Draw Media

"پارتی و یەكێتی لەگەڵ مالیكی و عامری گەیشتونەتە رێككەوتن"

"پارتی و یەكێتی لەگەڵ مالیكی و عامری گەیشتونەتە رێككەوتن"

2018-05-25 10:43:48


(درەو میدیا):
بەپێی زانیارییەكان وەفدی پارتی و یەكێتی لەگەڵ نوری مالیكی و هادی عامری گەیشتونەتە رێككەوتن بەمەبەستی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی چوارقۆڵی.
دوێنێ وەفدی یەكێتی نیشتیمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغداد چونە ناو كۆبونەوەیەكی چوارقۆڵییەوە لەگەڵ هەریەكە لە نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح.
بەپێی هەواڵێك كە سایتی (الغد پرێس)ی عێراقی لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردوەتەوە، وەفدی پارتی و یەكێتی لەگەڵ مالیكی و عامریدا گەیشتونەتە رێككەوتنێك سەرەتایی بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی چوار قۆڵی.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، بەر لە كۆبونەوەیان لەگەڵ مالیكی و عامری، وەفدی پارتی و یەكێتی لە بەغداد لەگەڵ باڵیۆزی ئێران كۆبونەتەوە و پاش گەڕانەوەشیان لە هەرێمی كوردستان جارێكی تر لەناو خۆیاندا كۆبونەوە دەكەن بەمەبەستی یەكخستنی داواكارییەكانیان و بەشداریكردنیان لە هاوپەیمانێتییەكە بە یەك كوتلە.
پێشبینی دەكرێت ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو هەرچوار لایەن (مالیكی- عامری- پارتی- یەكێتی) جارێكی تر كۆببنەوە بۆ بڕیاردان لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكەیان كە ئامانج لێی دروستكردنی گەورەترین كوتلەی ناو پەرلەمانە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
لەئەگەر دروستبوونی هاوپەیمانێتییەكەی لەمجۆرە، هەموو هەڵوێست و رەخنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر نوری مالیكی ئاوەژوو دەبنەوە، هەرچەندە هەندێك لە چاودێرانیش پێشبینی ئەوەیان دەكرد پارتی بە هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ مالیكی سزای حەیدەر عەبادی بدات بەهۆی هەڵوێستەكانی لەسەر ریفراندۆم.
هەروەها هاوپەیمانێتیكردنی پارتی و یەكێتی لەگەڵ هادی عامری رەنگە لە شەقامی كوردستان وەكو نەنگییەكان بۆ هەردوو حیزبەكە وێنا بكرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەردا هادی عامری سەركردایەتی هێزەكانی حەشدی شەعبی كرد بۆ دەستگرتن بەسەر روبەرێكی بەرفراوانی خاكی ناوچە جێناكۆكەكان و شەهیدكردنی دەیان پێشمەرگە. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand