Draw Media

بەرکەوتی پارێزگاکانی هەرێم لە یەک بازنەییەوە بۆ (4) بازنەیی

بەرکەوتی پارێزگاکانی هەرێم لە یەک بازنەییەوە بۆ (4) بازنەیی

2021-12-15 07:14:41


شیكاری: درەو

لە خولی ئێستای پەرلەمانی کوردستان کە کار بە سیستمی یەک بازنەیی کراوە، پارێزگای هەولێر (41) نوێنەر و سلێمانی (35) نوێنەر و دهۆک (23) نوێنەر و پارێزگای هەڵەبجە تەنها (1) نوێنەری لە پەرلەمانی کوردستاندا هەیە.
بەڵام ئەگەر پارێزگاکانی هەرێم بکرێن بە (4) بازنەی هەڵبژاردن ئەوا پارێزگای هەولێر (34 - 36) نوێنەر و سلێمانی (35 - 39) نوێنەر و دهۆک (25 -27) نوێنەر و پارێزگای هەڵەبجە تەنها (2) نوێنەریان لە پەرلەمانی کوردستاندا دەبێت. ئەمە چۆن؟ و بۆچی؟ وردەکاری زیاتر لەم ڕاپۆرتەدا....


بایەخی گۆڕانکاری لە یەک بازنەیی بۆ فرە بازنەیی
رۆژی 30ی ئەیلولی 2022 وادەی فەرمی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانە، یەکێک لەو پرسانەی لە ئێستادا پەرلەمانی کوردستان پێوەی سەرقاڵە پرسی "هەمواری هەشتەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان" ژمارە (1)ی ساڵی (1992)ە، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ڕای لایەنە سیاسییەکانی وەرگرتووە، جگە پرسی گۆڕانکاری کۆمسیۆن و پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران، چەند دەقێکی تری نێو یاساکە جێی باسە، یەکێک لە گرنگترین داواکاری زۆرینەی حیزبە سیاسییەکان گۆڕینی بازنەی هەڵبژاردنە لە یەک بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی، یان چوار بازنەی هەڵبژاردن، بەپێی سنوری ئیداری پارێزگاکان.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان" ژمارە (1)ی ساڵی (1992)ە، بەشی دووەم ماددەی نۆیەم هاتووە؛ "هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت و دابەشدەکرێت بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگیداندا" لە ماوەی پێنج خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستان لە ساڵانی (1992، 2005، 2009، 2013، 2018) کار بەم دەقە کراوە، بەڵام لە ئێستادا باس لە هەمواردنەوەی ئەم دەقەیە، ئەویش گۆڕانکارییەتی لە یەک ناوچەی هەڵبژاردنەوە بۆ (4) ناوچەی هەڵبژاردن، بایەخی ئەم گۆڕانکارییەش بەلای شارەزایانی بواری هەڵبژاردن لەم خاڵانەی خوارەوەیە؛
1.    بەهێزبوونی پەیوەندی پەرلەمانتار بە دەنگدەرانەوە، بە پێچەوانەشەوە.
2.    دەنگدەران و هاوڵاتیان باشتر دەتوانن پەرلەمانتار بکەنە بەردەم بەرپرسیارێتی و تەنانەت لێپرسینەوە و بەدواداچوونی داواو کێشەو گرفتەکانیان.
3.    لە سیستمی هەڵبژارنی فرە بازنەیدا، سەقامگیری زیاتری سیاسی بەدیدێت، چونکە لە توانایدایە ڕی لەوە بگرێت حیزبێکی سیاسی بەتەنها بتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، یان زۆرینەیەکی بەهێز لە پەرلەمان دروست بکات و کۆنترۆڵی حکومرانی بکات.
4.    لەڕووی جوگرافییەوە کارکردن بە سیستمی فرە بازنەیەیی دادپەروەری زۆرتری تێدایە بۆ نمونە، بەپێی توێژینەوەیەکی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن، لە هەرێمی کوردستان، دوای پێنج هەڵبژاردن ژمارەیەکی زۆر لە قەزاو ناحییەکان نوێنەریان لەناو پەرلەماندا نییەو چەند قەزایەکی کەمیش هەڵاوسانیان هەیە لە ژمارەی نوێنەردا، بۆ نمونە لە کۆی (111) کورسی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا (74) پەرلەمنتاریان لە (3) قەزاکەی ناوەندی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆکەوە دەرچوون، کە ڕێژەکەی دەکاتە (67%)، لە کاتێکدا پارێزگایەک و (119) قەزا و ناحیە (28 قەزاو 91 ناحیە) لەدەرەوەی ئەو سێ شارە گەورەیەیە، بەڵام بە سەرجەمیان (37) بە ڕێژەی (33%) نوێنەریان لە نێو پەرلەمانی کوردستاندا هەیە بڕوانە خشتەی ژمارە (1).

