Draw Media

وەزیری پلاندانان نیگەرانەو ناچێتە وەزارەتەكەی

وەزیری پلاندانان نیگەرانەو ناچێتە وەزارەتەكەی

2022-01-04 08:18:46



 درەو:
د. دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانەو ماوەی زیاتر لە مانگێكە نەچووەتە وەزارەتەكەی و دەوامی نەكردووە.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) نیگەرانییەكانی  د. دارا رەشید پەیوەندی بەوەوە هەیە كە هەموو كارو فەرمانێكی وەزیرەكان دەبێت بە فلتەی د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیراندا تێپەڕ بێت، تەنانەت لێپرسینەوەو فەرمان و ئاگاداركردنەوە هەمووی لە رێگەی د. ئومێد سەباحەوەیەو  مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت تەنیا لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا یاخود مەراسیمەكاندا وەزیرەكان دەبینێت، بۆیە هیچ وەزیرێك دەستی ناگات بە مەسرور بارزانی.
سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیران بە (درەو)ی راگەیاند:  مەسرور بارزانی كەمترین ئامادەیی هەیە لە ئەنجومەنی وەزیران و هەموو دیدار و كۆبونەوەكانی لە بارەگا تایبەتییەكەی خۆیەتی لە پیرمام و تەنیا بۆ كۆبونەوەی رۆژی چوارشەمانی ئەنجومەنی وەزیران دێتە هەولێر ئەویش لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا كۆدەبنەوە نەك ئەنجومەنی وەزیران.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، تەنانەت لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا مەسرور بارزانی سەرەتا كۆمەڵێك قسەی گشتی دەكات و گفتوگۆی وەزیرەكان بۆ د. ئومێد سەباح جێدەهێڵێت و ئەو وەڵامی وەزیرەكان دەداتەوە.
دەسەڵاتەكانی د. ئومێد سەباح بە جۆرێكە كە لە ئێستادا هیچ وەزیرێك بە بێ فەرمان و بڕیارەكانی ئەو ناتوانن بڕیار بدەن و هیچ وەزیرێكیش دەستی ناگات بە مەسرور بارزانی كێشەكانیان روبەرووی ئومێد سەباح دەكەنەوە. 
بۆیە ئەو نیگەرانیە تەنیا وەزیری پلاندانانی نەگرتووەتەوە بەڵام تەواوی وەزیرەكانی دیكەش نیگەرانن و پێیان وایە ئێستا سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بەرپرسیانە نەك مەسرور بارزانی. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand