Draw Media

پارتی‌و یەكێتی لەسەر كۆمسیۆن‌و یاسای هەڵبژاردن ناكۆكن

پارتی‌و یەكێتی لەسەر كۆمسیۆن‌و یاسای هەڵبژاردن ناكۆكن

2022-01-05 13:03:44


 
(درەو):
پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان‌و گۆڕینی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن‌و راپرسی ناكۆكن، پارتی لەگەڵ ئەوەیە سەرەتا كێشەی كۆمسیۆن چارەسەر بكرێت ئینجا هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكرێت، یەكێتی بە پێچەوانەوە، پارتی لەگەڵ یەك بازنەیەو یەكێتی داوای چوار بازنەی هەڵبژاردن دەكات.
ئەمڕۆ دەزگای هەڵبژاردنی پارتی‌و مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی لە سلێمانی كۆبوونەوە، كۆبونەوەكەیان تایبەت بوو بە پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌و پرسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم. 
لە راگەیەندراوی كۆبونەوەكەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە كردووە هاوڕان لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا واتا لە 30ی ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەكیان بە رێككەوتن نەكردووە لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌و چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، هێشتا پارتی‌و یەكێتی لەسەر چەند بابەتێكی تایبەت بە هەڵبژاردن ناكۆكن‌و ئەگەر نەگەنە رێككەوتن، ئاستەنگ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا دروست دەبێت، دیارترین خاڵە ناكۆكەكان ئەمانەن: 
•    یەكێتی لەگەڵ ئەوەیە، سەرەتا هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان بكرێت پاشان كێشەی كۆمسیۆن‌و گۆڕانكاری لە ئەنجومەنی كۆمسیۆندا بكرێت.
•    پارتی بەپێچەوانەوە لەگەڵ ئەوەدایە سەرەتا كێشەی كۆمسیۆن چارەسەر بكرێت ئینجا هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكرێت.
•    پاساوی پارتی ئەوەیە كە كۆمسیۆن وادەكەی بەسەرچووەو ناتوانێت سەرپەرشتی هەڵبژاردن بكات‌و دەبێت بگۆڕدرێت، بەوپێیەش خۆی‌و پێكهاتەكان دەبنە زۆرینە لەناو كۆمسیۆن‌و ئەوكات هەموو بڕیارێك بە دڵی ئەوان دەبێت، پاساوی یەكێتی ئەوەیە ئەگەر سەرەتا گۆڕانكاری لە كۆمسیۆندا بكرێت، ئەوا پارتی دەبێتە زۆرینەو بەئاسانی ئەتوانی كاتی هەڵبژاردن‌و ئەنجامدان و دواخستنی یەكلا بكاتەوە.
•    یەكێتی لەگەڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان بكرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن، چونكە پارتی بە دەنگی دهۆك كورسی ناوچەكانی تریش بۆخۆی دەبات.
•    پارتی سوورە لەسەر ئەوەی هەرێمی كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، چونكە ئەمە جارێكی تر زۆرینە بۆ پارتی لەناو پەرلەمانی كوردستان زامن دەكاتەوە.
•    یەكێتی لەگەڵ ئەوەیە پێكهاتەی كۆمسیۆن وەك ئێستا بمێنێتەوەو هەر حزبەو گۆڕانكاری لە نوێنەرەكەی خۆیدا بكات.
•    پارتی لەگەڵ ئەوەیە پێكهاتەی كۆمسیۆن بگۆڕدرێت بەپێی ئەنجامی كورسییەكانی ئێستای لایەنەكان لە پەرلەمانی كوردستان كۆمسیۆن دابڕێژرێتەوە.
ئەگەر گۆڕانكاری لە كۆمسیۆندا بكرێت و دابەشكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن بەپێی كورسیەكانی ئێستای پەرلەمانی كوردستان بێت، ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستان و پێكهاتەكان دەبنە زۆرینەو هەر بڕیارێك بیانەوێت لە بەرژەوەندی خۆیان دەری دەكەن.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand