لە شوباتدا یەكێتی گۆڕانكارییە سیاسییەكانی پەسەند دەكات
2021-12-27 13:50:22
(درەو):
لەبری "كۆنفرانسی گشتی"، یەكێتی بڕیاریداوە "دیدار" سازبكات، قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی لیژنەیەك دەكات كە ئامادەكاری بۆ سازدانی "دیدار"ەكە دەكەن لە شوباتی داهاتوودا، دیدارێك كە گۆڕانكارییە سیاسییەكانی یەكێتی تێدا پەسەند دەكرێت.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناوەڕاستی مانگی شوباتی 2022 دیدارێكی ناوخۆیی سازدەدات بە ناوی "دیداری یەكێتی".
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم دیدارەدا ستراتیژیەتێكی سیاسی نوێ بۆ یەكێتی دادەڕێژرێت لەسەرجەم ئەو بوارانەی یەكێتیدا كە پەیوەندییان بە ژیانی گشتییەوە هەیە، هەموو گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی ئەمدواییەی یەكێتیو پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتە سیاسییەكانو وڵاتانی ناوچەكەو جیهان پەسەند دەكرێت.
(درەو) زانیویەتی، ئێستا ئامادەكارییەكان بۆ سازدانی ئەم دیدارە لەناو یەكێتی دەستی پێكردووەو لیژنەیەكی تایبەت بەسەرپەرەشتی قوباد تاڵەبانی دروستكراوە بۆ جێبەجێكردنی كارەكانی ئەم دیدارە.
"دیداری یەكێتی" لەبری كۆنفرانسی گشتی دانراوە، كە لەدواین پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكراوی یەكێتی لە كۆنگرەی چوارەمدا باسی لێوەكراوە.
ماددەی 21ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی دەڵێ:
• هەردوو ساڵ جارێك بەمەبەستی هەڵسەنگاندن، یەكێتی كۆنفرانسێكی گشتی ئەنجام دەدات، كە ئەنجومەنی سەركردایەتی رێكی دەخات.
• ئامانجی كۆنفرانس بریتییە لە داڕشتنو هەڵسەنگاندنی هێڵە گشتییەكانی ستراتیژو بەرنامەی كاری سیاسی یەكێتیو خستنەڕووی پرۆژەو پێشنیارەكان بەمەبەستی بەرجەستەكردنیان بەشێوەیەكی كردەیی، كارو چالاكی سەرجەم ئۆرگان لەم كۆنفرانسە بە راپۆرتێك پێشكەش دەكرێت.
• لیژنەیەك لە ئەنجومەنی سەركردایەتی كاتو شوێنو بەشداربووانی ئەم كۆنفرانسە گشتییە دیاری دەكات.
بەهۆی ئەو رووداوەكانی 8ی تەموزەوە، پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی لەكاركەوتووە، سەركردایەتی یەكێتی هیچ كۆبونەوەیەكی گشتگیری نەكردووە، سیستمی هاوسەرۆكیی لەكاركەوتووە، بافڵ تاڵەبانی كە لەدوای 8ی تەموزەوە پێگەی بەهێز بووە، ئێستا ناونیشانی هیچ پۆستێك بۆخۆی نانوسێت، بەڵام چاوی لەوەیە یەكێتی بگەڕێنێتەوە بۆسەردەمی یەك سەرۆكیی.
لەڕووی ئەمنیشەوە، لەدوای 8ی تەموزەوە زۆربەی هێزە چەكدارەكانی سنوری سلێمانی كەوتونەتە ژێر كۆنترۆڵی بافَل تاڵەبانییەوە.