عێراق (200 ملیار)ەكەی هەرێم دەبڕێت
2021-12-18 13:15:52
درەو:
حكومەتی عێراق بڕیاریداوە لە 1/12/2021 ەوە (200 ملیار) دینارەكەی هەرێمی كوردستان بببڕێت، دواكەوتنی (200 ملیار)ەكەی مانگی (11)ش پەیوەندی بە بەنەبونی پارەی كاشەوە هەیە.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عێراق بە (درەو)ی راگەیاند: حكومەتی عێراق پاڵپشت بە بڕیاری دادگا بڕیاریداوە لە 1/12/2021ەوە بڕی (200 ملیار) دینارەكەی هەرێمی كوردستان ببڕیت و لە ساڵی نوێشەوە چیدیكە پارە بۆ هەرێم نانێرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 25/11/2021 ەوە دابەشكردنی موچەی راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا بەشێك لە وەزارەت و سەرۆكایەتیەكان و خانەنشینان ماوە موچە وەربگرن، بە پێی راگەیەندراوی حكومەتی هەرێم تا ئێستا كۆی گشتی داهاتەكەی بە نەوت و ناوخۆوە (681 ملیار) دیناربووەو چاوەڕوانی (200 ملیار) دینارەكەی بەغداد دەكەن بۆ تەواوكردنی موچەی مانگانە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە كردووە، لەدوای جێبەجێكردنی یاسای بودجەو ناردنی (200 ملیار) دینار بۆ هەرێم، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی هیچ بڕیارێك نەبووە، تا ئێستا هیچ راپۆرتێكی نەناردووەو رێگەشی نەداوە چاودێری دارایی وردبینی لە داهاتی هەرێم بكەن، سەرەرای ئەوەی هەرێمی كوردستان كە خۆی نەوتەكەی فرۆشتووە لەماوەی شەش مانگاندا زیانی ( 2 ملیارو 300 ملیۆن) دیناری لە عێراقداوە، بەو پێیەی ئەگەر عێراق نەوتی هەرێمی بفرۆشتایە، كە بە پێی راپۆرتی دیلۆیت، لە شەش مانگی یەكەمی 2021 هەرێمی كوردستان بایی (4 ملیارو 127 ملیۆن) دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بەڵام بڕی (1 ملیارێك و 737 ملیۆن) دۆلاری بۆ ماوەتەوەو (2 ملیارو 390 ملیۆن) دۆلاری داوە بە خەرجی كۆمپانیاكان و (10) دۆلار لە بازڕی جیهانیش هەرزانتر نەوتەكەی فرۆشتوویەتی، بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەیان بەو راپۆرتەی دیلۆیت كردووەو رایانگەیاندووە: ئەگەر هەرێم ئەو نەوتەی لەرێگەی عێراقەوە بفرۆشتایە لە بری ( ملیارێك و 737 ملیۆن) دۆلار، نزیكەی (4 ملیار) دۆلاری بۆ دەمایەوە واتا (2 ملیارو 300 ملیۆن) دینار زیانی كردووە.
ئەمە سەرەرای ئەوەی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق بەردەوام نیگەرانە لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم و پێی وایە نایاساییەو مستەفا كازمی لەسەر بەرپرسیارێتی خۆی ئەو بڕیارەی داوەو چیتر توانای بەرگری لە ئاست نیگەرانی لایەنە عێراقیەكان لە ناردنی ئەو پارەیە نەماوە، بۆیە دەبێت بەرپرسانی هەرێم و سەرۆكی حكومەت خۆیان جارێكی تر گفتوگۆ دەستپێبكەنەوە.
عێراق تا ئێستا پرۆژە یاسای بودجەی 2022ی ئامادە نیەو حكومەتی عێراق بە پێی بڕیاری یەك لەسەر دوانزە (1/12) لەسەری ساڵەوە لەسەر یاسای بودجەی 2021 بودجە خەرج دەكات، كە ئەویش دەتوانێت تەنیا بودجەی بەكاربردن خەرج بكات ( موچە + خەرجی پرۆژە تەواو نەكراوەكان) بەڵام (200 ملیار) دینارەكەی هەرێمی كوردستان وەكو سولفە نێدراوە، بۆیە ئەگەر نەچێتە چوار چێوەی خەرجی موچەوە ئەوا بە بێ بڕیاریش دەبڕدرێت لە دوای سەری ساڵەوە.
بە پێی بڕیارێكی (194)ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەوانە دەكرا، مانگانە (200 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت بەمەبەستی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەویش دوای ووردبینی كردنی داتاكانی تایبەت بە داهاتی نانەوتی هەرێمەوە لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراقەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری هەرێمی كوردستان، هەروەها جێبەجێكردنی بڕگەكانی (ا، ب، د) لەبەندی دووەمی مادەی (11)ی یاسای بودجەی عێراق.
دەقی مادەی (11):
لە دەقی مادەی 11 لەپرۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی ساڵی 2021 تایبەت بە هەرێمی كوردستان هاتووە: دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت كە رۆژانە بڕێك نەوت بەرهەم بهێنێت كە رێژەكەی نابێت لە 460 هەزار بەرمیل كەمتر بێت و بڕێكی پێویستی لێ دەردەكرێت بەمەبەستی دابینكردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو پاش ئەوەی زانیاری پێویست لەبارەوە پێشكەش دەكرێت، هەروەها بڕێكی بۆ بەكاربردنی نێوخۆ دەبێت و بڕێكیشی وەك پشكی هەرێم لەپترۆ دۆلار دەبێت، دەبێت داهاتی فرۆشی رۆژانەی 250 هەزار بەرمیل بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆ بداتە حكومەتی فیدڕاڵ.
دەقی ماددەكە:
یەكەم:دەستبكرێت بەڕێككردنەوەی شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان لە2004ەوە تاوەكو 2020، پاشان دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی هەرێم هەڵدەسێت بەوردبینیكردنی ئەو زانیارییانەو ئاشكراكردنی ژمێریاری كۆتایی پەسەندكراو لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵەوە، لەڕێگەیەوە بڕی داهاتی بەدەستهاتوو و خەرجییەكان دەخرێنەڕوو، دوای ئەوەی خەرجییە سیادییەكانی لێ دەردەكرێت، ئەو بڕەش دەستنیشان دەكرێت كە لەچوارچێوەی خەرجییە حاكمەكاندا بەر هەرێم دەكەوێت.
دووەم:
أ- دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت كە رۆژانە بڕێك نەوت بەرهەم بهێنێت كە رێژەكەی نابێت لە 460 هەزار بەرمیل كەمتر بێت و بڕێكی پێویستی لێ دەردەكرێت بەمەبەستی دابینكردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو پاش ئەوەی زانیاری پێویست لەبارەوە پێشكەش دەكرێت، هەروەها بڕێكی بۆ بەكاربردنی نێوخۆ دەبێت و بڕێكیشی وەك پشكی هەرێم لەپترۆ دۆلار دەبێت، دەبێت داهاتی فرۆشی رۆژانەی 250 هەزار بەرمیل بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆ بداتە حكومەتی فیدڕاڵ.
ب- بڕگەی (أ) بەهەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.
ج-دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت بەڕادەستكردنی داهاتی نانەوتی بەخەزێنەی وڵات، پاڵپشت بەیاسای كارگێڕی دارایی فیدڕاڵ، دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان وردبینی لەو زانیارییانەدا دەكەن كە پەیوەستە بەو داهاتانەوە.
د- دەبێت پرسی سەرجەم ئەو پارانە چارەسەر بكرێت كە بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كە لە بنەڕەتدا پارەی بانكی بازرگانی عیراقەو لەلای بانكەكانی تری حكومەت و تایبەت هەڵگیراوە، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵیش لەساڵی دارایی 2021ەوە و بۆ ماوەی 7 ساڵ و مانگانە ئەو قەرزانە لەبڕینی پشكی هەرێم وەردەگرێتەوە.
د- دوای ئەوەی هەرێم بڕگەكانی (ا،ب،ج،د) ئەم مادەیە جێبەجێ دەكات، ئەوا حكومەتی فیدڕاڵی پابەند دەبێت بەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان وەك لەم یاسایەو خشتە هاوپێچەكانیدا هاتووە.
سێیەم: هەرێمی كوردستان پابەندكراوە كە تاوەكو 30-6-2021، زانیاری لەبارەی ژمارەی فەرمانبەران، جا چ فەرمانبەری شارستانی بێت یاخود سەربازی بدات بە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، دوای ئەوەی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینییان بۆ دەكرێت، زانیارییەكانیش بەپێی پلەو ناونیشانی پیشەیی و رەگەز دابەشكراون، ژمارەی فەرمانبەرانیش بەگوێرەی خشتەی هێزی كار دەستنیشان دەكرێت.
چوارەم: دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت بەخەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران لەو پارەیەی لەناو بودجەی هەرێمدا وەك (قەرەبووی فەرمانبەران) بڕیاری لەسەر دراوە، دەبێت لەناو بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 مووچەی فەرمانبەران لە پێش هەرچی خەرجییەكی ترەوە دابنرێت.