منداڵێكی رزگاركرد و رەگەزنامەی فەرەنسی وەرگرت
2018-05-28 12:32:17
كۆچبەرێكی نایاسایی خەڵكی مالی لە فەرەنسا رۆژی شەممە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا منداڵێكی لە كەوتنەخوارەوە لە نهۆمی چوارەكی باڵاخانەیەك رزگاكرد و بەوەش بووە پاڵەوانێكی میللی لە فەرەنسا و لایەن ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی ئەو وڵاتەوە رەگەزنامەی فەرەنسی پێبەخشرا.
مامادۆ گاساما، گەنجێكی تەمەن ( 22 ساڵ)ی خەڵكی وڵاتی مالییە لە كیشوەری ئەفریقا و بە نایاسایی كۆچی كردوووە بۆ فەرەنسا، رۆژی شەممە لە باڵاخانەیەكی بازنەی 18ی پاریسی پایتەختی فەرەنسا منداڵێكی لە كەوتنەخوارەوە رزگاركرد..
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە كۆشكی ئیلیزێ پێشوازی لە مامادۆ كرد و بڕیاریدا دۆسیەكەی چارەسەربكات و بەڵێنیشی پێدا رەگەزنامەی فەرەنسی پێببەخشێت.
سەرۆكی فەرەنسا بە مامادۆی وت:" هەموو مامەڵە و بەڵگەنامەكانت دەبن بە یاسایی، لەبەرئەوەی ئەو هەڵوێستەت، هەڵوێستێكی ناوازەیە، دەستدەكەین بە رێوشوێنی چاككردنی مامەڵەكەت ئەگەر بتەوێت، و دەستدەكەین بە رێوشوێنەكانی بەخشینی رەگەزنامەی فەرەنسی پێت، بۆئەوەی بتوانیت ببیت بە هاوڵاتییەكی فەرەنسا، ئەگەر هەوڵ بۆ ئەوە دەدەیت."
بڕیاریشە مامادۆ دوای وەرگرتنی رەگەزنامەی فەرەنسی پەیوەندی بكات بە تیمە فریاگوزارییەكانی فەرەنساوە.
سەرۆكی فەرەنسا لە دیدارەكەیدا لە گەڵ مامادۆی كۆچبەری نایاسایی وتیشی:" ئێستا بوویتە نمونە بۆ چەندین ملیۆن كەس كە بینویانی، بەوەش ئاساییە كە نیشتمان بەوەفا بێت بەرامبەرت.
رزگاركردنی ئەو منداڵە لەلایەن مامادۆوە دەنگدانەیەوەكی گەورەی لە ناوخۆی فەرەنسا لێكەوتەوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئەو هەڵوێستەی بەرزنرخێنرا لەلایەن هاوڵاتیانی فەرەنسا و بەرپرسانەوە.
وتەبێژی كۆماری فەرەنسا بنجامین گریفر لە تویتێكیددا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوێتی :" مامادۆ گاساما بە شێوازێكی پاڵەوانانە رەفتاری كرد بۆ رزگاركردنی منداڵێك لە پاریس بەبێ ئەوەی بیر لە ژیانی خۆی بكاتەوە، ئەمە ئازایەتییەكی گەوەرە و وەفایەكە بۆ بەهای پاڵپشتی لە كۆمارەكەماندا و پێویستە هەموو دەرگایەكی كۆمەڵگەكەمان بە روویدا بكرێتەوە."
یەك ملیۆن كەس بینەری ڤیدیۆكە بوون
ڤیدیۆی رزگاركردنی منداڵەكەی پاریس لەلایەن مامادۆوە بە زوویی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبووەوە و بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵەكانی فەرەنسا تا ئێوارەی شەممە زیاتر لە چوار ملیۆن كەس ڤیدیۆكەیان بینیوە.
لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت كە مامادۆ لە ماوەی تەنها 30 چركەدا هەڵدەگەڕێت بە باڵاخانەكەدا بۆ رزگاركردنی ئەو منداڵەی كە خەریكە لە نهۆمی چوارەمەوە بكەوێتەوە خوارەوەو مامادۆ رزگاریدەكات.
لە گێڕانەوەی روودوەکەدا مامادۆ وتی:" ژمارەیەك لە خەڵكم بینی هاواریان دەكرد و ئۆتۆمبیلەكانیش هۆڕنیان لێدەدا، كاتێك سەیرم كرد یەكسەر بە باڵاخانەكەدا هەڵگەڕام و سوپاس بۆ خودا توانیم رزگاری بكەم، هەستم بە ترسێكی زۆر كرد و منداڵەكەم گواستنەوە بۆ ژوورەوە و هەموو گیانم دەلەرزی، نەمدەتوانی لەسەر قاچەكانم بوەستم، و ناچار دانیشتم."
بە گوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، باوك و دایكی منداڵەكە لە ماڵەوە نەبوون و باوكی منداڵەكە ( 37 ساڵ) كە هیچ پێشینییەكی تاوانكاری نییە، ئێستا بۆ لێكۆڵینەوە دەستگیركراوە كە چۆن منداڵێك بێ چاودێری بەجێدەهێڵێت.
دوای رووداوەكە منداڵەكە بۆ نەخۆشخانەی " رۆبەرت دۆبریە" گواسترایەوە و دواتر برایە ناوەندی چاودێری " ئیلیناور رۆزڤێڵت" بۆ چاودێری منداڵان لە پاریس، ئەمەش بەوتەی كەناڵی " بی ئێم ئێم"ی فەرەنسی.
سەرچاوە: فرانس 24