مەسرور بارزانی سێبەرەكەی دەباتە كۆشكی سەلام
2022-02-15 08:17:51
درەو:
لەسەر پێشنیازی مەسرور بارزانی پارتی رێبەر ئەحمەدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدكردووە.
ئەمە دوای دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری دێت لە خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.
رێبەر ئەحمەد كە باوكی لە پرۆسەی جینۆسایدكردنی (8 هەزار) بارزانییەکان لە ساڵی 1983دا زیندەبەچاڵكراوە، خەڵكی گوندی (هەرن)ی سەربە ناحیەی دینارتەی زێبارییەكانە، بەردەوام سێبەری مەسرور بارزانی بووە لە دەزگای پاراستن و پاشان ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگا هەواڵگرییەكانی پارتی.
لەدوای درووستبوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رێبەر ئەحمەد وەك وەزیری ناوخۆ و كەسی دووەمی نزیك لە مەسرور بارزانی دەركەوت، بەتایبەت لە سەرپەرشتیكردنی پرۆسەی روبەرووبنەوەی كۆرۆناو كەرەنتین.
پرسیارەكە ئەوەیە، مەسعود بارزانی لە دوو گەڕداو بە دوو كاندید (فوئادا حسێن و هۆشیار زێباری) نەیتوانی لە بافڵ تاڵەبانی بباتەوە، ئایا بارزانی كوڕ (مەسرور بارزانی) دەتوانێت بە (رێبەر ئەحمەد)ەوە بەسەر كاندیدەكەی بافڵ تاڵەبانی سەرکەوێت.
ئێستا پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بۆ بارزانی و تاڵەبانی لەبەردەم سێ سێناریۆدایە:
سیناریۆی یەكەم:
بارزانی و تاڵەبانی رێكبكەون لەسەر كاندیدێكی هاوبەش لەدەرەوەی ئەم دوو كاندیدە فەرمیە (بەرهەم ساڵح و رێبەر ئەحمەد) كاندیدێكی تر كە رەزامەندی هەردوولایانی لەسەر بێت، كە ئەمە بۆچونی لایەنە شیعی و سونیەكانیشە و دەیانەوێت كورد بە یەك كاندید بەشدار بێت.
سیناریۆی دووەم:
بارزانی و تاڵەبانی هەریەكەو كاندیدی خۆی بباتە ناو پرۆسەكەوەو هاوشێوەی (2018) كە بافڵ تاڵەبانی بە بەرهەم ساڵح و مەسعود بارزانی بە فوئاد حسێنەوە چوونە ناو پرۆسەكەوە.
سیناریۆی سێیەم:
یەكێتی كاندیدی خۆی لەبەرامبەر چەند پۆستێكی دیكەی هەرێم و بەغداد بكشێنێتەوە لەبەرامبەر كاندیدەكەی پارتی، چونكە لەلایەك پارتی رێككەوتنی هەیەو لەگەڵ (سەدرو حەلبوسی) بەشێك لە دەنگەكانی مسۆگەرەو لەلایەكی تریش نوری مالیکی و بەشێك لە چوارچێوەی هەماهەنگی داوای گۆڕینی كاندیدەكەی یەكێتی (بەرهەم ساڵح) دەكەن و بە روونی رایان گەیاندووە كە دەنگی پێنادەن.
سیناریۆی چوارەم:
پارتی كاندیدەكەی خۆی بكشێنێتەوە لەبەرامبەر پۆستی پارێزگاری كەركوك یان رێككەوتن و پێكەوەیی بوونیان لە پرۆسەی نەوت و غاز و هەڵبژاردن و كێشەكانی دیكەی هەرێم.
سیناریۆی پێنجەم:
بارزانی سوورە لەسەر ئەوەی نابێت بەرهەم ساڵح ببێتە سەرۆك كۆمار، یەكێتی بەرهەم ساڵح بكشێنێتەوە، لەبەرامبەردا پارتی ئامادەیە كاندیدەكەی خۆی بكشێنێتەوەو لە هەرێمی كوردستان و پۆستەكانی دیكەی عێراقیش یەكێتی شەریك بكات.