زاڵمای خەلیلزاد بۆ عەممار حەكیم: ئەتوانین دەسەڵاتان لێوەربگرینەوە
2022-01-01 17:26:48
درەو:
رۆژنامەی (قریش)
زاڵمای خەلیلزاد نوێنەری پێشووی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان بە عەممار حەکیمدا پەیامێک بۆ سەرکردە شیعەکان دەنێرێت و دەڵێت ئێمە دەسەڵاتی عێراقمان بەخشیە شیعەو هێزەکانمان بۆ جێگیرکردنی حوکمی شیعە لە عێراق بون کەچی ئێوە باڵیۆزخانەکەمان بۆردومان دەکەن.
زاڵمای جەختیشیکردوەتەوە کە ئەمریكییەكان بە تەواوەتی دەكشێنەوەو لە تواناشیاندایە دەسەڵات بدەن كەسانێك كە ئەو دەستە گازلێناگرن كە چاكەی لەگەڵدا كردون و ئەوەش روودەدات.
مانگی رابردوو لە زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك كۆڕبەندی ئاشتیو ئاسایش بەڕێوەچووە, سیاسەتمەدارێكی كورد گفتوگۆیەكی توندی نێوان زاڵمای خەلیلزاد نوێنەری پێشووی ئەمریكا لە عێراق و ئەفغانستان و عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتنی حیكمەو یەكێك لە سەركردە شیعەكانی عێراق ئاشكرادەكات.
سیاسەتمەدارە كوردەكە دەڵێت سەرەتا حەكیم ئاسودە بوو كە لە تەنیشی زاڵماییەوە دادەنیشێت بەهۆی ئەوەی هەردووكیان بە فارسی كە باش دەیزانن گفتوگۆیان دەكرد.
دوای كۆتایی دانیشتنی كردنەوەی كۆڕبەندەكە حەكیم و خەلیلزاد و چەند سیاسەتمەدارێكی كورد دەچنە هۆڵێكی زانكۆی ئەمریكی و لەوێ خەلیلزاد رودەكاتە حەكیم و دەڵێت:
بەڕێز حەكیم مێژوو هێشتا نزیكە. باوكی كۆچكردوتان لەگەڵ ئێمەدا بوو من بە شەخسی دوای كۆنگرەی لەندەن و پێش رزگاركردنتان لە سەددام بڕیارمدا كە حكوم بەدەستی شیعە بێت و قسەی من و قسەی سەرۆك بوش یەك بوو, بەمشێوەیە حوكم درایە دەستی ئێوە, هەموو شتێك لە ژێر دەستی ئێمە و كۆنترۆڵی ئێمەدا بوو.
حەكیم لە وەڵامدا دەڵێت: هەوڵو كۆششەكانی بەڕێزتان لەگەڵماندا هەرگیز لە بیر ناكەین.
زاڵمای قسە بە حەكیم دەبڕێت و دەڵێت: كۆششی من نیە, ئەوە هەموو بڕیاری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بوو لەو رۆژانەدا و سوپای ئەمریكا و هەموو هێزەمكانمان كاریان دەكردو قوربانیان دەدا بۆ جێگیركردنی حوكمی شیعە لە عێراق بەڵام ئەنجامەكەی چی بوو؟ دەبینین موشەكبارانمان دەكەن و دەتانەوێت باڵیۆزخانەكەمان لە بەغداد خاپور بكەنو هێزەكانمان تێشبكشێنن كە لە بنەرەتدا بۆ پارێزگاریكردنە لە حوكمی شیعە.
حەكیم بە پەشۆكاوییەو وەڵامدەداتەوە: بەڕێزتان دەزانن كە چەندان توندڕەو هەن هەوڵدەدەین بەرپەرچیان بدەینەوەو جموجوڵیان سنوردار بكەین و گوتارمان هەمیشە.....
جارێكی اتر زاڵمای بەتوندی قسەكان بە حەكیم دەبڕێتو دەڵێت: ئەمە حەقیقەتی دۆخەكە نیە. ئەگەر وایە لە ئەنجومەنی نوێنەران بڕیارتان بۆ كشانەوەی سوپای ئەمریكا دەرنەدەكرد, من چەند هەفتەیەك لەمەوبەر سەرپەرشتیاری كشانەوەی سوپای ئەمریكا رادەستكردنەوەی حوكم بووم لە تالیبان, ئێمە واتا هێزەكانمان لە ئەفغانستان نەبوون, بەڵكو سوپایەكی گەورە بەدەست ئەشرەف غەنییەوە بوو. بەڵام لە سەعاتێكدا رەزامەندیمان دەربڕی لەسەر گەڕانەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات, ئەشرەف غەنی هێزەكانی ئێمەی بۆردومان نەكرد بەڵكو ئەپاڕایەوە بمێنیینەوەو ئێمە رەتمانكردەوە, ئێوە بۆردومانی باڵیۆزخانەكەمان و بەرژەوەندییەكانمان دەكەن.
سیاسەتمەدارە كوردەوە دەڵێت حەكیم رووی گرژ و مۆن بوو بە چاوەكانی داوای دەكرد سەركردەكانی كورد هاوكاری بكەن لەو دۆخەدا, بەڵام زاڵمای خەلیلزاد بەردەوام بوو لە قسەكردن و وتی: باشە بەڕێز حەكیم تۆ بە دیدی ئێمە بەشێكیت لە سەركردایەتی حكومیی شیعە لەم وڵاتەدا, بەڵام تۆ دەڵێیت لەگەڵ توندڕەوییدا نیت, باشە بەڕێز حەكیم پێیان بڵێ ئەمریكییەكان بە تەواوەتی دەكشێنەوەو لە تواناشیاندایە دەسەڵات بدەن كەسانێك كە ئەو دەستە گازلێناگرن كە چاكەی لەگەڵدا كردون و ئەوەش روودەدات.