سەرچاوە: پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن

5.    بەشێکی گەورەی داخوازییەکانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ گۆڕانکاری لەو دەقە، هەوڵێکە بۆ ڕاستکردنەوە و ڕێگریکردن لە کاریگەرییەکانی ساختەکاری هەڵبژاردن لە پارێزگایەک و کاریگەری لەسەر پارێزگانی تر. سەرەڕای نەهێشتنی کاریگەری پرسی بەرزی ڕێژەی بەشداری لە پارێزگایەک و نزمی ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە پارێزگایەکی تر و دەرەنجامەکەشی گۆڕانکاریی دەبێت لە ژمارەی کوردسییەکانی لایەنێک یان چەند لایەنێک لە سەر حسابی لایەن و پارێزگاکانی تر.    
6.    بەکورتی دەتوانرێت بوترێت تا بازنەکانی هەڵبژاردن زۆرتربێت، دیموکراتی ترەو دەنگدەران نوێنەرەکانی خۆیان لەسەر ئاستی ناوچەکان دەنێرنە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان.

کاریگەری گۆڕانکاری لە یەک بازنەیی بۆ فرە بازنەیی لەسەر پشکی پارێزگاکان لە پەرلەمانی کوردستان
بۆ دیارکردنی ژمارەی کورسییەکانی هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن پشت بە چەند پێوەرێک دەبەسترێت، کە گرنگترینیان ژمارەی دانیشتوانی پارێزگا، یان ناوچەی هەڵبژادنە، هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە لەبەردەم دوو پێوەردایە، ئەوانیش؛
یەکەم: دیاریکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکان
بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئامار لە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بە (6 ملیۆن و 171 هەزار و  83) کەس خەمڵێندراوە.
ئەگەر ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان بەبێ (11) کورست کۆتاکان هەژمار بکەین، ئەوا (100) کوردسی پەرلەمان هەیە، واتە هەر (61 هەزار و 710) کەسێک لە هەرێمی کوردستان کورسییەکی پەرلەمانی بۆ دیاری دەکرێت، هەر بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئامار لە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەی خەمڵێندراوی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی پارێزگاکان بەمشێوەیە:
-    پارێزگای هەولێر: (2 ملیۆن و 254 هەزار و 422) کەسە
-    پارێزگای سلێمانی: (2 ملیۆن و 152 هەزار و 717) کەسە
-    پارێزگای دهۆک: (ملیۆنێک و 648 هەزار و 611) کەسە
-    پارێزگای هەڵەبجە: (115 هەزار و 333) کەسە
بەم پێیەش کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر (4) پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دابەش دەبێت، بڕوانە خشتەی ژمارە (2)

دووەم: دیاریکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لەسەر بنەمانی دابەشکردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق
بەپێی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2020ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارێزگای هەولێر لە چوار بازنەی هەڵبژاردن و پێکەوە (15) کورسی بۆ تەرخان کراوە، پارێزگای سلێمانی لە پێنج بازنەو پێکەوە (18) کورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تەرخان کراوەو پارێزگای دهۆکیش لە سێ بازنە و پێکەوە (11) کورسی بۆ تەرخان کراوە. سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (44) کورسیان لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تەرخانکراوە.
پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی هەژمارکراوە، بەڵام بەگوێرەی دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە ناوچەکانی (وارماوە + هەڵەبجەی تازە 1، 2+ هەڵەبجەی شەهید 1، 2، 3 + سەید سادق 1، 2، 3، 4+ پێنجوێن 1، 2، 3 + شارباژێڕ 2) بە یەک بازنەی هەڵبژاردن دیاری کرابوو (3)ی کورسی بۆ تەرخان کرابوو، بۆیە ئەگەر ئەو ناوچانەی دیکەی لێ داببڕین کە لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای هەڵەبجە نین ئەوا تەنها (1) کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەردەکەوێت و (1) کورسی لە پشکی پارێزگای سلێمانی کەم دەبێتەوە.
ئەگەر بەشێوەی (نسبەو تەناسب) ڕێژەی کورسی پارێزگاکان بەرز بکەینەوە بۆ ئەوەی ژمارەی کوردسییەکان بگەن بە ئاستی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئەوا ئەنجامەکە بەم شێوەیە دەبێت (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))


جیاوازی پێوەرەکان بەراورد بە دەرەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان 
بەپێی ئەو پێکهاتەیەی ئێستا لە پەرلەمانی کوردسان هەیەو دەرەنجامی هەڵبژاردنی (30 ئەیلولی 2018)یە، هەڵبژاردنەکە بە شێوەی یەک بازنەیی ئەنجام دراوە، لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەم شێوەیە بووە (بڕوانە خشتی ژمارە (4))

لێرەوە ئەوە بەدیدەکرێت کە ژمارەی کورسییەکانی پاێزگای هەولێر (41) کورسی و پارێزگای سلێمانی (35) کورسی و پارێزگای دهۆک (23) کورسی و پارێزگای هەڵەبجە تەنها (1) کوردسی بەرکەوتووە، لە پەیڕەوکردنی سیستمی (1) بازنەی هەڵبژاردن. بەڵام گۆڕانکاری ڕوودەدات کاتێک هەرێمی کوردستان بکرێتە (4) بازنەی هەڵبژاردن، ئەم خشتەیەی خوارەوە بەراوردی ئەو گۆڕانکارییە دەرەخات (بڕوانە خشتەی ژمارە (5))


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand