موچەی مانگی 11 سەری مانگی 12 دەخوات
2021-12-16 12:11:00
راپۆرت: درەو
موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری بۆ سەری ساڵی نوێی 2022 دەكەن، بەڵام موچەخۆری (11) وەزارەتو دامەزراوە هێشتا موچەی مانگی (11)ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە، بۆ پێدانی موچەی ئەم وەزارەتانە حكومەتی هەرێم پێویستی بە (264 ملیار) دینار هەیە، دواكەوتنی موچەی مانگی (11) سەری موچەی مانگی (12) دەخوات، لەكاتێكدا بەشێك لە بەرپرسان بۆ پشووی سەری ساڵ گەشتی دەرەوەی وڵات دەكەن، موچەخۆران بە قەیرانی داراییەوە پێشوازی لە ساڵێكی نوێ دەكەن.
ساڵی نوێ بە قەیرانی موچەوە
وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم رۆژی 25/11 دەستیكرد بە دابەشكردنی موچەی مانگی (11)ی موچەخۆرانی هەرێم كرد، بەڵام تا ئەمڕۆ كە (21) رۆژ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕێوە، هێشتا موچەخۆرانی (11) وەزارەتو دامەزراوە موچەیان وەرنەگرتووە، واتە ماوەی (50) رۆژە موچەخۆرانی ئەم وەزارەتانە موچەیان وەرنەگرتووە.
بەرپرسانی حكومەت خۆیان دەبوێرن لە هەرجۆرە قسەكردنێك لەبارەی موچەوە، هەموو كێشەكەیان كورت كردوەتەوە لەوەدا" چاوەڕێی گەیشتنی 200 ملیار دینارەكەی بەغداد دەكەن"، بەرپرسانی بەغدادیش بەهۆی كۆتایی هاتنی ساڵو حساباتی خۆیانەوە، ناردنی (200 ملیار) دینارەكەیان دواخستووە.
چەند رۆژێك لەمەوبەر فارس عیسا نوێنەری هەرێمی كوردستان لە بەغداد وتی:" بەغداد 200 ملیارەكە دەنێرێت"، بەڵام هێشتا پارەكە نەگەیشتووە، (درەو) پەیوەندی بە فارس عیساوە كرد، بەگەشتێك لە دەرەوەی وڵاتە، ئامادە نەبوو قسە بكات.
ئایا بەبێ (200 ملیار) دینارەكەی بەغداد حكومەتی هەرێم پارەی لەبەردەستدایە موچەی مانگی (11) تەواو بكات ؟ زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە (درەو)ی وت:" حكومەت پارەی لەبەردەستدا بۆ موچە ".
عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ" دوو هۆكار هەیە بۆ پێنەدانی موچە، یەكەم: ناكۆكی سیاسی نێوان پارتی و یەكێتی وایكردووە یەكێتی دەست بەسەر بەشێكی داهاتی سلێمانیدا بگرێت و پارتیش دەست بەسەر بەشێكی داهاتی هەولێر و دهۆكدا گرتووە و نایگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتی، دووەم: ئەیانەوێت موچەی موچەخۆران ببەستنەوە بەو (200 ملیار) دینارەی كە لەبەغدادەوە دێت، بۆ ئەوەی بە بەغداد بڵێن ئێمە ئەو موچەیە بۆ موچەخۆران خەرج دەكەین وەك ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە".
لەنێوان ئەم دوو بۆچونە جیاوازەدا، هەندێكی تر پێیانوایە، دواخستنی دابەشكردنی موچەی مانگی (11) لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ ئەوەیە موچەی مانگی (12)ی موچەخۆران نەدرێت، چونكە ئەگەر حكومەت لە هەفتەی داهاتووشدا موچەی ئەو وەزارەتانە خەرج بكات كە هێشتا موچەیان وەرنەگرتووە، تا ئێستا موچەی (11) وەزارەت نەدراوە كە بڕەكەی (264 ملیار) دینارە، خۆ ئەگەر لە هەفتەی داهاتووشدا خەرجی بكات ئەوا كۆتایی دابەشكردنی موچە دەگاتە رۆژی 25/12، ئایا بەم حاڵەوە حكومەت دەتوانێت بەر لە ساڵی نوێ موچەی مانگی (12)ی موچەخۆران خەرج بكات؟
بەم دۆخەوە، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بۆ بەسەربردنی پشووەكانی سەری ساڵی نوێ گەشتی دەرەوەی وڵات دەكەنو موچەخۆرانیش لەچاوەڕوانی موچەی مانگی (12)دا پێدەنێنە ساڵی نوێی 2022ەوە.
