یەكێتی و پارتی پەیوەندی بە نەوەی نوێوە دەكەن
2022-01-25 16:50:27
درەو:
پارتی و یەكێتی لە ئاستی باڵا بۆ پرسی سەرۆك كۆمار پەیوەندی بە نەوەی نوێوە دەكەن، ئێرانیەكان داوا دەكەن نەوەی نوێ دەنگ بە بەرهەم ساڵح بدەن، هاوپەیمانی (لە پێناو خەڵك) هێشتا بڕیاری كۆتایی نەداوە.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ ئیمتیداد و بەشێك لە سەربەخۆكان هاوپەیمانێتیەكیان پێكهێنا بەناوی هاوپەیمانێتی (لەپێناو خەڵك) سەرۆكی هاوپەیمانێتیەكە (شاسوار عەبدولواحید)ە، ژمارەی كورسیەكانیان وەك خۆیان رایانگەیاندووە (28) كورسیە لە پەرلەمانی عێراقداو، كاندیدی خۆیان هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە (رێبوار ئەورەحمان) پەرلەمانتاری نەوەی نوێیە، ئەو هاوپەیمانێتیە بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش كاندیدەكەیان (34) دەنگی بەدەستهێنا.
ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ كە نەیویست ناوی بهێندرێت بە (درەو)ی راگەیاند: لەسەر ئاستی باڵا یەكێتی و پارتی پەیوەندیان بە نەوەی نوێوە كردووە، هەریەكەیان داوایان كردووە هاوپەیمانی لە پێناو خەڵك دەنگ بە كاندیدەكەیان بدات، لەسەر ئاستی ئیقلیمیش ئێرانیەكان و ئەمریكیەكان بەرەسمی سەردانی نەوەی نوێیان كردووە، ئێرانیەكان داوایان لە نەوەی نوێ كردووە، كاندیدەكەیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكشێننەوەو دەنگ بە كاندیدی یەكێتی بدەن كە (بەرهەم ساڵح)ە، بەڵام هاوپەیمانی لە پێناو خەڵك هێشتا بڕیاری كۆتایی نەداوە، كە چی دەكەن و هەڵوێستیان چی دەبێت، لەچەند رۆژی داهاتوودا بڕیاری كۆتایی دەدەن.
ئەندامەكەی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ ئەوەشی وت: لە گەڕی دووەمدا یەكێتی و پارتی پێویستیان بە دەنگی پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی لە پێناو خەڵك دەبێت، جیا لەوەش هاوپەیمانی لە پێناو خەڵك دەتوانێت نیسابی كۆبونەوەكە تەواو بكات یاخود نیساب بشكێنێت، بەو پێیەی نیسابی پێویست بە گەڕی یەكەمی دەنگدان بۆ سەرۆك كۆمار پێویستی بە ٢٢٠ پەرلەمانتار هەیە، هاوپەیمانێتیەكەی (سەدر و حەلبوسی و پارتی) و هەموو ئەوانەی لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەشدار بوون لە دانیشتنی یەكەم، ٢٢٨ پەرلەمانتار بوون، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پێویستی بە (220) ئەندام هەیە، ئەگەر هاوپەیمانی لە پێناو خەڵك نەچێتە ژوورەوە نیساب تەواو نابێت.
رۆژی 8ی مانگی داهاتوو دوایین وادەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان كە هاوپەیمانێتی لەگەڵ (سەدرو حەلبوسی) كردووە كاندیدێكیان هەیە (هۆشیار زێباری)، نزیكەی (180) دەنگیان هەیە، كاندیدەكەیان بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان (180) دەنگی بەدەستهێناوە.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بە فەرمی (بەرهەم ساڵح)یان كاندید كردووە، دەنگی پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی مسۆگەر كردووە، هەریەك لە ئێران و ئەمریكاش پشتیوانی لە بەرهەم ساڵح دەكەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.
بەپێی نەخشەی ناو پەرلەمانی عێراق، لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق كە پێویستی بە دەنگی (دوولەسەر سێ)ی ئەندامان هەیە واتا (220) ئەندام هیچ یەكێك لە كاندیدەكان ناتوانێت ئەو دەنگە بەدەستبهێنێت و دەكەوێتە گەڕی دووەم كە بە دەنگی زۆرینەی سادە سەرۆك كۆمار هەڵدەبژرێدرێت.