Draw Media

چین و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست: گۆڕانکاری لە کوردستان؟

چین و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست: گۆڕانکاری لە کوردستان؟

2022-01-04 18:26:53


عەبدوڵا حەوێز

- پێش سێ هەفتە، ئیمارات بڕیاری هەڵپەساردنی رێککەوتنێکی گرنگی چەندان ملیار دۆلاری دا لەگەڵ ئەمریکا بۆ کڕینی فرۆکەی جۆری ئێف٣٥ کە پێشکەوتووترین فرۆکەی ئەمریکایە - هۆکاری هەڵپەساردنەکە مەرجەکانی ئەمریکان کە بەشێکی مەرجەکان ئەوەن کە ئیمارات پەیوەندیەکانی لەگەڵ چین کەم بکاتەوە و پشت بە کۆمپانیای هیواوی چینی نەبەستێت لە بنیاتنانی ئینتەرنێتی جی٥.
- بەپێی راپۆرتێکی تر کە پێش دوو هەفتە لە میدیاکانی ئەمریکا بڵاوکرایەوە، چین یارمەتی سعودیه دەدات لە دروستکردنی موشەکی بالستی کیشوەربر کە یەکێکە لە گرنگترین چەکەکانی جیهان و ئێستا سعودیه خەریکی دروستکردنی ئەم جۆرە موشەکەیە
- سەرباری ئابڵوقە خنکێنەرەکانی ئەمریکا، هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین لەماوەی سێ مانگی رابردوو بەرێژەی ٤٠٪ زیادی کردووە و چین قونسڵخانەیەکی لە شاری بەندەر عەباس کردۆتەوە و پێشتریش چین و ئێران چەندین رێککەوتنی ئابوریان واژوو کردبوو.
- جگە لەمانە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو، چین دوو رێککەوتنامەی گرنگی لەگەڵ عێراق واژووکرد کە بەپێی رێککەوتنەکان کۆمپانیاکانی چین لەماوەی دوو ساڵ ١٠٠٠ قوتابخانە لە عێراق دروستدەکەن و عێراق لەرێی نەفت پارەکە دەدات، رێککەوتنێکی تریان واژووکرد بۆ دروستکردنی گەورەترین پاڵاوگە لە بەسرا و چەندین رۆژەی پیترۆکیمیاوی تر بە بڕی ١٩ ملیار دۆلار، جگە لەمە چین شارێکی ٥ ملیار دۆلاری لە هەولێر دروست دەکات.
- لە ساڵی ٢٠٢٠یش چین بووە گەورەترین هەناردەکەر بۆ تورکیا هەرچەندە دۆخی تورکیا لە هەموو وڵاتانی تری ناوچەکە لەم رووەوە باشترە چونکە پەیوەندی ئابوری تورکیا لەگەڵ چین هاوسەنگتەرە و کەمتر پشت بە چین دەبەستێت کە ئەمەش وای کردووە تورکیا دەستکراوەتر بێت لە رەخنە گرتن لە چین لە رەوشی موسڵمانەکانی ئۆیگور کە بە رەگەز تورکن لە بەرامبەر ئەمەشدا چین کێشەی کوردی یەک دوو جار زەقکردۆتەوە و رەخنەی لە تورکیا گرتووە.
.
- هەموو ئەمانەی نیشانەی فراوانبوونی نفوزی چینە لە ناوچەکە و نیشانەی کەمبوونەوەی نفوزی ئەمریکاشە - لەم سەردەمە نوێیە کە بەشێوەی تەدریجی جیهان بەرەو فرەجەمسەری هەنگاو دەنێت، لە خۆرهەڵاتی ناوەراست رۆڵی گەورە وڵاتانی ئیقلیمیش بەتایبەت تورکیا و ئێران زیاتر دەبێت و دەچێتەوە قەبارە مێژوویەکەی خۆی کە زیاتر لە هەزار ساڵە رۆڵی سەرەکی دەگێرن لە گۆڕانکاریەکانی خۆرهەڵاتی ناوەراِست و جیهانی ئیسلامی.
.
- ئەم گۆڕانکاریانە کاریگەری گەورە و راستەوخۆی لەسەر کوردستانیش دەبێت و دەکرێت لەلایەن ئەوانەی چاویان لە گۆڕانکاریە بە عاقڵانە بەکار بهێنرێت و وەبەرهێنان لە داهاتوو بکەن چونکە بەهۆی شێوازی دروستبوونی هەرێمی کوردستان و جیۆسیاسیەکەی، ئەوە رەنگە تەنها شێوازبێت کە بتوانرێت گۆڕانکاری لە کوردستان بکرێت; بێگومان ئەم پاشەگەڕدانی و گەندەڵیە لەراددە بەدەرەیش کە لە کوردستان هەیە ئاسانکاری دەکات و زیاتر رێ بۆ داروخانی ئەم رژێمەی ئێستا و رێخۆشکردنی بۆ گوڕانکاری دەکات. بەبێ خوێندنەوەی وێنە گەورەکە و جیۆسیاسی ناوچەکە ناتوانرێت بەرچاوت روون بێت و ناتوانی خۆت بۆ قۆستنەوەی گۆڕانکاریکان لە بەرژەوەندی خۆت ئامادە بکەی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand