لە پایتەختی رۆشنبیریەوە بۆ پایتەختی نائارامی
2021-12-18 19:29:33
راپۆرت: درەو
رووداوەكەی (16) دیسەمبەری سلێمانی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی (8)ی تەمووز بوو لەسەر جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێم لەم رووداوەدا هێزی كۆماندۆی لەدەستدا، بافڵ تاڵەبانی لە رێگەی كۆنترۆڵی هێزە چەكدارەكانەوە دەیەوێت جڵەوی یەكێتی بەتەواوی بكات، دابەشبوونی هێزی چەكدار، سلێمانی لە پایتەختی رۆشنبیریەوە بەرەو پایتەختی نائارامی بردووە.
سلێمانی یان تەكساس
شەوی پێنجشەمەی هەفتەی رابردوو لەناو جەرگەی شاری سلێمانیدا روبەروبونەوە لە نێوان كوڕێكی جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم و فەرماندەی هێزی كۆماندۆ (كە هەر سەربە شێخ جەعفەرە) روویدا و كەسێك كوژراو سیانی دیكە برینداربوون.
دوای سێ رۆژ لەم رووداوە، تا ئێستا نە پۆلیس و نە ئاساییشی سلێمانی و نە بەرپرسانی باڵای یەكێتی هیچ رونكردنەوەیەكیان لەبارەی رووداوەكە بڵاونەكردووەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە وتارێكدا نوسی" ئەمانویست سلێمانی بكەینە پایتەختی رۆشنبیری، بەڵام لەسایەی سەری كوڕی مەسئولو ئەو هەموو هێزو میلیشیا رەنگاوڕەنگەوە، كردوومانەتە تەكساس".
لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە كە بافڵ تاڵەبانی لە پێگەی لاهور شێخ جەنگی داو كۆنترۆڵی دەزگای زانیاریو هێزەكانی دژە تیرۆری كرد، لەڕووی سەربازییەوە تادێت پێگەی بافڵ تاڵەبانی بەهێز دەبێتو جڵەوی هێزە ئەمنییەكانی تری سنوری سلێمانی دەكات.
8ی تەموزو 16ی دێسەمبەر
لە بەرەبەیانی رۆژی 8ی تەموزی ئەمساڵداو لە بەیانییەكی زوودا، بافڵ تاڵەبانی چووە ناو بارەگای دەزگای زانیاری لە (قەلاچۆلان)و بارەگاكەی كۆنترۆڵكردو بەرپرسی دەزگای زانیاری گۆڕی، ئەو ئەو رۆژە، كۆنترۆڵی هێزەكانی دژە تیرۆری كرد كە سەربە دەزگای زانیارییە، بەمە لە پێگەی دەسەڵاتی لاهور شێخ جەنگی دا، ئەمە تەقینەوەی ململانێی نێوان دوو هاوسەرۆكی یەكێتی بوو.
شەوی 16ی ئەم مانگە (دێسەمبەر)، پێكدادانی چەكداری لەنێوان دوو هێزی سەربە جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم لە نزیك یانەی (موهەندسین) لە سلێمانی رویدا، ئەمە رووداوێكی ئاسایی نەبووە، هەندێك بە دووبارە بوونەوەی روداوەكانی (8)ی تەمووزی ناو یەكێتی ناوی دەبەن، رووداو گەلێكە كە تیایدا تەنیا كارەكتەرەكان گۆڕاون و رووداوەكان هاوشێوەن، لاهور شێخ جەنگی لاچووەو جەعفەر شێخ مستەفا كەوتووەتە بەرامبەر دەباشان، لە (8)ی تەمووزدا جەعفەر شێخ مستەفا هاوپەیمانی ماڵی مام جەلال بوو لە لێدانی پێگەی لاهور شێخ جەنگی، لەو كاتەوە بووە كە هێزی كۆماندوو وەك لێوایەكی ژێر كۆنترۆڵی جەعفەر شێخ مستەفا كەوتە ژێر فەرمانی بافڵ تاڵەبانیەوە.
لیوای كۆماندۆ كە یەكێكە لە هێزە تایبەتییەكانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی و لەلایەن فەرەنسیەكانەوە راهێنانیان پێدەكرێت، فەرماندەی لیواكە گەنجێكە بەناوی ( ئاكام عومەر) كە لەژێر دەستی جەعفەر شێخ مستەفا بووەو لەم دواییە لە بافڵ تاڵەبانی نزیك بووەتەوەو بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ خۆیدا دەیباتە ناو كۆبونەوە ئەمنیەكان و هەندێك جار كۆبونەوە دیبلۆماسیەكانیشەوە، لەدوای (8)ی تەمووزەوە بە پێی زانیاریەكانی (درەو) بافڵ تاڵەبانی لەرووی دارایی و چەك و جبەخانەی قورسەوە پشتیوانی بۆ لیوای كۆماندۆ دابین كردووە.
ئەم نزیك بوونەوەیەی فەرماندەی لیوای كۆماندۆ لە بافڵ تاڵەبانی بەتەواوی جەعفەر شێخ مستەفا و نۆزانی كۆڕی نیگەران كردووە، جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێمە بۆ كاروباری سەربازی نایەوێت كۆنترۆڵی هێزەكەی لەدەست دەربچێت.
نیگەرانیەكان سەریان كێشا بۆ بەریەك كەوتن لە نێوان دوو هێزی چەكداردا كە هەردووكیان لەژێر كۆنترۆڵی جەعفەر شێخ مستەفادا بوون، هێزی لیوای كۆماندۆ و فەوجی (ئاڵتونی) دووەمیان لەلایەن بەرهەم محەمەد خوشكهزای جەعفەر شێخ مستەفاوە فەرماندەیی دەكرێت، لەم بەریەك كەوتنەدا پاسەوانێكی نۆزان جەعفەر شێخ مستەفا كوژراو دووانی تریش برینداربوون، بەمە (ئاكام عومەر) فەرماندەی لیوای كۆماندۆ بەتەواوەتی لە دۆستایەتیەوە كەوتە بەرەی نەیارێتی لەگەڵ جەعفەر شێخ مستەفا و یەكلابووەوە بۆ بافڵ تاڵەبانی.
ئێستاو دوای رووداوەكانی (8) ی تەمووزو (16)ی دیسەمبەرەوە دابەشبوونی هێز لە سنوری سلێمانی گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتووەوەو زۆرینە لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدایە، بەڵام هێشتا بەشێكی زۆری هێزەكان بەسەر كارەكتەرو كوڕی بەرپرسە سیاسیەكانی ناویەكێتیدا دابەشبوون:
• دوو لیوای هێزەكانی سكرتاریەتی (مام جەلال)، كە ئێستا بەتەواوی لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدان.
• هێزەكانی دژە تیرۆری سەربە دەزگای زانیاری، لەدوای روداوەكانی (8)ی تەموزەوە لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدان.
• دەزگای زانیاری و هێزەكانی لەژێر فەرمانی بافڵ تاڵەبانیدان.
• هێزەكانی (70) ی یەكێتی كە مستەفا چاوڕەش فەرماندەیەتی لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدایە.
• هێزەكانی پشتیوانی دوو كە تایبەتە بە چەكە قورسەكانی هێزی پێشمەرگە و سەربە هێزەكانی (70)ی یەكێتی و لەلایەن لیوا مەریوان محەمەد ئەمین فەرماندەیی دەكرێت و زیاتر لە (10 هەزار) چەكدارە، لەژێر فەرمانی بافڵ تاڵەبانیدایە.
• هێزەكانی بەرگری فریاكەوتن كە ژمارەیان زیاتر لە (23 هەزار) كەسەو خاڵە كامەند فەرماندەی هێزەكەیە، لەژێر كۆنترۆڵی گروپی مەكتەب سیاسیەكانی كەركوكی یەكێتیدایە.
• لیواكانی (3-7)ی تایبەت بە كۆسرەت رەسوڵ كە فەرماندەكەی لیوا (ئەیوب یوسف)ە لەدوای رووداوەكانی (8)ی تەمووزەوە پشتیوانی خۆیان بۆ بافڵ تاڵەبانی راگەیاندووە، بەڵام لەژێر كۆنترۆڵی كوڕەكانی كۆسرەت رەسوڵدان.
• هێزەكانی لیوای كۆماندۆ كە فەرماندەكەی (ئاكام عومەر)ەو سەربە جەعفەر شێخ مستەفایەو ئێستا بۆ بافڵ تاڵەبانی یەكلا بووەتەوە.
• فەوجی ئاڵتونی كە سەربە لیوای كۆماندۆیە هێشتا لەژێر كۆنترۆڵی جەعفەر شێخ مستەفادایەو ( بەرهەم محەمەد) خوشكەزای جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەیەتی.
• فەوجی تایبەت بە مەحمود سەنگاوی
• فەوجی تایبەتی عومەر فەتاح
• هێزی تایبەت كە بە "هێزە رەشەكە" ناسراوە لەژێر كۆنترۆڵی ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدایە.
ئەمە سەرەرای هێزەكانی (ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی فریا كەوتن، پۆلیسی چالاكیە مەدەنیەكان) كە فەرمان لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرن.
ئەم دابەشبوونەوەی هێز هاوكات لەگەڵ ناكۆكیە ناوخۆییەكانی یەكێتی، ئەگەری بەریەك كەوتنی نێوان هێزەكانی زیاتر كردووەو سلێمانی لە پایتەختی رۆشنبیریەوە بەرەو مەڵبەندی پێكدادانی چەكداری و نائارمی دەبات.