Draw Media

مام جەلال: پارتی لەپێناو مانەوەیدا ئامادەیە هەرێم لەناوبەرێت

مام جەلال: پارتی لەپێناو مانەوەیدا ئامادەیە هەرێم لەناوبەرێت

2022-01-26 17:32:16


 
رانانی: بارام سوبحی
مام جەلال پێش نەخۆش كەوتنی زۆر بێتاقەت بوو لە مەســعود بارزانی، بە ئاشكراش قسەی دەكرد كە زۆر بێزارە لە هەڵسوكەوتی بارزانی، ئەمە وتەی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە. هەروەها دەڵێت: كاك مەسعودو پارتەكەی هیچ خوشحاڵنین بە گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستان‌و ئێستاش پشتگیری ڕاكان جبوری دەكەن.. پارتی لەپێناوی مانەوەی حیزبەكەی بەردەوام لەلایەن وڵاتانی داگیركەرەوە ئاراستە دەكرێت.
مستەفا چاڵاوی جێگری سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لەكتێبی بیرەوەرییەكانیدا كە لەم رۆژانەدا بڵاوكرایەوە، دەنووسێت: تاكو ڕۆژی ڕوخانی سەدام حوسێن، پارتی‌و سەدام پەیوەندی زۆر بەهێزیان هەبوو، زۆربەی كاتەكان عودەی‌و قوسەی دەچوونە هەولێرو دەمانەوە.. لە خەباتی شاخەوە جاش‌و مستەشارەكان دۆستی پارتی بوون. لەبارەی ریفراندۆمیشەوە دەڵێت: پاراستن‌و حكومەتی توركیا فێڵیان لە بارزانی كرد. هەروەها دەڵێت: ئەگەر هێزی لایەنەكانی تر نەچوایە بە هانای هەولێرەوە، داعش هەولێریشی دەگرت.
كتێبی (كڵپەیەك لە كۆمیتەی ئاگرەوە: چل‌و حەوت ساڵ بێ‌ دابڕان)، بیرەوەرییەكانی مستەفا چاڵاوی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە كە لە دووتوێی (240) لاپەڕەدا بڵاوكراوەتەوە، لە كتێبەكەیدا باس لە سەرەتای پەیوەندی خۆی بە یەكێتی‌و سەردەمی شاخ‌و راپەڕین‌و قۆناغی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەتا ئێستا دەكات.

حەفتاو پێنج ملیۆنەكەی بنەماڵەی بارزانی
مستەفا محەمەد عەبدوڵا ئەحمەد (مستەفا چاڵاوی)، دەنووسێت: لە ساڵی (1978) مام جەلال نامەی بۆ (حەمایلەخان‌و ئیدریس‌و ماڵی بارزانی) نارد كە بەیەكەوە شۆڕش دەست پێبكەنەوە، ئەو چەكانەی یەكێتیش بە تەمابوو بیهێنێت نیوەی بدات بە پارتی چونكە واڕێكەوتبوون، یەكێتی چەك پەیدابكات‌و بنەماڵەی بارزانیش ئەو حەفتاو پێنج ملیۆن دینارەی لە ئاشبەتاڵ بردبوویانە ئێران بەو پارەیە پێداویستی شۆڕش پڕبكرێتەوە، بەڵام بنەماڵەی بارزانی ئەو بڕە پارەیەیان نەگێڕایەوەو لای خۆیان هێشتیانەوەو بۆ خۆیان بەكاریان هێنا.
لە درێژەی باسەكەیدا، دەنوسێت: دوای ساڵی (1976) كە شۆڕش دروستبووەوە ئەوان لەلایەن ئێرانەوە چەكدار كرابوون بۆ لێدانی بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی كورد كە یەكێتی نیشتیمانی‌و هەڤاڵی بەڕێز مام جەلال رابەرایەتی دەكرد. هەر لە رۆژی دروستبوونەوەی شۆڕش لە كوردستان، ئەوان هەمیشە پلان‌و بەرنامەیان داناوە بۆ لێدانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.
بۆ بەڵگاندنی قسەكانیشی، دەڵێت: تاكو ڕۆژی ڕوخانی سەدام حوسێن پارتی و سەدام پەیوەندی زۆر بەهێزیان هەبوو. زۆربەی كاتەكان عودەی‌و قوسەی دەچوونە هەولێر و دەمانەوە. پارتی لە مێژووی دروستبوونیەوە ئەوەی گرنگ بووە بەلایەوە مانەوەی پارتی و بنەماڵەكەیان بووە، كورد وەسیلەی مانەوەیان بووە. هەمیشە لەهەر شوێنێ‌ خەباتی ڕزگاریخوازی كورد سەریهەڵدابێت، بۆ لەناوبردن‌و سەركوتكردنی جوڵانەوەكانی پارچەكانی تری كوردستان، پارتی ئامادەبووە هاوكاری داگیركەرانی كوردستان بكات. پارتی هیچ كات ڕازی نەبووە لە پارچەیەكی كوردستان شۆڕش هەبێت بە ئێستاشەوە.   


هەڵوەشانەوەی كۆمەڵەی رەنجدەران
لاوازبوونی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە حەلكردنی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستانەوە دەست پێدەكات، چاڵاوی بەم جۆرە باس لە گرنگی كۆمەڵە دەكات. ئەو كە سەرەتای خەباتی بە پەیوەندیكردنی بە كۆمەڵەوە دەستپێكردوە، دەڵێت: كۆمەڵە ڕێكخراوی چەپ بوو خاوەن فیكرو فەلسەفەی خۆی بوو، زۆر جیاواز بوو لە فیكرو دنیابینی لایەنەكانی تری ناو یەكێتی. ئەگەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی لێ‌ جیابكرایەتەوە شتێكی زۆر بچوك دەمایەوە.
دەربارەی ململانێی نێوان باڵەكانی یەكێتی، دەڵێت: باڵەكانی تری یەكێتی تەكەتولی شەخسی بوون بۆ بەرژەوەندی برادەرانی سەرەوە بوو، بۆ خزمەتكردنی خۆیانۆ وێرانكردنی یەكێتی بوو، (چونكە) ململانێی كۆمەڵە لەگەڵ باڵەكانی تری یەكێتی ململانێی فیكری بوو نەك تەكەتولاتی شەخسی. (تەنانەت) هەموو داهێنانەكانی شۆڕش لەسەر دەستی سەركردەو فەرماندەكانی كۆمەڵە بووە.
ناوبراو كاتێك دێتە سەر باسی هەڵوەشانەوەی كۆمەڵە، دەنوسێت: لاوازبوونی یەكێتی لە حەلكردنی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستانەوە دەستپێدەكات، بۆیە ئێستا خەڵك بە جیاواز لە پارتی سەیرمان ناكات. كۆمەڵە حەل نەكرایا قەت ئەم هەموو ناعەدالەتیەیەی ناو یەكێتی قبوڵ نەدەكرا، تاكو كۆمەڵە هەبوو یەكێتی حزبی خوێندەوارو خەڵك بوو، هەموو حزبە سیاسیەكان حسابیان بۆ كادری كۆمەڵە دەكرد. لەڕووی فیكری‌و سیاسیەوە كۆمەڵە نوێنەری خەڵكی هەژارو ئەو خانووە قوڕانە بوو كە هەمووجار مام جەلال دەیوت دەبێت بگەڕێینەوە بۆ خانووە قوڕەكان. مام جەلال خۆشی باشی‌و گرنگی كۆمەڵەی دەزانی. لەو ڕۆژەی كۆمەڵە وەكو فیكرو ڕێباز نەما كەسێتی كادریش شێوێنرا. بەرێوەبردن كەوتە دەست ئەو هەڤاڵانەی كە ڕۆژانە لەباتی پەروەردەكردنی كادر فێری ماستاوكردنیان دەكردن، بۆ ئەوەی پارچەیەك زەوی پێبدەن یان پۆستێكی پێبدەن.. هیچ كات دابەشــكردنی پۆست‌و پلە لەسەر لێهاتوویی‌و خەبات‌و دڵسۆزی حساب نەدەكرا.

بەرەی كوردستانی‌و راپەڕین‌و یەكەم هەڵبژاردن
نووسەر كاتێك دێتە سەر باسی دروستكردنی بەرەی كوردستانی، دەڵێت: پێموایە بەرەی كوردستانی‌و هێنانەوەی بەرەی كوردستانیش كە پارتی ئامادەیە بێتە ناویەوە، لەژێر فشاری كۆماری ئیسلامی ئێران بوو... بەداخەوە پارتی زۆرجار جڵەوی لەلای خۆی نییە، لەپێناوی مانەوەی حیزبەكەی بەردەوام لەلایەن وڵاتانی داگیركەرەوە ئاراستە دەكرێت.
سەبارەت بە ئەنجامدانی راپەڕین-یش دەڵێت: دەبوو بە هیچ شێوەیەك داوا لە پارتی نەكرایە ئامادەكاری بكەن بۆ راپەڕینی ساڵی (1991). ئەوان ئەو كاتەی هەڤاڵی بەڕێز مام جەلال داوای لە سەركردایەتی یەكێتی‌و هێزی پێشمەرگە كرد خۆیان ئامادەبكەن بۆ راپەڕین‌و چوونە ناو شارەكان، دەیانووت: یەكێتی خەوی دیوە راپەڕین دەبێت لە كوردستان. ئەوكاتەش بڕوایان بە خەبات‌و تێكۆشان نەبوو لە كوردستان.
لەبارەی یەكەم هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لەرۆژی (19/5/1992)، چاڵاوی دەڵێت: بە بڕوای من هەڵبژاردن لە كوردستان كرا یەكەم هەڵەبوو یەكێتی كردی، هەڵەیەكە تاكو ئێستا خەڵك پێوەی  دەناڵێنێت. چونكە لەكاتێكدا چوە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە كە بەرامبەرەكەی پارتی بوو، بەهیچ شێوەیەك بڕوای بە هەڵبژاردن نەدەكرد كە پاك بێت‌و بێ‌ غەش نەبوو، هەر لە سەرەتاوە بیریان لەوە كردبویەوە كە چۆن دەنگی خەڵكی بە تەزویر بەدەست بهێنن.
ئەو لە گێڕانەوەی بیرەوەرییەكانی رۆژانی هەڵبژاردندا، دەنووسێت: هەر كە دەستكرا  بە هەرای هەڵبژادن ئیتر كڕینی خەڵك دەستی پێكرد. لە سنوری ئێمە ئەو كات كاك مەسعود هەر ماڵەی پەنجا دیناری بۆ كردنە زەرفەوەو بە دیاری بۆی ناردن، بۆ ئەوەی دەنگی خەڵكی پێ بكڕێت لە هەڵبژاردندا (واتە دەتوانم بڵێم یەكەم هێز كە مرۆڤی ئێمەی والێكرد دەنگی بفرۆشێت‌و لەو رێگەیەوە لە مەبدەئی كوردایەتی‌و نیشتیمانی درا، پارتی بوو). چونكە بەو دەنگ كڕینە مەبدەئی نیشتیمانی نەماو حیزب هاتە سەرەوە كە توانیشی پێی سەربكەوێت. ئەو كاتە كەس تەزویری نەدەزانی ئەوان كردیان. 
ناوبراو كە لەو كاتەدا لە سنوری چەمچەماڵ بووە، دەڵێت: بە بیرم رۆژی هەڵبژاردن كە (19/5/1992) بوو، نیوەڕۆكەی ئێمە زانیمان پارتیەكان چۆن مرەكەبی پەنجەیان دەسڕنەوەو دەستیانكردوە بە تەزویركردن، واتە نیوەی رۆژ تەواوببوو پارتی هەڵبژاردنی خۆی بە تەزویر یەكلایی كردبوویەوە، سەرەڕای پارە دابەشكردن‌و ئەو هەموو ئەو جاش‌و كۆنە مستەشارو خۆفرۆشانەی كە دەنگیان بەوان دەدا. لە خەباتی شاخەوە جاش‌و مستەشارەكان دۆستی پارتی بوون، جاری واهەبوو جاشەكان‌و مستەشارەكان پارتیەكانیان لەلا جاشترو مستەشارتر بوو بۆ بەعس‌و بەپێچەوانەشەوە خۆیان بە پارتی دادەنا، واتە لەمێژەوە هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ پارتی نەبوو... بۆ مێژوو دەیڵێم لە سنوری كەركوك – گەرمیاندا بەتایبەت هیچ جاش‌و خۆفرۆشێك كێشەی لەگەڵ پارتی نەبوو، بەڵكو هەر زۆر پەیوەندییەكی باشیان هەبوو. هەموو مەفرەزە خاسەكان خۆیان بە پارتی دەزانی‌و بە ئاشكراش خۆیان ئەوەیان دەوت.
چاڵاوی لە باسكردنی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمدا، دەڵێت: دەبوو یەك هێز حكومڕانی بكردایە تاكو چەند دەیەیەك، تاوەكو كۆمەڵگا دابەشی ئەم حزبیبونە نەبێ‌، فرە حزبی هەرچەندە داهێنانی یەكێتیە، بەڵام بۆ قۆناغی دوای ڕاپەڕین نەدەبوو چەند حزبێ‌ لە حكومەتدا بن. حكومەتی فرەیی نەك لە كوردستان لە هەموو دنیا لاوازترین حكومەتە، توانای پێشــكەوتنی نیە، بەس بەناو جوانە نەك بە كردار.


مام جەلال‌و پارتی
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی‌و پارتی، چاڵاوی دەڵێت: ئێمە زۆرجار لەگەڵ مام جەلال كە قسەمان دەكرد بۆچی ئەوەندە تەنازول بۆ پارتی‌و مەسعود بارزانی دەكات؟ دەیوت: ئێوە نایانناسن، ئەوان باكیان بەم هەرێمە نیە. لەپێناوی خۆیان ئامادەن ئەم هەرێمە لەناوبەرن. ئەگەر ئێوەش دەتانەوێ‌ ئەم هەرێمە لەناوبچێت ئەوە لەگەڵ پارتی تێكیبدەن، بەڵام من ئەوەم ناوێ. هەرێمەكەو دەســتكەوتەكەی بۆ من لە یەكێتی گرنگترە. یەكێتی لاوازیش بێ‌، لەناو ناچێت، بەڵام هەرێمەكە لەناوبچێت بۆ هەشتا ساڵی تر كورد ئەم دەستكەوتەی لە دەست دەچێت، بۆیە من هەرچی پێویست بكات بۆ پارێزگاری لەم هەرێمە دەیكەم، چونكە بوونی كوردی پێوە بەندە. خۆشتان دەزانن كەم فیداكاری نەكراوە بۆ دروستكردنی هەرێمەكە. پاشان چاڵاوی دەڵێت: بەڕاستی ئێمە زۆرمان پێناخۆش بوو كە پارتی لەپێناو سەرۆك‌و حزبەكەیان هەموو شتێكیان دەكرد، وڵات نەماوە لە ناوچەكەدا بۆ پارێزگاری لە خۆیان نەیهێننە سەر ئەم هەرێمە.
لە درێژەی گێڕانەوەكانیدا، چاڵاوی دەڵێت: پێش نەخۆش كەوتنی، مام جەلال زۆر بێتاقەت بوو لە مەســعود بارزانی. بە ئاشكراش قسەی دەكرد كە زۆر بێزارە لە هەڵسوكەوتی بارزانی، هەم لەسەر هەرێم‌و هەم لەسەر بەغداد، بۆ پەیوەندیەكان لەگەڵ عێراق، هەندێ‌ لە هەڵسوكەوتی بارزانی پێچەوانەی سیاسەتی مام جەلال بوو... بە ئاشكرا لەسەر عێراق‌و شــیعەكان ڕای زۆر جیاوازیان هەبوو، مام جەلال دەیزانی هەرچیەك بكەن بارزانی بۆ خۆیی‌و حزبەكەی هەر زیاتری دەوێ‌، كاك نەوشیروانیش ئەو ڕاستیەی دەزانی.


جیابوونەوەی گۆڕان‌و رێككەوتنی دەباشان
یەكێك لە رووداوە دیارەكانی دە ساڵی رابردوو دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانە، چونكە دامەزرێنەرو بەشێكی زۆری سەركردەكانی لە هەناوی یەكتێیەوە هاتنەدەر. چاڵاوی لەوبارەیەوە دەڵێت: ئەو كادرو تێكۆشەرانەی لە ناو یەكێتی نیشتیمانی ببوون بە گۆڕان، بەشێكیان لە داخی نادادپەروەری ناو یەكێتی‌و لادانی یەكێتی لە مەبادیئەكانی یەكێتی بوو، بەشێكی تریان پێیانوابوو یەكێتی دەڕوات‌و گۆڕان دەبێتە شوێنگرەوەی یەكێتی، بۆیە گۆڕانیان پێ‌ باش بوو تاكو لە كاتی ڕووخانی یەكێتی ئەوان جێگایان بۆ خۆیان گرتبێت‌و شوێنیان بۆ خۆیان ئامادەكردبێت لەناو گۆڕان.
لەدوای جیابوونەوەی گۆڕان، یەكێك لەو رووداوانەی زۆر باس دەكرێت، رێككەوتنی دەباشانە لەنێوان مام جەلال‌و نەوشیروان مستەفادا، چاڵاوی لەوبارەیەوە دەڵێت: لەناو یەكێتی بەشێك لە دەسەڵاتداری ناو یەكێتی بە كاك مەلا بەختیاریشــەوە زۆر دژی ڕێكەوتنەكە بوون، بۆیە ئەوانەی ناو یەكێتی كە زۆر لە پارتی نزیكبوون بە دڵی پارتی دژی ڕێكەوتنەكە بوون، چونكە پارتیش هەر لەسەرەتاوە دژی ڕێكەتنەكەبوو، بەوەی دەزانی ڕێكەوتنەكە دەبێتە هۆی ڕێكەوتنی ترو ڕەنگە یەكگرتنەوەش ڕووبدات. ئەوكات ژمارەی كورسیەكانی یەكێتی‌و گۆران زۆر لەوەی ئەو زیاتر دەبوو، ڕەنگە ببوایەتە هۆی ئەوەی بەرەیەك دروست بێت كە هەندێ‌ لە حیزبەكانی تریش بچنە ناو ئەو بەرەیە، چونكە دۆخەكە وا دەخوازێت. بۆیە پاش ماوەیەك ئەوانەی ناو یەكێتی بە ئاشكرا دژی ئەو ڕێكەوتنەبوون كاریان دەكرد بۆ تێكدانی.
لەگێڕانەوەی ئەو قۆناغەدا، درێژە بە باسەكەی دەدات‌و دەڵێت: ئەوانەی كە لە دژی چاكسازی بوون، هەر ئەوان بوون دژی رێكەوتنەكەبوون.. هەر ئەوان بوون وایان دەكرد مام جەلال لەگەڵ نەوشیروان ڕێكنەبێ‌. هەر ئەوانیش بوون لە كۆنگرە وایانكرد مام هەندێ‌ قسە لەسەر نەوشیروان بكات. ئەوە بوو دوای كۆنگرە، گوێی لێیان نەگرت ‌و قسەكانی چاككردەوە. زۆر لەو برادەرانە وایان لە مام جەلال گەیاندبوو كە گۆڕان سێ كورسی دێنێت نەك (25)،  ئەوانەش زۆر هەوڵیاندەدا یەكێتی بەو شێوەیە بێت كە پارتی وای دەخوازێ‌ هەرواشیان لێكرد. لە دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلالەوە كۆبونەوەكانی مەكتەب سیاسیی ئێمە هەموو نهێنیەكانی لای پارتی بوو، لەگەڵ تەواوبوونی كۆبونەوەكەدا وەك ئەوە وابوو پارتی سەرپەرشتی كۆبوونەوەكان بكات. ئێستاكە چەند كەسێكمان هەن ئەو كات ئەندامی مەكتەب سیاسیی بوون، ئێستا لای پارتی مستەشارن بۆ كاروباری میوانداری، پاش ئەوەی بەو دەسەڵاتەی هەیانبوو لەناو یەكێتی بوون بە بازرگان.


ریفراندۆم‌و كەركوك
لەبارەی ریفراندۆمی (25/ئەیلول/2017)، چاڵاوی دەڵێت: كەس نازانێ‌ داهاتی ئەم هەرێمە چەندەو چۆن سەرف دەكرێت، تەنها پارتی‌و توركیا دەزانن، چونكە هەردوولا ڕێكەوتوون بۆ ئەوەی نەوتی هەرێم بفرۆشن. بەبڕوای من پاراستن‌و حكومەتی توركیا فێڵیان لە بارزانی كردوە، چونكە توركیا قەت قبوڵ ناكات لەم هەرێمە ئەو هەموو دەسەڵاتە سەربەخۆیە هەبێت. بۆیە هانی بەرزانیان دا ڕیفرانۆم بكات، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی هەرێم بچوكبكەنەوەو پێی بڵێن كورد نابێت ئەم هەموو سەربەخۆییەی هەبێ‌، چونكە هەموو هاوڵاتیەكی كوردستان ئەوەی قەت سیاسەتی نەكردبوو دەیزانی ئەگەر ئەمریكاو ئەوروپا پشتگیریمان نەكەن، هەموو ئەو وڵاتانەی كوردیان تیایە یان بڵێن كوردستانیان داگیركردووە ڕازی نابن نەك لەوەی هەیە زیاتری هەبێت بەڵكو ئەوەی هەشیەتی لەناوی دەبەن، ئەی چۆن بارزانی نەیزانی وایلێدێت! 
دەربارەی رووداوی شازدەی ئۆكتۆبەر كە پارتی بە "خیانەت" ناوی دەبات، چاڵاوی دەڵێت: ســوپای عێراق ئەو ســوپایەی كە بارزانی دەستی هەبوو لە دروستكردنیدا، چەندین جار ناڵێت سەر بە حزبەكەی خۆیان سەرۆكی ئەو عەمەلیە بوون بۆ گرتنەوەی كەركوك، بەڵام بۆ شاردنەوەی ئەو هەڵە گەورەیەی لە ڕیفراندۆم كرا، باسی خیانەت‌و خیانەتكاری دەكەن.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای كەركوكیش دەڵێت: پارتی پێی باش بوو عەرەب پارێزگاری كەركوك بێ نەك ئەندامی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ ئەوەی یەكێتی كەركوك لەدەست بدات، هەرچەندە لەدوای نەمانی هێزی كورد لە كەركوك بە بەرچاوی كاك مەسعودو پارتیەوە ڕۆژانە عەرەبی هاوردە دێتەوە كەركوك بەنوسراوی ڕاكان، بەڵام ئێستاش پشتگیری ڕاكان دەكەن نەك یەكێتی.
ئەو لەبارەی پرسی كەركوكەوە دەڵێت: ئەوەی بەكێشەی خۆی دەزانی لە هەرێمی كوردستان لە حزبەكان تەنها یەكێتی‌و مام جەلال بووە. كاك مەسعودو پارتەكەی هیچ خوشحاڵ نین بە گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستان، چونكە مێژوو ئەو ڕاستیەی سەلماندووە لەوكاتەی بەرژەوەندییەكانی پارتی‌و بارزانی دەكەوێتە مەترسیەوە، ئەوان پارتیان لەلا گرنگتر بووە لە كوردو كەركوك. لەبەرئەوەی باڵانسی هێز لە كوردستان نەگۆڕێ‌ كە ئەوان نفوزیان لە كەركوك زۆر كەمەو كەركوك زۆربەی یەكێتییە، هەرگیز نایانەوێ‌ كەركوك بێتەوە سەر هەرێم بۆ ئەوەی باڵانسی هێز نەگوڕێ‌. بۆ نمونە كاتێك كتۆر نەجمەدین پارێزگاری كەركوك بوو لەسەر لیستی یەكێتی‌و ژێر بە ژێر لەگەڵ پارتی بوو، كە ئاشكرا بوو یەكێتی ویستی سزای بدات، لەسەر گەندەڵیەكانی حكومەتی عێراق مەلەفی دزیەكانی دەركرد، د.نەجمەدین ڕایكردوو چووە هەولێر كە خۆشی ئەندامی مەكتەب سیاسی یەكێتی بوو نەهاتەوە سنوری یەكێتی، پاشان لەلایەن یەكێتی قبوڵ نەكرا وەكو پارێزگاری كەركوك بمێنێتەوە.


داعش‌و ئایندەی كوردستان
لەبارەی پەلامارەكانی داعشەوە، چاڵاوی دەڵێت: پارتی پێیانوابوو كە داعش پەیوەندی نیە بەسەر ئەوانەوە. تا ئەو كاتەی پەلاماری شەنگالیانداو شەنگال لەلایەن داعشەوە گیراو هێزەكانیان بەرەو هەولێر هەڵهاتن، ئەو كارەساتە ڕوویدا، ئینجا پارتی‌و بارزانی تێگەیشتن كە داعش درۆی لەگەڵیان كردوە. ئەو هەموو هێزەی پارتی لە شەنگال بەشێوەیەك شكا تاكو دهۆك‌و هەولێر نەوەستانەوەو ئەو كارەساتە بەسەر كوردی ئێزدی هات لە شەنگال، كە لە مێژووی مرۆڤایەتی كەم وێنە بوو. دەیان هەزار لە هێزی چەكداری پارتی لەو سنورە بوون نەیانتوانی بۆ یەك سەعاتیش بەرگری لە خەڵكی شەنگال بكەن، تاكو لە دەستی تیرۆرستانی داعش ڕزگاریان بێت، ئەگەر هێزی لایەنەكانی تر نەچوایە بە هانای هەولێرەوە، هەولێریش دەگیرا. (هەرچەندە) هەندێك سەرچاوە باس لەوە دەكەن ژمارەی ئەو داعشانەی پەلاماری شەنگالیان داوە كەمتر لە سەد كەس بوون، لەكاتێكدا دە بۆ پازدە هەزار چەكداری پارتی لەو سنورە بوون بەهێزی بەرزانیشەوە.
لەكۆبەندی باسەكانیداو لە رونكردنەوەی تێڕوانینی بۆ ئایندەی پرۆسەی سیاسی كوردستان، سەركردەكەی یەكێتی دەڵێت: ئەگەر هێزێك بیەوێت لە ڕێگای خەباتی سیاسی‌و پەرلەمانی لە كوردستان گۆڕانكاری بكات ئەوە لەهەڵەدا دەژین، ئەوەی ئێستاكە لە كوردستان حكومڕانی دەكات خەباتی پەرلەمانی‌و دەسەڵات لە دەست ئەودایە. ئێستا چل‌و پێنج كورسی پەرلەمانی هەبێت، لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەچێتە پەنجا كورسی، لەبەرئەوەی بە دەست خۆیەتی چەند كورسی هەبێ‌، چونكە هەر چەندی بوێت بە تەزویر بەدەستی دێنێت. ئەگەر بە ئازادی هەڵبژاردن بكرایە ئەو (45) كورسیە هەر (25) كورسی دەنگی ڕاستەقینەی خۆیەتی‌و بیست كوردسی تەزویرە. هەرچی كردبێت بۆی چۆتە سەر، هەرچەندە پەرلەمان هیچ دەسەڵاتێكی نیە، هەر ڕۆژێك پارتی بە چاكی بزانێ‌ دایدەخات‌و سەرۆكەكەشی دەردەكات وەكو لە ڕابردوودا كردیان.
  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand