ئەنجامی هەڵبژاردن شمشێرێكی دوو سەرەیە بۆ یەكێتی
2018-05-27 13:58:23
(درەو میدیا):
یەكێتی بە ئەنجامێكی چاوەڕوان نەكراوەوە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار دەرچوو, چاوەڕوان نەكراو بۆ شەقامی یەكێتی و بۆ لایەنەكانی بەرامبەریش، بەلای چاودێرانیشەوە، ئەم ئەنجامە وەك شمشێرێكی دووسەرەیە بۆ بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی ، رەنگە هۆكار بێت بۆ یەكخستنی زیاتری ناوخۆی یەكێتی، رەنگیشە هۆكارێك بێت بۆ پەرتبوونی زیاتر، ئەمە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردنی باڵە جیاوازەكانی یەكێتی لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن راوەستاوە.
هەڵبژاردنی 12ی ئایار جارێكی تر دۆخی ناوخۆی یەكێتی وەك ئاوێنەیەك نیشانی رای گشتی و سەركردەكانی یەكێتیش دایەوە، كۆسرەت رەسوڵ كە تا پێش هەڵبژاردن وەك جەمسەرێكی بەهێزی ناو یەكێتی تەماشا دەكرا، لەم هەڵبژاردنەدا تەنها یەك كاندیدی دڵخوازی دەرچوو كە ئەویش ژنێك بوو لە هەولێر و بەكۆتا دەرچوو.
لەبەرامبەردا ماڵباتی تاڵەبانی زۆرینەی هەرە زۆری كاندیدەكانیان دەرچواند، بەم ئەنجامە جارێكی تر ماڵباتی تاڵەبانی باڵا دەستی خۆیان بەسەر یەكێتیدا بە دۆست و نەیارەكانیشیان نیشاندایەوە، بەڵام بە كێشەش نەبوو بۆ ناو خۆی یەكێتی، چونكە هەندێك لە كاندیدە سەرنەكەوتووەكان بەشێوەی فەرمی نوسراویان ئاراستەی حزبەكەیان كرد و سەركردەكانیان تۆمەتباركرد بەوەی كە دەستكاری دەنگی كاندیدەكانیان كردووە ئەوانەیان دەرچواندووە كە نزیكن لە خۆیانەوە.
ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بۆ یەكێتی دوو سەرەیە:
یەكەم/ ئەگەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی یەكگرتوو مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەكاندا بكەن و هەردوو جەمسەرەكی ناو یەكێتی سەركەوتن و شكست بەسەر یەكدیدا دابەش نەكەن، ئەوا رەنگە لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا دەستكەوتی زیاتر بچننەوە و لە ناوخۆی یەكێتیشیدا جۆرێك لە سەقامگیری رێژەیی بەدیبهێنن.
دووەم/ ئەگەر هەردوو جەمسەرەكەی ناو یەكێتی وەكو سەركەوتن بۆ لایەك و شكست بۆ لاكەی تر مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەكان بكەن، ئەوا دوور نیە دۆخی یەكێتی لە دۆخی پێش هەڵبژاردن ئاڵۆزتر بێت تارادەی جیابوونەوەش سەربكێشێت.
تا پێش هەڵبژاردن خاڵی یەكلاكەرەوەی نێوان جەمسەرەكانی یەكێتی گرەوكردن بووە لەسەر ئەنجامی دەنگەكانی بەرهەم ساڵح و لیستەكەی، بەڵام لەدوای دەركەوتنی ئەنجامەكان و چیتر بەرهەم ساڵح ئەو كارەكتەرە بەهێزە نەما لەلای ئەوان كە گرەوی لەسەر بكەن، بەتایبەتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی كە دەوترێت بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆخی یەكێتیەوە بە ئەنجامی دەنگەكانی بەرهەم ساڵحەوە بەستبووەوە، بەڵام ئەنجامەكان رای كۆسرەت رەسوڵ بەرەو مانەوە لەناوخۆی یەكێتی كێش دەكات.
هێشتا بڕیار لەسەر بەستنی كۆنگرە نەدراوە، كە وەك تاكە رێگا چارەی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی تەماشا دەكرێت، دۆخی ئێستا یەكێتی وا دەبینرێت كە جەمسەری ماڵباتی تاڵەبانی كۆنترۆڵی بارودۆخی یەكێتیان كردووە، جەمسەری كۆسرەت رەسوڵیش لەدوای هەڵبژاردنەكانەوە بێدەنگیان هەڵبژاردووە.
بەلام مەرج نیە ئەم دۆخەی ناوخۆی یەكێتی تا سەر بەردەوام بێت بەم فۆرمەی ئێستاوە بەتایبەتیش دوای ئەوەی یەكێتی لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیارە بڕیاری كۆتایی خۆی رابگەیەنرێت سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق و چۆنیەتی دابەشكردنی پشك و پۆستەكان.
تاقیكردنەوەیەكی تر لەبەردەم دۆخی ناسەقامگیری ناوخۆی یەكێتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە كە بڕیارە 30ی ئەیلول، چونكە وەك دەوترێت پارتی نایەوێت بەبێ هیچ رێككەوتنێكی پێشوەخت بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە لەگەڵ یەكێتیدا بەتایبەت لە پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و پۆستی سەرۆكی هەرێم و پۆستەكانی تری هەرێمی كوردستان و عێراق.
لەناو یەكێتی تێڕوانینێك هەیە كە هەوڵ ئەدا جارێكی تر یەكێتی بە ئاراستەی رێكەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی بەرێت و بە فۆرمێكی نوێوە، لەبەرامبەردا تێڕوانینێكی تر هەیە خوازیاری ئەوەیە كە یەكێتی بە ئاراستەی بزوتنەوەی گۆڕان و جێگیركردنی سەقامگیری لە سلێمانی.