وەڵامی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆن بۆ چوار لایەنەكە
2018-05-25 15:58:38
درەو میدیا:
لە رونكردنەوەیەكدا ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان وەڵامی چوار لایەنەكە ( گۆڕان ، كۆمەڵ، هاوپەیمانی، یەكگرتوو) دەداتەوەو رایدەگەیەنێت: وردەكاری گەڕانەوەی نوێنەرەكەمان لەبەغدا بەهەموو قەوارەكان وتراوەو ئاگاداریشكراونەتەوە بەهێنانی هارد دیسك تا لەگەڵ هاتنەوەی نوێنەرەكەماندا دەستبكەین بەپرۆسەی كۆپیكردنی وێنەی كارتەكانی دەنگدان.
لە رونكردنەوەكەدا هاتوو: دوێنێ پێنجشەممە 24-5-2018 بەپەلە نوێنەری ئۆفیسی سلێمانی ئیفاد كراوە بۆ نوسینگەی نیشتمانی لە بەغدا بەمەبەستی وەرگرتنەوەی وێنەی كارتەكانی دەنگدان، كە خراوەتە سەر هارد دیسك، ئەمڕۆ 25-5-2018 نوێنەرەكەمان لە بەغداوە بەڕێگای وشكانی بەڕێكەوتووە بەرەو سلێمانی، ناوبراو لەكاتی دەركردنی بەیاننامەی پارتە سیاسییەكان لەڕێگا بووە بەرەو سلێمانی.
ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆن لەبەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەیدا دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ هەینییە ستافێك لە كارمەندانی ئۆفیس لە دەوامدان بەمەبەستی پێدانی وێنەی كارتەكانی دەنگدان بە قەوارە سیاسییەكان بە زووترین كات.