بارزانی لە یەکێتی توڕەیە

Draw Media

2022-01-11 21:15:17



 (درەو):
بارزانی لە یەکێتی توڕەیە، ئەگەر تاکە کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بەرھەم ساڵح بێت، ئەگەری دووبارە بوونەوەی سیناریۆکەی ٢٠١٨ دەكرێت و بارزانی كاندیدی خۆی پێشكەش دەكات. 
ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەبارەی پڕکردنەوەی پۆستە باڵاکانی عێراق پەرەسەندنی نوێ بەخۆوە دەبینێت.
بەپێی زانیارییەکان، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان توڕەیە لە یەکێتی لەبارەی پرسی کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراقەوە.
یەکێتی تائێستا سورە لەسەر ئەوەی (بەرھەم ساڵح) تاکە کاندیدیەتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەمە لەکاتێکدایە بارزانی "ڤیتۆ" لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرھەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار داناوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، ئەگەر یەکێتی تا کۆتایی سور بێت لەسەر کاندیدکردنی بەرھەم ساڵح، ھاوشێوەی ساڵی ٢٠١٨ مەسعود بارزانی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پێشکەش دەکات.
ئەمڕۆ بارزانی لەرێگەی پەیامێکەوە رایگەیاند، جگە لە قسەی وتەبێژی فەرمی پارتی، قسەی ھیچ بەرپرسێکی حزبەکەی گوزارشت لە ھەڵوێستی فەرمی پارتی ناکات.
ئەم پەیامەی بارزانی دوای لێدوانێکی ھۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی ھات کە وتی" پارتی کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار نابێت".
ھەردوای پەیامەکەی بارزانی، ھۆشیار زێباریش لێدوانەکەی خۆی ھەڵگێڕایەوەو ئەمجارەیان رایگەیاند" پارتی کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەبێت".
پرۆسەی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە عێراق پارتی و یەکێتی دابەشکردووە بەسەر دوو جەمسەرە ناکۆکەکەی ماڵی شیعەدا، پارتی لەگەڵ سەدر رێککەوتنی کردووەو یەکێتیش ھێشتا لەنێوان سەدرو لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیدا خۆی یەکلا نەکردوەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand