Draw Media

لە كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتی چی روویدا ؟

لە كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتی چی روویدا ؟

2022-01-23 21:54:08


راپۆرت: درەو
"پێم وت هەموو رێگایەكی رەواو ناڕەوا دەگرینە بەر بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە" بافڵ تاڵەبانی بەمشێوەیە باسی لە گفتوگۆی خۆی‌و مەسعود بارزانی كردووە لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە،لەلایەن ئەندانمانی سەركردایەتیەوە بە چەپڵە رێزان پێشوازی لە قسەكانی بافڵ تاڵەبانی كرا، كۆبونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبونەوەیەكی دژە پارتیانە بوو، راگەیەندراوی كۆبونەوەكەش بەتوندی هێرشی كردە سەر پارتی، بەڵام هێشتا پارتی وەڵامی نەداوەتەوە، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا باسی چی كرا ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

تێكچوونی یەكڕیزیی !
دوای هەشت مانگ لە رووداوەكانی (8)ی تەموزو دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی لە ریزەكانی یەكێتی، ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبووەوە. 
ئەم كۆبونەوەیە بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بوو، تێیدا بە تێكڕا سەرلەنوێ (بەرهەم ساڵح) بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كرایەوە. 
ئەمڕۆ رۆژی راگەیاندنی تێكچوونی ئەو یەكڕیزییە بوو، كە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا یارتی‌و یەكێتی بانگەشەیان بۆ دەكرد، ئەم دوو هێزە دەسەڵاتدارە نەك نەیانتوانی هێزە كوردییەكانی تر لە دەوری خۆیان كۆبكەنەوە، خۆشیان نەیانتوانی بە یەكڕیزی بچنە بەغداد، رەنگە ئەمە سەرەتای كۆتایی چیرۆكی یەكڕیزی كورد بێت لە بەغداد. 

لە كۆبونەوەكەدا چی وترا ؟
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی باسی لە هەوڵەكانی خۆی كردووە سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار لەگەڵ پارتیدا. 
بافڵ تاڵەبانی وتویەتی:" داوام لە مەسعود بارزانی كردووە پارتی‌و یەكێتی پێكەوە بچینە بەغدادو یەك كاندیدیان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پێموت ئامادەم بەرهەم ساڵح بهێنمە لات چی تێبینیەكت هەیە لەسەری، چی رێنمایی‌و رەخنەو قسەیەكت هەیە پێی دەڵێن‌و وا دەكەین پەیوەست بێت بە هەموو بڕیارو هەڵوێستێكی ئێوەوە، بەڵام بارزانی رازی نەبووە".
بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەكردووە، دوای ئەوەی بارزانی وتویەتی من بەرهەم ساڵحم ناوێت پۆستەكەیم دەوێت و سوربووە لەسەر ئەوەی پارتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ناكشێنێتەوە ، بە بارزانی وتووە:" ئەگەر كاندیدی تۆ دەرچوو پیرۆزبایت لێدەكەین، ئەگەر كاندیدی ئێمەش دەرچوو پیرۆزباییمان لێبكەن..  چونكە ئێمە هەموو ریگایەكی رەواو ناڕەوا دەگرینە بەر بۆ سەرخستنی كاندیدەكەمان". كاتێك بافڵ تاڵەبانی باسی لە توندی و حەدی قسەكانی كرد لەگەڵ مەسعود بارزانی لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتیەوە دوو جار چەپڵە بۆ بافڵ تاڵەبانی لێدراوە.
(درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی پاڵپشتیان لە كاندیدكردنەوەی (بەرهەم ساڵح) كردووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، جگە لە چەند تێبینییەكی كەم كە هەبووە لەبارەی ئەدای كاركردنی بەرهەم ساڵح لە رابردوودا، هیچ ناڕەزایەتییەكی ئەوتۆ لەبارەی كاندیدكردنەوەی نەبووە. 
دیارترین كەس كە دژی كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح بووە، تەنیا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بووە كە لە كۆبونەوەكەدا لە چوارچێوەی قسەكانیدا وتویەیەتی" كاندیدێكتان بەسەرماندا سەپاندووە"، لەتیف رەشید هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد یەكێك لەو كەسانەیە كە خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە، بەڵام لە كۆبونەوەكەدا باسی لەتیف رەشید وەكو كاندیدی بەدیلی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نەكراوە. 

"شەڕی ئیرادە" 
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ ئەوەبوون شەڕی سەرخستنی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكرێت‌و هەموو رێگایەك بگیرێتە بەر، پێشنیازكراوە هەڵمەتی كۆكردنەوەی پشتیوانی بۆ سەرخستنی بەرهەم ساڵح ناوی لێبنرێت"شەڕی ئیرادە"، ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەوەی پارتی دەیەوێت ئیرادەی یەكێتی بشكێنێت.

كۆبونەوەی دژە پارتی 
بەگشتی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبونەوە بوو دژ بە پارتی، تا ئەو رادەیەی دەكرێت ناوی لێبنرێت "كۆبونەوەی دژە پارتی". 
(درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا باسلەەوە كراوە، یەكێتی شەڕی بردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لەگەڵ پارتیدا بكات‌و بیدۆڕێنێت زۆر باشترە لەوەی تەسلیمی ئیرادەی پارتی و بارزانی ببێت. 
بەیاننامەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دوای تەواوبوونی كۆبونەوەكە، بەڕوونی گوزارشتی لە توڕەیی كۆبونەوەكە لە پارتی كرد، بەیاننامەكە جەخت لەسەر چەند خالێك دەكات كە ئەمانەن:
•    پارتی تاكڕەوانە‌و لە دەرەوەی یەكڕیزی كورد رێككەوتنی لەگەڵ هەندێك لایەنی سیاسی كردووە (سەدرو حەلبوسی).
•    پارتی تاكڕەوانە كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێشكەش كردووە.
•    پارتی كێشەی لەگەڵ كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح نەبووە، بەڵكو بۆ چاوبەستەكی یەكێتی داوای گۆڕینی بەرهەم ساڵحی كردووە، بۆ یەكێتی دەركەوتووە تەنانەت ئەگەر بەرهەم ساڵحیش بكشێتەوە، پارتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە هۆشیار زێبارییە، ناكێشێتەوە.

پارتی وەڵام ناداتەوە !
دوای زیاتر لە پێنج كاتژمێر لە بڵاوبونەوەی راگەیەندراوی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی‌و ئەو هێرشانەی كە تێیدا كراوەتەسەر پارتی، تائێستا پارتی وەڵامی نەداتەوە. 
وا دەردەكەوێت پارتی رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لەگەڵ سەدرو سوننەكاندا یەكلاكردوەتەوە‌و یەكێتی بەجێهێشتووە. 
ئەگەر لە رۆژانی داهاتوودا هیچ گۆڕانكارییەكی سیاسی نوێ روونەدات‌و هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) وەكو خۆی بەردەوام بێت، چانسی سەركەوتنی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لاواز دەبێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا سەدرییەكان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن چاویان لەوەیە سەرۆك كۆماری نوێ لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەی كە كراوە، لەماوەی دیاریكراودا پرسی كوتلەی گەورە لە پەرلەمانی عێراق بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت یەكلابكاتەوە.
سەرباری رەخنەی شەقام‌و لایەنە عێراقییەكان لە هۆشیار زێباری سەبارەت بە تێوەگلانی لە گەندەڵی‌و لێسەندنەوەی متمانە لێی وەكو وەزیر لە كابینەی حەیدەر عەبادیدا، بەڵام رێككەوتنی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) زامنی سەركەوتنی زێباری بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەكات، تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار سەربكێشێت بۆ گەڕی دووەمیش.
لەبەرامبەردا كاندیدی یەكێتی كە بەرهەم ساڵحە، گرەوەكەی لەسەر دەنگی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ حەیدەر عەبادی+ عەممار حەكیم)ە، ئەم لایەنانەش ئەگەری لەبەریەكهەڵوەشانەوەیان بەهێزترە لە مانەوەیان بە یەكگرتوویی، سەرباری ئەمەش ژمارەی كورسییەكانیان زۆر كەمترە لە بەرەكەی (سەدر+ بارزان+ حەلبوسی). 
یەكێتی وەكو ئەوەی هیچ رێككەوتنێكی لەگەڵ سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن نەكردووە، رێككەوتنی لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی نەكردووە، لەئەگەری بەشدارنەبوونی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە كابینەی نوێی حكومەت، پێشبینی ناكرێت، ئەم لایەنانە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بكەن‌و دەنگ بدەن، چونكە بەرەی ئۆپۆزسیۆن هەڵدەبژێرن‌و دەنگدانیان بە كاندیدی سەرۆك كۆمار، وەكو بەشداریكردنیانە لە دەسەڵاتدا.
بەم بارودۆخەوە، چانسی سەركەوتنی كاندیدی یەكێتی بەسەر كاندیدی پارتیدا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار زۆر لاوازە، ریفراندۆم‌و لێكەوتنەكانی كۆتاییان هاتووە‌و بارزانی بڕیاریداوە بەهێزەوە بگەڕێتەوە بۆ بەغداد، لە یەكەم هەنگاویشدا پۆستی سەرۆك كۆمار لە یەكێتی وەردەگرێتەوە.
دوای لێسەندنی پۆستی سەرۆك كۆمار هێشتا دەرفەتی ئەوە لەبەردەم یەكێتیدا دەمێنێتەوە بەشداری لە حكومەتدا بكات، بەڵام هەرجۆرە بەشداریكردنێكی دەبێت لەرێگەی پارتییەوە بێت‌و پارتی پشكی وەزارەت‌و پۆستەكانی بەغدادی بۆ دیاری دەكات، ئەمە قۆناغێكی نوێی پەیوەندی نێوان پارتی‌و یەكێتییە وەكو دوو هێزی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان، دوو هێز كە لەدوای رووخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003دا، لەچوارچێوەی رێككەتنی ستراتیژیدا پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستان‌و عێراقیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكردبوو، پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی، پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی، ئەم هاوكێشەیە كاتێك كاری پێدەكرا كە هێشتا جەلال تاڵەبانی دامەزرێنەرو سكرتێری یەكێتی لە ژیاندا بوو، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیش لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدا بوو، بەڵام ئێستا ئەو دوو كارەكتەرە لە پێگەی سیاسی پێشتری خۆیاندا نین‌و رێككەوتنی ستراتیژی لەكاركەوتووە، پارتی بەگوێرەی ژمارەی كورسی مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكات، یەكێتی كورسییەكانی كەمیكردووە‌و بەدەست كێشە ناوخۆییەكانییەوە دەناڵێنێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand