میدیای فەرمی یەكێتی بەرهەم ساڵحی وەكو كاندید نەناساندووە
2022-01-13 19:05:31
(درەو):
بەرهەم ساڵح تائێستا تاكە كاندیدی فەرمی یەكێتییە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەپاڵ بەرهەم ساڵحدا، لەتیف رەشید ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتیو هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی دەستەی كارگێڕی یەكێتی، خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدكردووە، ئەمڕۆ لەتیف رەشید بە (درەو)ی راگەیاند، ئەو لەسەر هیچ حزبێك خۆی بە پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید نەكردووە.
تائێستا هیچ یەكێك لە میدیا فەرمییەكانی یەكێتی بەرهەم ساڵحیان وەكو كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نەناساندووە بەشێك لە میدیا فەرمیەكانیشیان وەك هەواڵیش بڵاویان نەكردووەتەوە كە بەرهەم ساڵح خۆی كاندیدكردووە، بەڵام تەلەفزیۆنی كوردسات كە كوڕەكەی لەتیف رەشید بەڕێوەی دەبات، ژیاننامەی لەتیف رەشیدی وەكو كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بڵاوكردوەتەوە، وەك جۆرێك لە ریكلام بۆ لەتیف رەشید هەواڵەكەی داڕشتووە.
بەرهەم ساڵح لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییەوی "ڤیتۆ"ی لەسەر دانراوە، ئەمە یەكێتی توشی كێشە كردووە، بەهۆی سوربونی بافڵ تاڵەبانی لەسەر كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح، پارتی بەفەرمی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە.
بارودۆخەكە بەشێوەیەكە، پێشبینی دووبارەبوونەوەی سیناریۆكەی ساڵی 2018 دەكرێت، كاتێك پارتیو یەكێتی لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار نەگەیشتنە رێككەتنو هەردوولا بە دوو كاندیدەوە چونە بەردەم پەرلەمانی عێراقو بەرهەم ساڵح لە فوئاد حسێنی بردەوە.
ئەگەر سیناریۆی 2018 دووبارە ببێتەوە، مەرج نییە ئەمجارەش بەرهەم ساڵح بەسەر كاندیدی مەسعود بارزانیدا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار سەركەوێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە پارتی رێككەوتنی لەگەڵ رەوتی سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنو لایەنە سوننەكاندا هەیە.