كێ پۆستی پارێزگاری كەركوك وەردەگرێت؟
2022-01-07 16:08:40
درەو:
راكان جبوری دەچێتە پەرلەمانی عێراق، بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، پارتی و یەكێتی كاندیدی خۆیان هەیەو توركمان و عەرەبیش داوای دەكەن.
راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، لەسەر لیستی هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك سەركەوت بۆ پەرلەمانی عێراق، بە ئەگەری زۆر دەچێتە پەرلەمانی عێراق و سوێندنی یاسایی دەخوات، چونكە ئەگەر نەچێتە پەرلەمان بە پێی یاسای هەڵبژاردن ئەو كاندیدە دەچێتە شوێنەكەی كە زۆرترین دەنگی هەیە، لەدوای راكان جبوری ( وەسفی عاسی عوبەیدی) كاندیدی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو لە بازنەی سێی كەركوك دەچێتە شوێنەكەی، واتا هاوپەیمانێتیەكەی راكان جبوری كورسیەك لە دەستدەدات، بۆیە چونی راكان جبوری بۆ پەرلەمانی عێراق یەكلابووەتەوە.
لەدوای چوونی راكان جبوری بۆ پەرلەمانی عێراق، ململانێكان بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك لە نێوان یەكێتی و پارتی و لایەنی توركمانی و عەرەبی زیاتر دەبێت.
لایەنی كوردی دەڵێن پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ كوردە، بەو پێیەی كورد لە كۆی (12) كورسی ئەو پارێزگایە (6) كورسی بەدەستهێناوەو مافی خۆیەتی پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ خۆی مسۆگەر بكات، لەناو كوردیشدا یەكێتی لە كۆی (6) كورسی (3) كورسی هەیە.
لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان باس لەچەند كەسێك دەكرێت بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، دیارترینیان ( خالید شوانی و رێبوار تەها)ن كە هەردووكیان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتین.
خالید شوانی لەلایەن ماڵی مام جەلالەوە پشتیوانی لێدەكرێت و چانسی زۆرە، رێبوار تەها لەلایەن گروپی كەركوكیەكانەوە پشتیوانی لێدەكرێت و بەتەواوی خۆی بۆ ئەو پۆستە یەكلاكردووەتەوە، چونكە لەكاتی دانانی لێپرسراوی مەڵبەندەكانی كەركوك و سەڵاحەدین، رێبوار تەها رەتی كردووەتەوە لێپرسراوێتی مەڵبەند وەربگرێت، بەو پێیەی خۆی بۆ پارێزگاری كەركوك ئامادەكردووە.
هەرچی پارتی دیموكراتی كوردستانە ئەویش پارێزگاریس كەركوك بە مافی خۆی دەزانێت و دەڵێت كاندیدەكەمان لە كەركوك (شاخەوان عەبدوڵا) زۆرترین دەنگی كەركوكی بەدەستهێناوە.
لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان باس لە دژوار فایەق دەكرێت بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، دژوار فایەق ئێستا راوێژكاری مەسعود بارزانیە بۆ كاروباری مادەی (140).
پێكهاتەی توركمان لە ئێستادا (2) ئەندامیان سەركەوتووە بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەوانیش پارێزگاری كەركوك بە مافی خۆیان دەزانن، بۆیە (ئەرشەد سالحی) لە بەرەی توركمانی چاوی لەو پۆستە وەری بگرێت بە پشتیوانی توركیا.
لە پێكهاتەی عەرەبیش خالید مەفرەجی چاوی لە پۆستی پارێزگاری كەركوكە، كە پێكهاتەی عەرەبی لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری رابردوو (4) كورسیان بەدەستهێنا.