بە فشاری پارتی گۆڕان مانەوەی لە حكومەت راگەیاند
2022-01-02 10:29:44
درەو:
بە فشاری پارتی دیموكراتی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان مانەوەی تیمی وزاریەكەی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند.
هەفتەی پێشوو گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: تەمەنا دەكەم بزوتنەوەی گۆڕان لەم حكومەتە بكشێتەوەو چیتر نەبێتە دارشەقی گۆڕان
ئەم لێدوانە پارتی دیموكراتی كوردستانی نیگەرانكردووەوەو داوای رونكردنەوەیان لە بزوتنەوەی گۆڕان كردووە، سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێگەی سەرۆكی تیمی وزاری پارتیەوە لە حكومەت، بە فەرمی تیمی بزوتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت ئاگاداركراوەتەوە كە ئەو لێدوانەی گوڵستان سەعید تەعبیر لە رای فەرمی گۆڕان دەكات یان نا؟، بۆیە پێویستە گۆڕان بە رەسمی خۆی یەكلا بكاتەوە لە حكومەت دەمێنێتەوە یاخود ن؟.
ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەناوی ژووری حكومەتی بزوتنەوەی گۆڕان كە كاوە عەبدوڵا رێكخەری ئەو ژوورەیە رونكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە دەڵێن: تا ئەوكاتەی بڕیار دەدەین تیمی وزاری گۆڕان لە حكومەت دەمێننەوە.
ئەم رونكردنەوەیەی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەك بۆ رازیكردنی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە لە حكومەت دەمێننەوە، لەلایەكیش بۆ رازیكردنی ئەو لایەنگرانەی بزوتنەوەی گۆڕانە كە داوای كشانەوە لە حكومەت دەكەن، چونكە لە رونكردنەوەكەی ژووری حكومەتدا باس لەوەكراوە تا ئەوكاتەی بڕیار دەدەن.
بە پێی زانیارییەكانی (درەو) مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی ئاگاداركردووەتەوە كە گۆڕان لە حكومەت دەمێنێتەوەو ناكشێتەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان بەمەرجی چاكسازی بەشداری لە حكومەتدا كرد و بریاریاندا كە لە ماوەی یەك ساڵدا هەڵسەنگاندن بۆ حكومەت بكەن و بریاری كشانەوە یان مانەوە بدەن، بەڵام لە ساڵی یەكەمی تەمەنی حكومەتدا واتا لە هەردوو شەش مانگەكەدا بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری مانەوەیدا، ئێستاش تەمەنی حكومەت كەمتر لە ساڵێكی ماوە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان قبوڵكراو نیە بكشێنەوەو بەرپرسیارێتی حكومەت بەتەنیا بۆ پارتی جێبهێڵن.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كابینەی سێقۆڵی ( پارتی + یەكێتی+ گۆڕان)ە بە قەیرانی موچەوە دەستی بە كاركردوو قەیرانەكەش تا ئێستا بەردەوامەو بەڵێنەكانی چاكسازی كابینەكەش هێشتا تینوێتی شەقامی ناڕازی نەشكاندووەو ئێستا پەرلەمانتارانی هەرسێ لایەن ( پارتی + یەكێتی + گۆڕان) رۆژانە باس لە گەندەڵی قاچاغچێتی و نەگەڕانەوەی داهاتی گشتی بۆ خەزێنەی حكومەت دەكەن.
بزوتنەوەی گۆڕأن لە ئێستادا بە چوار وەزیر و جێگری سەرۆكی هەرێم و چوار بریكاری وەزارەت و چەندین راوێژكارو بەرێوەبەری گشتی و پۆستی باڵا لە كابینەی نۆیەمدا بەشدارە