لەبارەی موچەی مانگی 11وە
لە كۆی (894 ملیار) دینار كە خەرجی موچەی مانگانەی موچەخۆرانە، بۆ مانگی (11) حكومەتی هەرێم تائێستا (630 ملیار) دیناری بۆ موچەی بەشێك لە وەزارەتەكان خەرجكراوەو بڕی (264 ملیار) دینار ماوە بۆ تەواوكردنی خەرجی موچەی وەزارەتو دامەزراوەكانی تر.
كۆی داهاتی بۆ موچە كە خراوەتە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ مانگی (11) بەمشێوەیە بووە:
• داهاتی نەوت: 350 ملیۆن دۆلار واتا (510 ملیار) دینار
• پارەی هاوپەیمانان: 20 ملیار دینار
• داهاتی ناوخۆ: 100 ملیار دینار
ئەو وەزارەتانەی تا ئەمڕۆ موچەی مانگی (11)یان وەر نەگرتووە ئەمانەن:
• خوێندنی باڵا: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (41 ملیارو 929 ملیۆن) دینارە
• وەزارەتی كارەبا: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (17 ملیارو 850 ملیۆن) دینارە
• شارەوانیو گەشتوگوزار: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (23 ملیارو 12 ملیۆن) دینارە
• ئاوەدانكردنەوە: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (4 ملیارو 672 ملیۆن) دینارە
• زیندانیە سیاسییەكان: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (2 ملیارو 516 ملیۆن) دینارە
• كەمئەندامان: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (12 ملیارو 839 ملیۆن) دینارە
• ئەنجومەنی ئاسایشو دەزگای ئاسایش: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (62 ملیارو 997 ملیۆن) دینارە
• سەرۆكایەتی هەرێم: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی (ملیارێك و 155 ملیۆن) دینارە
• سەرۆكایەتی پەرلەمان: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی (ملیارێك و 820 ملیۆن) دینارە
• سەرۆكایەتی حكومەت: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی (ملیارێك و 630 ملیۆن) دینارە
• خانەنشینی شارستانیو سەربازی: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی (116 ملیارو 560 ملیۆن) دینارە
كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەو وەزارەتانەی كە تائێستا موچەیان وەرنەگرتووە (264 ملیار) دینارە.
ئەو وەزارەتانەی كە موچەی مانگی (11)یان وەرگرتووە ئەمانەن:
• پەروەردە: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (149 ملیارو 505 ملیۆن) دینارە
• تەندروستی: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (50 ملیارو 520 ملیۆن) دینارە
• دارایی: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (11 ملیارو 722 ملیۆن) دینارە
• پێشمەرگە: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (133 ملیارو 61 ملیۆن) دینارە
• ناوخۆ: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (178 ملیارو 489 ملیۆن) دینارە
• سامانە سروشتییەكان: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (2 ملیارو 80 ملیۆن) دینارە
• پلاندانان: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (808 ملیۆن) دینارە
• بازرگانی: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (2 ملیارو 265 ملیۆن) دینارە
• گواستنەوەو گەیاندن: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (4 ملیارو 217 ملیۆن) دینارە
• رۆشنبیریو لاوان: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (4 ملیارو 689 ملیۆن) دینارە
• كشتوكاڵ: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (8 ملیارو 951 ملیۆن) دینارە
• وەزارەتی داد: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (4 ملیارو 787 ملیۆن) دینارە
• وەزارەتی شەهیدان: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (855 ملیۆن) دینارە
• كەسوكاری شەهیدان: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (35 ملیارو 637 ملیۆن) دینارە
• وەزارەتی ئەوقاف: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (7 ملیارو 814 ملیۆن) دینارە
• دیوانی چاودێری: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (749 ملیۆن) دینارە
• دەستەی وەبەرهێنان: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (392 ملیۆن) دینارە
• ئەنجومەنی دادوەری: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (3 ملیارو 769 ملیۆن) دینارە
• ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (111 ملیۆن) دینارە
• دەستەی ژینكە: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (290 ملیۆن) دینارە
• دەستەی مافی مرۆڤ: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (237 ملیۆن) دینارە
• دەستەی دەستپاكی: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (267 ملیۆن) دینارە
• كۆمسیۆنی هەڵبژاردن: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (568 ملیۆن) دینارە
• دەزگای مین: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (946 ملیۆن) دینارە