەستگیرنەكراون. هەرچەندە هەر شەوی روداوەكە ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن، لە نێویاندا راگەیاندنەكانی نزیك لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەستگركردنی تەقەرێكی روداوەكەیان راگەیاند. بەڵام دواتر هێزە ئەمنییەكان وتیان كە تەقەكەری ئەو روداوە نەبووە. بەڵام رونكردنەوەیان لەسەر ئەو كەسە نەدا كە كێ بووە دەستگیركراوە.
لە 7ی كانونی یەكەم (سێ رۆژ دوای روداوەكە) ئاسایشی سلێمانی، وێنه‌ی كوڕ و باوكێكی بڵاوكردەوە و وەكو هەڵهاتوو لە دۆسیەی كوشتنی نەقیب محەمەد ناوی بردن و داوایكرد هاوڵاتیان لە دۆزینەوەیان هاوكارییان بكەن. ئەوەش لە پێناو دەستگیركردنیان.
بەپێی زانیارییەكان كە لە پارێزەری دۆسییەكانەوە وەرگیراوە، ئاسایشی سلێمانی كەسە نزیكەكانی ئەو بنەماڵەیەی دەستگیركردووە، لە دایك، باوك، خوشك و زاوا، بەگشتی نزیكەی 10 كەس دەبن. ئەوەش بە تۆمەتی داڵدەدان و دواتر هاوكاریكردنی بكوژەكان.
هەندێك زانیاری هەن گوایا، یوسف و باوكی بەرەو ئێران رۆیشتبن، بەڵام ئەوەی جێی پرسیارە لەوكاتەدا رۆیشتن بەرەو ئێران بەشێوەی رەسمی لە ماوەی 24 كاتژمێردا نەدەكرا، بەهۆی ناچاركردنی خەڵك بە پشكنینی كۆرۆنا، كە هەر ئەوە زیاتر لە 24 كاتژمێر پێویست بووە، جگە لە وەرگرتنی فیزا.

خێزانێكی توندوتیژ
یوسف و پشتیوان لە عەشیرەتێكی دیاری سنوری سلێمانین، بەپێی زانیارییەكان بەر لەو روداوە كەیسی تریان لەسەر بووە، لەوانەش شەڕكردن، بەڵام رون نییە چۆن ئەو كێشانەیان بۆ چارەسەركراوە.
"یوسف بەردەوام لەناو مەكتەبدا چەقۆی پێ بوو، چوار بۆ پێنج جار لەناو مەكتەب شەڕی لەگەڵ هاوڕێ خوێندكارەكانی دەكرد و چەقۆی دەردەهێنا، هەر بەهۆی ئەو كێشانەشەوە فەسڵكرا"، خوێندكارێكی هاوپۆلی بەوشیوەیە باسی دەكات.
یوسف لە خوێندنگەیەكی ئێواران دەیخوێند، لە یەكێك لە خوێندنگەكانی سلێمانی، بە رۆژیش لەگەڵ باوكی كاریكردووە لە چیای گۆیژە.
"كەسێكی كەم دوو بووە، بەڵام شەڕانی بووە". یەكێك لە هاوڕێیەكانی زیاتر وتی "بەردەوام چەقۆ لە گیرفانیدا بووە، خۆم بینیم دوجار بۆ شەڕ چەقۆی دەرهێناوە لەناو مەكتەب".
 بەڵام ئەو وتی "نازانم چۆن ئەو كێشانەی بۆ چارسەردەكرا، چەند رۆژێك لە مەكتەب فەسڵدەكرا و دواتر دەهاتەوە بۆ خوێندن، وەك ئەوەی هیچ نەبوبێت".
هەروەها یەكێك لە مامۆستاكانی، وتی "هەمووكات كە كێشەی دەنایەوە باوكی دەهات بۆ مەكتەب و داوای دەكرد هاوكاریی بكەین... زۆركات درەنگ دەكەوت بۆ پۆل، باوكی دەیوت لەبەرئەوەی خەریكی ئیشكردنە، بەڵام بەگشتی شەڕانی و توندوتیژ بوو".
دواجار بەهۆی زۆری غیابات و شەڕ و ئاژاوەوە باس لەوە دەكرێت یوسف لە ساڵی 2019 فەسڵكراوە.
90 رۆژ لە چاوەڕوانی
لە مەراسیمی چلەی شەهیدبونی نەقیب محەمەد-دا، بەڕێوەبەری بەرەنگاربونەوەی توندتیژی دژی ژنان، بۆ دەزگاكانی راگەیاندن جەختیكردەوە لەوەی "لەم رۆژانەدا هەواڵی خۆش دەبیستن"، بەڵام تادێت روداوەكانی توندتیژی بەرانبەر بە ژنان زیاتر دەبن و بكوژانی نەقیب محەمەد-یش هێشتا ئازادن.
تەنیا لە ئەمساڵدا بەپێی وتەی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نۆ ژن لە هەرێمی كوردستان كوژراون، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ چاوەڕوانی كەسوكاری نەقیب محەمەد و بریندارەكان و  رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیش بۆ دەستگیركردنی بكوژانی نەقیب محەمەد لەتیف.
لە 23ی شوبات، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی زیادبونی كەیسەكانی توندوتیژی دژی ژنان، لە راگەیەنراوێكدا كە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە، وتی "زۆر نیگەران و خه‌مبارم به‌ روداوەکانی ئەمدواییەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان. لێره‌دا دوباره‌ی ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ هیچ شه‌ڕەفێک له‌ ژن کوشتندا نییه‌".
نیگەرانی مەسرور بارزانی و بەڵێنە بەردەوامەكانی قوباد تاڵەبانی لە كەیسی توندوتیژی دژ بە ژنان، لەكاتێكدان، كە نەقیب محەمەد و هاوەڵەكانی لەپێناو پاراستنی ژنێك لە توندوتیژی خۆیان كردە قوربانی و ترس هەیە خوێنیان بەفیڕۆ بڕوات.
مەسرو بارزانی لە راگەیەنراوەكەیدا كە تایبەت بوو، بە پرسی "سوتاندن"ی ژنێك لە گەڕەكی كورساتی سلێمانی بەناوی شنیار، وتی "ئەم تاوانانە‌ ده‌بێت بوەستن و وەک خەڵکی کوردستان، نابێت قبوڵی بکەین، وەک حکومەتیش ئێمە ھاوکار و پاڵپشتی دادگا دەبین لە سەپاندنی توندترین سزا بۆ ئەم تاوانانە".
بەپێی زانیارییەكان كە لە پارێزەر و لایەنی پەیوەندیدار وەرگیراوە، پرسی دەستگیركردنی یوسف پشتیوان و پشتیوانی عەلی، دراوەتە دەست پۆلیسی ئینتەرپول.
نەبونی هیچ چارەنوسێك بۆ دەستگیركردنی بكوژانی نەقیب محەمەد لەتیف، لەكاتێكدایە ئەمڕۆ یاموور كچی دووەمی نەقیب محەمەد لەدایكبوو، ئەویش دەبێتە یەكێك لەو كەسانەی لە چاوەڕوانی دەستگیركردنی بكوژانی باوكی-دا بێت و چاوی لە جێبەجێكردنی بەڵێنی بەرپرسان بێت.


•    ئەم نوسینە بەشێكە لە بەدواداچوونی خانەوادەی (نەقیب محەمەد)
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand