موچەی مانگی 12 لەنێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی بەغدا
2021-12-18 16:17:06
(درەو):
بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی چارەنوسی موچەی مانگی (12)ی خستە ناو گێژاوی ناكۆكیەكانی نێوان هەولێر و بەغداد و پێدەچێت هاوشێوەی موچە فەوتاوەكانی 2020 كابینەی سێ قۆڵی حكومەتی هەرێم( پارتی + یەكێتی + گۆڕان) موچەی مانگی 12 بكات بە قەرز لەسەر حكومەتی بەغداد.
وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا داهاتەكانی مانگی 12 خەرج بكات بۆ موچەی ئەو وەزارەتو دامەزراوانەی كە هێشتا موچەی مانگی 11یان وەرنەگرتووە، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی حكومەتی بەغداد (200 ملیار) دینارەكەی موچەی فەرمانبەرانی نەناردووە.
ئەو وەزارەتو دامەزراوانەی حكومەتی هەرێمی كە تا ئێستا موچەی مانگی (11)یان وەنەگرتووە، بریتین لە:
• وەزارەتی كارەبا: خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (17 ملیارو 850 ملیۆن) دینارە
• وەزارەتی شارەوانیو گەشتوگوزار: خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (23 ملیارو 12 ملیۆن) دینارە
• سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران: خەرجی موچەی مانگانەی حكومەت (ملیارێكو 630 ملیۆن) دینارە
• سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان: خەرجی موچەی مانگانەی ئەم سەرۆكایەتییە (ملیارێكو 155 ملیۆن) دینارە
• سەرۆكایەتی ئەنجومەنی دادوەریی: خەرجی موچەی مانگانەی ئەم سەرۆكایەتییە (3 ملیارو 769 ملیۆن) دینارە
• سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان: خەرجی موچەی مانگانەی ئەم سەرۆكایەتییە (ملیارێكو 820 ملیۆن) دینارە
• خانەنشینی سەربازیو مەدەنی: خەرجی موچەی مانگانەی ئەم توێژە (116 ملیارو 560 ملیۆن) دینارە
بەم پێیە، كۆی خەرجی ئەو وەزارەتو دامەزراوانەی كە هێشتا موچەی مانگی 11یان وەرنەگرتووە (165 ملیار) دینارە.
داهاتی مانگی 12
بەپێی داتای فەرمی حكومەتی هەرێمی، داهاتی حكومەت بۆ مانگی 11 بەبێ (200 ملیار) دینارەكەی بەغداد، بڕەكەی (681 ملیارو 766 ملیۆن) دینار بووە.
ئەگەر هەمان بڕە داهات بۆ مانگی (12)ی ئەژمار بكرێت واتە بڕی (681 ملیارو 766 ملیۆن) دینار، ئەوا حكومەت بۆ تەواوكردنی خەرجی موچەی مانگی 11ی ئەو وەزارەتو دامەزراوانەی كە موچەیان وەرنەگرتووە، دەبێت بڕی (165 ملیار) دینار لە داهاتی مانگی 12 خەرج بكات، بەمەش لە داهاتەكەی مانگی 12 بڕی (516 ملیار) دینار دەمێنێتەوە لەبەردەستی حكومەتدا.
خەرجی گشتی موچەی مانگانەی حكومەتی هەرێم بڕەكەی (873 ملیارو 561 ملیۆن) دینارە، واتە ئەگەر حكومەت بیەوێت موچەی مانگی 12 بەسەر موچەخۆراندا دابەش بكات دەبێت بڕی (357 ملیار)ی تر بخاتە سەر خەرجی موچە، یاخود بگەڕێتەوە بۆ دابەشكردنی موچە بەلێبڕینەوە، بەڵام پێناچێت بۆ موچەی مانگی 12 حكومەت نە قەرز بكات نە بە لێبڕینەوە موچە دابەش بكات، پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، حكومەتی هەرێم هاوشێوەی موچە فەوتاوەكانی ساڵی 2020، موچەی مانگی 12ی 2021 بكاتە بە قەرز لەسەر حكومەتی ناوەندی عێراق، قەرزێك كە تائێستا حكومەتی بەغداد دانی پێدا نەناوەو ئامادە نییە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی خەرج بكاتەوە.